لە بەستەڵەکی کوردبووندا

لە بەستەڵەکی کوردبووندا

خوێندنەوەی کتێبی “بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا: شۆڕش یان یاخیبوون؟”

بەختیار حەمەسوور

لەبەر دەم کتێبێکی ئێجگار نایابداین. ئەم کتێبە نەک بەتەنیا دەروازەیەک، بەڵکوو دەمانخاتە ناو پانتاییەکی بەرینەوە لە مێژووی کورددا، خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە، نەک بەتەنیا بۆ ئێمەی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو کەسانەش کە دەیانەوێت مێژووی پارچەیەک لە پارچەکانی ئێمە بزانن و بخوێننەوە. ئەم کتێبە لە نووسینی پاوڵ وایتە، وەرگێڕی بەتوانا و پڕکار، وەرگێڕێک کە پڕۆژەی وەرگێڕانەکەی تەرخان کردووە بۆ ئەم چەشنە کتێبانە و دواتر لەو پێشەکییەی بۆ ئەم کتێبەی نووسیوە دەدوێین، وریا ڕەحمانی، لە زمانی ئینگلیزییەوە، لە دووتوێی ٣٠٠ لاپەڕەی قەوارە گەورەدا وەری گێڕاوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

هاوتەریب و هاوکاتی چاپ

ئەم کتێبە لەمساڵدا (٢٠٢٥) چاپ دەبێت، کتێبەکە وەک لە ناوەکەیڕا دیارە، تایبەتە بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، ئەم کتێبە مێژوویی و سیاسییە، وەک ئاشکراشە لەمساڵدا بوو کە شایەتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر بەرچاو و گەورە بووین لەو بەشەی کوردستان، دیارترینیان پرۆژەی ئاشتەوایی و چەکدانانی پەکەکە بوو لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیادا، هەڵبەت ئەم ڕووداوە هەر زۆر بەخێرایی، وەک ئاگر لە پووشی دەشتایی، بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە و بە هەزاران خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، چ وەک هەنگاوێکی گرنگ و چ وەک شکستێک، دەربارەی نووسرا و گوترا، ئێمە لێرەدا ناچینە ناو ئەو هەڵسەنگاندنانەوە، بەڵام پێمان وایە ڕێک لەم ساتەوەختەدا، بۆ خوێندنەوەیەکی تۆکمە و پتەو، خوێندنەوەیەک کە ڕیشەدار بێت و بتوانێت فراوان هەموو ئەو ڕابوردووە ببینێت کە لەو بەشەی کوردستان ڕووی داوە و بۆ گەیشت بەم ساتە، یەکێک لە کۆمەکە هەرە گرنگەکان، خوێندنەوەی ئەم کتێبەی پاوڵ وایتە. کە وایە، بۆ ئاشناییەکی پانۆرامایی بەم کتێبە و ناوەرۆکە دەوڵەمەندەکەی، پێمان باشە گەشتێک بە هێڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبەدا بکەین، بەو هیوایەی خوێندنەوەی ئەم وتارە هاندەر و پاڵنەرێک بێت بۆ خوێنەری کورد، تا لە خوێندنەوەی یەکێک لە کتێبە زۆر باشەکان بێبەش نەبێت.

دوو تێز، یان میتۆدی پێشنیارکراو

پاوڵ وایت لە سەرەتای ئەم کتێبەدا دوو تێز پێشنیار دەکات بۆ خوێندنەوەی مێژووی بزووتنەوەی کورد لە تورکیا، دوو تێز یان دەستەواژە لە دوو بیرمەند و ڕووناکبیری ڕۆژئاوا، یەکەمیان ئیریک هۆبسباومە، کە خاوەنی دەستەواژەی “ڕاپەڕیوی پێنەگەیشتوو”ە؛ دووەمیان ماکس ڤێبەرە، کە دەستەواژەی “ڕێبەری کاریزماتیک”ی لێ وەردەگرێت و بەوپەڕی هەوڵ و کۆششەوە لەناو پانتایی و ڕووبەری لێکۆڵینەوەکەیدا دەرگیری باسەکانی دەکات.

پێمان باشە بەر لەوەی بچینە سەر ئەو دوو دەستەواژەیە، باس لەوە بکەین کە پاوڵ وایت چۆن کاری کردووە. لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا، نووسەر لەژێر ناوی “کورد کێیە؟” لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە، بەپوختی و بەچڕی هەوڵی ناساندنی مێژووی کورد دەدات، لە کۆنەوە بۆ تازە، مێژوویەک کە هەموو بەشەکانی کورد بگرێتە خۆی: زمان، نەتەوە، ئایین، دابونەریت، جوگرافیا، کۆمەڵناسی و… پاشتر هەر لەم بەشەدا دڵکارانە و بنکۆڵکارانە چوارچێوەی کارەکەی خۆی، کە ڕووبەرێکی دیاریکراوە لە بەشێکی دیاریکراودا (کورد لە تورکیا)، لەم مێژووەدا دەخوێنێتەوە.

هەر لە بەشەکانی دواتردا، دوو بەش دێت بە ناوەکانی “پێکهاتەی ئایینی و ئیتنتکیی کوردستانی تورکیا” و “پێشکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا (١٨٧٩-١٩٦٥)” لەم دوو بەشەدا توێژەر هەوڵ دەدات وێنای کورد لەناو مێژوودا، لە بەشێکی دیاریکراودا بەرجەستە بکات، لەم هەوڵەدا بەوپەڕی وردەکارییەوە ئاوقای ناو ئەو بابەتانە دەبێت کە دێنە ڕێی، بۆ کنە و پشکین، هەر لە هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو کتێبانەی لەلایەن لێکۆڵیارانی بیانی و خودی کوردانەوە نووسراون دەگەڕێت و بەدواداچوون دەکات، تا بگات بە ڕوونترین وێنە و واقیعترین ڕستە و ئەنجام لەسەر کوردان. بۆ وێنە، پاوڵ وایت زانیویەتی کە ڕۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردانیشدا چەند قایم و قورس پێی داناوە، هەر ئەوەشە بەوپەڕی گرنگییەوە لەسەر ڕۆڵی تەریقەتەکان و بزووتنەوە و حیزبە ئیسلامییەکان وەستاوە، لەناو ئەو مێژووەدا کە تایبەتە بە کوردانی تورکیا، پێگەی زازاکان و قزڵباشەکان لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا دیاری دەکات، ئەمانە دەبن بەو هێڵە سەرەکییەی کە دواتر و خۆبەخۆ ئەو مێژووە گشتییە پێک دەهێنن، کە دەبێتە بەرمەبنایەک بۆ ئەمڕۆ و ڕووداوەکانی هەنووکە، بە واتایەکی تر، جووڵە بەرچاو و کاریگەرەکانی ئەمڕۆ لە شوێنێکی تری زۆر دوورترەوە دەستیان پێ کردووە و زەبرەکەیان لە ئێستا و ئەمڕۆ و ئێرەدا کارا و بزۆزە.

لە بەشی دواتردا پاوڵ وایت یەکەم جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا و بەدیاریکراوی لە ناوچەی شەمزینان دەستنیشان دەکات، ئەویش شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییە لە ماوەی ساڵی ١٨٧٩ بۆ ١٨٨١دا، ئەمە یەکەمین جووڵانەوەی نەتەوەییە کە تێیدا کورد بە دەنگی بڵند و ڕوون داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردبێت، ئەم شۆڕشە، کە پاشتر لە سەدان بەڵگەنامە و ئەرشیفی دەوڵەتانی سەردەستدا باسی لێوە کراوە، ئەم شۆڕشە لە بەرگێکی ئایینی -تەریقەتی نەقشبەندی-دا خۆی ناساند و داواکانیشی لەو ڕێگەیەوە هاوپێچ کرد، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە لە شکست و ڕووخانی ئەم شۆڕشەوە چینێکی نوێ سەر دەردەهێنن بە ناوی “تورکە گەنجەکان”، ئەمانەلە بەرگێکی تردا درێژە بەو شۆڕشە دەدەن، بەڵام لەو سەروەختەدا کە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمە و پەیمانی سیڤەر لە قازانجی کوردان دەردەچێ و مافی سەربەخۆییان دەکات بە بەند، مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەم پەیماننامەیە بە پەیماننامەی لۆزان هەڵدەوەشێنەوە، شۆڕشی گەنجە تورکەکان پەک دەخرێ و چەند ڕاپەڕینێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە گرنگترینیان ڕاپەڕینی کۆچگیری و ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران و ڕاپەڕینی ئارارات و ڕاپەڕینی دەرسیمە. پاوڵ وایت بە وردەکارییەکی کەموێنەوە، لە چرکەساتی دەرکەوتن و گەشەی هەریەک لەم دەستە و تاقمانە دەدوێت و هاوکات خاڵی گەش و هەڵکشاوی هەریەکەیان دەستنیشان دەکات، لە ڕێرەوی خوێندنەوەدا خوێنەر بەو ڕاستییە دەگات کە ئەم زنجیرە جووڵانەوە و ڕاپەڕینانە وەک درێژەپێدان و زەروورەتیک لەو کاتەدا هاتوونەتە کار و لەناو ئەو مێژووەشدا گرنگی و بایەخی خۆیان داناوە.

جێگەی سەرنجە، پاوڵ وایت لە بەکارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی سەرچاوەیە، بەتایبەت لە باسی ئیحسان نووری پاشا و شۆڕشی ئاراراتدا، باز بەسەر کتێبێکی ئیحسان نووریدا دەدات کە ناونیشانەکەی نزیک بە هەمان ناونیشانی کتێبەکەی خۆیەتی، بە ناوی: “شۆڕشی نەتەوەیی کورد لە تورکیا: هۆی – بایەخی سوپایی، چۆنێتیی لەشکرکێشی و بەڕێوەبردنی”. پرسیارە: ئایا پاوڵ وایت ئەم کتێبەی نەدیوە یان چی؟ ئەم کتێبە یەکێکە لە ژێدەرە گرنگەکان. شیاوی ئاماژەبۆکردنە ئەم کتێبە، کە نامیلکەیەکی ٤٠ لاپەڕەییە، ساڵی ١٩٢٤ لە بەغداد بە زمانی تورکیی عوسمانی چاپ بووە، کوردییەکەی لە ساڵی ١٩٩٣دا لەلایەن مەلا جەمیل ڕۆژبەیانییەوە بڵاو کراوەتەوە.

ڕاپەڕیوانی پێنەگەیشتوو، یان شۆڕشگێڕانی پێشکەوتوو؟

ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستەواژەی ئیریک هۆبسباوم “ڕاپەڕیوانی پێنەگەیشتوو”، ئەوا ڕەنگە ڕوونتر بتوانرێ لێی بدوێین، ئەم دەستەواژەیە توێژەر بەم جۆرە ڕوونی دەکاتەوە:

ڕاپەڕیوانی پێنەگەیشتوو هێمایە بۆ نیشاندانی کۆمەڵێک دیاردەی زۆر بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی – کۆمەڵایەتی (لە چەتە ڕاستەقینەکانەوە بگرە تا بزووتنەوەی جووتیاری و شۆڕشگێڕەکان)، کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هۆبسباوم لەو نموونانەدا کە دەیانخاتە ڕوو، کۆمەڵێک دیاردە وەسف دەکات، کە یان لەو قۆناغەدان کۆمەڵگە لەنێو ڕەوتی گۆڕانکارییە ڕیشەیی و کۆمەڵایەتییەکاندایە (وەک تێپەڕین بەرەو ئابووریی سەرمایەداری)، یان گەرموگوڕیی زیاتر بە هۆی پێکەوەژیان و کاریگەریی دوولایەنەی دوو کۆمەڵگەی جیاواز (بۆ نموونە، دزەکردنی ئابووریی ڕۆژئاوا، یان زاڵبوونی ئیستعمار بەسەر کۆمەڵگە پێشنەکەوتووەکاندا) سەریان هەڵداوە.

بە گەشتی درێژمەودای ئەو مێژووەدا و وەستان لەسەر وێستگەبەوێستگەی ئەو جووڵانەوانە، دواتر چەق و قورسایی هەمان دەستەواژە لەبەرامبەر جووڵانەوەی مێژوویەکی نوێتردا، کە جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانەتر و بیرلێکراوانەتر و مۆدێرنترە لە هەناوی جووڵانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا لە تورکیا: پەکەکە، پاوڵ وایت دەگاتە ئەم دەرئەنجامە:

وەک ئاماژەمان بۆ کرد، لە زمانی ئیریک هۆبسباومەوە، ڕاپەڕیوە پێنەگەیشتووەکان کاتێک سەرهەڵدەدەن کە کۆمەڵگە لە سەروبەندی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی وەک نۆژەنکردنەوەی کاپیتاڵیزمدا بێت. لە ئەنجامدا، ئەو جووتیار و گوندنشینانەی ئەم گۆڕانکارییانە پەراوێزی خستوون، جۆرێک بزاڤی بێسەروبەر و میلیتاریستی دروست دەکەن.

شەپۆلی یەکەمی کوردە ڕاپەڕیوەکانی ئەناتۆلیا لەڕادەبەدەر پێنەگەیشتوو بوون و ڕێبەرەکانیان کەسایەتییە ئایینییە ناوچەییەکان بوون و هۆکاری سەرەکیی پاڵپێوەنانیان ئایین بوو. هەر بۆیە نەیانتوانی پشتیوانیی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن و هەموویان تا کۆتایی دەیەی ١٩٣٠ هەرەسیان هێنا. بەڵام پەکەکە، کە یەکەم هەوڵەکانی لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٧٠ و لە دەرەوەی بازنەی چەپی تورکیادا دەستی پێ کرد، لە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەدا سەری هەڵدا. کە وا بوو، پەکەکە لە ڕوویەکەوە پێچەوانەی چەمکی “ڕاپەڕیوە پێنەگەیشتووەکان”ی ئیریک هۆبسباومە، چونکە هەر وەک ئاماژەمان بۆ کرد، پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پەکەکە نیشانی دەدات کە ئەم ڕێکخراوەیە لەسەر بنەمای ڕەگوڕیشە جەماوەرییەکەی خۆی، بەتایبەت گوندنشینەکانی باشووری ئەناتۆلیا، گەشەی کردووە.

مێژوویەکی نوێ لە خەباتی کوردان لە تورکیا

لە بەشەکانی دواتردا، پاوڵ وایت شوێن و پێگەی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانەی کورد لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٦٠دا تاکوو ساتەوەختی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (١٩٩٩)، بەوپەڕی کنجکۆڵی و هەڵگۆزەتنەوە، شوێنپێی ئەو جووڵانەوەیە هەڵدەگرێت.

ڕەنگە کورتکردنەوە و گوشینی ئەم چەند بەشەی لەمەبەدوا دێن کارێکی ئاسان نەبێت، بەڵام کرۆکی کتێبەکە قورسایی لەسەر ئەم بەشانە داناوە و وەک ئەوەی بەشەکانی پێشوو ئامادەسازییەک بووبێتن بۆ بەشەکانی دواتر. پاوڵ وایت نەک تەنیا لە ڕێی سەرچاوەی کتێب و زانیاریی میدیاییەوە، بەڵکوو بۆخۆی هاتووە و گفتوگۆی لەگەڵ ئەندامان و کارگێڕانی پەکەکەدا کردووە، ئیدی لە خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تا دەگات بە کادرێکی ئاسایی و ئەندامێکی سەرەتایی ئەو ڕێکخراوە.

پاوڵ وایت هەوڵ دەدات لە ڕێی جومگە سەرەکییەکانی ئەو مێژووەوە، کە پەکەکە تێیدا ڕسکاوە و بووە بە ڕێکخراوێکی تۆکمە و شۆڕشگێڕانەی کورد لە تورکیا، ئەو ڕووداوە گرنگانە بخاتە ڕوو کە ئەم ڕێکخراوە جیاواز لە هەموو جووڵانەوەیەکی شۆڕگێڕانە و یاخیگەرانەی کورد لەو پارچەیەدا، نیاز و مەبەستی خۆی هەبووە و ئامانجەکانی ڕوونتر و سیاسییانەتر ئاڕاستە کردووە.

لە دوایین بەشی کتێبەکەدا کرۆنۆلۆژیی پەکەکە هاتووە، کە بە شێوەی تاک ڕستە، یان چەند ڕستەیی، زۆر بەچڕی ئەو مێژووەی خستووەتە بەر دەست، بۆ وێنە:

نیسان-حوزەیرانی ١٩٦٧: لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباری سیاسی و ئابووریدا، ڕۆژنامەکانی باڵی ڕاستی تورک دژی کورد وتار بڵاو دەکەنەوە.

ئابی ١٩٦٧: کوردەکان لە خۆپیشاندانێکی بێوێنەدا ناڕەزایەتیی خۆیان دژی ئەم وتارانە دەردەبڕن. دە هەزار کورد لە سیلڤان و زیاتر لە دوو سەد و پەنجا هەزار کەسی دیکە لە دیاربەکر خۆپیشاندان دەکەن. سەرەڕای سەرکوتی توندی کاربەدەستانی تورکیا، شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی تورکیا بەردەوام دەبێت.

١٩٦٩: DDKO (ناوەندی کولتووری – شۆشگێڕی ڕۆژهەڵات)، لەلایەن ڕۆشنبیرە کوردە چەپڕەوەکانەوە دادەمەزرێت و لە ڕێگەی خوێندکارە کوردەکانەوە ڕێچکەیەکی توندئاژۆیانە دەگرێتە بەر.

١٢ی ئاداری ١٩٧١: پاش گیرانی ڕێبەرەکانی لە کودەتای سەربازیدا، DDKO لێک هەڵدەوەشێتەوە.

١٩٧٤: هەندێ لە ئەندامە کوردەکانی باڵی توندئاژۆی چەپی تورک لە ڕێکخراوەی AYOD (یەکێتیی خوێندنی باڵای ئەنکەرە)دا کۆ دەبنەوە و پلان بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ و جیاواز دادەنێن. لەم کۆبوونەوەیەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان (ئاپۆ) وەک ڕێبەری گروپەکە هەڵدەبژێررێت.

٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨: ئەو گروپەی ئۆجەلان دای مەزراندووە، ناوی خۆی دەنێت PPK (پارتی کرێکاری کوردستان). ئەم حیزبە نوێیە لە سەرەتای چالاکییەکانیدا هێرش دەکاتە سەر گروپە چەپە تورکەکان و گروپە ناسیۆنالیستە کوردە بەرهەڵستکارەکان.

ئەم ساڵنامەی ڕووداوانە بەردەوام دەبێت تا دەگات بەم کۆتاییە:

٢ی شوباتی ١٩٩٩: کاربەدەستانی یۆنان ئۆجەلان دەبەن بۆ دوورگەی کرێت و پاشان دەیبەن بۆ ئەفریقا. ئۆجەلان وا دەزانێت دەیبەن بۆ وڵاتی ئەفریقای باشوور، بەڵام فڕۆکەکەی لە نایرۆبی (پایتەخی وڵاتی کینیا) دەنیشێتەوە. یەکسەر ئۆجەلان دەبەن بۆ باڵوێزخانەی یۆنان.

١٢ی شوباتی ١٩٩٩: کاربەدەستانی یۆنان داوا لە ئۆجەلان دەکەن لە ماڵێک لە دەرەوەی باڵوێزخانە نیشتەجێ ببێت، بەڵام ئۆجەلان هەست بە پیلانێک دەکات و ڕەتی دەکاتەوە.

١٥ی شوباتی ١٩٩٩: کاربەدەستانی کینیا و وەزیری دەرەوەی یۆنان (بە تەلەفۆن) داوا لە ئۆجەلان دەکەن دەستبەجێ وڵاتی کینیا جێ بهێڵێت. ئۆجەلان باڵوێزخانەی یۆنان جێ دەهێڵێت و پێی وایە کە دەیبەن بۆ هوڵندا.

١٥ی شوباتی ١٩٩٩: هێزە تایبەتەکانی تورکیا ئۆجەلان لە نایرۆبی دەگرن و دەیگەڕێننەوە بۆ تورکیا. تەنها چەند سەعاتێک دوای گیرانی ئۆجەلان، خۆپیشاندانی کوردە ناسیۆنالیستەکان سەرانسەری جیهان دەهەژێنێت.

پاوڵ وایت بەوپەڕی وردەکارییەوە خاڵە گەش و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕێکخراوە دەخاتە بەرچاو، دەری دەخات لە کوێدا هەڵە بوون و لە کوێشدا لەسەر هەق و ڕاستی. پێمان وایە ئەم کتێبە یەک لە باشترین ئەو کتێبانەیە کە تێیدا خوێندنەوەیەکی چڕوپڕ بۆ ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردیی بە ناوی پەکەکە پشکەش کردبێت، سەرچاوەیەکە بۆ تێگەیشتن نەک بەتەنها بۆ ڕێکخراوێکی سیاسیی کورد لە تورکیا، بەڵکوو بۆ پرسێکی تەواو نەتەوەیی لە تورکیا، کە پرسی کوردە. توێژەر بۆ پاڵپشتیی زانستییانەی خوێندنەوەکەی، بە هەموو دەستواڵایی و دەستکراوەییەکەوە سەرچاوەکان دەپشکنێت و هەوڵ دەدات لە گوزەری ئەو بەشدارییەی ئەم ڕێکخراوە لەو بڕگە مێژووییەدا هەیانبووە، چییەتی و چۆنیەتی لە حاڵی واقیعدا بەرجەستە بکاتەوە، بێگومان لەمەشدا تێکستێک دەخاتە بەردەست خوێنەرەکەی، کە شیاو و شایستە بە خوێندنەوە و تێڕامانە.

دەسەڵاتی کاریزماتیک لە ڕوانگەی ماکس ڤێبەرەوە

ئەمەی سەرەوە سەردێڕێکە لە لاپەڕە ٧٠ی ئەم کتێبەدا. وەک سەرەتا گوتمان، کتێبەکە سەرباری خوێندنەوە هەمەلایەنەکەی بۆ بزووتنەوە و جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، هاوکات دوو دەستەواژە دەکاتە بناغە، لە یەکەمیان دواین، لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین لە دووەمیان “دەسەڵاتی کاریزماتیک” بدوێین، کە توێژەر لە ڕوانگەی ماکس ڤێبەرەوە وێنای دەکات و لە دووتوێی لێکۆڵینەوەکەیدا جێبەجێی دەکات.

پاوڵ وایت لە بەشە تیۆرییەکەی سەرەتادا، ڕوانگەی ماکس ڤێبەر بەم جۆرە پێشکەش دەکات:

ماکس ڤێبەر لە سەرجەم نووسراوەکانیدا دەربارەی “دەسەڵاتی کاریزماتیک”، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم دەسەڵاتە کاریزماتیکە لە کۆتاییدا لەلایەن خودی ئەو کەسە کاریزماتیکە دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ دەکرێت، نەک نەریت. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی ئەو ڕێبەرە تا ئاستێک لە بازنەی نەریتدایە و نەمانی ئەم نەریتە، لەوانەیە دەسەڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە. شوێنکەوتووانی ڕێبەرە کاریزماتیکەکان دەبێ لێهاتووییە کاریزماتیکەکانی ڕێبەرەکەیان قبوڵ بکەن. ئەم قبوڵکردنە بە واتای گوێڕایەڵبوونی هەمەلایەنەی تاکە بۆ ڕێبەرەکەی و لە تاسە یان بێهیوایی و هیوادارییەوە سەرچاوە دەگرێت، دەسەڵاتی ڕێبەرێکی وەها، دەربڕی هەستی “ئەرک” یان “بەرپرسیارێتی”یە لەلایەن شوێنکەوتووەکانیەوە.

پاوڵ وایت لە بەشەکانی دواتردا و بەتایبەت لە بەشی “ئەنجام”گیرییەکەیدا، ئەم دەستەواژەیە “دەسەڵاتی کاریزماتیک” یان “ڕێبەری کاریزماتیک” بەسەر کەسێتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا جێبەجێ دەکات و دەیسەلمێنێت کە بەڵێ، ئەو ڕێبەر و دەسەڵاتێکی کاریزماتیکە. بێگومان ئەم ئەنجامگیرییە هەر وا سەرپێیی و سانا بە دەست ناهێنێت، بەڵکوو لە ڕەوتی کار و هەڵسوکەوت و هەڵوێستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی ئەم کەسێتییەدا، لە خوێندکارییەوە تا دەگات بە سەرۆکایەتیی ئەم ڕێکخراوە، دەچنێتەوە. تا دەگات بەوەی کە ئەم دێڕانە بنووسێت:

چەمکی “ڕێبەری کاریزماتیک”ی ماکس ڤێبەر باش لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی هاوچەرخی کورد لە تورکیا دەگونجێت. ڕێبەرێکی کاریزماتیک، دەتوانێت کۆمەڵێک مرۆڤی وەفادار و لەخۆبوردوو بەشوێن خۆیدا ڕابکێشێت و ئەو کەسانە گوێڕایەڵی گەلێک لە بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانی بن. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێبەرانە وا سەیری ڕێبەرەکەیان دەکەن کە خاوەن توانا و تایبەتمەندیگەلی لەڕادەبەدەرە، هەر ئەم تێڕوانینەشە کە بنەما و سەرچاوەی ڕەوایەتیی ئەو ڕێبەرە پێک دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێبەر دەبێت کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت ڕەچاو بکات، وەگەر نا، ڕەوایەتیی خۆی لە دەست دەدات.

وردتر لەسەر ئەم ئەنجامگیرییە بنکۆڵکاری دەکات و لە هەمان ڕوانگەوە کەسێتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان شرۆڤە دەکات:

هەر وەک ئاماژەمان بۆ کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش توانیویەتی کەسایەتیی خۆی بکات بە سەرچاوەی ئیلهاموەرگرتنی شوێنکەوتووەکانی. لە ڕوانگەی ئاپۆچییەکانەوە، کەسایەتیی زۆر بەرزی سەرۆک ئاپۆ، ڕەمز و سیمبوڵی زیندووی نەتەوەی کوردە کە نکۆڵیی لێ کراوە. خۆسووتاندنی ئەندامان و لایەنگرانی PPK لە سەرانسەری ئەورووپا و بەندیخانەکانی تورکیا لە کۆتایی ١٩٩٨دا (بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی گوشارەکان لەسەر ژیانی ئۆجەلان)، ئەم مەسەلەیەی بەڕوونی نیشان دا. ڕێبەری ئیلهامبەخشی PPK توانیی هەزاران گەریلا وەگەڕ بخات بۆ ئەوەی گیان و ماڵی خۆیان بکەن بە قوربانی خەباتی PPK، PPK توانیی بیرۆکەی “ئینسانی نوێی کورد” بخاتە نێو مێشکی ئەندامان و لایەنگرانیەوە و وەگەڕیان بخات، ئەمەش نموونەیەکی سەرکەوتووی دەستکاریکردنی شێوازەکانی ڕێبەرایەتی بوو. ئەم سەرکەوتنە لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە قارەمانی گەورە و قارەمانی قارەمانانەوە، واتە باووباپیران، بە دەست هێنرا، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەمزەکەی بوو.

هەڵبەت ئەو وێنەیەی کە پاوڵ وایت ساڵێک بەر لە گیرانی ئۆجەلان پێشانی دەدات، ئێمە شایەتحاڵی پاش گیرانی ئۆجەلانیش هەین، کە تێیدا ئەندامان و لایەنگرانی، بگرە بەجۆشوخرۆشتر ڕژانە سەر شەقام، لە هەموو شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، بە ڕێگە و شێوازی جیاواز، دەنگی ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر ئەو کردەوەیەی تورکیا بەرز کردەوە. لەم شارەی خۆیشمان [سلێمانی] بینیمان کەسانێکی زۆر بەشدارییان لەم خۆپێشاندانەدا کرد، تەنانەت کەسانێکیش بە کردەی “خۆسووتاندن” ئەو دەنگە ناڕەزایەتییەیان دەربڕی، یەک لەوانەش هونەرمەند و فۆتۆگرافەر “سیروان ڕەووف” بوو، کە بە “شبر” ناسراوە.

***

پاشکۆیەک

هەوڵ دەدەین کەمێک لەسەر ئەو پێشەکییەش بوەستین کە وەرگێڕی ئەم کتێبە (وریا ڕەحمانی) لە دووتوێی ئەم کتێبەدا و بە نزیکەی پەنجا لاپەڕە نووسیویەتی. پێمان وایە ئەم پێشەکییە نەک تەنها وەک دەروازەیەک، کە بەش و ناوەرۆکی کتێبەکە ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو هاوتەریب بە باسەکانی ئەم کتێبە، دەکرێت ئەم پێشەکییەش وەک بەشێکی گرنگ و جێبایەخ بخوێنرێتەوە. وەرگێڕ لەم بەشەدا هەوڵ دەدات بایۆگرافیا و ژیاننامەیەکی پوختی خۆی بخاتە ڕوو، کە بە شێوەیەکی بنجی دەچێتە خانەی دانپیانانەوە و بێ سڵوکۆ کۆمەڵێک ڕاستی دەنووسێتەوە، هاوکات ئاشنامان دەکات بە چارەنووسی مرۆڤێکی کورد، کە خودی خۆیەتی، چۆن لە خێزانێکدا، کە هیچ شتێک تێیدا لەبار نییە بۆ هەستکردن بە کوردبوون، پێدەگات و ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەنگژەکانی ژیان ڕادەوەستێت و دەگات بە جێیەک کە هەستی کوردایەتی تێیدا دادەگیرسێت.

وریا ڕەحمانی “ساڵی ١٩٨٠ لە بنەماڵەیەکی نەخوێندەواری عەشایەر لە شارۆچکەی باینگانی سەر بە قەزای پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە دایک بووە. یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ژیانی وریا باوکیەتی، کە پاسدار بووە و تا سەر ئێسک دژی کورد بووە، لەم پێشەکییەدا وریا بەوردی باسی باوکی دەکات، باس لە هەڵوێستەکانی، لە توندییەکەی بەرامبەر بە کورد و بەتایبەت کوردانی باشوور، بۆ وێنە کاتێک سەدام حسێن هەڵەبجە کیمیاباران دەکات، باوکی وێڕای دڵخۆشییەکەی بەو کارەساتە، هاوکات کوردان بە قابیلی ئەو کارە دەزانێت و کاتێكیش ئاودیوی ئەو بەشەی کوردستان دەبن، بە هەموو جۆرێک هاوکارییان ڕەت دەکاتەوە.

وریا ڕەحمانی لە نیگای منداڵی و مێردمنداڵیی خۆیەوە ئەو ڕووداوانە دەبینێت و دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی باوکی بەردەوام بردوویەتی بۆ شوێنی دەوام و کاری، بەشێکی زۆر لەم شتانە خۆی بینیونی و بیستوونی، لەم ژینگە دژەکوردەدا پێدەگات، تا ساڵی ١٩٩٨، کە لە تاران لە زانکۆ دەخوێنێت، بەڕێکەوت کتێبێکی کریس کۆچێرا لەسەر مێژووی کورد، کە ئیبراهیم یونسی کردوویەتی بە فارسی، دەخوێنێتەوە، لێرەوە تەواوی ڕوانگەی بۆ کورد دەگۆڕێت و بە کردەوە و گیان تێکەڵ بە کێشە و بارودوخ و ژینگەی کورد دەبێت. دواتر لێرەوە گەشتێکی پڕ لە هەڵبەزودابەزی وریا ڕەحمانی دەخوێنینەوە، کە دەبێتە ڕۆحیەتی کەسێکی شۆڕشگێڕ، چ لە پێگەی قەڵەمدا، چ لە پێگەی چەکدا.

وریا ڕەحمانی سەرەتا وەک دیموکرات و پاشتریش پەیوەندی بە ڕێکخراوی پەکەکەوە دەکات، ساڵانێک لە قەندیل دەمێنێتەوە، بەوردی چاودێریی ئەو ژینگەیە دەکات و لە نەریتی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئەندامانیان تێدەگات، بەڵام هیچ کات ناتوانێت لەو ژینگەیەدا بسازێت، ئەو جیاوازییەی کە لەنێوان کوردانی باکوور و کوردانی ڕۆژهەڵات و باشووردا هەیە (بۆ نموونە قسەکردنی ئەوان بە تورکی)، بۆ وریا قابیلی قبوڵ نییە، بەردەوام بەدەنگ دێت و بەردەوامیش سەرکۆنە دەکرێت.

بە هەرحاڵ، وریا هەر لە سەردەمی زانکۆوە خولیای وەرگێڕانی ئەم کتێبەی پاوڵ وایت (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە توکیا) دەکەوێتە سەری، سەرەتا بۆ زمانی فارسی و دوابەدوای ئەوەش کە کوردییەکەی باش دەبێت، بۆ سەر زمانی کوردی. بە درێژایی ئەو ساڵانە ئەم کتێبە و ڕەشنووسی وەرگێڕانەکەی لە کۆڵەپشتەکەیدا دەبێت و بەپێشمەرگایەتی زۆر شوێن و دەڤەری کوردستانی دەگێڕێت.

وەرگێڕانی ئەم کتێبە پێشکەش کراوە بە مەزڵووم کۆبانی، ئەمەش چیرۆکێکی هەیە و لە هەمان پێشەکیدا گێڕدراوەتەوە: دوای ئەو نەسازانە زۆرەی وریا لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا، بۆ یەکەم جار لە قەندیل مەزڵووم کۆبانی دەبینێت، لەو حیزبەدا وریا نازناوی “هەڤاڵ ئیحسان”ی هەیە، بەم جۆرە دێڕەکانی نووسیوە: ژەنەراڵ مەزڵووم کۆبانی، کە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەم جار لە قەندیل بینیم، بەدڵساردییەوە پێم گوت: “هەڤاڵ شاهین، بە خوا پێم وا نییە ئێوەی کوردی ڕۆژئاوا بتوانن تەنانەت گوندێکیش ڕزگار بکەن!” بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: “هەڤاڵ ئیحسان، شۆڕش بەپەلە ناکرێت!” هەر لەو دیدارەدا مەزڵووم کۆبانی پێشنیارێک بۆ وریا ڕەحمانی دەکات، پێشنیارێک، کە ڕەنگە لە قانوونی ئەو ڕێکخراوەدا وەک خیانەت بکەوێتەوە، بەڵام دووربینیی مەزڵووم کۆبانی دەردەخات، هەڵبەت ڕێک لە ئێستادا ئەوە زیاتر بە ڕاست دەگەڕێت، کە ئەو خەروارە لە نووسین و وەرگێڕان لەم کوڕە ماندوونەناسە [وریا ڕەحمانی] دەخوێنینەوە، گەر ئەو پێشنیارە نەبووایە، بێگومان ئێستا یەکێک دەبوو لەو کەسانەی لە شاشەوە دیمان چەکەکانیان خستە ئاگردانێکی گەورەوە. چیرۆکەکە ئاوایە: بەیانییەکەی هەڤاڵ شاهین [مەزڵووم کۆبانی] بانگی کردم و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی من نازانم ئێوەی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ زمانی تورکیتان پێ تەحەمول ناکرێ، بۆچی لێرە خۆتان بە میوان دەزانن؟ منیش وەڵامم دایەوە. لە کۆتاییدا گوتی مادەم وایە بڕۆیت باشترە، ئەگەر نا، تووشی کێشە دەبیت. گوتی من تا ئێستا بە کەسم نەگوتووە بڕۆ، بەڵام بە تۆ دەڵێم بڕۆ. منیش گوتم ئامادە نیم بە هیچ شێوەیەک بگەڕێمەوە بۆ ئێران. دەمەوێت بڕۆم بۆ باشووری کوردستان، جا چۆن دەتوانم لەناو ئەم هەموو بەفرەدا دەربچم؟ گوتی بە هۆی بۆمببارانی تورکیاوە هەموومان دوو سێ ڕۆژی دیکە دەگەڕێینەوە قەندیل، ئای چ هەواڵێکی خۆش بوو، بۆی شنەبای ئازادی دەهات بە لووتمدا!

لەوەبەدوا، چیرۆکی هەڵهاتن و خەباتێکی تری وەرگێڕ دەست پێ دەکات. کەم پێشەکی هەیە ئاوا سەرنجڕاکێش و پڕ لە حاڵەتی درامی نووسرابێت، خوێنەر خۆبەخۆ، سەروەختی خوێندنەوە دەکەوێتەوە یادی پێشەکییە هەرە ناوازەکەی مامۆستا هێمنی شاعیر، کە بۆ دیوانی “تاریک و ڕوون”ی نووسیوە، هەڵبەت دوو گێڕانەوە و دوو شێوەژیان، دوو سەردەم، دوو ئەزموونی تەواو جیان، بەڵام هەردووکیان لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە، ئەویش بەستەڵەکی کوردبوونە!