نووسه‌ر و ڕۆماننووسی میسری سه‌نه‌عه‌ڵڵا ئیبراهیم له‌ ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

نووسه‌ر و ڕۆماننووسی میسری سه‌نه‌عه‌ڵڵا ئیبراهیم له‌ ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 13ی ئابی 2025، نووسه‌ر و ڕۆماننووسی دیار و گه‌وره‌ی میسر سه‌نه‌عه‌ڵڵا ئیبراهیم، دوای ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی و له‌ ته‌مه‌نی سه‌رو 88 ساڵیدا، ماڵئاوایی هه‌تاهه‌تایی له‌ ژیان و نووسین كرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌، وه‌زیری ڕۆشنبیری میسر د. ئه‌حمه‌د فوئاد هانۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی دا، پرسه‌ و سه‌رخۆشیی خۆی ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێت: “كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌ده‌بیی گه‌وره‌ و ناوازه‌مان له ‌ده‌ستدا و له‌ دوای خۆیه‌وه‌، میراتێكی ئه‌ده‌بی و مرۆیی نه‌مری جێ هێشتووه‌ و له‌ ویژدانی كو‌لتووری و ڕۆشنبیریی میسری و عه‌ره‌بیدا ده‌مێنێته‌وه‌”.

وه‌زیری ڕۆشنبیری جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، نووسه‌ری كۆچكردوو یه‌كێكه‌ له‌ كۆڵه‌كه و پایه‌ گه‌وره‌كانی گێڕانه‌وه‌ی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی و كاره‌كانی به‌وه‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ دیدگایه‌كی قووڵی له‌ پشته‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونی هه‌میشه‌یی به‌ پرسی مرۆڤ و نیشتیمان، كۆچكردوو نموونه‌ی ئه‌و جۆره‌ داهێنه‌ره‌یه‌ كه‌ هه‌ستی داهێنان و هۆشیاریی ڕه‌خنه‌یی پێكه‌وه‌ كۆ كردبو‌وه‌وه‌ و له‌ده‌ستدانی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ساحه‌ی ئه‌ده‌بی.

ئه‌م ڕۆماننووسه‌ له‌ ماوه‌ی دوو بۆ سێ هه‌فته‌ی ڕابردوو، به‌هۆی هه‌وكردنێكی تووندی سییه‌كانییه‌وه‌، ڕه‌وانه‌ی یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی قاهیره‌ كرا، له‌ ماوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی و مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و هونه‌ری، گرنگی و بایه‌خێكی زۆریان پێدا و وه‌زیری ڕۆشنبیری بۆ دڵنیابوون له‌ ته‌ندروستیی زیاد له‌ جارێك سه‌ردانی كردووه‌. وه‌لێ دواجار سه‌رله‌به‌یانیی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی ئابی 2025، به‌ هۆی تێكچوونی زیاتری ته‌ندروستی، كۆچی دوایی ده‌كات.

سه‌نه‌عه‌ڵڵا ئیرایهم ساڵی 1937 هاتووەته‌ دونیاوه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ دیارترین ڕۆمانووسه‌كانی میسر و عه‌ره‌ب، ڕۆمانه‌كانی تیشكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگای میسر به‌ تایبه‌تی و كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی به‌ گشتی. له‌ ماوه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بییدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی “غالب هه‌لسا” له‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی ئه‌رده‌ن 1992، ڕۆمانی شه‌ره‌ف خه‌ڵاتی باشترین ڕۆمانی میسری 1998 وه‌رگرتووه‌، خه‌ڵاتی ئیبن ڕوشد بۆ فیكری ئازاد 2004، خه‌ڵاتی كافافیس بۆ ئه‌ده‌ب له‌ میسر 2017، ئه‌مه‌ی دوایی خه‌ڵاتێكه‌ ده‌درێت به‌و ئه‌دیبانه‌ی كه‌ به‌شدارن له‌ به‌هێزكردن و پته‌وكردنی لێكتێگه‌شتنی كو‌لتووری و ڕۆشنبیریی نێوان میسر و یۆنان.

(هەواڵێک، کە چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە کۆچی دوایی نووسەر بڵاو کراوەتەوە)

ڕۆماننووسی میسری سەنەعەڵڵا ئیبراهیم بە دەست ئازارێكی نوێوە دەناڵێنێت

وەرگێڕان و ئامادەكردنی: باوكی ڕەهەند

لە سەر یەكێك لە قەرەوێڵەكانی نەخۆشخانەی “پەیمانگای ناصر” لە قاهیرە، ئەدیب و ڕۆماننووسی میسری سەنەعەڵڵا ئیبراهیم، تەمەن 88 ساڵ، بە دەست ئێش و ئازارێكی نوێوە دەناڵێنێت. ڕۆژی شەممە، بە هۆی هەوكردنێكی توندی سییەكانیەوە برایە نەخۆشخانە و ئامێری هەناسەدانی دەستكردی بۆ دانراوە. ڕۆژی یەكشەممە وەزیری ڕۆشنبیریی میسر سەردانی كردووە و بەڵێنی داوە باشترین خزمەتگوزاری و چاودێریی پزیشكی بۆ دابین بكرێت، وەك ڕێزێك لە “بەها ئەدەبییەكەی و كاروانی داهێنانی، كە بۆ چەندین دەیە كاریگەرییان لە سەر ژیانی ڕۆشنبیریی هەبووە”.

جێگەی بیرهێنانەوەیە سەنەعەڵڵا، لە مانگی ئایاری ڕابوردوو، بە هۆی شكانی جومگەیەكی حەوزی، لە نەخۆشخانە نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ ئەنجام دراوە، لە نەشتەرگەرییەكەدا تیمە پزیشكییەكە توانیویانە جومگەیەكی دەستكرد بخەنە شوێنی جومگە شكاوەكە و دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە. وەلێ دوێنی شەممە، 2ی ئابی 2025، جارێكی دی بە هۆی هەوكردنی سییەكانیەوە، براوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

سەنەعەڵڵا یەكێكە لە ڕۆماننووسە گەورەكانی عەرەب، ئەو تەنها نووسەر یان ڕۆماننووس نییە، بەڵكو نموونەی ڕۆشنبیرێكی سەربەخۆیە، كە بە هیچ شێوەیەك بازرگانیی بە هەڵوێستە نیشتمانییەكانیەوە نەكردووە، تەنانەت هەرگیز نەیویستووە لە ڕێگەی ئەو ساڵانەی گەنجی، كە لە پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی ڕابوردوودا لە پشت شیشی زیندانەكانەوە بە سەری بردووە، بۆ دەوڵەمەندبوون و دەستكەوتی ماددی بە كاریان بێنێت. ئەو ڕۆشنبیرێكە ناتوانێت بچێتە ڕیزی دەسەڵاتەوە، هەر دەسەڵاتێك بێت. هەمیشە پەرۆشی ئەوەیە مەودایەكی گەورە و فراوان لە نێوان خۆی و دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە. تەنانەت پەرۆشی ئەوەش بوو ئەو مەودا فراوانە لە نێوان خۆی و دەسەڵاتی نەوەكەی خۆیدا بهێڵێتەوە.

هەرچەندە لە كۆنەوە بەرهەڵستكارێكی سیاسی بووە، بەڵام هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە لەو بەرهەڵستكارییەی سوود و قازانجی ماددی وەرنەگرێت و لە سایەی هیچ حزبێكدا نەژی. ئەو تەنها لە سایەی نووسین و ڕۆمانەكانیدا دەژیا، كە گوزارشت بوون لە خەم و پەژارەی كۆمەڵگەی میسری و عەرەبی و دۆزی خەڵكانی پەراوێزخراو. سەنەعەڵلا بە درێژایی پەنجا ساڵ قسەی خۆی كردووە و ڕۆشتووە، بێ ئەوەی ئاوڕ لەوە بداتەوە كە ئاخۆ قسەكانی چ زیانێك یان قازانجێكیان لێدەكەوێتەوە.

بە سمێڵێكی چڕ و ئەستوور، قژێكی لوول و بژ، جەستەیەكی زۆر لاواز و دوو چاوی تیژ لە پشت چاویلكەیەكی گەورەوە، كە نیوەی ڕووخساری داپۆشیبوو، بووە نووسەرێكی ناسراوی بەهەڵوێست. لە سەردەمی حوكمڕانیی جەمال عەبدولناسر و لە نێوان ساڵانی 1959 بۆ 1964، بە تۆمەتی مەیلی چەپگەرایی و ئینتیمای بۆ ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەكرێت. سەروەختێك لە زیندان دێتە دەرەوە، بە زمانێكی زبر و توند، زمانێك ڕاستەوخۆ پەنجە دەخاتە سەر برینەكان و دەرخستنی ناشرینییەكان، یەكەم ڕۆمانی بە ناونیشانی “ئەو بۆنە/تلك الرائحة” دەنووسێت.

ساڵی 1978 دەڕوات بۆ بەرلین و لە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا ئیش دەكات، پاشان دەڕوات بۆ مۆسكۆ و سێ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و زانستی وێنەگرتنی سینەما دەخوێنێت. لە سەردەمی حوكمڕانیی سەرۆكی كۆچكردوو ئەنوەر سادات، دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە و پەیوەندی بە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی “بیری نوێ/الثقافە الجدیدة” دەكات، هەروەها یەكێكە‌ لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی میسر. ساڵی 1977 ڕۆمانی “ئەستێرەكەی ئاب/نجمة اغسطس” بڵاو دەكاتەوە، ڕۆمانەكە باس لە درووستكردنی “السد العالی” دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە ڕۆمانەكەی بە ناونیشانی “شەرەف”، بە باشترین ڕۆمانی عەرەبی دادەنرێت و تێیدا سەرگوزشتەی گەنجێك دەگێڕێتەوە، هەر كە زیندانی دەكرێت، ژیانی بە تەواوەتی قڵپ دەبێتەوە و دید و تێڕوانینی لە پشتی شیشی زینداوەوە، گۆڕانی گەورەی بە سەردا دێت. ساڵی 2013 ڕۆمانی “ذات” بڵاو دەكاتەوە، پاشان ئەم ڕۆمانە بە ناونیشانی (كچێك ناوی ذات)ە، دەكرێت بە زنجیرەیەكی درامی و تێیدا بە درێژایی شەش دەیە، باس لە ژیانی میسرییەكان دەكات.

سەنەعەڵڵا ئیبراهیم لە ڕۆمانی “بێروت بێروت”، بە شێوازێكی ئەدەبیی باڵا ڕووداوەكانی جەنگی ناوخۆی لوبنان دەگێڕێتەوە. نووسەر لەو كاتەدا دەڕوات بۆ لوبنان، تاكو لە بێروت دەزگایەك بۆ بڵاوكردنەوەی یەكێك لە بەرهەمەكانی بدۆزێتەوە. كەچی دەكەوێتە ناو ئەو جەنگە ناوخۆییەوە، ئیدی لەوێ دەمێنێتەوە و ڕووداوەكانی جەنگەكە لەو ڕۆمانەیدا تۆمار دەكات. ئەم ڕۆماننووسە لە ژیانیدا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ئیبن ڕوشد بۆ فیكر 2003، خەڵاتی نێودەوڵەتیی كاڤافی 2013.

ساڵی 2003 بە تەواوەتی هەڵوێستە ڕوون و ئاشكراكانی دەردەكەوێت، لەو كاتەدا، لە سەر سەحنەی باڵەخانە گەورەكەی ئۆپێرای میسردا و لە بەردەم سەرجەم بەرپرسە گەورەكانی ڕۆشنبیری ڕاوەستا و لەبری ئەوەی خەڵاتی دیداری ڕۆمانی عەرەبی وەربگرێت، بۆمبێكی بە ڕووی هەموواندا تەقاندەوە و ڕای گەیاند خەڵاتەكە ڕەت دەكاتەوە و وەری ناگرێت. پاساوی بۆ ئەو ڕەتكردنەوەیە ئەمە بوو: “حكومەتی میسری شایانی ئەوە نییە خەڵات بدات بە نووسەرێك”. ئەم ڕەتكردنەوەیە دەنگدانەوەیەكی ڕۆشنبیری و سیاسیی شۆكئامێزی لێكەوتەوە، لەو ساتەوەختەدا ناوەندە كولتووری و ڕۆشنبیرییەكە بۆ دوو بەرە دابەش بوون، بەرەیەك لایەنگری هەڵوێستەكەی بوو، بەرەكەی دیكە دژی بوو. بەڵام سەنەعەڵڵا ئەو قسەیەی كرد كە ویژدانی ئاسوودە كرد و وەك عادەتی هەمیشەیی خۆی، قسەكەی كرد و ڕۆشت، بێ ئەوەی ئاوڕ لە دواوە بداتەوە.

لەم بارەیەوە دەوترێت كاتێك وەرگرتنی خەڵاتەكەی ڕەت كردووەتەوە، ئەوەی وەك جۆرێك لە نمایش و خۆدەرخستن نەكردووە، چونكە ئەو زۆر دوور بوو لەو جۆرە كارانەوە، زۆر دوور بوو لەوەی نماییش بكات و خۆی دەربخات. بگرە ئەو پیاوێكی كەمدوو بوو، هەرگیز سازشی قبوڵ نەكردووە.

هەنووكە ئەم ڕۆماننووسە، كە ساڵی 1937 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە دایك بووە و تەمەنی لە سەروو 88 ساڵەوەیە، كۆتایی هەفتەی ڕابوردوو، وەك ئاماژەمان پێدا، بە هۆی هەوكردنێكی توندی سییەكانیەوە ڕەوانەی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی قاهیرە كراوە. شاعیر و ڕۆژنامەنووس یەحیا وەجدی، كە یەكێكە لە خزمە نزیكەكانی، دەڵێت: “لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا دۆخی تەندرووستیی ئەم نووسەرە گەورەیەمان خراپ تێك چووە و هێشتا هەر بەرەو خراپبوون دەڕوات، ئەمەش وادەكات ئێمە بە فیعلی ترسمان لە ژیانی هەبێت”، هەر بۆیە داوا لە یەكێتیی نووسەرانی میسر و وەزارەتی تەندرووستی دەكات هەوڵی ڕزگاركردنی ژیانی بدەن و تێچووی چارەسەركردنەكەی بگرنە ئەستۆ، چونكە لەوانەیە ئەو تێچووە لە توانای نووسەر و خێزانەكەیدا نەبێت. هەروەها باس لە هەڵوێستی سەنەعەڵڵا دەكات، بەوەی ڕازی نییە هیچ لایەنێكی دەرەكی تێچووی چارەسەرەكەی بگرێتە ئەستۆ، تەنها بەوە ڕازییە كە دەوڵەتی میسر پارەی چارەسەركردنەكەی بۆ خەرج بكات.

بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە، سوود لەم دوو سەرچاوەیە وەرگیراوە:

– ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 2ی ئابی 2025

– ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 27 تەممووزی 2025