بۆچی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌ورووپی سه‌ركه‌وت و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی شكستی هێنا؟
بۆچی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌ورووپی سه‌ركه‌وت و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی شكستی هێنا؟
فیكری ئیسلامیی دوای ئه‌ركۆن، هه‌مان فیكری ئیسلامیی پێش ئه‌ركۆن نییه
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
له كاتی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی محه‌مه‌د ئه‌ركۆن بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، كاتێكی زۆرم بۆ لێكدانه‌وه و به‌عه‌ره‌بیكردنی زاراوه بیانییه‌كان ته‌رخان كرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه ناچاری كردم چه‌ندین زاراوه‌ی نوێ و پێكهاته‌ی زمانه‌وانیی نوێ داتاشم، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له سووده‌كانی وه‌رگێڕانی ئه‌ركۆن، كه نابێت پشتگوێ بخرێت.
به‌ڵێ، ناچار بووم ده‌یان، بگره سه‌دان زاراوه داتاشم. من وه‌ك خۆم پێم وایه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی وه‌رگێڕان به مانای فراوانی وشه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت (نه‌ك ته‌نها وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ركۆن)، ئه‌وا ئێمه ده‌گه‌ین به زمانێكی عه‌ره‌بیی مۆدرێن و نوێ، زمانێك دینامیكیتر و نه‌رمتره و توانای هه‌یه گوزارشت له قورسترین و ئاڵۆزترین تیۆره زانستی و فه‌لسه‌فییه‌كان بكات. لێره‌وه “زمانی عه‌ره‌بیی دوای وه‌رگێڕان” به‌ته‌واوی هه‌مان ئه‌و “زمانه عه‌ره‌بییه‌ی پێش وه‌رگێڕان” نییه. سه‌روه‌ختێك كۆی دۆزینه‌وه زانستی و فه‌لسه‌فییه‌كانی ڕۆشنگه‌ری ده‌گوازینه‌وه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌گه‌ین به زمانێكی عه‌ره‌بیی مۆدرێن و زمانی “الضاد” ڕزگار ده‌كه‌ین.
ئه‌ڵبه‌ته هه‌موو ڕێنیسانسه گه‌وره‌كان له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕانه گه‌وره‌كان به‌دی هاتوون. سه‌یری ژاپۆن بكه‌ن، له جیهاندا گه‌وره‌ترین وڵاتی وه‌رگێڕانه، له هه‌مووان زیاتر به‌سه‌ر مۆدێرنه‌ی خۆرئاوادا كراوه‌یه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژاپۆن ڕه‌سه‌نایه‌تیی خۆی و كه‌سایه‌تییه مێژوییه قووڵه‌كه‌ی له ده‌ست نه‌داوه. كرانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا، مانای ئه‌وه نییه له‌واندا بتوێیته‌وه، به‌ڵكوو مانای سوودوه‌رگرتنه له باشترین ئه‌و شتانه‌ی پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تییان كردووه و به‌گه‌ڕخستنیه‌تی له‌پێناو خزمه‌تكردن به كو‌لتووری خۆماڵی یان نیشتمانی. واته وه‌رگرتنی لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی مۆدێرنه‌ی خۆرئاوا و فڕێدانی لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی.
هه‌نووكه با ئه‌م پرسیاره بكه‌ین: بۆچی ئه‌ركۆن و ڕۆشنگه‌ری پێكه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه؟ چونكه ئه‌و نوێترین میتۆدی به‌سه‌ر كه‌له‌پووری عه‌ره‌بیی ئیسلامیماندا پراكتیزه كرد، كه پێشتر له ئه‌ورووپا به‌سه‌ر كه‌له‌پووری مه‌سیحیدا پراكتیزە كرابوو، به‌مه‌ش ئه‌ورووپا تا ئاستێكی زۆر ڕۆشن و نوێ بووه‌وه. بگره ئه‌ورووپای له هه‌موو كه‌ڵه‌كه‌بوون و خه‌ڵته و تاریكبینییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ڕزگار كرد. ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی تیشكی پرشنگداری ڕووناكی بخرێته سه‌ر كه‌له‌پوور و ده‌قه ئایینییه‌كان، كه پێشتر شتی له‌و جۆره ڕووی نه‌دابوو. هه‌موو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب له‌مه‌دا شكستیان هێنا، ته‌نها ئه‌ركۆن نه‌بێت. ئه‌و تێگه‌شتنی ئێمه‌ی بۆ كه‌له‌پووری ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن تازه كرده‌وه كه پێشتر نه‌مانبینیبوو، گرنگی و مه‌زنیی ئه‌ركۆن ئا لێره‌دایه و هه‌ر ئه‌مه‌شی لێ ده‌مێنێته‌وه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. كه‌واته فیكری ئیسلامیی دوای ئه‌ركۆن، هه‌مان فیكری ئیسلامیی پێش ئه‌ركۆن نییه.
ئه‌ركۆن دوای پراكتیزەكردنی ئه‌و هه‌موو میتۆده مێژوویی و فه‌لسه‌فییه نوێیانه به‌سه‌ر كه‌له‌پووره گه‌وره‌كه‌ماندا، به دید و تێڕوانینێكی ته‌واو تازه و دره‌وشاوەوه، بۆ میراتی كه‌له‌پووری مه‌زنی ئیسلام، دێته ده‌ره‌وه. وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ر له مه‌لۆتكه‌ییه‌وه له‌نێو دید و تێڕوانینی ته‌قلیدی و كۆنی شێخ و مه‌شایخه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا تواوینه‌ته‌وه، بۆیه زۆر به‌زه‌حمه‌ت له‌و دیده نوێیه تێده‌گه‌ین كه خاوه‌نی كتێبی “ڕه‌خنه له عه‌قڵی ئیسلامی ئوسوڵی” گه‌ڵاڵه‌ی كردووه. ئه‌و دیدێكی نوێی ڕۆشنگه‌رانه‌ی ڕزگاریخوازانه بۆ كه‌له‌پووره مه‌زنه‌كه‌مان پێشكه‌ش ده‌كات و ته‌نها به دووباره‌كردنه‌وه و كاوێژكردنی، دیده ته‌قلیدییه كه‌له‌پوورخوازییه چه‌قبه‌ستووه‌كه ڕازی نابێت، كه به درێژایی سه‌ده‌كان باڵاده‌ست بووه. ئه‌وه دیدێكی تاریكبینه و ئێمه‌ی گه‌یاندووه به دیوارێكی داخراو، بگره ئێمه‌ی خستووه‌ته نێو پێكدادانێكی وێرانكه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهان. له هه‌موو ئه‌وه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی خواره‌وه: به‌بێ سه‌ركه‌وتنی لێكدانه‌وه‌ی نوێی ڕۆشنگه‌رانه بۆ ئایین، به‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی كۆن و تاریكبینه‌كه بۆ ئایین كه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناگونجێت، هیچ ڕزگاربوونێك له ئارادا نابێت.
ئه‌ركۆن كاتێك ده‌نووسێت، ئه‌وا هه‌میشه به ڕێگەی به‌راوردكاری بیر ده‌كاته‌وه. به‌شی هه‌ره زۆری بابه‌ته‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌بێت، له گۆشه‌نیگای عه‌ربی ئیسلامی و گۆشه‌نیگای خۆرئاوای مه‌سیحییه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌میشه ئه‌م پرسیاره ده‌خاته ڕوو: بۆچی ڕێنیسانسی ئه‌ورووپی سه‌ركه‌وت و ڕێنیسانی عه‌ره‌بی یان ئیسلامی شكستی هێنا؟ بۆچی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌ورووپی سه‌ركه‌وت و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی، كه پێش ئه‌و به شه‌ش سه‌ده له ئارادا بوو، شكستی هێنا؟ پاشان به‌تایبه‌تی ئه‌م پرسیاره ده‌كات: بۆچی فوقه‌هاكانی ئێمه فه‌لسه‌فه‌یان ته‌كفیر كرد، ئه‌مه له كاتێكدا بوو فه‌لسه‌فه لای ئه‌ورووپییه‌كان گه‌شه‌یه‌كی ته‌واوی كردبوو؟ هیچ گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌ورووپییه‌كان به درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، وه‌ك ئێمه و زیاتریش، فه‌لسه‌فه‌یان ته‌كفیر كردبوو، به‌ڵام ئه‌وان له (دیكارت)ـه‌وه بگره ته‌نانه‌ت پێش (دیكارت)ـیش، وازیان له‌و ته‌كفیكردنه‌ی فه‌لسه‌فه هێنا.
ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌ر ته‌كفیركردنی فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سووفه‌كان نه‌بووایه، ئه‌وا بزووتنه‌وه ئوسوڵییه‌كانی ئیخوان موسلمین و خومه‌ینییه‌كان ده‌یانتوانی له ساته‌وه‌ختی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی خومه‌ینیی ساڵی 1979، بگره له كاتی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان موسلمین له ساڵی 1928دا كۆنترۆڵی گۆڕه‌پانه‌كه بكه‌ن و هه‌ژموونی خۆیان بسه‌پێنن؟ بۆچی حه‌سه‌ن به‌نا و سه‌ید قوتب و قه‌رزاوی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ته‌ها حسێن و عه‌قاد و نه‌جیب مه‌حفوز و ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كانی دیكه‌ی ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی؟ مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه: بۆچی له شه‌قامدا سه‌ركه‌وتن، نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ڕۆشنبیریی ڕاسته‌قینه و نوخبه ڕۆشنبیره‌كه، ئه‌وان ئه‌و شتانه‌یان نییه؟ پاشان بۆچی خومه‌ینی سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر داریوشی شایگان و عه‌بدولكه‌ریم سرووش و ڕۆشنبیره گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ئێران؟ مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه: بۆچی خومه‌ینی به‌و هه‌موو ئاسانییه شه‌قامی ئێرانی كۆنترۆڵ كرد؟ به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌ك… چونكه مێژوو هێشتا دواهه‌مین قسه‌ی خۆی نه‌كردووه.
پێویسته ئه‌وه بزانین ئه‌ركۆن، به‌و پێیه‌ی له زانكۆی سۆربۆن مامۆستایه‌كی ڕه‌سه‌ن بوو، ده‌زانێت له ناوه‌وه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك مۆدێرنه‌ی ئه‌ورووپی دروست بووه. ئه‌و به شێوه‌یه‌كی قووڵ و له میانه‌ی مێژوویه‌كی توولانی، ئاگاداری كاروانی فیكری ئه‌ورووپی بوو. هه‌روه‌ها ئاگاداری فیكری عه‌ره‌بیی ئیسلامی بوو له میانه‌ی مێژووه دوورودرێژه‌كه‌یەوە. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و ده‌زانێت چۆن به شێوه‌یه‌كی ورد به‌راوردكاری له‌نێوان هه‌ردوو كاروانه‌كه‌دا بكات و ده‌زانێت ئه‌مه‌یان بۆ ڕاوه‌ستا و ئه‌وی دییان بۆ ڕانه‌وه‌ستا. سه‌رباری ئه‌وه، ده‌زانێت چۆن چۆنی داخرانه مێژووییه‌كان و قه‌یرانه‌كانی ئێستا ده‌ستنیشان بكات، كه ته‌واوی عه‌ره‌ب و موسڵمانان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن.
ئا لێره‌وه ناونیشانی كتێبه به‌ناوانگه‌كه‌ی دێت: “له‌پێناو ده‌رچوون له دیواره دۆگماییه داخراوه‌كاندا”، واته له‌پێناو ده‌رچوون له داخرانه تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كان كه حاڵی حازر به ڕووماندا ده‌ته‌قنه‌وه و خه‌ریكه یه‌كێتیی نیشتمانیمان به‌ته‌واوه‌تی خاپوور و وێران ده‌كات، هه‌موو ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌و كاره‌ساته ترسناكانه‌وه‌یه كه گروپ و ده‌سته و تاقمه ده‌مارگیر و توندڕه‌وه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. پاشان له قسه‌كانی ئه‌ركۆنەوە له‌وه تێده‌گه‌ین، خۆراوا به هۆی سه‌ركه‌وتنی تیۆلیژیای ڕۆشنگه‌ری، به‌سه‌ر تیۆلۆژیای مه‌سیحیی كۆنی ته‌كفیركه‌ر، توانیی سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریك و دابه‌شكارییه تائیفییه‌كه‌ی و جه‌نگه ناوخۆییه‌كانی. كه‌چی ئێمه هێشتا له‌نێو شه‌ڕه‌كه‌دا په‌له‌قاژێمانه و به ئاگره گه‌رمه‌كه‌ی ده‌سووتێین. كه‌لێن و جیاوازیی مێژوویی نێوان عه‌ره‌ب و خۆراوا ئا لێره‌دایه.
ئه‌ركۆن پێی وایه ئێمه ناتوانین به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست له كه‌له‌پووری ئیسلامی تێبگه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌راوردی نه‌كه‌ین به كه‌له‌پووری ئایینه‌كانی دیكه، كه پێش ئیسلام له ئارادا بوون، به‌تایبه‌ت كه‌له‌پووری یه‌هودی و مه‌سیحی. ئاخر سه‌رباری بوونی ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه‌ی نێوانیان، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موویان سه‌ر به ژێده‌رێكی هاوبه‌شن، كه زاناكان پێی ده‌ڵێن: كه‌له‌پووری ئیبراهیمیی یه‌كتاپه‌رست. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌ركۆن زۆر جار داوای ئه‌وه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه، له زانكۆكانیاندا به‌شی خوێندنی به‌راوردكاریی نێوان ئایینه‌كان بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو تێگه‌شتن له جیاوازی و لێكچوونی نێوان سێ ئایینه گه‌وره‌كه‌ی ئیبراهیمی. ئه‌ڵبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له خۆمان تێبگه‌ین، پێویسته له‌وانی دیكه تێبگه‌ین. به واتایه‌كی دی: به شێوه‌یه‌كی باشتر له ئایین و كه‌له‌پووره‌كه‌مان تێده‌گه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌راوردمان كرد له‌گه‌ڵ ئایینه ئیبراهیمییه‌كانی دیكه‌دا و ئه‌زموونه مێژووییه‌كانی ئه‌وانمان خوێنده‌وه و پێیان ئاشنا بووین.
ئێمه به‌تایبه‌تی ئه‌وه ده‌ڵێین، چونكه جووله‌كه و مه‌سیحییه‌كانی ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یەمەوەوه به قۆناغی له‌بێژنگدانی ڕۆشنگه‌ریدا تێپه‌ڕیون. ئه‌مه له كاتێكدایه، ئێمه هێشتا به‌و قۆناغه‌دا تێنه‌په‌ڕیوین. كێشه‌كه دروست ئا لێره‌دایه. وه‌لێ كاره‌ساته‌كه ئه‌وه‌یه، ئیخوان موسلمین و خومه‌ینییه‌كان و تاریكبینه‌كانی دیكه ڕێگری له‌م كرانه‌وه‌یه ده‌كه‌ن و به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه ڕووبه‌ڕووی وه‌ستاونه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و كرانه‌وه‌یه هه‌ڕه‌شه له ڕه‌وایه‌تییه‌كه‌یان ده‌كات و كه‌موكووڕی و عه‌یبوعاره‌كانیان ده‌رده‌خات. ئه‌و كرانه‌وه‌یه هه‌ڕه‌شه له تێگه‌شتنه كۆنه‌كه‌یان بۆ ئایین ده‌كات، كه هیی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌وه، ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌هێنمه‌وه: كاتێك ئیمارات له‌سه‌ر خاكی دوورگه‌ی ئه‌لسه‌عیدیات له ئه‌بو زه‌بی “ماڵێ خێزانی ئیبراهیمی”ی دروست كرد، ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه كه ئیمارات ده‌یه‌وێت ئیسلام له دینێكی غه‌ریب و عه‌جیبدا بتوێنێته‌وه كه خودا بۆ هیچ كه‌سێكی دانه‌به‌زاندووه. ئێ ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی گێلایه‌تییه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نیه‌تی خراپ و هه‌وڵی شێواندنی به‌ئه‌نقه‌ستی له‌پشته‌وه نه‌بێت. ئاخر له‌م هه‌وڵه‌ی ئیماراتدا، ئیسلام وه‌ك ئیسلام و مه‌سیحی وه‌ك مه‌سیحی و یه‌هودی وه‌ك یه‌هودی ده‌مێنێته‌وه. ئایینه گه‌وره‌كان تا هه‌تایه وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام تێگه‌شتن لێیان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. تێگه‌شتنی لێبورده‌یی و ڕۆشنگه‌ریی سه‌ده‌كانی مۆدێرنه بۆ ئایین، هه‌مان تێگه‌شتنی ده‌مارگیری یان تاریكبینیی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست نییه.
ئیمارات سه‌روه‌ختێك له‌ته‌نیشت کنێستێکی (پەرستگە) جووله‌کەوه كڵێسایه‌كی مه‌سیحی و مزگه‌وتێكی ئیسلامی دروست ده‌كات، به‌وه ده‌یه‌وێت دیالۆگیكی مێژوویی له‌نێوان سێ ئایینه‌كه‌دا بێنێته ئاراوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و سێ ئایینه تێكه‌ڵ به یه‌كتر بكات.
ئاشكرایه وه‌ك بیرمه‌ندی به‌ناوبانگ هانز كۆنگ ده‌ڵێت: “له جیهادا ئاشتی ڕوو نادات، ئه‌گه‌ر ئاشتی له‌نێوان ئایینه‌كان ڕوو نه‌دات”. ئیمارات به‌نیاز بوو وێنه‌یه‌كی پرشنگداری ئێمه پێشكه‌ش بكات، ئه‌و وێنه ڕه‌ش و ترسناكه لا ببات كه له‌دوای لێدانه تاوانكارییه گه‌وره‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ر و پاشان ته‌قینه‌وه خوێناوییه‌كانی دیكه له سه‌رتاپای جیهان به‌رۆكی گرتووین و پێمانه‌وه نووساوه. ئیمارات به‌وه گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشكه‌ش به عه‌ره‌ب و موسڵمانان كرد. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی سوپاسی بكه‌ن، په‌لاماریان دا. وای له‌و گه‌له‌ی به هۆی دواكه‌وتووییه‌كانیه‌وه، گه‌لانی دی پێی پێده‌كه‌نن!
كێشه‌ی ئیخوان و خومه‌ینییه‌كان ئه‌وه‌یه، له‌و باوه‌ڕه‌دان تێگه‌شتنه كۆنه‌پارێز و دواكه‌وتووه‌كه‌یان بۆ ئیسلام، تا ئه‌به‌د و بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ڵام به هه‌ڵه‌دا چوون. ئه‌وان ئه‌گه‌رچی تا ئێستاش له شه‌قامی عه‌ره‌بی یان توركی یا ئێرانی به هۆی دواكه‌وتوویی جه‌ماوه‌ر و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژارییه‌كه‌یه‌وه هه‌ندێك جه‌ماوه‌ریان هه‌یه، وه‌لێ له دواجاردا شكست ده‌هێنن و له‌به‌ر دوو هۆكار ده‌دۆڕێن:
هۆكاری یه‌كه‌م: ئه‌وه‌یه ئه‌وان دژ به جووڵه‌ی مێژوو، دژ به ڕۆح و جه‌وهه‌ری سه‌رده‌مه نوێیه‌كان هه‌نگاو ده‌نێن. بگره ته‌نانه‌ت دژ به جه‌وهه‌ری پاك و بێگه‌ردی ئیسلام -ئه‌گه‌ر به ڕاستی و دروستی له ئیسلام تێبگه‌ین- هه‌نگاو ده‌نێن. هه‌روه‌ها ڕۆژگارێك دێت جه‌ماوه‌ر تێگه‌یشتووه و پێش كه‌وتووه و تا هه‌تایه به نه‌زانی و دواكه‌وتوویی نامێنێته‌وه.
هۆكاری دووه‌م: ئه‌وان نازانن یان خۆیان له گێلی ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی كه‌له‌پووری مه‌زنی ئیسلام له سه‌رده‌می زێڕینی خۆیدا، نه‌ك له سه‌رده‌می داڕمان و پاشه‌كشه‌دا، پڕ بوو له لێكبورده‌یی و مه‌یلی مرۆڤدۆستی و فه‌لسه‌فی قووڵ. ئاشكرایه ئه‌م بزووتنه‌وه ئیخوانی و خومه‌ینییانه و ئه‌وانی دیكه‌ی هاوشێوه‌یان، میراتگری ڕاسته‌وخۆی سه‌ده دوورودرێژه‌كانی داڕمانن، كه تا ئێستاش نه‌ماتوانیوه خۆمان له چنگی ڕزگار بكه‌ین.
سه‌رچاوه:
به‌شی كو‌لتووری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 5ی ئۆكتۆبه‌ری 2025