خستنەڕووی کتێبی “بۆچی دەژیین؟” وەک پرسیارێکی جەوهەری

,

Loading

خوێندنەوەی: سەردەم

کاتێک خودی “ژیان” دەبێت بە پرسیار، وەڵام هەرچی بێت ڕەنگە لە بەردەم چەندان ئەگەری کراوەدا هەریەکە خۆمان ببینینەوە، بە واتایەکی تر، ژیانی هەریەک لە ئێمە دەتوانێت وەڵامێک لە ئاستی “بۆچی دەژیین؟”دا ئاراستە بکات، بەپێی هەڵکەوتە و باری کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی پێگە و ڕۆڵی هەریەک لە ئێمەیش دەگۆڕدرێت، بۆیە بازنەکان لەو گەورەییەدا نامێننەوە، گشتاندن سەبارەت بە وەڵامی ئەوەی “بۆچی دەژیین؟” زەحمەت و مەحاڵە، هەر کەسێک لە گۆشەنیگای خۆیەوە و بە ژیانی خۆی، دەتوانێت وەڵامی تایبەتی و جیاواز بەو پرسە بداتەوە، کەواتە ئێمە بە ژمارەی مرۆڤی سەر زەوی، وەڵاممان بۆ ئەو پرسیارە دەبێت: “بۆچی دەژیین؟” پرسیارێک سادە و ئاسان، بەڵام وەڵامەکان هەمەچەشن و هەمەڕەنگ، بۆیە ئەم کتێبە، دەتوانێت لەو سۆنگەیەوە ئەم پرسیارە ئاراستە بکات، وا بکات بۆ چرکەساتێک هەریەک لە ئێمە بخاتە چوارچێوەیەکەوە و چیەتیی ژیانمان بۆ بکات بە هەڵوەستەیەک، کتێبەکە بانگێهێشتیکی گرنگە بۆ زیندووان، ڕووی لە هەموومانە و ئاراستەی هەموومان کراوە، گرنگ نییە تۆ لە کوێی، سەر بە چ کولتوور و زمان و وڵات و کیشوەرێکیت، گرنگ ئەوەیە بۆ ساتێک هەنگاوەکانت ڕابگریت، بوەستیت و هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژی، هەناسەیەک کە چەشنی یۆگییەکان لەگەڵیدا ڕۆح بلەرێتەوە و هەست بە گەردوون بکەی لەو ساتەدا، لە هەناسەدان و هەناسەوەرگرتنەوەدا، لەو وەختەدا ئەم پرسیارە لە خۆت بکەی: “من بۆچی دەژیم؟” وەڵامەکان دەتوانین قەتاری دوورودرێژ بن، با ببن، گوێیان لێ بگرە، بەڵام قووڵ و ورد گوێیان لێ بگرە و بزانە تۆ بۆچی دەژی، بۆچی ژیاوی، بڕیارە پاش ئەو پرسیارە ژیانت چۆن و چ ئاراستەیەک وەر بگرێت؟

نووسەر و وەرگێڕ هەڵکەوت عەبدوڵڵا ئەمە دووەمین کتێبی سەعید ناشیدە دەیکات بە کوردی، وەک ئاگاداریشین لە هەوڵی وەرگێڕانی دیکەی بەرهەمی ئەم نووسەرەدایە، هەر لێرەدا پێزانین و دەست خۆشی زۆر لە بەڕێز هەڵکەوت عەبدوڵڵا دەکەین، کە لانیکەم بە وریاییەوە، بەپێی زەروورەت و گرنگی بابەت بۆ کتێبخانەی کوردی، بیر لە کایەی وەرگێڕان دەکاتەوە، بیر لەو نووسەر و کتێبانە دەکاتەوە کە کەمترین جار بوونەتە جێی وردبوونەوە و لەسەروەستان بۆ وەرگێڕانی کارەکانیان، لە کاتێکدا کە هەمووان بە ژانر و بابەتی ترەوە خەریکن، ئەم وەرگێڕە ئازیزە نووسەران و بابەتگەل و کتێبگەلێک کەشف و دەدۆزێتەوە، کە ڕێکاوڕێک دەتوانین بۆشاییەک لە کتێبخانەی کوردیدا بگرن، ئاراستەیەک لە بیرکردنەوەدا بگۆڕن، چەشنێک لە پرسیار و گومان بخلیسێننە زەینی وەرگر و خوێنەرەوە، کە دەگمەن لە کتێبەکانی ترەوە وەها کارێک بەرجەستە دەبێت. ئەم کتێبەش سەر بەو نەریتەیە و لەگەڵ خۆیدا خوێنەر دەباتە ناو پانتایی و ڕووبەرگەلێکەوە کە ئەگەرچی خودی خۆی ڕۆژانە تەجرووبە و ئەزموونی دەکات، بەڵام بۆی تازە و نامۆیە، ڕاچڵەکێن و سەرسامکەرە، کتێبەکە ورد ورد و هەنگاو بە هەنگاو ئەم کارە دەکات، بەڵام بە بەرنامە و میتۆدێک کە هەر زوو، لە ئەوەڵین دێڕ و پێشەکی و دەستپێکیەوە دەتوانێت خوێنەر بکێشێتە ناو پەڕەکان و لەگەڵ هەر هەڵدانەوەی پەڕەیەکدا، تاسە و مەیلی زیادتر ببزوێ و هان بدرێ تا خوێندنەوەی دوایین بەش و دێڕ، دەستبەرداری کتێبەکە نەبێت.

سەعید ناشید سەر بەو نووسەرانەیە کە بیر و ڕوانینیان لە هەناوی ژیانەوە دەر دەهێنن. چیدی ئەو و هاوچەشنانی خەریکی بوورجی عاجی فەلسەفە و سەفسەتە نین، ڕێک لە خودی ژیانی و بە تایبەتیش ژیانی ڕۆژانەوە خەریکن ئایدیاکانیان هەڵدەگۆزن، هەر ئەمەشە وای کردووە زۆر نزیک بن لە تێكڕای هەموومانەوە و هەریەک لە ئێمە بەشێک، یان بەشگەلێک لە ژیانی خۆمان لەم دێڕ و لاپەڕانەدا ببینینەوە و بۆمان ببێت بە وێسگەیەک بۆ ڕاوەستان لە بەردەم خۆمان و کردار و هەر ڕەفتارێک کە لە پێشوودا هەمانبووە و ئێستاش لەگەڵماندایە، وێسگەیەک کە تێیدا تەکیلفی خۆمان لەگەڵ نەریت و کردارەکانمان ڕوون و یەکلا دەبێتەوە، ڕەنگە داوایەکی قورس بێت گۆڕانی ڕیشەیی، بەڵام دەتوانێت ڕوانیمان بۆ شتەکان دەستکاری بکات، پرسیارەکانمان زۆرتر بن و گومان و دوودڵییش سەبارەت بەو پرسانەی کە بە ئیمانەوە لە هەناوماندا چێنراون، لەق و شەق ببات.

زمانی ئەم کتێبە ـ وەک لە وەرگێڕانە کوردییەکەشیدا توانراوە سەرکەوتووانە بەرجەستە ببێتەوە ـ زمانێکی سادەی بێ گرێیە، زمانێکە دوورە لە تیۆریا و چەمکسازییەوە، لە یەک کاتدا هانا دەبات بۆ مەسەلە و سەرهاتی ڕۆژانە، بۆ حەکایەت و ئەدەبیات، بۆ گێڕانەوەی دەماودەم و نەقڵ، لەپێناو گەیاندنی ئایدیاکەیدا سڵ لە هیچ سادەکردنەوەیەک ناکات، ڕەنگە ئەمەش هەر لەو بڕوایەوە بێت کە ئەمڕۆ ژیان زۆر لەوە ئاڵۆزتر کراوە ئێمە بێین لە کتێباندا دیسان هەمان ئاڵۆزی بەرهەم بهێنینەوە. ئەم کتێبە، بە هیچ جۆرێک سەر بەو کتێبانەیە نییە هەڵگری چارەسەر و ژیانی خۆشگوزارانانەن، ئەم کتێبە کتێبی ژیانە، کتێبێکە بۆ دیالۆگ، بۆ مشتومڕی نێوان من و تۆ، بۆ شتێک کە هەردووکمان تێیدا هاوبەشین، ئەویش “ژیان”ە، ڕێت بۆ دانێ چۆن بژیت، چۆن ژیانت بە ئاراستەی تردا ببەیت، بەڵکو لە شێوەی پرسیاردا بیرۆکەی تۆ بۆ ژیانت لا دەجووڵێنێت، ناڵێت ئەوەی تۆ ژیاویت هەڵە بووە، ناڵێت ئەم ڕێیە بگرە ئەمە ڕێیە ڕاستەوڕاستەکەیە، نا، پرسیارەکانی، ئایدیاکانی، بیرۆکە و ئەو خاڵانەی لە مەتنی کتێبەدا بەرچاو خراون، لە دەوڵەمەندکردنی خودی ژیاندان، یارمەتیدەرن بۆ بینینی ژیان لە سەدان پەنجەرەوە، نەک لە تەنیا دەلاقەیەکەوە، ئەم کتێبە داوەتێکی شاهانەیە بۆ سەر سفرەی ژیان، بەشدارییەکی دڵخۆشانەیە بۆ ئاهەنگێکی گەورە، بێگومان لە پلەی یەکەم و ئەوەڵینی ئەم ئاهەنگە، خوێنەرانی کتێبەکەن، پاشتریش ئەو کەسانە دێن کە ئێمە وەک خوێنەری ئەم کتێبە ئایدیاکانی کتێبەکەی لەگەڵدا بەش و دابەش دەکەین.

سەعید ناشید سەرەتای نووسینی ئەم کتێبەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی کۆرۆنا، ئەو کاتەی هەموومان بە تۆبزی نێردراینە ماڵەوە و چیدی دەرەوە چۆڵوهۆڵ مایەوە، بازاڕ داخرا و لە کاتێکی دیاریکراو و بە مۆڵەت نەبێت، هیچ مارکێت و دوکانێک بۆی نەبوو هەبێت، سەعید ناشید لەو ڕۆژانەدایە بیر لە خودی “ژیان” دەکاتەوە لە سەردەمی ڤایرۆسێکدا کە ناتوانرێت بە چاو ببینرێت، لەگەڵ ئەوەشدا و بەو هەموو بچووکییەوە بووە بە مەترسی بۆ سەر “ژیان”ی هەموومان و ئاکامەکەشی بینرا، کە چەندان هەزار کەس بەو ڤایرۆسە کۆتایی بە “ژیان”یان هات. ژیان لە مەترسیدا بوو، ڕەنگە هەریەک لە ئێمەیش ئەو ڕۆژانە بە وردی بیرمان لە ژیان کردبێتەوە، لە مەترسییەکانی ئەوەی کە تووشی ئەو ڤایرۆسە ببین و ژیانمان بکوژێتەوە بۆ هەمیشە، ڕێک لەم ساتەوەختەدایە کە ژیان خۆشەویست و دڵبەر دەبێت، دەچێتە جێیەکی دوور و هەستەکەین تەنیا ڕایەڵێک ئێمە و ئەو پێکەوە گرێ دەدات، ڕایەڵێک کە زۆر خز و لەرزۆکە، زۆریش باریک و ناسک، لەو ساتەدایە پرسیاری “بۆچی دەژیین؟” لای ئەم نووسەرە لە شێوەی پرسیارێکی جەوهەریدا دەڕسکێ و بەرهەمەکەشی ئەم کتێبەیە. کتێبێک کە ئەگەر خوێنەرەکەی ورد بێت، دەتوانێت هەوا و هەناسەی ڤایرۆساوی ئەو ڕۆژانەی تێدا درک بکات، هەست بەو مەترسییە بکات کە ئابڵووقەی ژیانی داوە و نووسەرەکەی وەک دەرچەیەک دەیەوێت بە ڕێیەک لە ڕێیەکان، کە بۆ ئەو نووسینی ئەم کتێبەیە، ئەو ترسە ژیانکوژە لە بیر بباتەوە و وا بکات زیندووێتیی ژیان نەدۆڕێنێت. هەر بۆیە لەم کتێبەدا ڕێیەکی دوورتر لەو ڕووداوی ڕۆژانە (٢٠٢٠) دەگرێت و دەچێت مێژووی دوور دەور دەکاتەوە و کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدیب و سەرهاتی چەشناوچەشن دەپشکنێ، بۆ دۆزینەوەی چییەتیی ژیان لە چاخ و ڕۆژە تاریکەکاندا، پاشان لە حاڵەتێکی بەراوردکارانەی بەردەوامدا، لەگەڵ ئێستا و ئەمڕۆ بەردەوام دێت و دەچێت، جیاوازییەکان دەچنێت و دەری دەخات ئێمە کە چانسی ئەوەمان هەیە ئێستا و ئەمڕۆ لێرە بین، سەر بە چ بیرکردنەوەیەکین بۆ ژیان، جیاوازیمان لەگەڵ کەسانی بەر لە خۆمان، چییە و چۆنە و لە کوێدا یەک دەگرینەوە و لە کوێشدا بۆ هەمیشە دەستمان لە دەستی یەک بەر دەبێت. ئەم گەڕان و پشکنینەی سەعید ناشید گێڕانەوەی مێژوو نییە بەپێی ساڵنامە و ڕووداو، تەنیا دەروازەیەکە بۆ پرسە جەوهەرییەکەی، پرسێک کە لە هەموو لاپەڕەکاندا (بە درێژایی ١٦٢ لاپەڕەی کتێبەکە)، ئامادەیی هەیە و هەر جارەو لە گۆشەیەکەوە دەمانخاتەوە بەر ئەو پرسیارە: “بۆچی دەژیین؟”

پرسیارەکە وەڵامە زۆراوزۆرەکان بە شوێن خۆیدا درێژ دەکاتەوە، دەکرێت کەسێک بڵێ لەپێناو نانخواردندا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو هەوەسەکاندا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو سەفەردا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو کارکردندا، بەڵام لای سەعید ناشید ئەمانە وەڵامی ئەو پرسارە نین کە ئێمە بۆچی دەژین، ئەو پێی وایە ئێمە دەژیین تاکو گەشە بکەین، گەورە بین، لە جێیەکدا، لە بیرکردنەوەیەکدا نەوەستین، پەرە بسەنن، زۆر بین لە خۆماندا، ئەمانە وەڵامە گشتگیر و سەراپاییەکی پرسی “بۆچی دەژیین؟”ن. ئەمە شتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششەوە، هەوڵ و کۆششی تۆ لەو ڕووبەر و چوارچێوەی تێیدا دەژیت، لەو کارەی دەیکەیت، لێرەدا مەسەیەک دەگێڕێتەوە، سادەیە، بەڵانم زۆریش پڕ واتایە:

دوو هاوڕێی گیای بە گیانی لە دارستانێکدا پیاسەیان دەکرد، لەناکاو گوێیان لە نەڕەی شێر بوو، یەکێکیان پێڵاوە وەرزشییەکەی لە پێ کرد، بەڵام ئەویدیکە بە ناڕەزاییەوە لێی پرسی: “چی دەکەیت هاوڕێکەم؟ پێت وایە پێش شێرەکە دەکەویت؟” هاوڕێکەی بە وەڵامێکی دڵشکێن تووشی سوپرایزی کرد: “بە دڵنیاییەوە ناتوانم پێشی شێرەکە بکەوم، بەڵام دەتوانم پێشی تۆ بکەوم، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی ڕزگارم بێت.”

ئەم حەکایەتە بینچینەی بڕوای کێبڕکێ لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان لە هەموو ئاستەکاندا دەخاتە ڕوو:

بۆ ئەوەی ڕزگارم بێت، ئەوە بەسە پێش ئەوانی دی بکەوم.

بۆ ئەوەی دەربچم، ئەوە بەسە لەوانی دیکە باشتر بم.

خودی ئەم ململانێیە لە چەقی ژیاندایە، بۆ باشترکردنی ژیانە، بەڵام ئەوەش خاڵێکی سەرنجبزوێنە کە نووسەر باس لەو وزە گەورەیەی ژیان خۆی دەکات، وزەیەک کە لە توانایدایە هەڵبەز و دابەزەکان هاوئاست بکاتەوە، قەیرانەکان تێپەڕێنێت و هارمۆنیایەکی تێکچوو و لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە سەر ڕەوڕەوی خۆی، ئەم وزە ئەگەرچی بەرجەستە نییە و نابینرێت، بەڵام ڕێکخەری سەرجەم ئەو ڕیتمە هێور و هێمنەیە کە ئینسان تێیدا دەتوانێت تەحەموولی ئەویتر و هەموو ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە بگرێت، کە دێنە پێشی.

زۆر جار دەڵێین، کات بۆی ئەم گرفت یان ئەو گرفت چارەسەر دەکات، ئەوەی لێرەدا ناوی دەنێین کات، خودی ژیانە پاش ئەوەی دەرفەتی تەواوی دەدەینێ بۆ ئەوەی کارەکە بگرێتە ئەستۆ، تا برینەکانی جەستە و ڕۆح ساڕێژ بکات، تا کردار و کردەوەکان هەڵسەنگێنێ. ڕۆڵی ئێمە لێرەدا، یارمەتیدانی ئەوە بە پشوودرێژی و چاوکراوەیی و بێدەنگییەکی قووڵ.

کتێبی “بۆچی دەژیین؟” بەسەر یانزە بەشدا دابەش بووە، هەر بەشێک یارمەتیدەر و نزیکبوونەیەکە لە ناونیشانی سەر بەرگەکەی. بە جۆرێک دەڵێیت گەشتێکی پانۆرامایی بە دڵی ژیاندا دەکەیت، لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ. تێدەگەیت کە خودی ئەم پرسیارە، پرسیاری سەردەمی ئەمڕۆمانە، پرسیاری دنیای نوێ و مۆدێرنە، نووسەر لە گەڕانەکانیدا بە شوێن ژیان و جەوهەری پرسیارەکەیەوە، دەگاتە ئەو ئاکامەی کە لە سەدەکانی کۆن و ناوەڕاستدا ئەم پرسیارە بوونی نەبووە، چونکە ئایین لە پێگەی کڵێسا و قەشەی جبەلەبەردا ئەم پرسیارەی سڕیوەتەوە، بە سەرقاڵکردنی خەڵکان و گەوجاندنیان بە ئەودنیا و پاشەڕۆژەوە، ژیانی ئێرەیان لەبەرچاو ڕەش کردوون، بەڵام لە ڕێنیسانس بەم لاوە ئەم پرسیارە لە چنگی ئایین و ئاسمان دەر دەهێنرێت و دەخرێتە سەر زەوی، پرسیارەکە دەبێت بە پرسێکی گرنگ و لەگەڵ سەرجەم ئاڵۆزییەکانی دنیای مۆدێرندا، هاوشان ڕێ دەکات، بیئەوەی مەبەستی بێت وەڵامێکی قەتعی و بنەبڕانە بدات بە دەستەوە، بەڵکو لە بەرانبەر ئەوەدا، “ئەگەری وەڵامی کراوە” بۆ ئەو پرسیارە دەڕەخسێنێ و دەرفەت دەدات بە هەر کەس کە لەسەر وەها پرسێک، خۆی بناسێنێت.

دوایین بەشی کتێبە، سەعید ناشید ناوی ناوە “دە پوختەکە”، ئەم بەشە کە هەر چەند لاپەڕەیەکە، گوشراوەی کۆی ئایدیا زۆر گرنگەکانی ئەم کتێبەیە، نووسەر مەبەستی لەم بەشە پوختەیە بیرخەرەوەی خوێنەرەکەیەتی، هاوکات پەرش نەبوونیەتی لەو هەموو ئایدیا و باسانەی لە کتێبەکەدا خراونەتە بەرچاو. خوێنەری ئەم کتێبە پاش خوێندنەوە و تەواوکردنی، دەتوانێت بۆ جاری تر و لە کاتی تردا، تەنیا ئەو دە خاڵە بخوێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو دە خاڵە دەتوانێت کۆمەکی ئەوە بدا بەو خوێنەرە، کە هەموو بەشەکانی کتێبە، یان سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی کتێبەکە، بەیاد بهێنێتەوە. لە دوایین پاژ و دێڕەکانی ئەم نووسینەدا پێمان باشە چەند دانە لەو خاڵانە بنووسینەوە، هەم بۆ ئاشنایی پتر بەو خوێنەرانەی هێشتا کتێبەکەیان بە دەست نەگەیشتووە، هەم بۆ بیرهێنانەوەی خۆیشمان.

یەکەم: ژیان بەڕاستی پاڵپێوەنەرە، واتە بریتییە لە چەند زیندەهێزێک، کە لەناو خۆماندایە و بەناو گشت بوونەوەرەکان و شتەکاندا هاتوچۆ دەکات و پاڵمان پێوە دەنێت. ئەمە دۆزینەوەکەی شۆپنهاوەرە، پێش ئەوەی فرۆید لە بواری دەروونشیکاریدا وەبەری بهێنێت.

دووەم: پاڵنەری ژیان ئاراستەیەکی دیاریکراوی هەیە، یان لانی کەم ئاراستەیەکی گشتیی هەیە، ئەویش ئەو ئاراستەیەیە کە ژیان لە هەموو بوونەوەرە زیندووەکانی داوا دەکات: بەردەوامبوون و بڵاوبوونەوە و بووژانەوە.

سێیەم: لە ساتەوەختێکی دیاریکراوی گەشەکردنی زیندەزانیدا چیتر شارەزاییەکانی گونجانی غەریزی توانای پاراستنی ژیانیان نییە لە شەپۆلەکانی لەناوچوون، کە چەندین جار بەری کەوتوون، بۆیە پێویستە کارکردن بۆ گۆڕینی کایەی ژینگەیی سەری هەڵداوە، واتە گۆڕینی لە ژینگەیەکی دژ بە ژیانەوە بۆ ژینگەیەکی دۆستی ژیان. لەپێناو ئەم ئەرکەشدا ژیانی ژیر و مرۆڤ سەریان هەڵدا.

چوارەم: یاساکانی فیزیا و کیمیا شتەکان بەرەو دیارنەمان و شیبوونەوە و لەناوچوون ئاراستە دەکەن و یاساکانی ژیان شتەکان بەرەو پێشکەوتن و زۆربوون و بووژانەوە ئاراستەی دەکەن. بەڵام یاساکانی ژیان بەشێکن لە یاساکانی فیزیا، کە دواقسەی بە دەستەوە دەبێت، بۆیە چارەنووسی ژیان بەرگریکردنە.

پێجەم: ئێمە بە یاساکانی ژیان لەدایک دەبین و بە یاساکانی فیزیا و کیمیا دەمرین، بۆیە مردن دەرهاویشتەیەکی نامۆیە بەو ژیانەی ناتوانێت لە خۆی بگرێت. ئەمە لێکی دەداتەوە بۆچی ئامادە نین بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکەی مردنمان، تەنانەت ئەگەر تەمەنمان بگاتە سەد ساڵیش. پرسەکە هیچ پەیوەندی بە خۆپەرستیی پیرییەوە نییە، وەک گەنجان بۆی دەچن، بەڵکو سروشتی ژیان وایە و ئەو کاتەی درکی پێ دەکەین کە نۆرە دێتە سەرمان.

خوێندنەوەی کۆی کتێبە لەم چرکەساتەدا، ڕەنگە دەرفەتێک بێت بە خۆمان و ژیانمان، ڕامانێکی قووڵ دەستەبەر دەکات بۆ پێداچوونەوە بۆ خاڵگەڵیکدا، چونکە ژیان دەرفەتێکی زێڕینە بە هەریەک لە ئێمە دراوە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا، قۆزتنەوەی هەلەکان، کۆشش لەپێناو جوانترکردنی ژیان و بەردەوامیدان بە ژیان، ئەرکی هەر کەسێکی زیندووە، ئەم کتێبە لەو پێناوەدایە، چونکە دواجار ژیان بوونمانە و هیچ شتێکیش گرنگتر لە بوون و ژیانمان نییە.

ناردن: