کتێبی نامە ئەکادیمییەکان دیواری نێوان زانکۆ و خەڵک دەڕووخێنێت
کتێبی نامە ئەکادیمییەکان
دیواری نێوان زانکۆ و خەڵک دەڕووخێنێت
دیداری: ئیدریس عەلی
کتێبی (نامە ئەکادیمییەکان) هەوڵێکی جددی و لێبڕاوانەی نووسەر و ئەکادیمیست (د. هەرێم عوسمان)ە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەم دیدارەدا قسە لە سەر دنیای کتێبەکە و ڕەهەندەکانی دەکەین.
سەردەم: چۆن بوو بیرت لە نووسینی نامە ئەکادیمییەکان کردەوە و تایبەتمەندیی نامەکان چین؟
هەرێم عوسمان: ئەکادیمیا و زانکۆ کاریان بەرهەمهێنانی زانست و پێگەیاندنی کەسایەتیی ئەکادیمییە. هەر لە ناوی زانکۆوە ئێمە بەوە دەگەین کە زانکۆ پێویستە کۆزانیی هەبێت. کۆزانی، واتە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە کۆی جیهانی واقیع و کێشە و پرسەکان. کاتێک بووم بە خوێندکاری زانکۆ، کاری ڕۆژنامەوانیم دەکرد، هەر لە سەرەتاوە دەرکم بەوە کرد کە زانکۆکانی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر دوورن لەو کارەی کە پێویستە ئەنجامی بدەن. ئەم دوورییەشم بە دابڕانی زانکۆ لە واقیع و واقیعی ڕۆشنبیری لە زانکۆ دەبینی، لەبەر ئەوە لە کاری ڕۆژنامەوانیمدا هەوڵم دەدا پرد لە نێوان زانکۆ و واقیعدا دروست بکەم. خوێندنەوەی نامە ئەکادیمییەکان و دواندنی ئەکادیمییەکان بەشێکی سەرەکیی کاری ڕۆژنامەوانیمی پێک هێنا. پاش ئەوەی بووم بە خوێندکاری ماستەر، زیاتر تێگەیشتم کە یەکێک لە کەلێن و کێشە گەورەکانمان، ئاگادارنەبوونە لەو نامە ئەکادیمییانەی لە زانکۆ دەنووسرێن، ئەگادارنەبوونەکەش لە هەردوو لاوە بوو، واتە هەم مامۆستایانی زانکۆ و هەم دونیای ڕۆشنبیریی ئێمە. لەوێوە بڕیارم دا بۆ خۆسازی وەک ئەکادیمییەک و فراوانکردنی تێگەیشتنم، نامە ئەکادیمییەکان بخوێنمەوە، تا بزانم ئێمە لە کوێداین و چیمان کردووە و دەکرێت چی بکەم/بکەین. لەم پانتاییەوە بڕیارم دا نامە ئەکادیمییەکان تەنیا بۆ خوێندنەوەی تایبەتی خۆم نا، بەڵکو هاوبەشیی پێبکەم لەگەڵ هاوەڵانم لە ناوەوەی زانکۆ و دەرەوەش، لەبەر ئەوە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر نامەیەکی ماستەر و تێزێکی دکتۆرا، بڕیارم دا ڕووماڵ و وێنەیەکی پانۆرامایی ئەو نامەیە بڵاو بکەمەوە، ئەوە بوو لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕووداو ڕێک کەوتم کە ئەو نووسینانەم لە بارەی نامەکانەوە بڵاو بکەنەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵیان بەردەوام بووم، دواتریش وەک کتێب، بەرگی یەکەمی “نامە ئەکادیمییەکان”م دا بە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بڵاویان کردەوە.
ئەم کتێبە نزیکەی سی نامەی ئەکادیمی لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی لە خۆ دەگرێت، لە ئێستاشدا لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لاپەڕەیەکم هەیە بۆ بەردەوامیدان بەو کارە و لە زانکۆشدا لە هەوڵی پرۆژەیەکدام بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنیان. ئەم پرۆژەیە گرنگ و بنەڕەتییە، لەبەر ئەوەی هاوکاریی توێژەر و خوێنەر دەکات، لە هەرکوێ بێت، تا بزانێت چی نووسراوە، هاوکات کاتێکی زۆری بۆ دەگێڕێتەوە کە چەند سەد لاپەڕەیەکی بۆ دەکات بە چەند لاپەڕەیەک، لە لایەکی دیکەوە ئەو نامانە زۆریان لە ژوورە تاریکەکانی کتێبخانەی زانکۆکاندان و من دەیانهێنمە بەرچاو و ڕۆشناییان دەخەمە سەر، هەتا بۆم کرابێت خۆم لە بڕیاردان لە بارەیانەوە بواردووە، خستنەڕووم بۆ کردون، ئەمەشم بە مەبەست و خۆگرتنەوەیەکی زۆر کردووە.
بەپێی بەدواداچوونم، ئێمە لە ئێستادا نزیک بە هەزار نامەی ئەکادیمیمان لە بواری ئەدەب و زمانی کوردیدا هەیە؛ ئەمە ڕێژەیەکی کەم نییە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە باری مەعریفی و داهێنانەوە کەمی هەیە. چونکە بەشێکی زۆریان، بە داخەوە نەیانتوانیوە نامەی ئەکادیمیی داهێنەرانە بن. سەبارەت بە تایبەتمەندیی نامەکان، دەتوانم بڵێم ئەکادیمیبوون زۆر جار وشکی و کڵێشەیی و شێوازی جێگیر و پێشبینیکراوی هەیە، لەبەر ئەوە نامەی باش زانیاریی زۆری تێدا کۆ دەبێتەوە، بەڵام زۆر جار ئەو زانیارییانە چەندبارە دەبنەوە، هەر ئەمەش وادەکات نامەکان کەمتر هەژەند و سەپرایزی مەعریفیت بکەن، بەڵام بۆ وەرگری زانیاریی گرنگن. توێژەری باش دەتوانێت بە زمانێکی ئەکادیمی و مەعریفی کۆکراوەیەکی باش لە باری تیۆری و پراکتیکییەوە بخاتە ڕوو. لایەنی میتۆد و تیۆری لە نامە ئەکادیمییەکاندا بایەخێکی گەورەی هەیە، لەبەر ئەوەی لە کتێبەکانی دەرەوە کەمتر بایەخ بەم لایەنە دراوە، کەواتە ئەگەر نامەیەک لایەنی تیۆرییەکی پتەوی هەبێت، ئەوا خوێنەر گەلێک لێی سوودمەند دەبێت، هاوکات ئاوڕدانەوە لەو ئەدیب و شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسانەی کە زۆر جار لە پانتایی ڕۆشنبیریدا کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە، لە نامە ئەکادیمییەکاندا بە چڕی لە بارەیەوە دەنووسرێت. یاخود دیاردە و ڕووداوە ئیستاتیکییەکان، چ جیهانی و ناوخۆیی، ئاوڕیان لێدراوەتەوە، بۆ نموونە لە بارەی وێنەی شیعری یاخود شێواز، هەریەکەیان زیاتر لە ١٥ نامەی ئەکادیمییان لە بارەوە نووسراوە، هەروەها لە بارەی نوێکردنەوەی شیعری کوردی، چەندین نامەی ئەکادیمی نووسراوە.
سەردەم: مەرج و پێوەرت چی بوون لە هەڵبژاردنی نامە ئەکادیمییەکاندا؟
هەرێم عوسمان: بەوپێیەی پسپۆڕیی خۆم ئەدەبی کوردییە، لەبەر ئەوە پێوەرم ئەوە بوو کە نامەکان لەو بوارەدا نووسرابێتن، بە تایبەتییش لایەنی ئەدەب و کەمتر زمان و ڕێزمان. هەوڵم داوە لە زانکۆ جیاوازەکانی خۆمان نامەکان بخوێنمەوە و تەنیا نامەکانی زانکۆی سلێمانی نەبن، هەروەها بوارەکانی ئەدەب بە گشتی بە سەر بکەمەوە، لە لایەکی دیکەوە بەپێی ڕیزبەند و کرۆنۆلۆجی نەڕۆم، بەڵام لێشی بێئاگا نەبووم، هاوکات گوێم لەوە نەبووە ئەو نامەیە هیی کەسی ناسراوە یان نا، بەڵکو تا ئەندازەیەک چاوداخستنم هەبووە، ئەمەش بۆ ئەوەی شێوازی یانسیب و بێلایەنیم هەبێت، تا وەرگر ئاگادار بێت کە چیمان هەیە و چۆن نووسراون. شتێک کە پەیڕەوم کردووە، هەم ئاسوودە و ئازاری داوم، ئەوە بووە کە بێلایەن بووم لە خستنەڕوودا، لە کاتێکدا زۆر نامە هەبووە ئارەزووم کردووە بە دەنگی بەرز ڕەخنەی لێبگرم و هەڵوێستی خۆم بخەمە ڕوو، بەڵام خۆپارێز بووم، لەبەر ئەوە وەک ڕۆژنامەنووسێک بۆ ئەکادیمییەک فێری خۆگرتنەوە بووم، ئەمە ئازاردەر و ئاسوودەکەرە.
سەردەم: گرنگی و بەهای نامە ئەکادیمییەکان بۆ خوێنەری کورد لە چیدایە؟
هەرێم عوسمان: وەک ئاماژەم پێکرد، پێویستە زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ نزیک بن، ئەم هەوڵەم بۆ ئەوە بوو، بە خۆشحاڵییەوە لەو چەند ساڵەی سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەم، دەیان و سەدان خوێندکار و خوێنەر لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ پەیوەندییان پێوە کردووم و داوای نامەی ئەکادیمییان کردووە، چەندین نووسەری دەرەوەی زانکۆ پێیانوتووم کە لەو نووسینانەی منەوە ئاگاداری نامەکانی زانکۆ دەبن، هەر وەک نامە ئەکادیمییەکان بووەتە پردی نێوان توێژەرانی زانکۆکانی هەرێم، کەواتە پێموایە نامە ئەکادیمییەکان چاوێکی بێلایەن بووە بۆ نیشاندانی جیهانی کەمتر بینراوەکان، ڕۆشنایی خستووەتە سەر ئەو جێگەیەی کە توێژەرانی زانکۆ خۆشیان کەم لێی ئاگادارن.
سەردەم: تا چەند گرنگە ئەو نامە ئەکادیمییانەی لە سەر ڕەفەکانی زانکۆ کەڵەکە کراون، بهێنرێنە دەرەوە و کەسانی دەرەوەش لێی سوودمەند بن؟
هەرێم عوسمان: یەکێک لە ئامانجەکانی نووسینم لە بارەی نامە ئەکادیمییەکان، بۆ پەردەلادانە لە سەر ئەو نامانە، نیشاندانی توانای زانکۆیە، کە نامەکان گوزارشتی لێدەکەن، هاوکات هەبووی دەستنوقاو هەژارە، لە ڕووی چەندێتییەوە کاتێک سەیری کتێبخانەی زانکۆم کرد، بینیم هەژار نییە، بەڵام دەبینین لە دەرەوە زۆر هەژارە، لە باری چۆنییەتییشەوە، تا ڕادەیەک پێچەوانەکەیم تێبینی کرد، بە تایبەت لە بواری ئەدەب و ڕەخنەدا، ڕواڵەتی نامەکان دەبینین دەستی بۆ زۆر بواری نوێ و گرنگ بردووە، بەڵام لە باری ئاست و کوالێتییەوە لاوازە، کە من ناوم نان خەسارکردنی ناونیشان، واتە ناونیشانی گرنگ و نوێمان زۆرە، بەڵام لە ئاست و تواناییدا زۆر جار لە توانادا نەبوون و دەسەڵاتنەشکانەوە دەبینین. بۆ چڕکردنەوەی وەڵامی پرسیارەکەتان بە هەر بارێکدا بێت، دەرخستن و ئاشکراکردنی نامەکان گرنگە.
سەردەم: کێشە و زەحمەتییەکانی ئامادەکردنی ئەم کتێبە چی بوون، چۆن توانیت چارەسەریان بکەیت؟
هەرێم عوسمان: لایەنێکی کێشە و ناخۆشییەکانی بۆ ئاستی کەسیی خۆم دەگەڕێتەوە، ئەوەی تریش بۆ دەرەوە و لایەنی بابەتییە، ئەوەی پەیوەندە بە خۆمەوە، جۆرێک لە خۆپابەندکردنم هەبوو لە چەند ئاستدا، کە بۆچوون و هەستی خۆم نەخەمە ڕوو، هەروەها لە خوێندنەوەدا کە من ڕاهاتبووم ئازادانە بخوێنمەوە، بەڵام بە هۆی ئەم پرۆژەیەوە ناچار بووم چەندین سەعاتی ڕۆژانەی خۆم ببەخشم بەم پرۆژەیە، ئەمە جگە لەوەی لایەنی خۆش و ناخۆشیشی هەبوو، کە وای کرد پەیوەندی و نامەی زۆرم لە لایەن ئەکادیمی و نائەکادیمییەکانەوە پێبگات، تا هاوکاریان بم، ئەمەش دیسان کاتی زۆری بردووم و دەبات. هەرچی کێشەی بابەتییە، لە هەڵبژاردنی ناونیشان و چۆنێتیی خۆکۆنترۆڵکردن لە دەمی نووسین تا لە سنووری هەزار وشەیەک زیاتر نەبێت، بۆیە چەندین پێداچوونەوەم بە نووسراوەکەمدا دەکرد، تا بیگەیەنمە ئەم سنوورە، ئەمە سەرەتا زۆر قورس بوو، بەڵام ئێستا دەست و زەینم ڕاهاتووە. هەروەها دەستخستنی نامەکان کارێکی گرانە، چونکە ناتوانیت ئەو نامانە ببەیتە دەرەوەی زانکۆ، ناچار چەندین سەعات و ڕۆژ لە کتێبخانەی زانکۆ ماومەتەوە، ئەمە جگەلەوەی جێگەی سوپاسە کە بەشێک لە فەرمانبەر و بەڕێوەبەری کتێبخانەکان، پاش ئاشناییان بە پرۆژەکە، هاوکار بوون.