وەرگێڕانی دووەمی” مامۆستا و مارگەریتا” بۆچی پێویست بوو؟

 

شیروان مەحموود محەممەد

 

مامۆستاو مارگەریتا نەک هەر دیارترین بەرهەمی میخاییڵ بوڵگاکەف و شاکارێکی ئەدەبی ڕووسییە، بەڵکو دەمێکە لە گەنجینەی ئەدەبی جیهانیدا جێی شایستەی خۆی کردۆتەوە و یەکێکە لەو بەرهەمانەی ناکرێت کەسێک خولیای ئەدەب ودنیای ڕومانی هەبێت، هیچ نەبێت ناوی نەبیستبێت و وتارێکی لە سەر نەخوێندبێتەوە، ئەمە ئەگەر باسی پێویستبوونی حەتمیانەی خوێندنەوەی خودی ڕۆمانەکەش نەکەین.

 

لەو پێشەکییەدا کە بۆ ڕۆمانە وەرگێڕاوەکەم نووسیوە باسی ئەوەم کردووە کە من لە ساڵی ٢٠١١ دا دەستم بە وەرگێڕانی کردووە و کاتێک بیستم کە هێژایەک وەریگێڕاوە وازم لە کارەکەی خۆم هێنا و بۆی نەگەڕامەوە تا ساڵی ٢٠١٨ ، کاتێک  چەند هاوڕێیەکی شارەزا و جێمتمانە قاییلیان کردم کە وەرگێڕانێکی تری ئەو ڕۆمانە پێویستە…

ئەز ئەم وتارەشەم نەدەنووسی ئەگەر کۆمێنتی خوێنەرێکی هێژا نەبووایە کە لە سایتی سەردەم و لە ژێر هەواڵی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانەکەی مندا نووسیبووی:

” ئەوە مامۆستا حەیدەر عبدوڵا زۆر جوانی کردووە پێویستی نەدەکرد کەسێکی تر خۆی پێوە ماندو بکات” جا بۆیە هەر لەوێدا  بەڵێنی نووسینی ئەم وتارەم پێدا.

 

من لێرەدا وەرگێڕانەکەی خۆم ناکەم بە پێوەر و باڵای وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەر عەبدوڵای پێ بپێوم، چونکە ئاشکرایە کەس بە دۆی خۆی ناڵی ترشە و ئەوە تەنیا خوێنەرانن دەتوانن بڕیار بدەن ئایا کام لەو دوو  وەرگێڕانە باشترە و شایانی شاکارێکی وەک ئەوەی میخاییڵ بوڵگاکەفە. من تەنانەت لایەنی زمان و تۆکمەیی داڕشتنیش باس ناکەم. تەنیا ئاماژە بەو شوێنانەی وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەر عەبدوڵا دەکەم کە هەڵەی دیار و ئاشکران یان بە بەراورد لە گەڵ دەقە ڕووسییەکەدا  سەرلێشوانێکی تەواویان تیا بەدی دەکرێت ، ناشتوانم گەواهی ئەوە بدەم ئایا هەڵەکان هی خودی کاک حەیدەرن یان وەرگێڕانە عەرەبییەکە بە هەڵەیدا بردووە. هەرچەندە ئەگەر ئەو وەرگێڕانە عەرەبییەی کاک حەیدەر پشتی پێ بەستووە هەمان ئەو وەرگێڕانە بێت کە من چەندساڵێک لە مەوبەر خوێندبوومەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە وەرگێڕانێکی تۆکمە بوو و بیرم نایەت هەڵەم هاتبێتە بەرچاو.

بەڵام بە داخەوە وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەر لەو هەڵە و کورتهێنانانە بەدەر نییە کە لە ڕاستیدا چێژ و ڕەونەقی ڕۆمانەکەی زۆر شێواندووە. وا من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەم( لەگەڵ ئاماژەدانی ئەو پەڕانەی هەڵەکانی تێدایە لە وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەردا):

(١) لە فەسڵی یەکەمدا و کاتێک ڤۆڵاند، ئیڤان نیکەڵایەڤیچ وا تۆڕە دەکات کە ئەو لێی بپرسێ: جەنابتان هیچ کاتێک لە نەخۆشخانەی دەرونیی بوون؟  ڤۆڵاند بە خۆشییەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:( جا من لە کوێ نە بووم؟ بەڵام مخابن فریانەکەوتم لە پرۆفیسۆرەکە بپرسم شیزۆفرینیا چییە؟ جا لە بەر ئەوە ئیڤان نیکەڵایەڤیچ چاکتر وایە ئێوە خۆتان لێی بپرسن) بێگومان ئەوەش هەڕەشەیەکە لە ئیڤان سەبارەت ئەوەی لە داهاتوودا چی لێ بەسەردێت، بەڵام ئەم بڕگەیە لە لای کاک حەیدەر ( ل.٢١) وای لێهاتووە: ( بەڵێ پتر لە جارێک، ئینجا کوێ هەیە سەرێکم پێدا نەگرتبێت؟ بەڵام من داخ بۆ شتێک دەخۆم تاکوو ئێستا دەرفەتم بۆ نەڕەخساوە پرسیار لە پرۆفیسۆر (شیزۆفرینیا) بکەم. ئەرێ ئیڤان تۆیش پرسیارت لێی نەکردووە؟) واتە لێرەدا” شیزۆفرینیا” بۆتە ناوی پرۆفیسۆرەکە نەک ناوی نەخوشییەکی ناسراوی بواری دەروونیی و کاتەکەش کراوە بە ڕابردوو، لە کاتێکدا ئیڤان لەم شوێنەدا هێشتا چاوی بە پرۆفیسورەکە نە کەوتووە و هەر ناشزانێ کێیە تا پرسیاری لێبکات!

(٢)  ئەو کەسەی فیلمێکی مێژوویی سەبارەت سەردەمی ڕۆمانەکانی دیبێت دەزانێت کە فەرماندە ڕۆمانییەکان کۆڵوانەیەکیان دەدا بەسەر شانیانیدا کە لە بەر قوڕگیاندا گرێ دەدرا. ڤۆڵاند لە دوا دێڕێ فەسڵی یەکەمدا و بۆ ئەوەی بیسەلمێنی کە ئەو شایەتحالێ ڕووبەرووبوونەوەکەی مەسیح و پیڵاتی پۆنتی بووە، کە نوێنەری دەسەڵاتی قەیسەرە لە ئیودییا، وەسفی هاتنەکەی پیڵات دەکات و دەڵێت: ( کارەکە زۆر سادەیە: بە کۆڵوانەیەکی سپی، بەرسووری خوێنینەوە….) فەسڵی دووەمیش بە هەمان ئەو وەسفەوە دەست پێدەکات، بەڵام لای کاک حەیدەر ئەو کۆڵوانەیە  بۆتە پەشتەماڵ( ل ٢٤) و دەڵێت:( ئەمە زۆر ئاسانە: لە نێو پەشتەماڵێکی سپیدایە…) هێندەی من بزانم پەشتەماڵ لە حەمامدا بە کاردێت و ئەمەش لە بری هەیبەت و سامێک  بدا بە دیمەنی هاتنە ژوورەوەی پیڵات، دیمەنەکە دەکاتە شتێکی پێکەنیناوی.

(٣) نووسەر لە فەسڵی پێنجەمدا وەسفێکی پڕ گاڵتەجاڕی و لا قرتێی خانەی ئەدیبانی ڕێکخراوەی مۆسسەلیت دەکات کە بە ” گریبەێدەڤ” ناسراوە و باسی ناسنامەی، یان هەویەی، ئەندامێتی ئەو ڕێکخراوەیە دەکات کەبێ بەهرەی ئەدەبی و بێ  ئەو ناسنامەیە کەسێک بۆی نییە لەو خێروخۆشییەی ناو خانەی ئەدیبان بەهەرمەند بێت و دەڵێت: (  کە بێ ئەو بەهرەیەش مەحاڵ بوو پیاو خەو بە ناسنامە قاوەییەکەی ئەندامێتی ماسسۆلیتەوە ببێنێ، کە بۆنی چەرمی گرانی لێدەهات و نەخشێکی پان و زڕکفتیانەی لە سەر بوو کە لە هەموو مۆسکۆدا دەناسرایەوە) ئەم بڕگەیە لای کاک حەیدەر وای لێهاتووە(ل٧٦): ( بۆ وەی هەلی  ژیانم لێرەهەبووایە و ناسنامەی ئەندامبوونم لەم کۆمەڵەیە وەرگرتایە. لەو ماڵە ڕازاوە و قەشەنگە دەژیام کە چوارچێوەی زێڕاوی کراون. ئەم ماڵە بۆنی پێستێکی گرانبەهای لێ دێت. مەستت و حەیرانت دەکات… خەڵکی مۆسکۆ هەموو ئەو باسوخواسانە باش دەزانن) واتە لێرەدا وەسفی ناسنامەکە کراوە بەوەسفی ماڵەکە و دەبووایە وەرگێر خۆی بکەوتایە گومانەوە کە ئایا چ خۆشییەک لەوەدایە ماڵێک بۆنی پێستی لێ بێت، با پێستی گرانبەهاش بێت!

هەر لەم فەسڵەدا کەسێک ئیرەیی بەو هاوڕێیەی دەبات کە بواری بەهرەمەندبوونی لەو خێرو خۆشییە بۆ ڕەخساوە و پێی دەڵێت:( ئەمڤرۆسی گیان، چاک دەزانیت بۆ خۆت بژییت! ئەمڤرۆسیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ڕاستییەکەی هیچ جۆرە لێزانینێکی تایبەتی ژیانم نییە، تەنیا ئەو ئارەزوو ئاساییەم هەیە وەک مرۆڤ بژیم) بەڵام ئەم بڕگەیە لای کاک حەیدەر وای لێهاتووە (ل٧٧): ( شتێکی سروشتییە. من خۆم چێژ لە هیچ شتێکی تایبەت نابینم! ئەمە خواستێکی مرۆڤانەیە)

(٤)  لە فەسڵی شەشەمدا، ئیڤان نیکەڵایەڤیچ، هەر وەک ڤۆڵاند نوقڵانەی لێدابوو، تووشی شیزۆفرینیا دەبێت و ڕەوانەی لای پرۆفیسورەکە دەکرێت، بۆ چاودێری و کارئاسانکردنیش دوخینی شاعیری لە گەڵدا دەنێرن. دوخین لەو گەشتەیدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو شاعیر نییە و بە زۆر خۆی کردووە بە شاعیر،  بۆیە لە نائومێدیدا کاتێک هەڵتەکهەڵتەک لە پشتی گەڵابەیەکدا بە لای پەیکەرەکەی پوشکیندا تێدەپەڕێ( مشتەکۆڵەی هەڕەشەی لە ڕووی کابرا مەعدەنییە بەستەزمانەکەی کاری بەسەر کەسەوە نەبووە، بەرزدەکاتەوە) ئەم بڕگەیە لە (ل.١٠١) دا وای لێهاتووە:( لە نێو ئۆتۆمبیلەکە هەستایەوە و قیت وەستا. دەستی درێژکرد کرد و پەلاماری پیاوە ئاسنینەکەی دا) بیگومان هیچ جۆرە پەلاماردانێک لەو شوێنەدا نە مومکینە و نە لە ئاراشدایە. دوخین کە نەک هەر شاعیر نییە بەڵکو ئاگاشی لە مێژووی ژیانی پوشکین نییە و وا دەزانێ کە پوشکین ئەندامێکی گاردی سپی تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی، لە کاتێکدا گاردی سپی ٨٠ ساڵێک پاش مەرگی پوشکین پەیدا بووە، ئەو دوخینە ئیرەیی ئەوەش بە پوشکین دەبات کە هێندە بەخت یاری بووە تەنانەت مردنەکەشی شۆرەتی بۆ مسۆگەر کردووە و دەڵێت:( ئێ، کابرا تەقەی لێکرد، کابرای گاردە سپییەکە تەقەی لێکرد و حەوزی وردکرد و ئەوەشی بۆ بوو بە خێر و نەمریشی بۆ مسۆگەر کرد.. ئاو بێنە و دەست بشۆ!)  بەڵام ئەم بڕگەیە لە (ل.١٠١) دا وای لێهاتووە:( ئەم پاسەوانە سپیلکە گوللە باران بکە، وردو خاشی بکە، بیخەرە ڕیزی نەمران) ئاشکرا نییە کێ دەبێت پاسەوانە سپیلکەکە گوللەباران بکات و بۆچی ؟

(٥) ئیڤان کە باری دەروونیی تێکدەچێت و، خەڵکەکە وا دەزانن کە ئەوە ئاکامی زۆر خواردنەوەیەتی، دەیگەێننە لای پرۆفیسۆرەکە، ئەویش لە بەر ئەوەی دەزانێت کە ئەوانەی زۆر دەخۆنەوە هەندێک جار وا دێتە بەرچاویان کە جڕوجانەوەر هێرشیان بۆ دەبەن و ئەوانیش دەکەونە ڕاونانی ئەو جڕوجانەوەرانە، دەپرسێت:( ئەی ڕاوە قالۆنچە، جرج، وردە شەیتان و سەگی بە جرتوفرتی دەکرد پێش ئەوەی بیهێننە ئێرە؟) ئەم ڕستەیە لای کاک حەیدەر وا لێکردراوەتەوە( ل.٩١) : ( ئایا سیسرکەیەک، جرجێک، سەگێک گەستوویەتی؟)

(٦)  لە فەسڵی دەیەمدا باسی نووسینگەی بەڕیوبەری شانۆکە دەکرێت لە نهۆمی دووەمی شانۆکە کە: ( دوو پەنجەرەی دەیڕوانی بە سەر شەقامی سادۆڤەیا… پەنجەرەیەکیشی دەیڕوانی بە سەر باخچە هاوینەییەکەی ڤاریتێکەدا)  باسی ئەم نووسینگەی لە (ل.١٤٦) دا وا کراوە:( دوو لە پەنجەرەی نووسینگە گەورەکە لە نهۆمی دووەمی شانۆ بەرەو شەقامی سادۆڤەیا درێژ دەبوونەوە. پەنجەرەی سێیەم  بەسەر هاوینەهەواری( ڤاریتیە) دەیروانی)  ئاشکراشە کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوانی درێژبوونەوە و بەسەرداڕوانین و لە نێوان هاوینەهەوار و باخچەی هاوینەدا هەیە.

(٧) ئیڤان لە یەکێک لەو شەوانەدا کە لە بەر دۆخی شپڕێوی دەروونیی لە خەستەخانە هێڵراوەتەوە و پاش ئەوەی کەمێک ترسەکانی ڕەویونەتەوە ئەم دیمەنەی لا ڕوودەدات:( زەلامێکی سەیر لە بەڵکۆنەکەدا پەیدا بوو، کە خۆی لە ڕۆشنایی مانگەشەوەکە لا دەدا و پەنجەی هەڕەشەشی لە ئیڤان بەرزدەکردەوە. ئیڤان بێ ئەوەی هەست بەهیچ ترسێک بکات لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕاست بووە و بینی کە ئەوە پیاوێکە لە بەڵکۆنەکەدا وەستاوە. ئەو پیاوە پەنجەی خستە سەر لێوەکانی خۆی و چرپاندی: وسسس!) لە وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەردا(ل.١٦٦) ئەو بڕگەیە وای لێهاتووە:(هێشتا خەو ئیڤانی بەرەو جیهانی قووڵی خۆی دەبرد. لە پڕێک تۆڕی پەنجەرەکە ترازا. کەسێکی قامەت شەبەحی دەرکەوت. بە پەنجەکانی هەڕەشەی لە ئیڤان دەکرد. لە ناکاو لە نێۆ تیشکی هەیڤدا ون بوو)  واتە ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەی کە نووسەر باسی دەکات و دەڵێت خۆی لە ڕۆشنایی مانگەشەوەکە لا دەدا!

(٨) لە فەسڵی شانزەیەمدا و لە کاتی لە خاچدانی یەشوا، یان یەسوعدا، مەتڤێی کە دوای حەشاماتەکە کەوتووە و دەیەوێ یەشوا لە ئازارچەشتن ڕزگاری بێت، سا یان لە ڕێگەی ئەوەوە کە ئەم بیکوژێ یان خوا مەرگێکی خێرای بۆ بنێرێ، لەسەر پێرگامێنتەکە ئەم دێڕانە یاداشت دەکات:( ساتەکان تێدەپەڕن ، منیش مەتڤێی لێڤی، لە سەر شاخە ڕووتەڵەم و مەرگ هار نایەت. دواتر نووسراوە: وا ڕۆژ ئاوا دەبێت و مەرگ هەر نایەت) ڕەنگە بەم ڕستەیەدا ئاشکرا نەبێت کە ئایا مەرگی کێی مەبەستە، بەڵام یەکسەر دوای ئەمە نووسراوە: خوایە لە سەرچی غەزەبت لێگرتووە؟ دە مەرگی بۆ بنێرە) لێرەدا گومان نامێنێت کە ئەو مەبەستی مەرگی یەشوایە، بەڵام ئەم بڕگەیە لە وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەردا بەم شێوەیەی لێهاتووە (ل.٢٥٨):(خولەکان دێن و دەڕۆن، منیش، مەتا لاوی، لەسەر کێوی جلعادم و هێشتا مردن دەستی پێم نەگەیشتووە! خۆر بەرەو ئاوابوون دەڕوات کەچی هێشتا مەرگ نەبۆتە میوانم!) کە ئەمە لێتێگەیشتنێکی هەڵەیە چونکە ئەگەر مەتا لاوی مەرگی خۆی بخواستایە پێویستی نەدەکرد بەدووی ئەو ڕێپێوان و گردبوونەوەیە بکەوێت و جگە لەوەش ئەو چەقۆیەکی دزراوی پێ بوو دەیتوانی خۆی پێ بکوژێ، بەڵام ئەو چەقۆکەی بۆ کوشتنی یەسوع و ڕزگارکردنێتی لە ئەشکەنجەی ژیان بەسەر خاچێکەوە.

(٩) لە فەسڵی بیستوچوارەمدا مارگەریتا بەسەرهاتی کوشتنی بارۆنەکەی دێتەوە یاد کە ئەزازیڵو لە ئاهەنگەکەدا تەقەی لێکردبوو و بە بەرچاوی هەمووانەوە کوشتبووی. مارگەریتا جارێکی تریش دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسە و دەڵێت:( ئای من چەند پەشۆکام کاتێک ئەو بارۆنە بەلاداهات. مارگەریتا ئەوەی وت و دیاریش بوو کە ڕووداوی کوشتنەکە، کە بۆ یەکەم جار بوو شتێکی واببینێت، هێشتا هەر هەست و هۆشی دەهەژاند، دەڵێ:

– وا دیارە ئێوە لە تەقەکردندا دەستێکی باڵاتان هەیە.

_ خراپ نییم _ ئەزازیڵۆ وەڵامی دایەوە) ئەم بڕگەیە لە لای کاک حەیدەر وای لێهاتووە(ل.٤٠٨): ( وای بە کوشتنی بارۆن چەند دڵگران و خەمناک بووم … پێدەچوو هێشتا ژانی کوشتنی بارۆن لە دڵی دەرنەچووبێت، ئاخر ئەوە یەکەم جار بوو دیمەنێکی هێندە ناخۆش و دڵتەقێن بدینم..ئەها ئەزازیلۆ هەبێ و نەبێت تۆ کوشتت…

ئازازیلۆ:

_هیچ نییە)

جا بۆ کوشتنێکی ئاشکرا، کە بەبەرچاوی هەمووانەوە ئەنجامدراوە و خودی مارگەریتاش شایەتحاڵی بووە و پێشتریش باسی کردووە، ئەو ( ئەها ئەزازیڵۆ هەبێ و نەبێ تۆ کوشتت) ە زۆر بێ مانەیە، لەوەش بێ ماناتر ( هیچ نییە) کەی ئەزازیڵۆیە!

(١٠)  من لە کاتی خوێندنەوەی وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەر و بەراوردکردنیدا لە گەڵ دەقە ڕووسییەکەدا هەندێک کۆمێنێتم لە تەنیشت ئەو شوێنانەوە دەنووسی کە هەڵە بوون و یان باش باسەکەیان نەپێکابوو، تا دواتر بگەڕێمەوە سەریان، لە تەنیشت ئەم بڕگەیەی خوارەوە نووسیومە” باوکەڕۆ!”

ئاخر لەم بڕگەدایە باسی ئەوەدەکرێت کە چۆن ڤۆڵاند، لە سەر داخوازی مارگەریتا، مامۆستا لە نەخۆشخانە دەروونییەکەیەوە، کە تێیدا شەوانە سەردانی ئیڤانی دەکرد، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەپارتمانەکە: ( لێـرەدا بایـەک هەڵـی کـردە نـاو ژوورەکـەوە، گـڕی مۆمـەکان کەوتــە پرتەپــرت، پــەردەی قورســی ســەر پەنجەرەکــە لا درا و پەنجەرەکــە کەوتــە سەرپشــت و لــە بەرزایییەکــی دوورەوە مانگێکــی چــواردە درەوشــایەوە، کــە مانگــی چــواردەی دەمــەو بەیانــی نەبــوو، بەڵکــو بــە هیــی نیوەشــەو دەچــوو. ڕووناکیــی شــەوەکە وەک چارشــێوێکی مەیلــەو ســەوز لەســەر پێشــی پەنجەرەکــەوە کەوتــە ســەر زەوییەکــە و لــەو ڕووناکییــەدا میوانەکــەی شــەوانەی ئیڤــان، کــە نــاوی مامۆســتای لــە خــۆی نابـوو، پەیـدا بـوو. ئـەو بەرگی خەستەخانەکەی لە بەردابوو: ڕۆبێک، جووتێـک نەعـل و کڵاوە ڕەشـەکەی، کـە هەرگیـز لێـی جیـا نەدەبـووەوە. ڕوخسـاری نەتاشـراوی بـە گرژییـەک تەنـرا، نیگایەکـی شـێتانە و تۆقـاوی کـردە گـڕی مۆمـەکان، هاوکاتیـش لێشاوی تیشکی مانگەکە بە دەوریا لە کەف و کوڵدابوو) واتە ئیڤان لەم دیمەنەدا وجودی نییە جگە لەوەی کە مامۆستا لێرەدا وەک میوانە شەوانەکەی ئەو وەسفدەکرێت. بەڵام با بزانین ئەم بڕگەیە لە وەرگێڕانەکەی کاک حەیدەردا چی لێهاتووە(ل.٤١٨): ( لەو کاتەدا نەسیمێک لە ژوورەکە هەڵی کرد. شۆقی مۆمەکانی نێو مۆمدان کزبوو، پەردەی قورسی پەنجەرە لادرا و پەنجەرە کرایەوە. لە ئاسمانی دوورەوە هەیڤ دەرکەوت. بەڵام زۆر سەیر بوو، ئەو هەیڤە لە هیی بەیانی نەدەچوو، بەڵکە هیی نیوەی شەو بوو. مانگ بە سەر دیواری پەنجەرەکە تیشکی داهێشت. لە نێو ئەو مانگەشەوەدا ئیڤانوشکا دەرکەوت و خۆی بە مامۆستا ناساند. مامۆستا جلی خەستەخانەی پۆشی بوون. ڕدێنی نەتاشی بوو. بە تیلەچاوێک تەماشای مۆمەکانی کرد. تیشکی نوورینی مانگ دەوری ڕۆشن کردبووەوە)  بەڵام سوێند بەخوا ئیڤان لەم فەسڵەدا، جگە لە وەسفکردنی بەو کەسەی مامۆستا شەوانە میوانی بووە لە خەستەخانەکە، ناوی نەهاتووە، جگە لەوەش ئیڤان بۆ دەبێت ئێستا خۆی بە مامۆستا بناسێنێت لە کاتێدا ئەوان ماوەیەکی دوورودرێژ لە خەستەخانەکە پێکەوەبوون؟

ڕەنگە نەکرێت ڕووبەری وتارێکی لەم شێوەیە بێ ئەندازە درێژبکرێتەوە، بەڵام دەشێ تەنانەت ئەو چەند نموونە کەمەش کە ئاماژەم پێکردوون بەس بن بۆ ئەوەی پاساوی وەرگێڕانێکی دووەمی ئەو شاکارەی بوڵگاکەف بداتەوە و جگە لەوەش ئاگادارکردنەوەیەک بێت بۆ هەموومان کە وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە هەرگیز بێ کێشە نابێت و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش دەبێت جۆرە یارمەتییەکی وەرگێڕەکان بدەن لە پێداچوونەوەی بەرهەمەکانیان و دڵنیابوونەوەیان لەوەی  کە وەرگێڕانێکی پوخت و دەستپاکانەی بەرهەمی زمانەکانی تر بخەنە بەر دیدی خوێنەران… بەم شێوەیەی ئێستا مرۆ دەکەوێتە گومانەوە لە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی ڕۆژانە بە لێشاو لە کوردستاندا چاپ دەکرێن.