گۆڕ وەکو جێگەیەک بۆ دووبارە لەدایکبوونەوە

گۆڕ وەکو جێگەیەک بۆ دووبارە لەدایکبوونەوە

ئاراس فەتاح

“ئەمجارەیان من ناچمەوە لای نامۆیی ‌و (….)

لەگەڵ نالی ئەڕۆمەوە بۆلای گۆیژە و

پێکیشەوە ئەچینەوە لای سالم و

حەبیبەی شار!”

                   (دەربەندی پەپوولە)

شێرکۆ بێکەس شاری سلێمانی لە هه‌موو شوێنێکی تری ئەم دونیایە زیاتر خۆشدەویست، بۆیە دەیەوێت لەوێش بنێژرێت. ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەو بەتەنها نایەوێت بگەڕێتەوە شار و لەوێشدا لەسەر یەکێک لەگردە کەنارکەوتووەکانیدا ئارامگەیەکی بۆ دروستبکەن. شێرکۆ بە وەسییەتنامەکەی مۆدێلێکی نوێی پەیوەندی لەنێوان نووسەر – مردن‌ و گۆڕستان – فەزای گشتیدا دروستدەکات. شێرکۆ دەیەوێت بە بەخاکسپاردنی لە نێوەندی شاردا، مانای گۆڕ و گۆڕستانمان بۆ دەستکاریبکات. شێرکۆ دەیەوێت لە نێوجەرگەی فەزا گشتییەکەی شاردا ئامادەبێت ‌و مۆدێلێکی نوێی پرسەمان بۆ بەرهه‌مبهێنێت. پرسەگرتن بۆ شێرکۆ بێدەنگیی نییە، بەڵکو قسەکردنە. بەم مۆدێلەش دۆخێک دروستدەکات گەر هه‌رکەسێکی تر، دوای خۆی، ئەم بیرۆکەیە دووبارە بکاتەوە، لاساییکردنەوەیەکی بێتامی ئەو بکات. بۆ شێرکۆ دوورکەوتنەوە لەفەزای گشتی مردنێکی ترە، جیاواز لە مردنە فیزیکییەکە. ئەو خواستی ئەوەی هه‌یە بۆ چرکەساتێکیش بەتەنها نەبێت، لەگەڵ نووسەران ‌و شاعیران ‌و گەنجان‌ و کوڕ و کچی کوردستاندا بێت، دەیەوێت لەناو کتێبەکانیدا بێت ‌و کتێبخانەکەی بەجێنەهێڵێت. ئەو دەیەوێت هه‌موو شتێک لە ماڵە نوێکەیدا ئازادبێت، تاکە شتێک کە دەشێت شارەوانی بتوانێت لەو ماڵە تازەیەیدا لە خۆی‌ و مێوانەکانی قەدەغەی بکات، جگەرەکێشان بێت. ئەو نایەوێت بچێت بۆ گۆڕستان، نەک لەبەرئەوەی نایەوێت ژیانی داهاتووی لەگەڵ مردووەکاندا دابەشبکات، بەڵکو دەیەوێت ژیانی داهاتووشی لەگەڵ هاوڕێ ‌و عاشقان ‌و هاونیشتمانانی وڵاتەکەیدا بەسەربەرێت. گەر ئەم بیرۆکەیە گەورەتر بکەینەوە، شێرکۆ دەیەوێت گۆڕستان لە پەراوێزی شارەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ناوەندی شار.  شوناسێکی نوێ بۆ مردووەکان دروستبکات، تاوه‌کو غەریب نەبن، تەنها نەژین، دەیەوێت ماڵەکانیان لە کەناری شارەوە بهێنێتە نێوەند، تاوەکو لەگەڵماندابن‌ و لەناوماندابن.

وەکو ئاشکرایە گۆڕستانەکانی وڵاتانی ئێمە، هه‌میشە لە قەراغ شار و دەرەوەی گوندەکانن. مردووەکان بەشێک نین لە فەزای گشتی. ئەو رەهه‌ندە ئایینەی بۆ مردوو هه‌یە، لای شێرکۆ تەواو پێچەوانەیە.  شێرکۆ هه‌روەکو چۆن لە ژیانیدا نوێگەربوو، دەیەوێت لە مردنیشدا هه‌ر نوێگەربێت. ئەم نوێگەرییە بەتەنها لەو ترسە قووڵەوە سەرچاوە ناگرێت کە مردووەکان لە پەراوێزی کۆمەڵگەدان‌ و بەتێپەڕبوونی کات تەنها کەسە نزیکەکانیان لە بۆنە ئایینیيەکاندا بەسەریاندەکەنەوە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت رەهه‌ندێکی تری دووبارە لەدایکبوونەوە لە کولتووری مردندا دروستبکات. لانیکەم ئەم کولتوورە لە وڵاتی ئێمەدا جێگای تێڕامانێکی قووڵە، چونکی تاوەکو ئەمڕۆ کەس نازانێت گۆڕی نالی لەکوێیە، کەسانێکی زۆر گۆڕی مەحوی ناناسن، کەم قوتابی ‌و خوێندکار هه‌ن بزانن ئارامگای پیرەمێرد و گۆران‌ و قانیع‌ و هه‌ردی ‌و…. ھتد، لەکوێن. ئەم ترس ‌و خەمی دوورکەوتنەوەیە لە خەڵک، تەنها بەشێک نەبووە لە خولیاکانی شێرکۆی زیندوو، بەڵکو دەبن بەخەمێکی گەورەی تەنهابوون ‌و پەراوێزکەوتن ‌و لەیادچوونەوە لەلای شێرکۆی مردوو.

مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە ھۆشمەندە بەرامبەر بەلەدایکبوون‌ و مردنی خۆی، ئەو دەزانێت کە لەدایکدەبێت ‌و دەشزانێت کە دەمرێت. لەدایکبوون بەمانای هاتن دێت بۆ ناو جیهان‌ و مردنیش دەرچوونە لە جیهان. ئەم پرۆسەیە بەو مانایە نایەت کە ئێمە لە دەرگایەکەوە دێینە ژوورەوە و لە دەرگایەکی تریشەوە دەچینە دەرەوە، بەڵکو بەو مانایە دێت کە ژیان لەناو بازنەیەکی لولپێچیی بەردەوامدایە. لەم پرۆسەیەدا ژیان و مردن دوو دۆخی ناکۆک نین، دوو حاڵەتی دژ بەیەکتر نین، بەڵکو یەکتر تەواو دەکەن، چونکی ھیچیان بێئەوی تریان ناتوانێت هه‌بێت، نەمردنی بەردەوام هه‌یە و نەژیانی بەردەوام. خولیای مرۆڤ بۆ نەمریی تەنها لە ئامادەبووندایە لەناو فەزای گشتییدا. هه‌ر ئەم خولیای نەمرییەشە دەشێت لەدوای مردن مرۆڤ لە خوداوەند جیابکاتەوە.

شێرکۆ بەوەسییەتنامەکەی دەیەوێت پێمانبڵێت، تا ئەوکاتەی من لەناوتاندابم من هه‌م، تا ئەوکاتەی گۆڕەکەم قەرەباڵغبێت، من دەژیم. کەی من لێتاندوورکەوتمەوە یان لێمدوورکەوتنەوە، ئەوکاتە مانای مردنی کۆتایی من دەستپێدەکات. ئەو پێماندەڵێت من دەمەوێت جیهان ماڵم بێت، نەک ماڵێکم لەجیهاندا هه‌بێت. ئەم ماڵە نوێیەی شێرکۆ ماڵێکی شەخسیی نییە، بەڵکو ماڵێکی گشتییە، رووبەرێکە کە هه‌موومان دەتوانین تیایدا گفتوگۆ بکەین، رای جیاوازمان هه‌بێت‌ و بیر لەجیهان بکەینەوە. ئێمە ناتوانین بەتەنهایی بیر لەجیهان بکەینەوە. بۆیە شێرکۆ پێویستی بەو فەزا گشتییەیە بۆئەوەی بەردەوام بیربکاتەوە.

شێرکۆ بێئەوەی ئاگاداری فەلسەفەکەی هانا ئارێنت بێت لەسەر “نەمریی”، کەچی بە وەسییەتنامەکەی خۆی ئەو رەهه‌ندە گرنگەی ئارێنتمان نیشاندەدات کە پێیوایە مرۆڤ لە رووە بیۆلۆگییەکەیەوە بوونەوەرێکە بەسەردەچێت، ئەوەی وا لەمرۆڤ دەکات نەمربێت بریتییە لە یادەوەرییەکان.  ئینسانیش کاتێک یادەوەری بەرهه‌مدەهێنێت کە دوو شتی هه‌بێت، یەکەمیان کردەیە و دووەمیشیان وشە. ئەم دوو شتەش تەنها دەتوانن لەناو رووبەری گشتیدا نەمری خۆیان بپارێزن.

شێرکۆ دەیەوێت مەزارگاکەی ببێت بەپەرلەمانێکی راستەقینەی نووسەران و شاعیران، کچان ‌و کوڕان، عاشقانی ئەدەب‌ و فیکر و ھونەر؛ ببێت بەرووبەرێکی گشتی بۆ قسەکردن ‌و گفتوگۆکردن‌ و بیرکردنەوە لەباشترکردن‌ و جوانترکردنی جیهان‌ و ببێت بەشوێنێک بۆ چێژوەرگرتن. ببێت بەپەرلەمانێک کە نەسەرۆکی هه‌بێت‌ و نەدەوامی رەسمی، بەڵکو رووبەرێکی کراوە بێت کە جێگای هه‌موومانی تێداببێتەوە و پلورالیزمی راستەقینەی گروپەکانی کۆمەڵگەی ئێمەی تیادا بپارێزرێت‌ و رێزی لێبگیردرێت.

کۆمەڵگەی سیاسیی ئێمە بەچەشنێک پۆلاریزە و دابەشبووە، کە بۆ نووسەرەکانی ئاسان نییە نەبەزیندوویی ‌و نەبەمردوویی سەربەخۆیی خۆیانی تێدا بپارێزن. ئاسان نییە هه‌ڵوێستی نووسەرەکانی نەبن بەبەشێک لە سیاسەتی ئەم حیزب، یان ئەو رێکخراو. لەم جیهانەدا ئاسان نییە ئەوە بیت کە هه‌یت، چونکی ماشێنێکی گەورەی شوناسدابەشکردن‌ و شوناسبەخشینەوە لە ئارادایە؛ پرۆسەیەک لە ئارادایە کە دەیەوێت رۆشنبیرەکان بکات بەوەی کە ئەوان دەیانەوێت. گەر شێرکۆ لە ژیانی سیاسییدا ئینتیمای بۆ ئەم حیزب، یان ئەو رێکخراو هه‌بووبێت، ئەوە لەجیهانی ئەدەبدا بەتەنها موڵکی سلێمانی نییە، بەتەنها موڵکی کوردستانی باشوور نییە، بەتەنها موڵکی خۆرهه‌ڵاتی ناوینیش نییە، بەڵکو شێرکۆ چیدی کتێبێکە لە کتێبخانەی ئەدەبی جیهانیی ‌و شوناسێکی جیهانگەرایی هه‌یە. بۆیە تاکە حورمەتێک بۆ ئەم شاعیرە دابنرێت، رێزگرتنە لە شوناسە ئەدەبییەکەی‌ و دابەشنەکردنێتی لە نێوان فەزا ناکۆک ‌و دژبەیەکەکانی دونیای سیاسەتدا. چەندە نالی دامەزرێنەری زمانی ئەدەبیی کۆنی کوردییە، ئەوەندەش شێرکۆ دامەزرێنەری زمانی مۆدێرنی ئەدەبی کوردییە. بۆیە ئومێدم وایە هه‌روەکو چۆن سیاسییەکان هه‌موو شتێکیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، ئەم سامانە نەتەوەیی‌ و کتێبەشمان دابەشنەکەن. ئەم کتێبە موڵکی ھیچ لایەکیان نییە، بەتەنها شانازیی ھیچ حیزبێک نییە، ئینتیمای لەمڕۆ بەدواوە تەنها بۆ ئەوانەیە کە کتێبیان خۆشدەوێت، شیعریان خۆشدەوێت، کوردستانیان خۆشدەوێت‌ و کەرامەتی ئینسان دەپارێزن ‌و رێز لە عەشق دەگرن.

شێرکۆ لەڕووە فیزیکییەکەیەوە ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام نایەوێت جارێکی تر بمرێتەوە. وەسییەتنامەکەشی خواستێکە بۆ لەدایکبوونەوە و دووبارە ئامادەبوون لە جیهاندا. ئەو بەوەسییەتەکەی پەیامێکمان بۆ دەنێرێت کە نایەوێت دووبارە بمرێتەوە، بەڵکو دەیەوێت جارێکی تر لەدایکبێتەوە. ئەو خەمی ئەوەی هه‌یە تەنهابێت‌ و دەوری چۆڵ بێت، قسە نەمێنێت، کە قسەش نەما کرداریش دەمرێت. شێرکۆ ئەو راستییەی باش دەزانی کە جیهانی گۆڕستان، جیهانێکی بێجووڵە و مردووە، جیهانێکە بێدەنگ‌ و بێڕەنگ. بۆیە هاتنی بۆ ناوجەرگەی شار، هاتنەوەیە بۆ ناو جیهانی زیندووی ژیان، هاتنەوەیە بۆ ناو رووبەری گشتیی ‌و لەدایکبوونەوەیەکی نوێیە. شێرکۆ دەیزانی کە مرۆڤ لەڕێگای لەدایکبوونەوە سەرەتایەکی نوێ دەستپێدەکات کە بەردەوامیی کۆتاییەکانی تر دەگەیەنێت.