ئان کارسن، شاعیری ئەفسانەکان، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٦ی بردەوە
ئان کارسن، شاعیری ئەفسانەکان، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ٢٠٢٦ی بردەوە
ئامادەکردنی: سەردەم
شاعیر و نووسەری کەنەدی “ئان کارسن/Anne Carson” وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەرهەمە “ئازا و داهێنەرانەکانی،” خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەست هێنا. بردنەوەی خەڵاتەکە دوای کاروانێکی ئەدەبیی دوورودرێژ دێت، کاروانێک شیعر، وەرگێڕان، وانەگوتنەوەی زانکۆ و توێژینەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی لەخۆ گرتووە. لەمساڵدا بڕی خەڵاتەکە بریتییە لە ۱۲ ملیۆن کرۆنی سویدی، بەرانبەر ۱.۲ ملیۆن دۆلار. براوەی خەڵاتەکە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ستۆکهۆڵم، لە ۱۰ی کانوونی یەکەم، ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، پاداشتەکەی وەردەگرێت. سەروەختێک بەرپرسانی خەڵاتەکە پەیوەندییان بە ئانەوە کردووە تا بردنەوەی خەڵاتەکەی پێ ڕابگەیەنن، ئان کارسن لە ئایسلەندا بووە و پێی گوتوون هەنووکە لە ئایسلەندا نیشتەجێیە و سەرقاڵی “گوێگرتن بووە لە با.”
کاروانی ئەکادیمی و ئەدەبی
کارسن ساڵی ١٩٥٠ لە تۆرۆنتۆ لەدایک بووە و خوێندنی لە زانکۆی هەمان شار تەواو کردووە. ئەو شاعیر، وتارنووس، وەرگێڕ و پسپۆڕی توێژینەوە کلاسیکییەکانە. پەیوەندیی ئان بە جیهانی کۆن و کلاسیکەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری قوتابخانە، کاتێک مامۆستای زمانی لاتینی لە قۆناغی ئامادەییدا، زمانی یۆنانیی کۆنی پێ گوتووەتەوە. ئان دواتر پەیوەندیی بە کۆلێژی “سانت مایکل”ەوە لە زانکۆی تۆرۆنتۆ کردووە و دوو جار دەستبەرداری خوێندن بووە؛ بەڵام ساڵی ۱۹۷٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی ماستەر و ساڵی ١٩٨١ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە. هەروەها بۆ خوێندنی کێشی شیعری یۆنانی، ساڵێکی لە زانکۆی سانت ئەندرۆزی سکۆتلەندی بەسەر بردووە. لەنێوان ساڵانی ۱۹۸۰ بۆ ۱۹۸۷دا لە زانکۆی پرینستۆن وانەی گوتووەتەوە و بووەتە بەڕێوەبەری خوێندنی باڵای زانستە کلاسیکییەکان لە زانکۆی مەکگیل، ئەمە پێش ئەوەی لە چەندین زانکۆی ئەمەریکای باکوور وانە بڵێتەوە.
بەرهەم و وەرگێڕانە دیارەکان
ئان کارسن ساڵی ١٩٨٦ کتێبە نائەدەبییەکەی خۆی بە ناونیشانی “ئێرۆسی تاڵ-شیرین/Eros the Bittersweet” بڵاو کردەوە، ساڵی ١٩٨٧ بە بڵاوکردنەوەی چامە درێژەکەی (جۆرەکانی ئاو/Kinds of Water) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکرد. بەڵام ڕۆمانەشیعرییەکەی (ژیاننامەی ڕەنگی سوور/Autobiography of Red)، کە لە ساڵی ۱۹۹۸ بڵاو کرایەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ئەفسانەیەکی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی دادەنرێت.
نووسینەکانی بە تێکەڵکردنی ژانرەکان لەگەڵ یەکتر جیا دەکرێنەوە؛ ئەو شیعر، وەرگێڕان، پەخشان و تەنانەت نووسینی سیناریۆ، هەمووان پێکەوە لەگەڵ یەک تێکەڵ دەکات. هەماهەنگیی لەگەڵ هونەرمەندانیشدا کردووە، لەوانە، تیپی سەماکەرانی “مێرس کانینگام،” گۆرانیبێژ “لۆری ئەندرسن” و موزسیان “لۆ ڕید.” لە بواری وەرگێڕاندا کۆمەڵێک بەرهەمی هەیە، لەوانە، “ئێلێکترا”ی سۆفۆکلیس، شیعرەکانی شاعیر “سافۆ،” “ئۆریستیا”ی ئیسخیلۆس. لە نوێترین دیوانە شیعرییەکانی کتێبی “Wrong Norma،” کە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو کرایەوە و بووە کاندیدی کۆتایی خەڵاتی کتێبی نیشتمانیی ئەمەریکی و خەڵاتی بازنەی ڕەخنەگرانی کتێبی نیشتمانیی بردەوە.
خەڵاتەکان و کاندیدێکی بەردەوام
بەر لە خەڵاتی نۆبڵ، کارسن چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەست هێنابوو، لەوانە: خەڵاتی ت. س. ئیلییەت لە ساڵی ۲۰۰۱دا بۆ کتێبی “جوانیی هاوسەر،” ئەو یەکەم ژن بوو ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت؛ خەڵاتی گریفین بۆ شیعر، دوو جار ئەم خەڵاتەی بەدەست هێناوە؛ خەڵاتی ئەمیر ئەستۆریاس بۆ ئەدەبیات لە ساڵی ۲۰۲۰دا؛ خەڵاتی پێن/نابۆکۆف لە ساڵی ۲۰۲۱دا؛ هەروەها بڕوانامەی زەمالەی “گوگنهایم” و “ماک ئارسەر”یشی پێ بەخشراوە.
چەندین ساڵە ناوى لەنێوان کاندیدەکانی خەڵاتی نۆبڵدا دووبارە بووەتەوە، دوو ڕۆژ بەر لە ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، لە کۆمپانیای گرەوکردنی “بێتسۆن،” دوای نووسەری چینی “کان شیو،” دووەم بەهێزترین کاندید بوو بۆ برنەوەی خەڵاتەکە.
ئان کارسن یەکێکە لەو نووسەرانەی باوەڕی بە سنووری ڕەقوتەقی نێوان ژانرە ئەدەبییەکان نییە، لەلای ئەو، سنوورێک لەنێوان شیعر، پەخشان، ڕەخنە، شانۆدا نییە. کتێبێکی وەک Autobiography of Red نەک تەنها ڕۆمانێکی شیعرییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمییە لەسەر پارچە شیعری کۆنی یۆنانی. ئاشکرایە زۆر جار ئەدەبیاتی یۆنانی و لاتینی وەک بابەتێکی وشک و بێزارکەر سەیر دەکرێت، بەڵام کارسن توانیویەتی کارەکتەر و ئەفسانە یۆنانییەکان بێنێتە ناو دنیای هاوچەرخ و کێشە دەروونی و سۆزدارییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆیان بەسەردا جێبەجێ بکات.
ئەم خانمە نووسەرە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا زۆر حەز بە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی و دەرکەوتنی میدیایی و چەپڵەڕێزان ناکات، تەنانەت زۆر جار ژیاننامەکەی لەسەر بەرگی پشتەوەی کتێبەکانی کورتە و لە پەرەگرافێکی بچووک زیاتر نییە و تەنها نووسراوە: ئان کارسن لە کەنەدا لەدایک بووە و بژێویی ژیانی لە ڕێگەی وانەگوتنەوەی یۆنانیی کۆنەوە دابین دەکات.