فاتمە، جگەرەیەک بۆ ژنی کوردیش داگیرسێنە
فاتمە، جگەرەیەک بۆ ژنی کوردیش داگیرسێنە
شانۆنامەیەک، پێویستە هەمووان بیخوێنینەوە
ڕانانی: ئیدریس عەلی
بەش بە حاڵی خۆم، خوێندنەوەی تێکستی شانۆیی و شانۆنامە، بەتایبەت ئەگەر شانۆنامەکە سەبارەت بە دۆخێکی دیاریکراو، یان هەلومەرجێکی واقیعی بێت، چێژی خودی نمایش، ڕۆمان و چیرۆکێکی گەورەم پێ دەبەخشێت، ئاخر شانۆنامە زمانێکە سەر بە ماڵی هیچکام لە زمانی هونەرەکانی دیکە نییە، دنیایەکە سووک و ئاسان، سوود لە سەرچاوە کەلەپوورییەکان، مێژوو و ڕووداوە بەرجەستەکانی ڕابوردوو دەبینێ و ڕاستەوخۆ موخاتەبەی خوێنەر دەکات.
لە خوێندەوەی شانۆنامەدا هەست بە ترپە و لێدانی دڵی کارەکتەرەکان دەکەم، لەگەڵ هەر حیوار و ڕستەیەکدا، دەیان وێنە و جووڵەی کارەکتەرەکان دێنە نێو زیهن و خەیاڵمەوە، ئاخر لە شانۆنامەدا هێزێکی بێوێنەی گێڕانەوە هەیە، ئەم هێزە لەژێر دەست و کۆنترۆڵی حیکایەتخوان، یان گێڕەڕەوەیەکی دیاریکرا، ناسراو و تاکڕەهەنددا نییە، بەڵکوو هەمووان، بە کارەکتەر، نووسەر و خوێنەرانیشەوە، هاوبەشن لەو هێزی گێڕانەوەیەدا و پێکەوە ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو پێشەوە دەبەن.
یەکێک لەو شانۆنامانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خوێنەر دروست دەکات، بریتییە لە شانۆنامەی (لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم)، ژنەنووسەری عەرەب (ڕەیحانە) نووسیویەتی و خانمی نووسەر و شانۆکار (فرمێسک مستەفا) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بەرهەمە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە ڕیزی ئەو دەیان کتێبە باش و دانسقانەدایە کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سەرەتای مانگی دە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبدا، لە شاری سلێمانی نمایشی کردن.
شانۆنامەکە سەبارەت بە دۆخی ژنانی عەرەب بەگشتی و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتی جەزائیرە لە سایەی جەنگی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا، بەریەککەوتنی چەکدارانەی هێزە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتداران دۆخێکی نالەباری ئەوتۆی لە وڵاتەکەدا خولقاندووە، کە هەرچی بەهای مرۆیی و جوانی هەیە بەرەو داڕمانی یەکجارەکیی دەبەن، بەتایبەت لەم هەلومەرجەدا ژنان یەکەمین قوربانیی جەنگ و ململانێی هێزە نەیارەکانن، زیندووکردنەوەی نەریتە کۆنەکان و بەرتەسککردنەوەی مەوداکانی ئازادی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دەروونی تاکەکان بەگشتی و ژنان بەدیاریکراوی دروست کردووە.
دیمەنەکان لە یەک شوێندان، بەدیاریکراوی لەنێو حەمامێکدایە، کە شەفتێک بۆ پیاوانە و شەفتێکیش بۆ ژنان، هەڵبژاردنی حەمام لەم شانۆنامەیەدا خۆی لە خۆیدا بڕیارێکی زیرەکانە و ئازایانە لەلایەن خانمی نووسەرەوە، چونکە لەوێدا هەمووان ڕووت دەبنەوە و بێ ماسک و ئارایش دەبینرێن، جگە لەوەش، بەگشتی حەمام بۆ ژنان جەرگەی گێڕانەوەی حیکایەتە گەورەکان و درکاندنی نهێنییە مەترسیدارەکانە، ئێ لە شانۆنامەکەشدا هەم ڕووداوە مەترسیدارەکان دەگێڕرێتەوە، هەم نهێنییە ترسناکەکان ئاشکرا دەکرێن.
لە حەمامەکەدا ئێمە کۆمەڵێک ئافرت دەناسین، هەریەکەیان سەر بە دونیا، خولیا و خەونی تایبەت بە خۆی و ئاستی هۆشیاری و پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتین، فاتمە کە وەک شاکارەکتەری شانۆنامەکە دەناسین، کەسێتییەکی یاخیی هەیە و ڕەخنەی لەو ژیانە هەیە کە تێیدا دەژی، تەمەنی ٥٠ ساڵە و ناتری حەمامە؛ زاهیدە ٣٠ ساڵانە و لە ژنە ئیسلامییە پەڕگیرەکانە؛ مادام مۆنی کۆچبەرێکی دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسایە و ٥٠ ساڵانە؛ سامیە تەمەنی ٢٩ ساڵانە و یارمەتیدەری فاتمەیە لە کاری ناتریدا، لای سامییە زەواج و هاوسەرگیری دەرگای بەهەشتی بۆ دەکاتەوە؛ نادیە قوتابیی زانکۆیە و گەنجە؛ لویزا ژنی ماڵەوەیە و ٦٠ ساڵانە؛ عایشە ڕۆڵی خەسوو دەبینێت و ژنێکی بێزارکەرە؛ کەلسووم ٣٥ ساڵانە و مامۆستایە؛ مەریەم کچێکی گەنجە و دووگیانە، براکەی لە ئەورووپاوە گەڕاوەتەوە تا مەریەم و کۆرپەلەکەی نێو سکی بکوژێت، ئەمەش پێمان دەڵێت کە پیاوی ڕۆژەڵاتی هەرچەند لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بژین، بەڵام لەباری شەرەفەوە خۆیان بە پاسەوانی خوشک و کچەکانیان دەزانن و ئامادەن سووک و ئاسان ورگی خوشکەکانیان هەڵدڕن… ئێمە لەم شانۆنامە و لە هیچکام لە دیمەنەکانیدا بەر پیاو ناکەوین، تەنیا دەنگ و کاریگەرییە پیاوسالارییەکانیان لەسەر ژنان دەبینین.
هەڵبژاردنی هەریەک لەم کارەکتەرە جۆراوجۆرانە، نموونەگەلێکن بۆ کۆی ژنانی کۆمەڵگەی عەرەبی و پرسە ئاڵۆزەکەیان، هەرکام لەو ژنانە بەرگری لە دۆزێک دەکەن و جگە لە ژنبوون و قوربانیی ژنبوونیان، هیچ خاڵێکی هاوبەش پێکەوە کۆیان ناکاتەوە، بەڵام دواجار کە مەترسیی پەلاماری پیاوانی شەرەفپارێز و ئایینی دەکەوێتە سەریان، هەمووان جیاوازییەکانی نێوانیان وەلا دەنێن و بە شوناسی ژنبوونی خۆیانەوە دەردەکەون و بەرگری لە ڕەگەزی خۆیان دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە پەیامە سەرەکییەکانی شانۆنامەکە، کە ژنان لە هەر ئاست و پلە و پێگەیەکدا بن، پێویستە سەبارەت بە دۆز و پرسە ڕەگەزییەکەیان یەکدەست و یەکڕیز بن، چونکە لە وڵات و کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، بەدیاریکراوی ئەو وڵاتانەی ئیسلامییە پەڕگیر و توندڕەوەکان زۆرینەی بن، ژنان وەک نێچیرێک سەیر دەکرێن و بەپێی یاسا ئایینی و نەریتە کۆنەکان، ژنان لە بوونەوەرێکی کارا و بیرکەرەوەوە دەبن بە دەزگایەکی چێژبەخشین، لە مرۆڤێکەوە کە خەونی بەشداریکردنی کایەکانی ژیانیان هەیە، دەبن بە سەرچاوەیەک بۆ منداڵخستنەوە و نۆکەریی پیاو، ئەم شانۆنامەیە کتومت لە وەها دۆخ و هەلومەرجێکدا نووسراوە و حیکایەتی غەمگینیی ژنانی وڵاتی جەزائیر دەگێڕێتەوە، کە چۆن لەژێر پێی کۆمەڵگەی نێرسالار و هێرشی پەڕگیرەکاندا پلیشاونەتەوە.
ئەم شانۆنامەیە جگە لە ئاستە هونەرییەکەی و پەیامە ئینسانییەکەی، شاهێدی لەسەر قۆناغێکی دیاریکراوی وڵاتی جەزائیر دەدات، کە بە هۆی بەگژداچوونی سەربازیی نێوان هێزە ئیسلامییەکانی خوازیار بە دەسەڵات و چکدارانی حکومەتی ئەو وڵاتەوە، دۆخی ئاسایشی هاووڵاتییان تێک دەچێت و گرانی و برسێتی و بێکاری ڕوو لە وڵاتەکە دەکات، دۆخەکە بە هۆی جەنگی خوێناویی ناوخۆوە بە شوێنێک دەگات، کە ئیدی هیچ تاکێک متمانەی بەوی دی نامێنێت، کارەساتی گەورە لێرەدا خودی جەنگەکە نییە، بەڵکوو دەرەنجام و دەرهاویشتەکانی پشت جەنگەکەیە، کە دیارترینیان زاڵبوونی فەزای دواکەوتوویی و گەڕانەوەی کۆمەڵگەیە بۆ زەمەن و سەدە تاریکەکان، جا لە وەها دۆخ و هەلومەرجێکدا، کەسانی هۆشیار و بیرکەرەوە، کەسانێک کە بە هۆی ئاستی هۆشیارییانەوە نایانەوێت ڕادەستی ئەو دۆخە ترسناکە ببن، زیاتر هەست بە ترسناکیی ئەو ساتەوەختە دەکەن کە تێیدا دەژین، هەر ئەم پرس و دۆخەیە کە وا لە (ڕەیحانە) نووسەری ئەم شانۆنامەیە دەکات کە وڵات جێ بهێڵێت و لە ئەورووپا ساتە پڕ لە تەنیایی و غەریبییەکانی خۆی بژی، لەو دۆخە ئاڵۆزە دەروونییەدا ئەم ژنە نووسەرە لە ڕێی ئەم شانۆنامەیەوە دنیا لەو تاوانە ئاگادار دەکاتەوە کە دەرهەق بە ژنان دەکرێن.
پەیامێکی دیکەی ئەم شانۆنامەیە، ئەوەیە کە نووسەر پێمان دەڵێت لە هەموو ئەو کێشە و ململانێ و جەنگانەدا کە پیاوان دەیخولقێنن، قوربانییە گەورەکان ژنانن، ژنان خۆیان هەستی پێ بکەن یان نا، هۆشیار بن یان دواکەوتوو، خاوەنی بڕوانامە بن یان نەخوێندەوار، پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان هەرچۆنێک بێت، قوربانییە گەورەکەن و دەبێت خۆیان بۆ ڕزگاری و ئازادی پشتی یەکتر بگرن و یەکڕیز و یەکدەست بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بکەن.
هەر وەک خاتوو (فرمێسک مستەفا)، وەرگێڕی کتێبەکە، ئاماژەی بۆ کردووە، ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠١ وڵاتی جەزائیر بە دۆخێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دژواردا تێدەپەڕێت، دەرەنجامی شەڕێکی خوێناویی نێوان دەسەڵاتی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە و چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەبێت: لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا نزیکەی دوو سەد هەزار هاووڵاتیی جەزائیری دەبنە قوربانیی بەربەرەکانێی نێوان حکومەتی جەزائیر و چەکدارە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە، کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون.
هەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا، خاتوو فرمێسکی وەرگێڕ و هونەرمەند سەبارەت بە هەڵبژاردنی حەمام بۆ ڕووداوەکانی نێو شانۆنامەکە، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە حەمام ئەو پانتاییەیە ژنان ئازادییەکی ڕەهایان تێیدا هەیە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتردا، لە پیشاندانی جەستەی خۆیان بۆ یەکتر: لە حەمامی ژناندا وەک یەک یەکسان دەبن، نهێنییەکانی ژیانیان، سەرگوزشتە و بەسەرهاتەکانیان بۆ ئەوانی تر واڵایە، کاتێ جەستە ئازاد دەبێت، مرۆڤ لە ناوەوەی خۆشیدا ئازادە، دەتوانێت بەکراوەیی لە خۆی بدوێت، بڕیار بدات.
ڕەیحانە، نووسەری ئەم شانۆنامەیە، لە سەروبەندی ئەو گرژی و پێکدادانەی وڵاتەکەی، بەتەنیا بەرەو وڵاتی فەڕەنسا هەڵدێت و کوڕەکەی و هاسەرەکەی لە جەزائیر دەمێننەوە، ژیانێکی تەنیا و سەخت دەژی، ڕەیحانە بۆ هەتاهەتایە ڕەتی دەکاتەوە کە ئیتر لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەدا گوزەران بکات: ڕەیحانە وەک نووسەرێک نایەوێ بێدەنگ بێت، شانۆ هەڵدەبژێرێت تا لێوەی باس لەو زوڵم و زۆردارییە بکات، کە بەرامبەر بە ژنەکانی ناوچەکەی دەکرێت، پیاوسالاری دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر چەندین دیاردە، وەک بەشوودانی زۆرەملێ، نەخستنەبەرخوێندن، زیندەبەچاڵکردنی خەونەکانی کچۆڵەییان، پەروەردەی خێزان و جیاوازیکردن لەنێوان کچ و کوڕەکانیاندا، لە هەمان کاتدا دایک تاوانبار دەکات بەوەی بەرگریکاری کچەکانیان نابن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پیاوسالاریدا.