فریدریک نیچە: عەقڵێکی مەزن خلیسکایە نێو قووڵایی دێوانەییەوە

فریدریک نیچە: عەقڵێکی مەزن خلیسکایە نێو قووڵایی دێوانەییەوە

“تیۆرییەکانی فرۆید دەربارەی نائاگایی، قەرزاری ئەون”

د. ماهر شفیق فرید

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

فەیلەسووفی ئەڵمانی فریدریک نیچە ساڵی ١٩٠٠ ماڵاوایی لە جیهان کرد، کۆچی دوایی ئەو هاوکات بوو لەگەڵ پێچانەوەی لاپەڕەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا، بەڵام کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش لە بوارەکانی فەلسەفە، دەروونناسی و هزری سیاسی بەردەوامە. دەیان لێکۆڵینەوە، کە بە زمانە جیاوازەکان لە سەدەی ڕابوردوو و ئەم هەزارەی سێیەمەدا بڵاو کراونەتەوە، گەواهیی ئەمە دەدەن. نوێترین لێکۆڵینەوە کتێبێکە، ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “ئارکتۆروس” لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە، کتێبەکە لە نووسینی “تۆنی لی مۆرال/Tony Lee Moral”ە و ئەم ناونیشانەی هەیه “فریدریک نیچە: ئەو بیرمەندەی ڕێچکەیەکی نوێی داهێنا و شۆڕشی لە فەلسەفەدا بەرپا کرد/Friedrich Nietzsche: The Ground-Breaking Thinker who Revolutionized Philosophy.”

نیچە لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئێمەدا (مەبەست ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی عەرەبە) ئامادەیی هەبووە؛ پێشەنگانی وەک عەباس مەحموود عەقاد و عەلی ئەدهەم لەبارەیەوە نووسیویانە و فەلسەفەی هێزی ئەویان لەگەڵ فەلسەفەی موتەنەبیدا بەراورد کردووە. عەبدولڕەحمان بەدەوی کتێبێکی لەسەر نووسی، هەروەها فوئاد زەکەریاش لە قۆناغێکی دواتردا هەمان کاری کرد. فێلیکس فارس کتێبی “زەردەشت وەها دوا”ی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. هەروەها لە مێژووی فەلسەفەدا، بەتایبەتی فەلسەفەی بوونگەرایی، لە زۆر کتێبی نووسەرانی عەرەبدا ناوی نیچە بەدوورودرێژی یان بەکورتی هاتووە.

دەکرێت گرنگترین وێستگەکانی ژیانی نیچە، بەم شێوەیەی خوارەوە بخەینە ڕوو: لەدایکبوونی ساڵی ١٨٤٤ بووە، بۆ خوێندنی لاهووت/تیۆلۆژیا و فەیلەلۆژیا/فقه اللغة/Philology، زمانەکانی یۆنانی و لاتینی ڕووی کردە زانکۆی بۆن. پاشان چوونی بۆ زانکۆی لایپزیگ؛ لەوێ ئاشنا دەبێت بە هزری ئارتۆر شۆپنهاوەر، ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی بۆ ماوەی ساڵێک لە سوپای پرووسیا، هاوڕێیەتیی لەگەڵ موزسیان ڕیچارد ڤاگنەر (دواتر پەیوەندییەکەیان تێک دەچێت، وەک چۆن پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێکانی تریدا تێک چوو)، کارکردن وەک مامۆستای فیلەلۆژیا لە زانکۆی بازل لە سویسرا، دەستپێکردنی کاروانی نووسین بە بڵاوکردنەوەی کتێبی “لەدایکبوونی تراجیدیا لە ڕۆحی موزیکەوە” ساڵی ١٨٧٢، کۆچکردنی بۆ ئیتاڵیا و داڕمانی توانای عەقڵیی، تا ساتەوەختی کۆچی دوایی بە هۆی هەوکردنی سییەکان و جەڵتەوە لە تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵیدا.

دواتر خوشکەکەی، ئەلیزابێس، پاش مردنی نیچە، ئەرکی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی گرتە ئەستۆ، بەڵام بەداخەوە دەستکاریی دەقەکانی کرد و ڕاستییەکانی شێواند، ئەمەش لەپێناو ڕازیکردنی دەسەڵاتی نازییەکان، کە “نیچە”یان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، وەک چۆن “ڤاگنەر”یان قۆرخ کردبوو، هەموو ئەوە‌ لە کاتێکدایە نیچە لە نازییەت بێبەری بوو‌.

ئەم بیریارە لە ژیانی تایبەتییدا، ئازاری زۆری چەشتووە، بە درێژایی تەمەنی بە دەست چەندین نەخۆشییەوە دەیناڵاند، لەوانە سەرئێشەی توند، ئازاری چاو، کێشەی کۆئەندامی هەرس، نەخۆشیی  دفتیریا/Diphtheria  و دۆسنتاریا/Dysentery و خەمۆکیی توند. لە عەشقدا بەختی نەبوو و هاوسەرگیرییشی نەکرد. لە ژیانیدا چیرۆکێکی خۆشەویستیی ناموراد و بێئومێدی هەبوو بۆ “لۆ ئەندریاس سالۆمی.” سالۆمی کچێکی گەنج و قەشەنگی ڕووسی بوو، شەیدای فەلسەفە و دەروونناسی و ئەدەب بوو، ئەویش وەک مەیی زیادە، خانمێکی دەگمەن بوو کە سەرنجی زۆرێک لە بیرمەندان و ئەدیبانی سەردەمەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. نیچە نموونەی بیرمەندێکی گۆشەگیر بوو، لە ئیتاڵیا لەنێوان بەفری چیاکانی ئەڵپدا دەژیا، فەلسەفەی وەک شێوازێک بۆ ژیان لەنێوان “سەهۆڵ و چیا بەرزەکاندا” وەسف دەکرد. ئەوەی زیاتر گۆشەگیری کردبوو، ئەوە بوو بیرۆکە بوێرەکانی بۆ هاوسەردەمەکانی، شۆکێھێنەر بوون و لەلایەن زۆربەی ئەوانەی لە کایەی فەلسەفەدا کاریان دەکرد، هێرشی دەکرایە سەر. فەلسەفەی نیچە لەبارەی هێزەوە، پەرچەکردارێک بوو بەرانبەر بە ئازارە تایبەتەکانی خۆی؛ ئەو لە ڕوویەکەوە جەخت لە لایەنی تراژیدیای بوون دەکاتەوە، لە ڕوویەکی تریشەوە و سەرەڕای ئازارەکانی جەستە و دەروون، هەوڵێکی پاڵەوانانە دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئازار و سەرکەوتن بەرەو لووتکە فیکری و ویژدانییە بەرزەکان. لەم بارەیەوە، لە یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانیدا دەڵێت: “ئەوەی نامکوژێت، بەهێزترم دەکات.”

بلیمەتیی نیچە گەیشتبووە ئاستێک، لە تەمەنی سێ ساڵیدا فێری ئەلفبێی زمانی یۆنانیی کۆن و ژەنینی پیانۆ بووبوو. لە ساڵانی خوێندنیدا شەیدای ئەدەب بوو، شیعری دەنووسی و حەزێکی زۆری لە موزیکی مۆزارت و بیتۆڤن بوو. ئەدیبە دڵخوازەکانی بریتی بوون لە شاعیرانی تراژیدیای یۆنانی، لەوانە ئیسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یۆریپیدیس، شاعیرە دڵخواز و پەسەندەکانیشی بایرۆن و هۆڵدەرلین بوون. شەیدای خوێندنەوە بوو، تەواوی شەوی بە خوێندنەوەوە بەسەر دەبرد؛ بۆ ئەوەی خەوی لێ نەکەوێت، قاچەکانی دەخستە ناو دەفرێکی پڕ لە سەهۆڵاوەوە.

نیچە لە نووسینەکانیدا باسی کێشە بنەڕەتییەکانی کردووە، وەک واتای ژیان، ئازادیی تاک و ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان. ستایشی ئەوەی کرد کە ناوی نا “مرۆڤی باڵا/سوپەرمان” و دەیگوت ئەو لە مرۆڤی ئێستا باڵاترە، وەک چۆن مرۆڤی ئێستا لە مەیموون باڵاترە. فەلسەفەکەی فەلسەفەیەکی ئەرێنییە و هێز و سەرکەوتن پیرۆز دەکات، هەروەها فەلسەفەکەی بەدەر نییە لە باڵادەستیی نێرینە بەسەر ژناندا، لەو بارەیەوە وتەی خراپی هەیە، وەک ئەوەی دەڵێت: “ئەگەر دەچیت بۆ لای ژن! کەواتە قامچییەکەت لەبیر مەکە.” ئەو لەپێناو ورووژاندن و هاندانی بیرکردنەوەدا وەڵامی ئامادە پێشکەش ناکات، هێندەی ئەوەی پرسیار دەخاتە ڕوو.

مرۆڤ هیچی له دەست نایەت، تەنها ئەوە نەبێت هەست بە خەمباری بکات، کاتێک دەبینێت ئەم هزر و عەقڵە مەزنە،  لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدا، بەرەو قووڵایی شێتی و دێوانەیی شۆڕ دەبێتەوە. یەکێک لە نیشانەکانی ئەو شۆڕبوونەوەیە، هەستکردنێکی لەڕادەبەدەری نیچە بوو بە گەورەیی و مەزنیی خۆی و بە جۆرێک، وای لێ کرد شتی لەم شێوەیە بنووسێت: “بۆچی من تا ئەم ئاستە دانام؟” “بۆچی کتێبەکانم ئەوەندە باشن؟” تەنانەت نامەکانی بە ناوی “دیۆنیزۆس” یان “لەخاچدراو/المصلوب”ەوە واژۆ دەکرد، خۆی وەک کەسایەتیی مەسیح دەبینی. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە تووشی نەخۆشیی “سفلیس/زوهەری” بووە، ئەم نەخۆشییە بووەتە هۆی ئیفلیجییەکی پلەبەپلە و تێکچوونی شانەکانی مێشک.

بەڵام ئەو میراتەی لەدوای خۆی جێی هێشت، بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ئەوەتا ڕەخنەگر و فەیلەسووفی دانیمارکی “جۆرج براندز” بیرۆکەی مرۆڤی باڵای لێ وەرگرتووە. شانۆنووسی سویدی “ستریندبێرگ” گرنگیی بە نیچە داوە. وێنەکێش “ئێدوارد مۆنک” تابلۆ بەناوبانگەکەی “هاوار”ی لەژێر کاریگەریی نووسینەکانی ئەودا کێشاوە.

لە لایەنی فکرییەوە، هایدگەر زنجیرەیەک وانەی لەبارەی نیچە، لە زانکۆی فرایبۆرگ پێشکەش کرد. فەیلەسووفی فەڕەنسی میشێل فوکۆ لە کتێبەکانیدا دەربارەی مێژووی سێکسوالیتە و دامەزراوەکانی زیندان و قوتابخانە و نەخۆشخانە، بیرۆکەکانی نیچەی دەربارەی ئیرادەی هێز و ململانێ لەپێناو کۆنترۆڵکردن و سزادا دووبارە بەکار هێنایەوە. سەبارەت بە فەیلەسووفە بوونگەراییەکانیش، لە نموونەی سارتەر و کامۆ، ئەوان بیرۆکەکانی نیچەیان گەشە پێ دا و بەرەو ئاسۆیەکی دوورتریان برد.

تیۆرییەکانی فرۆید دەربارەی نائاگایی قەرزاری نیچەن، هەروەها هەمان شت بۆ یۆنگیش ڕاستە، کە چەمکی تاکگەرایی و جیاوازی و تێپەڕاندنی خودی لە کتێبی “زەردەشت وەها دوا” وەرگرتووە. تەنانەت کاریگەریی نیچە گەیشتە بیرمەندانی پۆست-مۆدێرنیزم، وەک جاک دێریدا و جیل دۆڵۆز؛ ئەوان لە تیۆرییەکانیاندا دەربارەی ڕاستی و لێکدانەوەکان و داینامیکییەتی مەعریفە، سوودیان لە نیچە وەرگرتووە.

لەو ئەدیبانەش کە گرنگییان بە نیچە داوە، دەکرێت ناوی ئەمانە بێنین: جۆیس، کافکا، هێرمان هێسە، تۆماس مان لە ڕۆمانی “چیای ئەفسووناوی”دا، دی. ئێچ. لۆرێنس لە ڕۆمانی “ژنانی عاشق/نساء العاشقات”دا، ویلیام فۆکنەر لە “دەنگەدەنگ و تووڕەیی”دا، نابۆکۆڤ لە “لۆلیتا”دا و ساموێل بێکێت لە “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”.

بەم جۆرە، هزری نیچە، کە هەمیشە جێی مشتومڕە و خاڵی نییە لە پارادۆکس، وەک وزەیەکی زیندوو لەنێو فکری هاوچەرخدا دەمێنێتەوە و گەڕانێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵانەیە بەناو پرسەکانی ئەخلاق، ئاین، کولتوور و هونەردا. ئەم هزرە سەکۆیەکە بۆ بازدان، چ هاوڕای بین یان دژی بین، تا لێیەوە بگەینە تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ مانای بوونمان و بۆ ئەو پاڵنەر و بزوێنەرانەی ڕەفتاری ئێمە و کەسانی دیکە ئاڕاستە دەکەن.

سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 15ی تەمووزی 2026