دەربـارەی کـتێـبـی مـیـری کـوردان
میری کوردان
نووسینی: کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا خانمە نووسەر و فەیلەسوفی ئیتالی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە پەڕاگەندەی دەوڵەتی عوسمانی دەکرێت و لە شوێنێک نزیک زێد و نیشتمانی کوردان، لە ئاسیای گچکەدا، نیشتەجێ دەبێت و چەند ساڵێک لەو ناوچانەدا دەمێنێتەوە ولە نزیکەوە ئاشنایی لە گەڵ ژیان و کولتور و ئەفسانەکانی ناوچەکەدا پەیدا دەکات و بەرهەمی ئەو ئاشنایەتییەش چەند کتێبێکن کە بە زمانی ئیتالی و فەرەنسی نووسیوێتن. یەکێک لەو کتێبانەشی کتێبی ” ئامینە – چیرۆکە تورکییە ئاساوییەکانە” كە چیرۆکی ” میرێکی کوردی” یەکێکە لەو چیرۆکانە و ساڵی ١٨٥٦ بە فەرەنسی و ساڵی دواتر بە ئیتالی لە میلانۆ چاپکراوە.
گۆڤاری ڕووسکی ڤێستنیک لەژمارە ٢ و٣ ی ساڵی١٨٥٦ دا چیرۆکەکی بە ڕووسی بڵاوکردۆتەوە و نووسیویەتی کە گوایە وەرگێڕەکەی نەناسراوە! بە هەرحاڵ ئەم چیرۆکەی ئێستا بە کوردی و لە ژێر ناوی ” میری کوردان” دا لەبەر دەستی خوێنەری هێژادایە لەو دەقە ڕووسییەوە وەرگیراوە.
نووسەر لە دیدێکی یۆرۆسینتریزمەوە، واتە کردنی ئەوروپا بەسەنتەری مێژوو و هەموو بەهاو شتە باشەکان، بەسەرهاتی سەرۆکهۆزێکی کورد و ژیانی ناو حەرەمسەراکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە. باسی ئەوەمان بۆ دەکات چۆن ئەو سەرۆکهۆزە بەردەوام لە کێشە و پێکداداندایە لە گەڵ دەوڵەتی مەرکەزییدا، بەڵام نووسەر، سەرباری ئەوەش کە خۆی خەباتگێڕێکی سیاسییە بۆ یەکخستنی نەتەوەکەی خۆی، گشت ئەوە وەک خولیایەکی هەمیشەیی کوردەکان بۆ سەرکێشیی و تاڵانکاری سەیردەکات و هیچ بیری بەلای ئەوەدا ناچێت کە ئەوە هەوڵی گەلێکی ژێردەستەیە بۆ جەختکردنەوە لە سەروەریی خۆی لە سەر زێد و نیشتمانەکەی خۆیدا. هەرچۆنێک بێت کێشەکان دەگەنە خاڵێک کە دەوڵەت بڕیاری دەستگیرکردن و سزادانی مەمێد بەگی سەرەکهۆز دەدات.
ململانێی سەرەکهۆزەکە و دەسەڵاتدارانی تورک، کێشە خەفەکراوەکانی ناو حەرەمسەراکەش زەق دەکاتەوە، بە تایبەتی لە نێوان دووان لە ژنەکانی مەمێد بەگدا، کە یەکێکیان دڵسۆزانە لە هەوڵی ڕزگاکردنی بەگدایە و ئەویتریشیان دەیەوێ تۆڵەی کەرامەتی ژێرپێنراوی خۆی لە مێردەکەی بکاتەوە و ڕادەستی سوپای تورکانی بکات.
نووسەر ئەگەرچی پێناچێت لە سەرەتادا دید و بۆچوونێکی ئەرێنی هەبێ بەرامبەر کوردەکان، بەتایبەتی سەرۆکهۆزەکەیان، بەڵام لە گەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بەسەرهاتەکاندا، هەم جوامێری سەرۆکهۆزە کوردەکە و هەم غەداری و ناپاکی دەسەڵاتدارە تورکەکان دەردەخات لە ڕەفتارکردنیاندا، تەنانەت دەرهەق بەو نەیارانەشیان کە ئەمانیان پێدەدەن و دۆستایەتییان بۆ ڕادەگەیەنن.
خوێنەری وریا، لە ڕێگەی ئەم چیرۆکەوە، لایەنێکی ئەو تەکتیکە خۆپارێزەرانەی کوردانی ژێر قەڵمڕەویی دەوڵەتی فراوانی عوسمانییەکانی بۆ دەردەکەوێت، کە بە درێژایی چەندین سەدە توانیویانە بەرگری لە بوونی خۆیان بکەن، سەرباری هەموو هێز و دڕندەیی دەوڵەتەکە.
وەرگێر، لە پاشەکییەکدا کە بۆ چیرۆکەکەی نووسیوە، هەوڵی وەڵامدانەوەی بەشێک لەو پرسیارانەی داوە، کە بە بۆچوونی خۆی، چاوەڕوانکراوە لای خوێنەر دروست ببن پاش خوێندنەوەی چیرۆکەکە.
چیرۆکەکە ئەگەر هەر وەک چیرۆکی دڵدارییەکی پڕ سەرکێشی و تەنگژەش سەیر بکرێت تام و چێژی خۆی هەیە، بەڵام ڕەهەندی کوردبوون و باسکردنی ژیانی بەشێک لە نەتەوەکەمان، مەودا و چێژێکی زیاتر دەبەخشێتە خوێنەری کورد. ڕەنگە لە کۆنتێکستی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرین، ئەم چیرۆکە ئاماژە و بایەخێکی هەنووکەیی تریش بگرێتە خۆی.