لە ڕەشباوەڕیدا- شیعری بەریس پەستەرناک
لە ڕەشباوەڕیدا(١)
شیعری بەریس پەستەرناک
لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد
کارتۆنێکە بە نارنجێکی سوورەوە(٢) ،
ئەو کونجەی ژیانی تیا بەسەردەبەم،
خۆ ناچم تا ڕۆژی مەرگم،
تا ئەو ڕۆژەی بۆ مەیتخانەم دەبەن،
خۆم لەم ژوور و ئەو ژووری ئوتێلەکان هەڵسووم.
من لە ڕەشباوەریمدابوو،
جارێکی تر لێرە گیرسامەوە
کاغەزی دیوارەکان،
چەشنی دار بەڕووەکان، قاوەیی داگەڕاوە
دەرگاکەش گۆرانی دەچڕێ کاتی کرانەوە.
من دەستم لە ئەڵقەڕێزەکە بەرنەدابوو
تۆش بۆ دەرەوە خۆت ڕادەپسکاند.
کاکۆڵم بەر پەرچەمەکەت کەوت و
لێویشم بەر وەنەوشەکانت
هۆ ناسکەکەی من،
بە ناوی گشت ئەوەی بەسەرچووە،
وا کراسەکەی بەرت دیسانەوە دەجریونێ و
بە نیسان دەڵێ: سڵاوت لێ بێ.
ستەمە وا بیرکەمەوە-
تۆ لە توخمی ڤێستالەکان(٣) نییت.
تۆ بە کورسییەکەوە هاتیتە ژوورێ و،
وەک لەسەر ڕەفەیەکەوە دایگریت،
دەستت دایە ژیانم و فووت بە تۆزە لێنشتووەکەیدا کرد
نەتگووت کەس دەستی بۆ نەبا” تازە بۆیە کراوە”
ڕۆحمان بۆ نەپارێزرا و، یادەوەریش
پەڵەی کاڤیار(٤) و پەڵەی دەست و لێو و چاوانی لێنیشت.
من تۆم، لە هەموو سەرفرازی و نەهامەتییەکانم، خۆش تر دەوێ،
چوون لە گەڵ تۆدا،
دنیای ڕوون و زەردهەڵگەڕاوم، لە سپی سپیتر دەنوێنێ.
سوێند بەخوا، ئازیزەکەم، من تەمی تاریشم،
لە گەڵ تۆدا، بە شێوەیەک، هەر
لە وڕێنە و لە کڵاوی سەر لامپەکە و
لە قردیلە سپییەکەی دەوری تەوێڵت، سپی ترە!
١٩١٧
بەریس پەستەرناک (١٨٩٠-١٩٦٠) : یەکێک لە گەورەشاعیرانی ڕووسیا لە سەدەی بیستەمدا و هەر لە تەمەنی بیستوسێ ساڵییەوە شیعری بڵاوکردۆتەوە و خەریکی وەرگێڕان بووە. ساڵی ١٩٥٥ لە نووسینی ڕۆمانی (دکتۆر ژیڤاگە) دەبێتەوە و سێ ساڵ دوواتر، لە سەر ئەو ڕۆمانە، خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێ، بەڵام لە ناو وڵاتدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و پفدراوی دەزگا حیزبییەکان دەبێتەوە و بەوە تاوانبار دەکرێت کە گوایە ڕۆمانەکە دژی سیستەمی سوسیالیستی وڵاتە و هەوڵێکە بۆ ڕەشکردنی مێژووەکەی. بۆیە پەستەرناک، بە ناچاری، لە سەفەرکردن بۆ ستۆکهۆڵم و وەرگرتنی خەڵاتەکە پاشگەز دەبێتەوە.
- ڕەشباوەڕیی: باوەڕکردن بە خورافات
- لێرەدا بەریس پەستەرناک دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە ئەو ژوورەی بەکرێی گرتووە زۆر بچووکە، بۆیە دەیشوبهێنی بە کارتونێک بە نارنجێکی سوورەوە. وەک دەگوترێ، لەو ساڵانەدا جۆرە قوتووە شقارتەیەک فرۆشراوە کە وێنەی نارنجێکی سووری پێوەبووە.
- ڤێستاڵەکان، ئەو خانمانەبوون کە لە پەرستگاکەی ”ڤێستا” ی خواوەندی ڕۆمانەکاندا کاریان دەکرد و ئەرکی سەرەکییان ئەوەبوو شەو و ڕۆژ نەهێڵن گڕی پەرستگاکە بکوژێتەوە، سەرباری چەندین کاری تر و بەشداریشیان لە ڕیتواڵە ئاینییەکاندا .
- کاڤیار، گەرای جۆرە ماسییەکە و بە یەکێک لە خواردەمەنییە گرانبەها و دەگمەنەکان دەژمێردرێت و دوو جۆری کاڤیاری ڕەش و سوور هەن. ڕووسیا و ئێران، دووان لەو وڵاتانەن کە بە بەرهەمهێنانی کاڤیار ناسراون