ئێستا ژیان نیشتمانمە
ئێستا ژیان نیشتمانمە
بهختیار عهلی
نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت «مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانیبێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە… بەبڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵبدات ناتوانێت بمرێت. کورتکردنەوە و وەسفکردنی شێرکۆ لەکارە سەختەکانە، من ڕستەیەک شکنابەم لە وەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر ڕووناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بەدڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی تر و ڕەنگە تا دوا کورد لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت. مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک ڕووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی ڕەنگی دونیا دەگۆڕێت… مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێکرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لەمێژە خۆی بزانێت لەکوێدایە و کەی دێت. مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بە شاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردووەکانی نووسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی زیندوویانبکاتەوە… نووسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بەبەرداکردن بووە. نووسین لای ئەو بەدروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە. سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بەدەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بە ژیانی ڕەها، بە ژیانێک کە دەکرێت بەبەری هەموو مردووەکاندا، بەبەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێنرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لە شیعری شێرکۆدا دەژی و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتمانی شێرکۆ، نیشتمان نییە بەمانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لە شیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان، پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاوار دەکەن، دەترسن و دەژین و بۆ مانا دەگەڕێن . «گۆران»یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو… گرنگیی شێرکۆ لەوەدایە لە ناوەڕاستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندووێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆ دەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لەبەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لە زیندانە گەورەکانی خۆی، شێرکۆ لە سیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک، یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان و شتە بچووکەکانیش بوو، هیچ کات لە زمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لە سەفەرێکی بێوچان و قووڵ و پڕ لەسەرسامی بەناو شتەکان و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا، یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بە شیعر… لەهەر شت سەختتر و گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لە دونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بەچاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بەچاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد… هیچ کات هەستم نەکردووە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت. نە پێش ئەو و نە دوای ئەو، کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورە و سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لە هەموو فۆرم و شێوە و ئەگەرەکانیدا تاقیبکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکە و هەمان ئایدیا لە سەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت. ئەو هەمیشە لێرەیە… لەو مرۆڤانەیە کە تەنیا لەدایکدەبێت، مردنی هیچ نییە جگە لە میتافۆرێکی شیعری، لە مەجازێک کە هیچ کات ناتوانین وەک حەقیقەت وەریبگرین… لەگەڵ شێرکۆدا مردن هیچ کات ناتوانێت وەزیفەی تەواوەتی خۆی تەواو بکات، ئەو وەک هەموو نووسەرە گەورەکان یەک لەشی نییە، بەڵکو زیاد لە لەشێکی هەیە، مردن تەنیا دەتوانێت فۆرمێکی جەستەی بسڕێتەوە، بەڵام فۆرمەکانی تری هەمیشە لێرەن … ئەو لەو ڕۆحانەیە چەندە مردن لە ڕاڕەوەکانی کات و شوێندا دوای بکەوێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان زیندوو دەبێتەوە و سەرهەڵدەداتەوە، ئەو وەک هەموو شاعیرەکان پتر لە سەرابە تا لە گۆشت. ئەوەی شێرکۆی کرد بەکاراکتەرێکی گەورە، ئەو توانا گەورەیەی بوو، هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە، شیعر لای شێرکۆ ئەزموونێک نییە سەرەتا و کۆتایی هەبێت، بەڵکو هەر خودی ژیانە لەجووڵە ئەبەدییەکەیدا. ڕەنگە هەموو سەرسامبووبین بەتوانای لەسەر نەوەستان، لەسەر نووسین، بەڵام خۆی نا، خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێدەکەنەوە، بۆ ئەو ژیان ئەوەبوو بنووسێت، نەوەک هەناسە بدات. ئەو لەو مردووانەیە کە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەمیشە شتێکی نوێی تێدایە دەبێت بانگیبکەین و بیبینین. ئەو تەنیا مرۆڤێک نەبوو بەهەزاران قەسیدەوە، بەڵکو مرۆڤێکە سەردەمەکانی داهاتوو، ئەو ڕۆژگارانەی کە دێن، هەرگیز تێرنابن لەسەیرکردنی.
زۆر ناڕۆم گەر بڵێم شێرکۆ تەنیا ڕوانگەییەکی ڕاستەقینە بوو، تاکە ڕوانگەییەک تا کۆتا بەوەفا بوو بۆ ئەو گیانی داهێنانەی ڕوانگە بانگەشەی بۆ دەکرد، تاکە ڕوانگەییەکیش کە ڕوانگە دیلی نەکرد. لەساتێکدا ناوی ئەو تەواو بەسەر ناوی ڕوانگەدا سەرکەوت، هێزی ڕوانین و بینینی لەوە گەورەتر بوو لەهیچ ڕێباز، یان قاڵبێک، یاخود فۆرمێکدا ببەسترێتەوە. وەک هەموو نووسەرێکی گەورە توانای هەبوو سەر بەهیچ ڕێباز و قوتابخانەیەک نەبێت، ڕوانگە لە ئەزموونی سەرەتایی شێرکۆدا، ساتێکی ترازانە لە مێژووی پێش خۆی… ساتێکی هەستکردنە بەلەدایکبوونی دونیایەک کە پێویستی بەدەنگێک هەیە ببێتە نوێنەر و قسەکەری، بەهەڵگری پارادۆکس و ناکۆکییەکانی، بەگوزارشتکەرێک لە ئومێدە ترساوەکانی. بەبڕوای من ڕوانگە هیچ کات قوتابخانە، یان ڕێباز نەبووە، بەڵکو ناونانێکی میتۆلۆگییە بۆ لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ، بۆ ساتێک هەست بەئاوابوونی جیهانێک دەکەین و خۆمان لەبەردەم گەرداوی ڕۆژگارێکی نوێدا دەبینین.
جیاوازی نێوان شێرکۆ و هەموو شیعری پێش خۆی بە پلەی یەکەم لەوەدایە، کە شاعیرانی دی هەموو بەجۆرێک لەجۆرەکان لەناو جیهانێکی ئامادەدا لەدایکدەبوون، لەناو سیستمێکی زمان و وێناکردنی پێشوەخت ئەزموونکراودا، لەناو فۆرمێکی شیعر و شێوەیەکی تێڕوانیندا کە مێژووییەکی دێرینەی بوو، ئەفسانەی شێرکۆ لەوەوە دەستپێدەکات کە دوای دوو دیوانی یەکەمی بەجۆرێکی ڕادیکال، لەناکاو، وەک بازێکی ئەفسانەیی شیعرەکانی «من تێنوێتیم بەگڕ دەشکێ» دەنووسێت، باز بەرەو جیهانێکی نوێ و زمانێکی نوێ دەدات کە پێشتر نەبووە و تاقینەکراوەتەوە. «من تینوێتیم بە گڕ دەشکێ» لەگەڵ «لەخەوما»ی جەمیل سائیب، دوو گرنگترین کاری ئەدەبی سەدەی بیستی ئێمەن… لەبەرئەوەی لە هەردووکیاندا بەجۆرێکی ڕادیکال شکاندنی گۆشەنیگا و سیستمی وێناکردنی دونیا هەیە. «من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ» ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی شێرکۆیە، ساتی جیابوونەوەی گەورەیەتی لە گۆران، ساتی پچڕانی شیعری کوردییە لەچەند سەدەیەک ڕابردووی خۆی… بەبڕوای من هەڵەیەکی گەورەیە دروستبوونی ئەم ساتە تەنیا بگێڕینەوە بۆ کاریگەریی شیعری عەرەبی نوێ لەسەر نووسەرانی ئەو دەم، بەپێچەوانەوە، ئەو ساتە ساتی پەیوەندی ڕاستەقینەی ئەدەبیاتی ئێمەیە بەکەلەپوورێکی کۆن و دێرین و چەپێنراوی خۆی، ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی زمانە بەمانا هەرە گەورە و بێسنوور و فەنتازییەکەی … شێرکۆ ساتی هاتنەگۆی زمانێکە بەدرێژایی مێژوو بەچاوی بەستراوەوە قسەیکردووە. ساتی پەیوەندیکردنی زمانە بە قووڵاییە شاردراوەکانی خۆیەوە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ ئازادی خۆی، ئازادییەک کە حەتمەن پێش هەموو جۆرە ئازادییەکی تر دەکەوێت. ئەمجۆرە شۆڕشە تەنیا لە قووڵایی زمان خۆیدا دەکرێت، کاریگەرییەکانی دەرەوە هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، تەنیا مۆتیڤن و هیچی تر … نوێگەریی شێرکۆ ناشوبهێنرێت بەهیچ جۆرێک لە نوێگەرییەکانی تر لە ئەدەبیاتی دەوروبەردا، شێرکۆ تەنیا داهێنەری فۆرمێکی نوێی شیعر نییە، بەڵکو ساتێکی گەورەتر و ئەفسانەییترە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ جەستەی خۆی، بۆ ناکۆتابوونی خۆی، بۆ سنوورە دوور و ئەگەرە بێشومارەکانی ناوی… لەگەڵ شێرکۆدا زمانی کوردی لە زمانێکەوە کە تەنیا لە مەودای تەسکدا بەکاردەهێنرێت، تەنیا لەسەر لۆکاڵ ئیشدەکات، لەبۆ گەیاندن دەجوڵێتەوە، دەبێتە زمانێکی یۆنفێرسال، زمانێک بۆ هەموو شتێک، بۆ هەموو سەرکێشییەک، بۆ هەموو جۆرە گوزارشتێک، واتە توانای گوزارشتی لە ئەبستراکت دەگاتە هەمان توانای بۆ گوزارشت لە دونیای واقیعی و مەتریالی، سیفەتێک ڕێگا بەوەچەکانی دوای شێرکۆ دەدات، دەرگای بیرکردنەوەی تیوریی لە زمانی کوردیدا بکەنەوە، کارێک کە بێ ئەزموونی شێرکۆ نەکردە و ئەستەم بوو. ڕۆڵی مارتن لۆتەر لە ئازادکردنی زمانە ئەوروپییەکاندا لە چنگی لاتینی چەند گەورەیە، ڕۆڵی شێرکۆ لە ڕزگارکردنی زمانی کوردیدا لە مێژووی خنکاوی خۆی، لە دەسەڵاتی زمانەکانی دەوروبەر هێندە گەورەیە.
شیعری شێرکۆ و ئەزموونە هەرە گەورە و نەبڕاوەکەی، ئەو هەوڵە داستانئامێزە بۆ باوەشکردن بەهەموو گەردوندا لە ڕێگای شیعرەوە، بۆ نزیکبوونەوە لەهەموو شتێک لە ڕێگای شیعرەوە، بۆ گۆڕینی شیعر بۆ خاڵێک دونیا لێوەی دەست پێدەکات، گوزارشتە لەو لەرینەوە گەورە و شەپۆلانە مەزنەی زمان دەتوانێت وەک دەریا لەناو خۆیدا دروستیبکات. گەر زۆر وردبینەوە دەبینین کە ئەوە شێرکۆ نییە زمان بەکاردەهێنێت تا قسە بکات، بەڵکو زمانە شێرکۆ بەکاردەهێنێت تا گوزارشت لە گەورەیی و بێسنووریی خۆی بکات… ئەوە شێرکۆ نییە لە ڕێگای زمانەوە خۆی ئازاد دەکات، بەڵکو زمانە لە ڕێگای شێرکۆوە ئازاد دەبێت.
شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ چەندین سەدە لە بێدەنگی قووڵ و گەورە. ئەو بەهەزاران لاپەڕە لە شیعر، وەڵامی سەدان ساڵ لە بێدەنگی ئێمە دەداتەوە. شێرکۆ دێت و یەکەم ئاوڕدانەوەی لەدوای خۆی، مێژووییەکی لاواز و خاڵی دەبینیت، دنیایەک شتەکان تێیدا بێدەنگن… لە شیعری کلاسیکیدا جگە لە سۆز و عاتیفەی عاشقانە هیچی تر قسەی نەکردووە، عاتیفەی چەپێنراوی مرۆڤ بەجۆرێک بەسەر فەنتازیای شیعردا زاڵبووە، تەواوی دونیا و هەستەکان و شتەکانی تری بێدەنگ کردووە. شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئەو بیابانە مێژووییە بەرینە… ڕزگارکردنی شیعرە لەوەی تەنیا گوزارشتێکی عاتیفییانە بێت بۆ وەسفی یار و گلەیی بێت لە دووری ئەو. شێرکۆ دووری نێوان «وشەکان»و «شتەکان»بەجۆرێکی قووڵ دەدۆزێتەوە، ئەو فاسیلە گەورەیە هەست پێدەکات کە لەنێوان شیعر و بووندا دروستبووە. شیعری شێرکۆ لەبری گوزارشتێکی عاتیفیانەی کلاسیکی، دەبێتە نزیکبوونەوەیەکی گەورە لە گەردون. هەموو ئەو ڕووبەرانەی لە ئەزموونی کلاسیکیدا بێدەنگ و شاردراوەن لە شیعری شێرکۆدا شوێنی خۆیان وەردەگرنەوە، شیعری شێرکۆ هاتنەگۆیەکی نوێی وشەکان و دەرکەوتەی ڕووخسارێکی دیکەی شتەکانە، هەم چالاکبوونەوەی وشەیە، هەم ڕزگاربوونی شتەکانە لە مردن و فەرامۆشی.
لەڕاستیدا شتێک نییە ناوی کۆتایی قسەکردن بێت لەسەر شێرکۆ… لەهەر جێگایەک هەستبکەین شتێکمان لەسەر شێرکۆ گووتووە، هەر لەو جێگایەدا دەبێت دووبارە بیخوێنینەوە و بەسەر دونیا ئاڵۆز و فرە ڕێ و فرە چینەکەیدا بچینەوە… ئەو بەتەنیا شاعیرێک نییە هاتبێت و بڕوات، سەردەمێک بوو بەهەموو جەنجاڵییەکانییەوە، جیهانێک بوو بەهەموو پارادۆکسە گەورەکانییەوە، جیهانێک لەڕێگای ئەوەوە و تەنیا لەژێر باڵی خودێکی فرە ڕەنگ و فرە باڵی وەک ئەودا، دەیتوانی گوزارشت لە ترس و ئومێد و خەونەکانی خۆی بکات.