ئایا ئه‌ده‌ب ده‌توانێت هه‌ڵگری په‌یام بێت بێ ئه‌وه‌ی بگۆڕێت بۆ ئامۆژگاری؟
ئایا ئه‌ده‌ب ده‌توانێت هه‌ڵگری په‌یام بێت بێ ئه‌وه‌ی بگۆڕێت بۆ ئامۆژگاری؟
د. ڕه‌شید ئه‌لعنانی
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئایا ئه‌ده‌ب هه‌ڵگری په‌یامه؟ ئه‌وه پرسیارێكه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وتن/قول، ئاخر ئه‌ده‌ب وتنه، له خه‌یاڵی ئه‌دیبه‌وه ده‌رده‌چێت و به ئاڕاسته‌ی هۆشیاریی وه‌رگر ده‌ڕوات. وتن خۆی له خۆیدا هه‌ڵگری مانایه، یان ئه‌دیب ئه‌و مانایه‌ی پێده‌به‌خشێت و خوێنه‌ریش به دوایدا ده‌گه‌ڕێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب هه‌ڵگری په‌یام بێت، ئایا ئه‌مه مانای وایه ئه‌و ئه‌دیبه واعزه و بانگه‌شه بۆ شتێك ده‌كات؟ یان ئه‌و ئه‌دیبه هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ره، له ڕۆحی خۆیه‌وه فوو له قوڕێكی مردوو ده‌كات و ژیانی به به‌ردا ده‌كات، له جیهانێكدا كه پێشتر بوونی نه‌بووه؟ ئه‌گه‌ر وامان دانا ئه‌دیب واعز نییه، ئایا ئه‌ده‌ب ده‌توانێت هه‌ڵگری په‌یام بێت، بێ ئه‌وه‌ی بگۆڕێت بۆ ئامۆژگاری؟ هه‌میشه و به‌رده‌وام ئه‌م پرسیارانه، ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵ كردووه كه گرنگی و بایه‌خ به ڕه‌خنه و ئه‌ده‌ب ده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان ده‌ست كه‌وتبێت.
سه‌روه‌ختێك له‌م بابه‌ته ده‌ڕوانین و باس له‌م كێشه‌یه ده‌كه‌ین، ئه‌دیبانی ئیگلیزمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه، به تایبه‌ت ڕۆماننووسی هاوچه‌رخ ویلیا‌م گۆڵدین (1911-1993)، كه ساڵی 1983 ده‌بێته براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب. گۆڵدین له زانكۆی ئۆكسفۆرد ئه‌ده‌ب ده‌خوێنێت و به‌شداریی جه‌نگی دووه‌می جیهانی ده‌كات، له نێو هێزی ده‌ریایی به‌ریتانیا ئه‌فسه‌ر ده‌بێت، به چاوی خۆی كاره‌سات و تراژیدیاكانی جه‌نگ ده‌بینێت و كاریگه‌رییه‌كی وا له دڵ و ده‌روونیدا جێ ده‌هێڵێت، هه‌رگیز به تێپه‌ڕبوونی ڕۆژه‌كان ساڕ‌ێژ نابێت و ناسڕێته‌وه و باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات “وه‌ك چۆن هه‌نگ هه‌نگوین درووست ده‌كات، ئاواش مرۆڤ خراپه‌كاری درووست ده‌كات”.
دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، واز له خزمه‌تی سه‌ربازی دێنێت و له قوتابخانه‌یه‌كی منداڵان ده‌بێت به مامۆستا و ڕۆده‌چێنه نێو ژیانی مه‌ده‌نییه‌وه، له‌وێدا له ئه‌زموونی خۆی له جه‌نگه‌كه و ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی له مێژووه دوورودرێژه‌كه‌یدا ڕاده‌مێنێت و له ئاكامدا ده‌گات به‌وه‌ی “سه‌روه‌ختێك مرۆڤ له دایك ده‌بێت، ئاماده‌یی بۆ خراپه‌كاری تێدایه”، خراپه‌كاری له نێو دڵی مرۆڤدا نیشته‌جێیه، نه‌ك ئه‌وه‌ی شتێك بێت له ده‌ره‌وه سه‌پابێت به سه‌ریدا. ئێمه‌ی مرۆڤ له گه‌ردووندا سه‌رچاوه‌ی خراپه‌كاریین، وه‌لێ ده‌مانه‌وێت خۆمان له به‌رده‌م ئه‌م ڕاستییه‌دا كوێر و نابینا بكه‌ین و ده‌مانه‌وێت تاریكییه ناوه‌كییه‌كانی خۆمان بخه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌وانی دیكه، یان بیخه‌ینه ئه‌ستۆی هێزگه‌لێكی غه‌یبانی، كه درووستكراوی خه‌یاڵی خۆمانه.
ئه‌مه ئه‌و ده‌رده‌یه كه نووسه‌ر “واعز” ده‌ستنیشانی كردووه، ئه‌ی باشه له دید و تێڕوانی ئه‌ودا چاره‌سه‌ر چییه؟ ناسینی خوده. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕزگاری ببێت، با سه‌یری ناوه‌وه‌ی خۆی بكات و له زووڵمه‌ت و تاریكیی نێو دڵی بڕوانێت. با پێش ئه‌وه‌ی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌وانی دیكه بكات، سه‌ره‌تا سه‌ركۆنه‌ی خۆی بكات. ناسینی خود سه‌ره‌تای چاكسازییه. ئه‌مه ئه‌و په‌یامه‌یه یان ئه‌و “ئامۆژگاری”یه‌یه كه گۆڵدین ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت به مرۆڤه‌كان. وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڵدین نووسه‌رێكی داهێنه‌ره نه‌ك بانگخواز (واعز) و خه‌ڵكیش حه‌زی له ئامۆژگاری نییه. به‌ڵام خه‌ڵك ده‌یه‌وێت له چیرۆكێكی زیندووی سه‌رنجڕاكێش و كاریگه‌ره‌وه په‌ند و عیبره‌ت وه‌ربگرێت. بۆیه ڕێگەكه له به‌رده‌م گۆڵدیندا ڕوون و ئاشكرا بوو، لێره‌وه یه‌كه‌م ڕۆمانی “سه‌رۆكی مێش/سید الذباب” له دایك ده‌بێت، كه حه‌فتا ساڵ به سه‌ر یه‌كه‌م بڵاوبوونه‌وه‌یدا تێپه‌ڕیوه (1954).
سه‌روه‌ختێك ڕۆمانه‌كه له لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی “Faber & Faber” بڵاو كرایه‌وه، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به خۆیه‌وه بینی، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه ڕازی نه‌بوون بڵاوی بكه‌نه‌وه، بێگومان دواتر زۆر له‌و كاره‌یان په‌شیمان بوون، چونكه ڕۆمانه‌كه له به‌ریتانیا و ئه‌مریكا ملیۆنان دانه‌ی لێفرۆشرا و بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدرا و خرایه پرۆگرامی خوێندنه‌وه. هه‌روه‌ها دوای نۆ ساڵ له بڵاوكردنه‌وه‌ی، ده‌رهێنه‌ری گه‌وره، پیته‌ر برۆك، كردی به فیلمێكی سینه‌مایی و فیلمه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینی.
ئاخۆ ئه‌م “سه‌رۆكی مێش”ه كێیه كه ڕۆمانه‌كه‌ی به ناوه‌وه ناو نراوه؟ ئه‌و شه‌یتان، یان به زمانی كتێبی پیرۆز “به‌لزه‌بوب”ه، ناوه‌كه ئاماژه‌یه بۆ شتی پیس و بۆگه‌ن. نووسه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌یدا ئه‌و ناوه‌ی وه‌ك ڕه‌مزی خراپه‌كاری هه‌ڵبژاردووه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ مه‌یل و حه‌زی مرۆڤ به‌وه‌ی خراپه‌كاری ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ بوونێكی ده‌ره‌كی، كه خۆی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به سه‌ردا ناشكێت. ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه له زه‌مه‌نی ئاینده‌دا ڕوو ده‌دات، هه‌رچه‌نده ئه‌مه زیاتر له فیلمی خه‌یاڵی-زانستیدا به‌دی ده‌كرێت.
باكگراوندی ڕۆمانه‌كه جه‌نگێكی ئه‌تۆمییه و پاڵه‌وانه‌كانی چه‌ند گه‌نجێكن ته‌مه‌نیان له نێوان شه‌ش بۆ دوانزه ساڵدایه. منداڵه‌كان له یه‌كێك له ناوچه‌كانی جه‌نگه‌كه دووچاری مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵاتداران بڕیار ده‌ده‌ن منداڵه‌كان له ڕێگه‌ی ئاسمانییه‌وه بگوێزنه‌وه بۆ شوێنێكی ئارام و سه‌لامه‌ت. وه‌لێ فڕۆكه‌كه له كاتی گه‌شته‌كه‌یدا موشه‌كێكی به‌رده‌كه‌وێت و فڕۆكه‌وانه‌كه ده‌مرێت و منداڵه‌كان ڕزگاریان ده‌بێت، چونكه فڕۆكه‌كه به جۆرێك درووست كراوه، له كاتی ڕوودانی هه‌ر ڕووداوێكی له‌ناكاوی نه‌خوازراودا، كابینه‌ی سه‌رنشینه‌كان له فڕۆكه‌كه ده‌بێته‌وه و به ته‌نها ده‌توانێت به سه‌لامه‌تی بنیشێته‌وه. به‌م جۆره منداڵه‌كان خۆیان له دوورگه‌یه‌كی چۆڵی نێو ئۆقیانووسێك و دوور له جیهانی گه‌وره‌كان ده‌بیننه‌وه و لێره‌وه به‌سه‌رهاته‌كه ده‌ست پێده‌كات.
یه‌كێك له منداڵه ڕزگاربووه‌كان، گوێچكه‌ماسییه‌ك/محارة ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ڵی ده‌گرێت و فووی پیا ده‌كات، ده‌نگێكی وه‌ك لووره‌ی لێده‌رده‌چێت، منداڵه‌كانی دیكه له هه‌موو لایه‌كی دوورگه‌كه‌وه گوێیان لێده‌بێت و به‌ره‌و لای ده‌نگه‌كه ده‌كه‌ونه ڕێ و له‌وێدا كۆ ده‌بنه‌وه. منداڵه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن دوورن له كۆمه‌ڵگا و شارستانییه‌ت و یاساوه. د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن له جیهانێكدان، گه‌وره‌كانی تێدا نییه تاكو كاروباری منداڵه‌كان به ڕێوه به‌رن. له‌وێدا ده‌ست ده‌كه‌ن به گفتوگۆ و پرسوڕا گۆڕینه‌وه، بڕیار ده‌ده‌ن كۆمه‌ڵگایه‌كی بچووك بۆ خۆیان چێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به زیندوویی بمێننه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه‌سێك دێت و ڕزگاریان ده‌كات. منداڵه‌كان له سه‌ره‌تادا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری دیموكراسیی هاوچه‌رخ، له ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه سه‌رۆكێك بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و بڕیار ده‌ده‌ن دوو مه‌سه‌له‌ی زیندوو هه‌یه، کە پێویسته له سه‌ریان جێبه‌جێی بكه‌ن:
یه‌كه‌م: له سه‌ر گردێكی ناوه‌ڕاستی دوورگه‌كه پێویسته ئاگرێكی هه‌میشه داگیرساو بكه‌نه‌وه، به‌و هیوایه‌ی یه‌كێك له كه‌شتییه ڕاگوزه‌ره‌كان ئاگره‌کە ببینێت و بێت بۆ ڕزگاركردنیان.
دووه‌م: درووستكردنی كوخ له سه‌ر به‌نده‌ری دوورگه‌كه، تاكو له بارانی به‌خوڕ و ڕه‌گه‌زه‌كانی كه‌شوهه‌وا بیانپارێزێت.
سه‌ره‌تا مه‌سه‌له‌كان به شێوه‌یه‌كی زۆر باش به ڕێوه ده‌چوون، به‌ڵام زۆر زوو سیستمه‌كه هه‌ره‌س ده‌هێنێت و ڕێكکه‌وتنه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه. له نێو منداڵه‌كاندا گروپێك ده‌رده‌كه‌وێت، تاقه خولیا و خه‌میان، بریتییه له یاریكردن و ڕابواردن، به تایبه‌ت ڕاوكردنی به‌رازه‌كان. ئیدی درووستكردنی كوخه‌كان په‌كی ده‌كه‌وێت، له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌و منداڵانه‌ی پاسه‌وانیی ئاگره‌كه‌یان ده‌كرد و نه‌یانده‌هێشت بكوژێته‌وه، شوێنه‌كه‌ی خۆیان چۆڵ ده‌كه‌ن و جێی ده‌هێڵن و به‌شداری له ڕاوكردنی به‌رازه‌كاندا ده‌كه‌ن. ئیدی سه‌روه‌ختێك كه‌شتییه‌ك له ئاسۆوه ده‌رده‌كه‌وێت، ئاگره‌كه كوژاوه‌ته‌وه و ته‌واو خامۆش بووه، به‌م جۆره كه‌شتییه‌كه دێت و ده‌ڕوا به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بوونی منداڵه‌كان بكات. ئا لێره‌وه ڕاڵف (سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو)، به هۆی گه‌مژه‌یی جاك (سه‌رۆكی تیمی ڕاوكردن)، شێت و هار ده‌بێت، چونكه بووه‌ته هۆی له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تی ڕزگاربوون. ئه‌مه واده‌كات هه‌ردووكیان ده‌ست بده‌نه یه‌خه‌ی یه‌كتر و ده‌بێت به شه‌ڕیان، له ئه‌نجامدا جاك خۆی و تیمه‌كه‌ی پاشه‌كشه ده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن به ته‌نها له نێو دارستانه‌كه‌دا ده‌ژین؛ وه‌لێ ڕاڵف و ئه‌وانی دیكه له نێو كوخه‌كانی نزیك به كه‌ناره‌كه ده‌مێننه‌وه.
به‌م شێوه‌یه ململانێی نێوان ئه‌م دوو هۆزه ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵێ دوو هۆز، چونكه منداڵه‌كان چیتر منداڵ نین و ئه‌و شارستانییه‌ته‌ی له سایه‌یدا گه‌وره بوون، به ته‌واوه‌تی له بیریان چووه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌و خوێندن و به‌ها و ڕه‌فتاره جوانانه‌ی له جیهانی گه‌وره‌كانه‌وه وه‌ریان گرتبوو، هیچی نه‌ما و وه‌ك پووشی ده‌م با په‌رشوبڵاو بووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی وای كرد مه‌سه‌له‌كه خراپتر بێت، ئه‌وه بوو لایه‌نگرانی كوڕه ژیره‌كه و سه‌رۆكی شه‌رعی “ڕاڵف”، یه‌ك له دوای یه‌ك و له به‌رده‌م ژیانی یاریكردن و كوشتنی به‌رازه‌كان و خواردنی گۆشته‌كه‌یان، كه جاك بۆی دابین كردوون، لێی جیا ده‌بنه‌وه و جاك به زۆری زۆرداری ده‌بێت به سه‌رۆك.
به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه لێره‌دا ڕاناوه‌ستێت و به‌وه كۆتایی پێنایه‌ت، به‌ڵكو كار ده‌گات به خوێنڕشتن، ئه‌و منداڵانه‌ی پێمانوابوو پاك و بێگه‌رد و به‌ریئن، ده‌بن به خوێن‌ڕێژ و “سیمۆن”، كوڕه نه‌رم و نیانه‌كه ده‌كوژن، كه داوای ده‌كرد ئاشتی و خۆشه‌ویستی له نێوانیاندا هه‌بێت. سیمۆن زیاتر له پێغه‌مبه‌رێك ده‌چوو، له كاتێكدا ئه‌وان له ده‌وری سه‌ری به‌رازێکی كوژراو، كه مێش تێوه‌ی ورووژابوو، سه‌رقاڵی سه‌مایه‌كی بتپه‌رستانه بوون، گوایه به‌و سه‌مایه “دێوه‌كه/الغول” له خۆیان دوور ده‌خه‌نه‌وه، له‌و كاته‌دا سیمۆن هه‌وڵ ده‌دا قه‌ناعه‌تیان پێبكات هیچ دێوێك له ئارادا نییه، ئه‌وان له خه‌یاڵی خۆیاندا ئه‌و دێوه‌یان درووست كردووه، كه له ڕاستیدا بوونی نییه، پاشان لێی ده‌ترسن و قوربانیی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
دواتر تاوانی كوشتنێكی دی ڕوو ده‌دات و گه‌نجێكی تر ده‌بێت به قوربانی، ئه‌و گه‌نجه “بێجی”یه، ئه‌م كوڕه پێ‌داگر بوو له‌سه‌ر پرنسیپه‌كانی دیموكراسی و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه شه‌رعییه‌كه مابووه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی له یه‌كێك له لووتكه‌كانه‌وه تاشه‌به‌ردێكی به سه‌ردا ده‌خه‌نه خواره‌وه و ده‌یكوژن. به‌م جۆره ڕاڵف هه‌ر خۆی به تاقی ته‌نها ده‌مێنێته‌وه و هه‌مووان جێ ده‌هێڵن. دوای ئه‌وه‌ی ڕاڵف به ته‌نها ده‌مێنێته‌وه، جاك خوێنی حه‌ڵاڵ ده‌كات. هه‌ر بۆیه ڕاڵف دوای كوشتنی بێجی، له ترسانا و له ده‌ست ئه‌و كه‌سانه ڕاده‌كات كه به دوایدا ده‌گه‌ڕان و خۆی له نێو قامیشه‌ڵان و گژوگیایه‌كی چڕدا ده‌شارێته‌وه. وەلێ ئه‌وان له پێداگرییه‌كی شێتانه‌دا و سووربوونیان له سه‌ر كوشتنی ڕاڵف، گڕ له دارستانه‌كه به‌رده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاڵف ناچار بكه‌ن بێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه‌ش له دارستانه‌كه‌دا ده‌بێته هۆی درووستبوونی ئاگرێكی گه‌وره. له‌و كاته‌دا كه‌شتییه‌كی سه‌ربازیی ڕاگوزه‌ر ئاگره‌كه ده‌بینێت و به‌ره‌و كه‌ناری دارستانه‌كه دێت، ئه‌فسه‌رێك له كه‌شتییه‌كه داده‌به‌زێت و له دواساته‌كاندا ڕاڵف ڕزگار ده‌كات.
په‌یام و په‌ند و عیبره‌تی ڕۆمانه‌كه له‌م دیمه‌نه‌ی كۆتاییدایه، كه بریتییه له موفاره‌قه‌یه‌كی گه‌وره. چونكه خودی ئه‌فسه‌ره‌كه، ئه‌ویش پێویستی به كه‌سێكه ڕزگاری بكات. ئه‌و له نێو كه‌شتییه سه‌ربازییه‌كەدا دو‌ژمنێك ڕاو ده‌نێت و دوژمنێكیش ئه‌م ڕاو ده‌نێت. ئه‌فسه‌ره‌كه به ده‌ست ململانێیه‌كی تونده‌وه ده‌یناڵاند و گیرۆده بوو، پێیوابوو دێوێك به دواوه‌یه‌تی. ئه‌فسه‌ره‌كه ئه‌و ڕاستییه ساده‌یه نازانێت كه منداڵه كوژراوه‌كه “سیمۆن” ده‌یزانی و بریتییه له‌وه‌ی دێ‌و هیچ نییه، جگه له وه‌همێك كه خۆمان درووستمان كردووه و خه‌تاكه‌ی ده‌خه‌ینه ملی ئه‌وانی دیكه‌وه. ته‌نها دێوێك كه هه‌بێت، خۆمانین، تاقه سه‌رچاوه‌ی خراپه‌كاری خۆمانین.
ئه‌مه ئه‌و “په‌یامه” بوو كه نووسه‌ر ده‌یویست بیگه‌یه‌نێت به خه‌ڵك، له‌و پێناوه‌دا ئه‌م كاره هونه‌رییه جوانه‌ی خولقاندووه و تێیدا ئامۆژگاریی گۆڕیوه بۆ شاكارێكی سه‌رنجڕاكێش، كه خه‌ڵكی پشتی تێناكه‌ن، وه‌ك چۆن پشت له ئامۆژگاری ده‌كه‌ن. چیرۆكه‌كه، سه‌ره‌ڕای نامۆییه‌كه‌ی، قه‌ناعه‌تپێكه‌ر و باوه‌ڕپێكراوه و ورده‌كارییه‌كانی گوزارشته له واقعێكی ڕاشكاو. هه‌روه‌ها چیرۆكه‌كه ئه‌وه ده‌رده‌خات گۆڵدین له ڕه‌نگڕێژكردنی كه‌سایه‌تییه‌كاندا، ئاگادارییه‌كی قووڵی له ده‌روونی منداڵ و شێوازی بیركردنه‌وه‌یان و ده‌ربڕینی زمانه‌وانییان هه‌یه، ڕه‌نگه ئه‌و ئاگاداربوونه‌ی له ئه‌زموونی پیشه‌كه‌یه‌وه، كه مامۆستاییه، وه‌رگرتبێت. هه‌روه‌ها نووسه‌ر له به‌هێزكردنی “ئامۆژگارییه‌كه‌ی” سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌وه‌ی كاراكته‌ره چالاكه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ی له‌و منداڵانه هه‌ڵبژاردووه كه زۆر جار وا ڕاهاتووین به پاك و بێگه‌رد بیانبینین. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه مه‌یلی خراپه‌كاری و دڕندایه‌تی، له بنه‌ڕه‌ته‌وه هەر تیاماندایه و هیچ شتێكیش ناتوانێت ده‌سته‌مۆ و جڵه‌ویان بكات و سنووریان بۆ دابنێت، ته‌نها یاسا و عورفه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بێت. هه‌ر بۆیه سه‌روه‌ختێك به‌ها ژیارییه‌كان هه‌ره‌س ده‌هێنن، هه‌موومان، به گه‌وره و بچووكه‌وه، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ یاسای دارستان.
له كۆتاییدا پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین گۆڵدینی هونه‌رمه‌ند، له‌به‌ر په‌رۆشیی بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی ڕوون و ئاشكرایی، ناچار بووه ده‌رفه‌ت بدات به گۆڵدینی واعز، ئاخر كه‌سایه‌تیی منداڵه‌كان به ئاسانی ده‌كرێت له جیهانی گه‌وره‌كاندا هاوشێوه‌یان بدۆزینه‌وه. ڕاڵف سه‌رۆكێكی لیبراڵییه، جاك نموونه‌ی سته‌مگه‌ریی ڕه‌هایه، بێجی سیمبولی ڕۆشنبیرێكی عه‌قڵانییه، سیمۆن سیمبولی پێغه‌مبه‌ر یان قه‌دیسه، كه مژده‌ی پێیه و له پێناو گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌مرێت. ئه‌م ڕۆمانه به ڕاستی نموونه‌یه‌كه بۆ شڵه‌ژانی داهێنه‌رانه، له نێوان حه‌زی خولقاندنی شاكارێكی هونه‌ریی جوان و حه‌زی گه‌یاندنی په‌یامێكی ئه‌خلاقیی ڕوون به خوێنه‌ر.
سه‌رچاوه:
به‌شی كولتووریی ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 16ی ئابی 2025