ڕۆشنبیر و هه‌ره‌سهێنانه قه‌شه‌نگه‌كان
ڕۆشنبیر و هه‌ره‌سهێنانه قه‌شه‌نگه‌كان
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزم، له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسیدا، یه‌كێكه له بزووتنه‌وه گه‌وره‌كان. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لێی تێگه‌شتووین، ته‌نها بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یان شیعری نییه. به‌ڵكو بزووتنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فه‌ی گه‌وره‌یه و هاوڕێی هه‌موو شۆڕشه گه‌وره‌كان بووه، یان هاوڕێی ئه‌وه بووه كه پێی ده‌گوترێت به‌هاری گه‌لانی ئه‌ورووپی.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری گه‌وره گه‌شته ترۆپکی گه‌شانه‌وه‌ی، له‌وانه شاتوبریان، ڤیكتۆر هیگۆ، جێرار دوو نێرڤال، ئه‌لفرێد دوو مۆسییه، لامارتین و چه‌ندانی دیكه. سه‌روه‌ختێك به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌م بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌ی خواره‌وه ده‌دۆزینه‌وه كه بۆ ئێمه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌بیش گرنگه: به‌ستنه‌وه‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزمی شیعری و ئه‌ده‌بی، به سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه گه‌وره‌كه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆشنگه‌ری: واته شۆڕشی سه‌رده‌می مۆدێرنه، كه ڕێز له مافه‌كانی مرۆڤ و كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌گرێت و شكۆی ده‌پارێزێت، جا ئه‌و مرۆڤه هه‌ركه‌سێك بێت.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م شۆڕشه گه‌وره‌یه، یان ئه‌م دابڕانه مه‌زنه، مێژووی ئه‌ورووپای كرد به دوو به‌شه‌وه: پێش شۆڕشه‌كه و دوای شۆڕشه‌كه. وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهانی كۆن هه‌ر هه‌مووی به یه‌ك جار نامرێت و جیهانی نوێش هه‌ر هه‌مووی به یه‌ك جار نایه‌ت و له دایك نابێت، ئه‌وا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له نێوان ئه‌و دوو جیهانه‌دا ژیاوه، تووشی تێكشكانی ده‌روونی و داڕمان و هه‌ره‌سهێنانی ناوه‌كی و له‌رزینی زۆر بوون. ئه‌وان نه‌وه‌ی گواستنه‌وه سه‌خته‌كه و سووتانه ڕۆحی و دهروونییهكهن به مانای ته‌واوی وشه‌كه. هه‌ر ئه‌مه‌یه سیمای ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی عه‌ره‌ب كه ئێستا گڕی گرتووه. كێ ده‌توانێت نكووڵی له‌وه بكات؟ به‌ڵێ، ئێمه هه‌موومان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ڕۆمانسین یان تۆقیوین. ئێمه هه‌موومان له كۆمه‌ڵگە سه‌رگه‌ردان و وێرانبووه‌كاندا، سیاچاره و كۆست كه‌وتین و هه‌لاهه‌لا بووین. ئه‌م دۆخه‌ش كاتێكی زۆری ده‌وێت بۆ هێوربوونه‌وه و سه‌قامگیری. ئه‌مه سهیرورهیهكی توولانیی دوورودرێژ و ئاڵۆزه و له سه‌روو هه‌موومانه‌وه‌یه.
ئاشكرایه ئه‌م هه‌لاهه‌لابوون و هه‌ره‌سهێنانه ده‌روونییانه‌ی كه هه‌نووكه ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی به خۆیه‌وه ده‌یبینێت، هه‌مان ئه‌و هه‌لاهه‌لابوون و ههرهسهێنانهیه كه ڕۆشنبیرانی ئه‌ورووپا، له سه‌ده‌ی نۆزدەیەمدا، پێش شۆڕشی فه‌ره‌نسی و دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی، به خۆیانه‌وه بینیویانه، بگره به گه‌رمیی ئاگره‌ی سووتان. سه‌باره‌ت به‌م خاڵه، شاتوبریان زۆر به ڕوونی گوزارشتی لێ كردووه و ده‌ڵێت: “خۆم له نێوان دووڕیانی دوو سه‌ده‌دا بینییه‌وه، وه‌ك چۆن كه‌سێك خۆی له نێوان دووڕیانی دوو ڕووباردا ده‌بینێته‌وه. خۆم خسته ناو گێژاوی ئاوه‌كه‌وه، به داخ و حه‌سره‌ته‌وه له‌و كه‌ناره دوور كه‌وتمه‌وه كه لێی له دایك بووم، به مه‌له به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ی دیكه ڕۆشتم كه نه‌وه‌كانی ئایینده ده‌یگه‌نێ و من به چاوانی خۆم نایبینم”.
ئه‌و وێناكردنه جوانترین وێناكردنه بۆ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه یان دابڕان، كه حاڵی حازر ئێمه‌ی هه‌لاهه‌لا كردووه. ئێمه‌ش كه‌ناره‌كه‌ی دیكه به چاوی خۆمان نابینین، چه‌ند هه‌وڵ بده‌ین نایگه‌ینێ و هێشتا زۆر دووره. وه‌لێ نه‌وه‌كانی ئایینده ده‌یگه‌نێ و خۆشی له خۆیان. پێویسته ئه‌وه بزانین شاتوبریان، له سه‌ده‌ی ههژهیەمدا هاته دونیاوه و نیوه‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی له‌و سه‌ده‌یه‌دا برده سه‌ر، واته پێش شۆڕشه گه‌وره‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، پاشان نیوه‌ی كۆتایی ته‌مه‌نی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا برده سه‌ر، واته دوای شۆڕش (1768-1848)، لێره‌وه ئه‌و هه‌ردوو جیهانه‌كه‌ی بینی، جیهانی كۆن و جیهانی نوێ. بۆ ئه‌و ئاسان نه‌بوو به ته‌واوی له جیهانه كۆنه‌كه داببڕێت كه تێیدا هاتبووه دونیاوه و له ئامێزیدا گه‌وره ببوو. جیهانی مه‌سیحی، كاسۆلیكی، كشتوكاڵی، لادێییانه له به‌شی هه‌ره زۆری‌دا. ئه‌مه له كاتێكدا بوو جیهانه نوێیه‌كه ورده‌ورده ببووه جیهانێكی عه‌لمانی، پیشه‌سازی، ته‌كنه‌لۆژی، فه‌لسه‌فی. جیهانێك به شێوه‌یه‌كی گشتی دژ به ئایینی مه‌سیحی بوو، یان بۆ ئه‌وه‌ی وردتر قسه بكه‌ین، بڵێ دژ به مه‌سیحیی ئوسوڵی بوو، چونكه مۆدێرنه هه‌رگیز به ڕه‌هایی دژ به ئایین نه‌بووه، به‌ڵكو دژی وێناكردنه داخراوه ته‌كفیرییه كۆنه‌كه‌ی ئایین بوو. مۆدێرنه لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر جوانی بۆ ئایینی مه‌سیحی هێنایه ئاراوه و بووه هۆی ڕزگاركردنی ئه‌ورووپا له جه‌نگی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و جه‌نگه ناوخۆییه‌كان و كوشتوبڕهكان. مه‌به‌ستمان له‌وه، لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌رانه‌ی لێبورده‌ییه، كه پێچه‌وانه‌ی لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه ئوسوڵییه كۆنه‌كه بوو.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه، بێ ژانی سه‌ختی له‌دایكبوون و بێ ململانێیه‌كی توندی نێوان حزبی كاسۆلیكیی جێگیر و ڕه‌گداكوتاو، له‌گه‌ڵ حزبی عه‌لمانیی تازه سهرپێكهوتوو ڕووی نه‌دا. ئه‌م ململانێ تونده ته‌واوی سه‌ده‌ی نۆزدهیەمی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو، بگره تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستەم به‌رده‌وام بوو. ئه‌م ململانێیه یان ئه‌م ژانی له‌دایكبوونه، ئه‌وه هه‌نووكه ئێمه له جیهانی عه‌ره‌بیدا ده‌ستمان پێ كردووه و تێیدا ده‌ژین. لێره‌وه مه‌ودای فیكری له نێوان ئێمه و ئه‌ورووپا، لانی كه‌م 200 ساڵه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێش 200 ساڵ تێیدا ژیاون و به ده‌ستیه‌وه ناڵاندوویانه، ئێمه هه‌نووكه تێیدا ده‌ژین و به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنین.
ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه گوتوومه و ده‌یڵێمه‌وه، زه‌مه‌نی عه‌ره‌بی ئیسلامی هه‌مان زه‌مه‌نی ئه‌ورووپی نییه. له نێوان ئه‌م دوو زه‌مه‌نه‌دا كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی مێژوویی هه‌یه. جا بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ین كه هه‌نووكه ڕوو ده‌دات، پێویسته ئه‌و خاڵه له به‌رچاو بگرین. ئه‌مه به‌و مانایه نییه ئێمه له هه‌موو شتێك‌دا لاسایی خۆرئاوا بكه‌ینه‌وه، نا، نه‌خێر، هه‌رگیز به‌و مانایه نییه، چونكه ئه‌و لادانه ماددی و بێباوه‌ڕییه‌ی مۆدێرنه و خلیسكانهكانی كه به‌م دواییانه ڕوویان دا، ئێمه نامانه‌وێت و هه‌رگیز پێویستمان پێی نییه. هه‌ر بۆیه ئه‌و دابڕانه گه‌وره‌یه‌ی خه‌ونی پێوه ده‌بینین، له‌گه‌ڵ خودی ئایین نییه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كه‌له‌پووری مه‌زنی عه‌ره‌بی ئیسلامی نییه، كه پڕه له به‌ها ئه‌خلاقی و ڕۆحانی و مرۆییه‌كان. به‌ڵكو دابڕانه‌كه ته‌نها له‌گه‌ڵ تێگه‌شتنی تاریكبین و ته‌كفیركردن و له‌ناوبردنه، كه فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئایینی و گروپه توندڕه‌وه‌كان كاری پێ ده‌كه‌ن.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌كه، به تایبه‌ت شیعر. له ڕاستیدا بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزمی فه‌ره‌نسی، ده‌كرێت ته‌نها له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزهیەمدا حه‌سر بكرێت، به دیاریكراوی له نێوان ساڵانی 1800-1869، به‌م مانایه، خودی بودلێر سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانسیزمه به مانای جوانیی وشه‌كه. یان بڵێ ئه‌و پێیه‌كی لێره و پێكه‌ی دیكه‌ی له‌وێ داده‌نێت: واته پێیه‌كی له نێو مۆدێرنه‌دایه و پێیه‌كه‌ی دیكه‌ی له پێش مۆدێرنه‌دایه. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه بۆدلێر دواهه‌مین ڕۆمانسیزم و یه‌كه‌مین مۆدێرنیست بووه. هه‌مان مه‌سه‌له بۆ “جیرار دوو نێرڤال”یش ڕاسته، كه چه‌ند ساڵێكی كه‌م پێش بۆدلێر بوو.
بۆدلێر له سه‌ر ئاستی شیعر، قۆناغی ڕۆمانسیزمی داخست و ده‌ستپێكی قۆناغی تازه‌گه‌ریی هێنایه ئاراوه. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ڕۆمانسیزم تازه‌گه‌ری نییه، له ڕاستیدا ڕۆمانسیزم یه‌كه‌مین تازه‌گه‌ریی گه‌وره بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه گونجاو بێت. دوای ئه‌وه تازه‌گه‌ریی دووه‌م دێت، كه تا ئه‌م ساته‌وه‌خته تێیدا ده‌ژین. به‌ڵام تازه‌گه‌ریی شیعری ته‌نها تازه‌گه‌ریی شیعر نه‌بوو، به‌ڵكو تازه‌گه‌ریی فیكرییش بوو. ته‌نها بریتی نه‌بوو له تێكشكاندنی وه‌زن و قافیه، به‌ڵكو تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و بیرۆكه و هه‌سته نه‌ریتییانه بوو كه په‌یوه‌ست بوون به وه‌زن و قافیه‌وه. تازه‌گه‌ریی شیعر ناوه‌رۆكێكی فه‌لسه‌فیی قووڵی له خۆ گرتبوو، ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو کە له هه‌ردوو جیهانی فه‌ره‌نسی و جیهانی عه‌ره‌بی، كهلهپوورخوازهكان ڕقیان لێی بوو و هێرشێكی كوێرانه‌ی ناڕه‌وایان كرده سه‌ر. بگره پێیان وا بوو سووكایه‌تی به پیرۆزییه‌كان ده‌كات، چونكه له یه‌ك كاتدا شۆڕشێك بوو له فۆرم و ناوه‌رۆكدا. شۆڕشی ئازادی و ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و تووڕه‌بوونه بوو كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو په‌نگی خواردبووه‌وه. شۆڕشێكی ڕزگاریخوازیی گه‌وره بوو بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی وزه و توانا خه‌فه‌كراو و چه‌پێنراوه‌كان.
تازه‌گه‌ری (مۆدێرنه) بووه هۆی تێكشكاندنی فۆرمه كلاسیكییه‌كان و هه‌ره‌سهێنانی كۆن. به‌م مانایه، ههرهسهێنانهكان له چوارچێوه‌ی بزاوتی مێژوویی‌دا، شتێكی زۆر ئه‌رێنی و داهێنه‌رانه‌یه. به‌ڵام هاوشانی هه‌موو ئه‌وانه، جۆرێك له ترس و تۆقین له به‌رامبه‌ر جیهانه نوێیه‌كه‌دا هه‌بوو، كه هه‌ردوو تای ده‌رگاكه‌ی به ڕووی شاعیردا كرابووه‌وه. لێره‌دا با گوێ له یه‌كێك له شاعیره گه‌وره‌كانی ڕۆمانسیزمی فه‌ره‌نسی “ئه‌لفه‌رید دوو مۆسییه” بگرین، ئه‌م شاعیره مه‌زنه ئاوا باس له‌و قۆناغه و له‌و دابڕانه تاڵه ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئه‌فسووس! دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی، ئوسوڵییه‌تی چه‌سپاوی ئایینی مه‌سیحی كۆتایی پێ هات. هه‌موو ئه‌و شتانه كۆتاییان پێ هات كه ئێمه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ی یهكلهدواییهك له سه‌ری په‌روه‌رده كرابووین. ئێمه چیتر هیچ هیوایه‌كمان نییه. چیتر چاوه‌ڕوانی هیچ شتێك نین له قووڵایی نادیاره‌وه بۆمان بێت. هه‌رچی خۆری ئایینده‌یه، جارێ هێشتا هه‌ڵنه‌هاتووه. وای له‌و تاریكی و زوڵمه‌ته‌ی ڕووی زه‌ویی پێچاوه‌ته‌وه! كاتێك پرشنگی سپێده‌یه‌كی نوێ ده‌رده‌كه‌وێت، ئێمه له‌وێ نین و مردووین”.
هه‌رچی “جیرار دوو نێرڤال”ه، ئه‌ویش گوزارشت له هه‌مان بیرۆكه ده‌كات و شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: “له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئیمانی كۆنی ئوسوڵی مه‌حاڵه. ئێمه، ئه‌وانه‌ی له ڕۆژگاری شۆڕشه گه‌وره‌كان و تۆفانه‌كاندا له دایك بووین، كه تێیدا سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه كه‌له‌پوورییه جێگیره‌كان هه‌ره‌سیان هێنا و داڕمان، بۆ ئێمه سه‌خته ئیمانێكی نوێ بدۆزینه‌وه. نیگه‌رانی و ترسی ئێمه ئا لێره‌وه‌یه. تۆقینی ئێمه ئا لێره‌وه‌یه”. به مانایه‌كی دی، ئێمه نه‌وه‌ی دابڕانه گهورهكهین، نه‌وه‌ی سووتان و په‌ڕینه‌وه، له یه‌ك كاتدا نه‌وه‌ی مردن و لهدایكبوونین، وه‌لێ هه‌زار ئه‌فسووس، تا سه‌ر ئێسقان مردنی جیهانه كۆنه‌كه ده‌بینین، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بێت چاومان به كلی له‌دایكبوونی جیهانه نوێیه‌كه بڕێژین. ئه‌مه چاره‌نووس و قه‌ده‌ری ئێمه‌یه. ئێمه نه‌وه‌ی قوربانیدان و قۆچی قوربانیین. جیهانی نوێ ته‌نها له سه‌ر داروپه‌ردووی ئێمه بوناد ده‌نرێت. نازانم بۆچی ئه‌م بیرۆكه‌یه، ئه‌و دێڕه شیعره جوانه‌ی “خه‌لیل حاوی”م بیر ده‌هێنێته‌وه:
به‌یانییان به ئه‌سپایی به سه‌ر پرده‌كه‌دا ده‌په‌ڕنه‌وه
په‌راسووه‌كانم بۆ ئه‌وان بووه‌ته پردێكی پته‌و
تاكو له ئه‌شكه‌وته‌كان و زۆنگاوه‌كانی خۆرهه‌ڵاته‌وه
ببپه‌ڕنه‌وه به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتێكی نوێ
په‌راسووه‌كانم بۆ ئه‌وان بووه‌ته پردێكی پته‌و
تۆ بڵێی خه‌لیل حاوی پێشبینیی ئه‌و دابڕانه گه‌وره‌یه‌ی كردبێت، كه ڕۆژێك له ڕۆژان، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، خۆی به سه‌رماندا ده‌سه‌پێنێت؟ مه‌به‌ستم دابڕانه له نێوان كۆن و تازه‌دا، یان له نێوان ئوسوڵییهت و پۆست ئوسوڵییهتدا؟ تۆ بڵێی دركی پێ كردبێت؟ به‌ڵام هه‌موو شیعری تازه‌گه‌ریی عه‌ره‌بی ده‌ركیان پێ كردووه، گه‌ر نا، بۆچی ئاوا هێرشیان كرده سه‌ر؟ ئه‌وه دابڕانێكی ناچارییه و پێوسته ئه‌نجامی بده‌ین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له سه‌رده‌می بن لادن و ئه‌شكه‌وته‌كانی تۆرابۆراوه بگوێزینه‌وه بۆ سه‌رده‌می هه‌وای كراوه و تازه‌گه‌ری و ئازادی.
هه‌رچۆنێك بێت، له‌وانه‌یه شاعیره لوبنانییه‌كه هه‌ستی به مه‌ترسی و ترسناكیی مه‌سه‌له‌كه كردبێت. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره بێت خۆی كوشت، ئه‌مه ته‌نها گریمانه‌یه‌كه و هیچی تر.
سه‌رچاوه:
به‌شی كولتوور له ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، یه‌ك شه‌ممه، 28ی ئه‌یلوولی 2025