ڕۆڤار… گــۆڤــارە ســەنــگیــنــەکــە

ڕانانی: سەردەم

لەنێو بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم-دا، گۆڤاری (ڕۆڤار) سەنگ و پێگە و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە لە کۆڕی خوێنەراندا، تاوەکو ئێستا ٩٩ ژمارەی لێ دەرچووە، ئەمە لە کاتێکدا بە هۆی قەیران و نەبوونی پارەی پێویستەوە تەواوی گۆڤارە جۆراوجۆرەکانی دەزگای ناوبراو چەندین ساڵە ڕاگیراون، بەڵام ڕۆڤار، هاوشانی کتێبەکانی دەزگای سەردەم، هێشتا بەردەوامە و بە نەفەس و وزە و گەرم وگوڕیی ژمارە سەرەتاییەکانیەوە دەردەچێت، ئەمە ڕێک ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕۆڤار هێشتا سەنگ و بەهای خۆی لەدەست نەداوە و خوێنەر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ژمارەی نوێن.

ڕۆڤار هەر ژمارەو تایبەتە بە داهێنەرێکی کورد، کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕ تێیدا دەنووسن، بێگومان بۆ بەحس و لێکۆڵینەوەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا، بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەند، جوانی ئەم گۆڤارە لەوەدایە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندی ژیان و داهێنانی داهێنەرانی کورد، لە ئەدەبی کلاسیکەوە، تا مێژوونووس و سینەماکار و شێوەکاران، ئەڵبەت داهێنەرە مۆدێرن و تازەکانیش بوونەتە ئامانجی ڕۆڤار، نوێترین ژمارە تایبەتە بە گەورە شێوەکاری کۆچکردووی کورد (ئیسماعیل خەیات.)

لەم ژمارەیەدا کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەندی ناودار و خاوەن ئەزموون سەبارەت بە دنیای هونەریی ئیسماعیل خەیات بابەتیان نووسیوە لەوانە: بەختیار عەلی، گەزیزە، تاریق کارێزی، قادر میرخان، وەهبی ڕەسوڵ، حەمە هاشم، ڕەزا عەلیپوور، سالار مەجید، شارا ڕەشید، ئالانا ماری لابرۆس، هیوا قادر، محەمەد عومەر عوسمان و چەندین نووسەر و هونەرمەندی دیکەی دیار.

لە بابەتێکی پڕ لە زانیاری و وردەکاریی بە ناوی (چۆن ئیسماعیل خەیات کاریگەریی لەسەر دنیابینینمان جێهێشت؟) بەختیار عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئیسماعیل خەیات لە دەیەی حەفتا و هەشتادا لە نێوان هونەرمەند و داهێنەرانی کورددا پێشەنگ بووە لە چەسپاندنی شێوەیەک لە شێوەکانی بینین کە ڕێگە بۆ دابڕان لەگەڵ تێپەڕ و مێژوو دادەنێ و ئامادەکردنەوەی سەرمەدییەت دادەمەزرێنێ: خەیات لەگەڵ کۆرسی ماتەمگێڕاندا کە گۆرانییان بۆ کۆتایی دنیا دەگوت و بە ڕوانینێکی کارەساتاویی پەتیی مامەڵەیان لەگەڵ ژیاندا دەکرد و داهێنانیان لە گێڕانەوەی کارەساتدا دەکرد، گۆرانی نەدەچڕی، (خەیات)یش ئەو وێرانکارییەی دەبینی کە جەنگەکان دروستیان دەکرد، بەڵام ئەو بە وێنەکێشانی تۆقین و ئامادەکردنەوەی کارەسات دانەدەسەکنا، بەڵکو توانای بوونەوەرانی بۆ بەردەوامیی لە تاریکییدا وێنە دەکێشا و دەیپیرۆزاند.

لە هەمان بابەتدا بەختیار عەلی ئەوەشمان پێ دەڵێت لە کاریگەرییەکانی خەیات لە نەوەکانی دواتری هونەرمەندانی کوردی تێپەڕاندووە و گەییوەتە ڕۆشنبیران و ئەدیبان.

هونەرمەندی دیاری کورد (گەزیزە) هاوسەری ئیسماعیل خەیات، بابەتیکی نووسیوە بە ناوی (خەیات پاشای ڕەنگەکان) لەو وتارەدا دەڵێت: زەمەنێک ژیان لەگەڵ خەیات بۆ من نەک تەنیا هاوسەر و خۆشەویست و هاوڕێ بوو، بەڵکو وەک مامۆستایەک لە زۆرێک لە وێستگەکانی ژیانمدا بە بیر و بۆچوونەکانی ڕەنگی کردووم بە وانەکانی ژیان، بەڵام زۆر بە ئارامی و بێدەنگی.

لە هەمان وتاردا خاتوو گەزیزە عومەر باس لە دوو خەونی ئیسماعیل خەیات دەکات کە لە ژیانیدا هەیبووە، یەکێکیان گەورەکردنی پیرەر بوو وەک پڕۆژەیەکی هونەری، مێژوویی، لەو ناوچەیەدا  بە دروستکردنی هۆڵی پێشانگە و نمایشی هونەری و ئاوەدانکردنەوەی بەو جۆرەی کە دەیویست دروست بکرێت و ببێتە مۆزە و شوێنی حەسانەوەی ڕێبواران و گەشتیاران، زۆر جار داوای بەرز دەکردەوە بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆیشت و هیچ بەشێکی ئەو پڕۆژەیە بایەخ و گرنگی پێ نەدرا.

لە وتارێکی تردا (تاریق کارێزی) بە نای (لە کەناری ئەڵوەنەوە بۆ بناری گۆیژە) باس لەوە دەکات کە دەستپێکی هونەری مامۆستا خەیات و درەوەشانەوەشی لە دنیای هونەری نیگاردا، بە هێڵکاری بوو، ئەو بوو هێڵی یەک ڕەنگی کردە تاکە ڕەگەزی نیگار، ئەگەرچی لە بنەچەدا نیگار پشت بە جووتە ڕەگەزی هێڵ و ڕەنگ دەبەستێت، هیچ تابلۆیەکی هونەر لە دەرەوەی ئەم جووتە ڕەگەزەدا نییە و خۆ ڕەنگە بڵێین ئەستەمە: لە قۆناغی جێهێشتنی هێڵ و چوونە نێو دنیای ڕەنگەوە، ئیسماعیل خەیات چیدی هونەرمەندەکەی جاران نابێت، بەڵکو وەرچەرخان لە ڕووی شێواز و ڕەگەزی نیگارەوە لە هونەرەکەیدا بەدی دێت، ئیدی زۆر شیاوە ئێمە هونەرەکەی دابەشی سەر دوو قۆناغی تابلۆی هێڵکاری و تابلۆی ڕەنگ، یەکەمیان هەڵوەستەیەکی باشمان لە ئاستیدا کرد، دەرهەق بە دووەمیشیان دەتوانین بڵێین ئیدی ئێمە هەست بە دابڕانێکی زۆر بوێرانە لە ڕووی کەرەستە  و شێواز و تەکنیکی هونەرەوە دەکەین.

مامۆستا(ئیسماعیل خەیات) وەکو مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی خاوەن هونەر و توانا و سەلیقەیەکی لە ئەندازە بەدەر بوو، لە هەمان کاتیشدا سروشتێکی زۆر جوانی هەبوو کە خەسڵەتی ڕێزداری و میهرەبانی و هەستپاکی و دڵسۆزی بوو، سەرباری ئەوانەش هەتا باس بکەین هێور و لەسەرخۆ بوو، دەتوانین بڵێین کەم کەس هەڵدەکەوێت ئەم سروشتانەی تیادا کۆببێتەوە و ئەم جۆرە جوانیانەی هەڵگرتبێت لە یەک کاتدا.

   ئەوەی شایانی گوتنە و پێویستە باس بکرێت، وێڕای ئەوەی بوونی ئەم پیاوە خۆی گەنجینەیەک بوو هەرگیز پێناسە ناکرێت.

مامۆستا ئیسماعیل خەیات ساڵی١٩٤٤ لە شارۆچکەی خانەقین لەدایک بووە، ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی خەڵکی باشووری کوردستان بوو. ئیسماعیل خەیات وەکو ھونەرمەندێکی کوردی ناسراو لە پیشخستنى هونەری شێوەکاری بە تایبەت لە شارى سلێمانى ڕۆلێکى گرنگى هەبووە و ھەروەھا لە سەر ئاستى عێراق لە مێژووى هونەرى شێوەکاریی ساڵەکانى شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکاندا بەشدارى کردووە. هاوکات ئەم هونەرمرندە مەزنە کۆچکردووەی کورد،  ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی جیھان بوو.

ئیسماعیل خەیات دەرچووی خانەی ‏مامۆستایانی بەعقووبە بوو. ھەروەھا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ ھەتا ١٩٩٨ لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری ھونەری ‏شێوەکاری بوو. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٦٧دا وەکو سەرپەرشتیارى هونەرى لە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بەشدار بووە.

ئیسماعیل خەیات لە ڕێکەوتى ١٠ی شوباتی ٢٠٢٠ بە ھۆی ڕووداوى کەوتن لە ماڵەکەى خۆى تووشی نەخۆشی بوو و پاش دوو جار نەشتەرگەریی قورس بۆ مێشکى بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بێهۆش کەوت. ئەو لە ئاکامدا لە کاتژمێری ١١:٣٠ی پێشنێوەڕۆی پێنجشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کرد.

ئیسماعیل خەیات، لە ماوەی ٥٧ ساڵ ژیانی ھونەریی خۆیدا ٤٥ پێشانگەی شێوەکاریی کردووەتەوە.

لە کاتی شەڕی براکوژی و دابەشکردنی باشووری کوردستان لە نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکاندا، ئیسماعیل خەیات وەکو ناڕەزایەتییەک دژی ئەو شەڕە و بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاشتەوایی و یەکبوونەوەی کوردستان، بەردەکانی سنووری نێوان پارتی و یەکێتیی لە دێگەڵە ڕەنگ کرد.

بە هیوای ئەوەی بەردەوام خوێنەری ڕۆڤار بن، چونکە لە ڕێی ئەم گۆڤارەوە ئاشنا دەبین بە ژیان و داهێنانی داهێنەرانی کورد.