ئەلبێرتۆ مۆرافیا، ئەدیبە یاخییەكەی ڕۆما، سوپاس بۆ تۆ كە خۆت بە دەسەڵات نەفرۆشت
ئەلبێرتۆ مۆرافیا، ئەدیبە یاخییەكەی ڕۆما، سوپاس بۆ تۆ كە خۆت بە دەسەڵات نەفرۆشت
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: باوكی ڕەهەند
ئەلبێرتۆ مۆرافیا (Alberto Moravia)، كە ناوە ئەسڵییەكەی “ئەلبێرتۆ بنكیرلی”یە، 28ی تشرینی دووەمی 1907 لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە دایك بووه، لە 26ی ئەیلوولی 1990دا، هەر لە شاری ڕۆما كۆچی دوایی كردووە. دیمەنی مردنەكەی بۆ ئەوە دەشێت بكرێت بە سەرەتای نووسینی ڕۆمانێكی پۆلیسیی ئاڵۆز، یان بكرێت بە كۆتا دیمەنی داستانێكی تراژیدیی پڕ كارەسات، چونكە پۆلیسی ئیتاڵیا، كۆتاییەكانی مانگی ئەیلوول، لە شوقەكەی خۆی لە ڕۆما بەمردوویی لەنێو گەرماوی شوقەكەیدا دۆزییانەوە.
كاتێك 35 ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێكی پاییزی وەك ئەم ڕۆژانە، ئیمبرتۆ ئیكۆ لەبەر دەم تەرمی هاوڕێی ئازیزی ئەلبێرتۆ مۆرافیا ڕادەوەستێت و تەرمەكە بە كۆمەڵێك لە ئەدیب و سینەماكار و ڕۆژنامەنووس دەورە درابوو، ئەوان هاتبوون تا بۆ دواجار ماڵئاوایی لەو كەسە بكەن كە پێش سارتەر و كامۆ باسی لە بوونگەرایی/وجوودیەت كردبوو، لەوێدا ئیكۆ بە دوو چاوی پڕ لە گریان و فرمێسكەوە دەڵێت: “ئەلبێرتۆی ئازیز، تۆ وێنەیەكی خۆتت بە ئێمە بەخشیوە، لەسەر بەردی زەمانە هەڵكۆڵراوه و وەك پەیكەرەكانی دوورگەی ئیستەر/جزیرة الفصح زیندووە و پڕە لە نهێنی و تەلسیم و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە… ئەمڕۆ پێش ئەوەی بكەوینە داوی گفتوگۆی سواوی باسكردنی كارە مەزنەكانت، ئەركمانە و تۆ ئەو مافەت بەسەرمانەوەیه، بەبێدەنگی دووبارە پەنا ببەینەوە بەر خوێندنەوەی بەرهەمەكانت، تاكوو ئەو تێڕوانینی سێیەمە بدۆزینەوە كە لەوانەیە تەنانەت خۆشت دركت پێ نەكردبێت”.
ساڵی 1907، خێزانی بنكیرلی، كە خانەوادەیەكی بە ڕەچەڵەك بۆرژوازی و دەوڵەمەند بوون، بەوپەڕی خۆشی و كامەرانییەوە، بە جۆشوخرۆشێكی بێوێنەوە پێشوازییان لە هاتنەدنیای منداڵی دووەمیان كرد. ئەوەی زیاتر دڵخۆشی كردن، ئەوە بوو منداڵی دووەم كوڕ بوو. ئەمە وای كرد خێزانەكە ئومێدێكی گەورەیان لەسەر هەڵچنی، بەوەی لە ئاییندەدا ناوی خێزانەكەیان بە زیندوویی و نەمری بهێڵێتەوه و لەسەر هەمان بەها و مۆراڵی خانەوادەكەیان بمێنێتەوە، ئاخر ئەوه لە دید و تێڕوانینی كۆمەڵگەدا گرنگترین و باڵاترین پەیام بوو.
سەرەتا هەموو شتێك وەك ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، وەك ئەوەی هەمووان چاوەڕێیان دەكرد، دەچووە پێشێ. هەموو شتێك وا دیار بوو ئەو چارەنووسەی خێزانەكە بۆ “ئەرلبێرتۆ بنكیرلی”ی كوڕیان دەستنیشانیان كردبوو، ئەو ڕێگەیەی بۆیان دیاری كردبوو بەسەریدا بڕوات، ئەو نەخشەیەی دایان نابوو جێبەجێی بكات، بەدڵنیاییەوە دێتە دی. وەلێ هەیهات و هەزار ئەفسووس، چارەنووس شتێكی دیكەی شاردبووەوە، كە هیچ بوونەوەرێك پێشبینیی نەكردبوو. قەدەر هات و دوور لە حەز و ویستی ئەو خێزانە شتێكی دیكەی پێ بەخشین. ئەو منداڵەی لە خێزانێكدا گەورە دەبوو، بایەخیان بە ئەندازیاری و پارێزەری و فیزیا و كاروباری دارایی و بزنس دەدات، كەچی لەناكاو كوڕەكەیان پشت دەكاتە نەریته جێگیرەكانی خێزان و لە سەركێشەییەكی گەورەدا ڕوو دەكاتە ئەدەبیات و ڕۆمان و شانۆ. لە هەموو ئەوەش خراپتر، ئەوە بوو ئەم ڕووكردنە ئەدەبیاتە وای لێ دەكات نازناوی فەرمیی خێزانەكەی “بنكیرلی” ڕەت دەكاتەوە و لە خۆی دای دەماڵێت و ناوێكی خوازراو بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت: “ئەلبێرتۆ مۆرافیا”.
ئەوەی وای كرد ئەم منداڵە ڕێگەی خەیاڵ و ئەندێشە و نووسین بگرێتە بەر، كە زۆر دوور بوون لە چاوەڕوانی و حەز و ویستی خێزانەكەی، چەرپای نەخۆشكەوتنی و چەرچەفێكی سپی بوو. مۆرافیای منداڵ سەرەتا وەك هەر منداڵێكی ئاسایی دەنێررێتە قوتابخانە و سێ ساڵێك بێ هیچ نەخۆشییەك یان كێشەیەكی جەستەیی یا دەروونی دەوام دەكات. لێ له تەمەنی نۆ ساڵیدا، واتە ساڵی 1916، پزیشكەكان دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر، بۆیان دەردەكەوێت ئەم كوڕیژگەیە دووچاری حاڵەتێكی دەگمەنی نەخۆشیی سیل بووە. ئەم نەخۆشییە ناچاری دەكات لە قوتابخانە بێتە دەرەوە، نەبادا نەخۆشییە درمییەكەی بەنێو قوتابییانی قوتابخانەكەیدا بڵاو ببێتەوە. هەر بۆیە لەپێناو چارەسەركردنی و تەشەنەنەكردنی نەخۆشییەكەی، لە ماڵەوە، لەسەر چەرپای نەخۆشییەكەی و چەرچەفێكی سپی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەمێنێتەوه. بەڵام باوكە دەوڵەمەند و بۆرژوازییەكەی، بۆ ئەوەی كوڕەكەی لە خوێندن دانەبڕێت و نەخوێندەوار دەرنەچێت، چەند پەروەردەكارێكی بۆ دەگرێت تاكوو لە ماڵەوە و لەسەر دەستی ئەوان درێژە بە خوێندنەكەی بدات و فێری زمانەكانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەبێت.
ئەڵبەتە مانەوەی لە ماڵەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەس بوو بۆ ئەوەی مۆرافیا ببێت بە كەسێكی تەواو جیاواز لەوەی خێزانەكەی چاوەڕێیان دەكرد و نەخشەیان بۆ كێشابوو. هەروەها بووە كەسێك هیچی نەدەچووەوە سەر ئەو چینەی لێیەوە هاتبوو، كە دەبووایە یەكێك بێت لە گوتەبێژەكانی و بەرگریی لێ بكات. بەم شێوەیە ئەم منداڵە تەمەن نۆ ساڵە، بە درێژایی ماوەی نەخۆشكەوتنەكەی و لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیدا یاری بكات و تێكەڵیان ببێت، نەبادا لێیەوە تووشی هەمان نەخۆشی ببن، ناچار بوو “یاری لەگەڵ گەورەكان” بكات، واتە یاری لەگەڵ ئەدیب و شاعیرە گەورەكان بكات. لەبری ئەوەی یاریی چاوشاركێ و هەلووكێن و توولتوولێن بكات، یاریی لەگەڵ كتێبی قەبە و ڕستە و پەرەگرافە سووك و قورس و ئاڵۆزەكاندا دەكرد.
لێرەوە بەقووڵی كەوتە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی جیهانی و ئاشنایەتیی لەگەڵ دەیان بەرهەم و شاكاری مەزنی جیهانی پەیدا كرد و كتێبەكانی دۆستۆیڤسكی، جەیمس جۆیس، مۆلێر، شێكسپیر، مالارمێ، ڤۆڵتێر، دیدرۆ، بالزاك، سەتەندال، موپاسان و ڕامبۆ و ئەوانی دیكەی خوێندەوە. ڕەنگە گرنترین شتێك كە ئەم قۆناغەی ژیانی پێی بەخشی، بگرە تەواوی ژیانی ڕەنگڕێژ كرد، سێ خاڵی سەرەكی بوون:
یەكەم: بووە خاوەنی پێكهاتەیەكی ئەدەبیی بەهێز و تۆكمەی فرەڕەنگ و جۆراوجۆر، پێكهاتەیەك تەنها لە ژانرێك لە ژانرە ئەدەبییە جیاوازەكاندا سنووردار نەكرابوو، یان تەنها لە زمانی دایكدا قەتیس نەكرابوو، بگرە بەسەر زیاد لە زمانێك و زیاد لە شێواز و ژانرێكدا كرابووەوە.
دووەم: ئەو لە تەمەنێكی زۆر زووەوە، هەردوو پرۆسەی خوێندن و نووسینی پێكەوە كۆ كردەوە. ئاخر ئەو بە درێژایی ئەو پێنج ساڵەی لەسەر چەرپای نەخۆشییەكەی بەسەری برد، سەرقاڵی نووسینی شیعر بوو، چ بە زمانی ئیتاڵی یان فەڕەنسی، ئەمە سەرباری ئەوەی بەردەوام خەریكی دانانی پلانی گەورە بوو بۆ نووسینی ئەو چیرۆك و ڕۆمانانەی كە خەونی بە نووسینیانەوە دەبینی.
سێیەم: توانیی كار بەو زاراوەیە بكات كە پێی دەگوترێت “بینین لە دەرەوە”، بەو مانایەی كاتێك دۆخی تەندروستیی و ڕێنماییە پزیشكییەكان ڕێگر بوون لەوەی زۆر بجووڵێت و قەدەغە بوو تێكەڵ بە كەسانی هاوتەمەنی خۆی ببێت، وایان كرد تووشی تەنیایی و گۆشەگیری ببێت. كۆی هەموو ئەو ڕێنمایی و قەدەغەكردنانە دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساند لە گۆشەیەكی جیاواز و ناباوەوە سەیری جیهان بكات. بەهێمنی لە سووچێكی ژوورەكەیەوە، بە شێوەیەكی دی لە جیهانی دەرەوەی پشت پەنجەرەكەی بڕوانێت. بە چاوێك لە دنیا ڕابمێنێت و شتگەلێك ببینێت، كە چاوەكانی دیكە نەیاندەبینی. چاوێك وای كرد، لە دیدی ئەوانی دیكەدا كەسێكی نامۆ بێت، بگرە وای كرد تەنانەت لە دیدی خۆشیدا مرۆڤێكی غەریب و سەیر بێت.
دوای پێنج ساڵ مانەوەی لەسەر چەرپای نەخۆشییەكەی و چەرچەفە سپییەكەی، بۆ چاكبوونەوەی تەواوەتی و تەواوكردنی چارەسەری نەخۆشییەكەی، دەستی بە گەشتێك كرد بەرەو باكووری ئیتاڵیا. مۆرافیا ساڵی 1929، واتە لە تەمەنی 22 ساڵیدا، لەپاڵ بڵاوكرنەوەی كۆمەڵێك تێكستی شیعری لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئیتاڵییەكاندا، یەكەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی “بێباكەكان/اللامبالون” بڵاو كردەوە. لەم ڕۆمانەدا، نووسەرە گەنجەكە كارەكتەرەكانی ناو ڕۆمانەكەی لە چەرپایەكەوە دەگوێزێتەوە بۆ سەر چەرپایەكی دیكه، بەڵام بۆ ئەوە نا باسی ئێش و ئازاری نەخۆشەكان یان ناڵە و فیغانی سزادراوان بكات، بۆ ئەوە نا کە دنیای نەخۆش و نەخۆشخانەكان و نەهامەتییەكانی ئەوانەی بە دەست دەرزی و دەرمان و تیماری ئازارەوە دەناڵێنن دەربخات، نا، نەخێر، بۆ ئەوە نا؛ بەڵكوو بۆ ئەوەی باس لەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە بكات كە تێیدا ئارەزووە سێكسییەكان تەوەرەی سەرەكین. بێگومان ئەمەش پێشێلكردنێكی گەورەیە بۆ سەر بەهاكانی فەزیلەت و پاكژگەرایی ئەخلاق. بەم جۆرە مۆرافیای گەنج، بە زمانێكی سادە و ساكار، ڕاستەوخۆ و دوور لە ئامۆژگاری و وەعز و ڕێنمایی درۆزنانەی ئەخلاقیاتی چەواشەكاری، واقیعی بۆرژوازیی ئیتاڵیای ئەو ڕۆژگارەی خستووەتە ڕوو، ئەو مۆرانەیەی ئاشكرا كردووە كە لە ناوەوە كۆمەڵگە و تاكەكانی داڕزاندبوو.
ئەڵبەتە هیچ وەشانخانەیەك، بە هۆی كارەكتەر و ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانەكەوە، ڕازی نەبوو ڕۆمانەكە چاپ و بڵاو بكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، مۆرافیا تەحەدای هەمووانی كرد و ڕۆمانەكەی لەسەر ئەركی تایبەتی خۆی بڵاو كردەوە. ئەو هەنگاوە وەك ئەوە بوو بەردێكی گەورە فڕێ بداتە نێو گۆمە مەنگەكەی ئیتاڵیاوە.
ڕۆمانەكە لای خوێنەر شوكێكی گەورەی دروست كرد و لای ڕەخنەگران بە جۆرێك سوپرایز بوو، ئیدی بەرهەمەكانی داهاتووی نووسەر بەو ڕۆمانەی بەراورد دەكرا. بگرە خودی مۆرافیا لە یاداشتەكانیدا، كە دروست لە هەمان ساڵی كۆچكردنەكەیدا بڵاو كرایەوە، واتە ساڵی 1990، لەوێدا ڕاستییەك ئاشكرا دەكات كە ژمارەیەكی زۆر كەمی مێژوونووسانی ئەدەب دركیان پێ كردووە، ڕاستیی ئەوەی كرۆكی ڕۆمانی “بێباكەكان”، بەدەر لە ئەنگێزە سێكسییەكان كە بەچڕی ئامادەییان هەیە، بە پلەی یەكەم ڕۆمانێكی بوونگەراییە، بەو مانایەی ئەم ڕۆمانە بە ماوەیەكی تا ڕادەیەك زۆر، پێش بەرهەمەكانی هەردوو نووسەری بوونگەرایی فەرەنسی ئەلبێرت كامۆ و جان پۆل سارتەر دەكەوێت، ئاشكرایە ئەو دوو نووسەرە فەرەنسییە بە باوكی دامەزرێنەرانی ئەدەبی بوونگەرایی دادەنرێن.
مۆرافیا بە نووسینی یەكەم ڕۆمانی، ناوی خۆی لە گۆڕەپانی ئەدەبی ئیتاڵیادا تۆمار كرد و دوای ئەوەش، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، بەردەوام بوو لە بڵاوكردنەوەی ڕۆمانەكانی دیكەی، كە هەمان ئاڕاستە و هەمان نەهج -بەڵام قووڵتر-ی گرتبووە بەر. لەوانە، ڕۆمانی ژیان خۆشە 1935، تاعوون 1944، كچە قەشەنگەكەی ڕۆما 1947. وەلێ ئەو دوو بەرهەمەی وایان كرد لەسەر ئاستی جیهان زیاتر بناسرێت و ناوبانگی زۆرتر پەیدا بكات، بریتی بوون لە ڕۆمانی “سووكایەتی/الاحتیقار” 1954 و ڕۆمانی “وەڕسی/السأم” 1960. ئەم دوو ڕۆمانە و ڕۆمانی “ڕەزامەند/الموافق”، زیاد لە جارێك و لەسەر دەستی زیاد لە دەرهێنەرێك كران بە فیلمی سینەمایی و سەركەوتنی گەورەیان بە دەست هێنا.
لەم ڕۆژانە پایزییەی پایتەختەكەی ئیتاڵیا، ڕۆمای جوان و قەشەنگ سەرلەنوێ یادی ئەدیبە یاخییەكەی دەكاتەوە، ئەدیبێك کە تەمەنی لە 90 ساڵی نزیك دەبووەوە، كەچی ئەو هەر بە گەنجی مابووەوە. ڕۆما، ئەو شارەی لای مۆرافیا زۆر خۆشەویست بووە، لەم بارەیەوە مۆرافیا ڕۆژێك بە هاوڕێ هەرە نزیكەی خۆی “پاولۆ بازۆلینی” دەڵێت: “ڕۆمای لە هەموو ئافرەتەكان زیاتر خۆش دەوێت”. سەروەختێك مۆرافیا كۆچی دوایی دەكات، سینەماكاری هاوڕێی برتۆلۆچی خەمبارانە لەبەر دەم تەرمەكەیدا ڕادەوەستێت و دەڵێت: “سوپاس بۆ تۆ، چونكە تا ڕۆژی مردنەكەت و ڕۆشتنت بۆ ئەو سەرزەمینەی كە تێیدا گەڕانەوە بوونی نییە، خۆت بە دەسەڵات نەفرۆشت”.
پێشتر لە یەكێك لەو كۆڕبەندانەی شارەوانیی ڕۆما بۆ یادی مۆرافیا سازی كردبوو، خانمە نووسەر و ڕۆژنامەنووس “دینا دیسا” دێت و بە بڵاوكردنەوەی كتێبی “گفتوگۆ نهێنییەكان” ناوەندی ئەدەبیاتی ئیتاڵیا و خودی خێزان و خانەوادەكەی مۆرافیا شۆك دەكات. كتێبەكە باس لەو گفتوگۆیانە دەكات كە خاتوو دینا دیسا، واتە نووسەری كتێبەكه، بە درێژایی 20 ساڵ پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ مۆرافیا ئەنجامی داوە. دینا لەو كۆڕبەندەدا باس لە “ژنانی مۆرافیا/نساء مورافیا” دەكات، چونكە لە دیدی ئەم خانمەوە، “بەبێ باسكردنی ئەو ژنانە، ناكرێت لەم نووسەرە مەزنە تێبگەین، كە تا ئێستاش لە سەرەتای دۆزینەوەی بلیمەتییە گەورەكەیداین”.
دیسا دەڵێت ئەو گفتوگۆیانە بەرهەمی هاوڕێیەتییەكی پتەوە، هاوڕێیەتییەك ئەو كاتە دەستی پێ كرد، كە لە تەمەنی بیست ساڵیدا لە ڕۆما سەردانی ماڵەكەی مۆرافیای كردووە، تاكوو بۆ ڕۆژنامەی “تامبۆ” چاوپێكەوتنی لەگەڵ بكات. ئیدی لەو ڕۆژەوە تا كۆچی دوایی مۆرافیا، ئەم هاوڕێیەتییە بەردەوام بووە. دیسا سەبارەت بەو پەیوەندییە توولانی و دوورودرێژە دەڵێت، كەس پێی نەزانیوە، تەنانەت نزیكترین هاوڕێكانی مۆرافیا ئاگاداری ئەو پەیوەندییە نەبوون و دەڵێت: “چەند هەفتەیەكی كەم دوای هاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ خانمی ئیسپانی كارمن لیرا، یەكترمان ناسی. لەو ڕۆژەوە لە ڕۆما و لە خانووەكەی، كە دەیڕوانی بەسەر دەریادا، یەكتربینینەكانمان بەردەوام بوو. لە ماڵەكەیدا ژووری نوستنەكەی بۆ من جێ دەهێشت، خۆی لە نووسینگەكەی دەنوست و لەگەڵ هاتنی بەری بەیان، لە خەو خەبەری دەكردمەوە و سەبارەت بە مەرگ قسەی بۆ دەكردم”.
سەروەختێك مۆرافیا لە ساڵی 1986دا هاوسەرگیری لەگەڵ كارمن لیرا دەکات، تەمەنی 79 ساڵ و كارمن تەمەنی تەنها 38 ساڵ بووە و مامۆستای زانكۆی پامپلۆنای ئیسپانیا بووە. كارمن دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری، كتێبێك بە ناونیشانی “جۆرجیت” بڵاو دەكاتەوە و پێشكەشی ئەلبێرتۆ مۆرافیای هاوسەری دەكات. كارمن لەوێدا باس لە وردەكاریی پەیوەندییەكی ڕەشەبائاسای خۆشەویستی دەكات لەگەڵ ڕابەری دروزەكانی لوبنان وەلید جونبڵات، كە لە یەكێك لە ئوتێلەكانی ئۆسلۆ دەیناسێت. جونبڵات لەو كاتەدا هاودەمی مۆرافیا بووە و مۆرافیاش ئەو كات ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بووه، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی ڕێكخراوی سۆشیالیزمی نێودەوڵەتی سەردانی ئیسپانیای كردبوو.
لیرا لە كتێبەكەیدا باس لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئەو پەیوەندییەی خۆی و وەلید جونبڵات دەكات، كە لەنێوان ڕۆما و موختارە و دیمەشق لە هاتوچۆدا بووە. پاشان پەیوەندییەكەیان گواستووەتەوە بۆ جنێڤ، ئەمە دوای ئەوەی جونبڵات چیتر نەیتوانیوە سەردانی پایتەختەكەی سووریا بكات. هەروەها باس لە چۆنیەتیی ناسینی دایك و هاوسەری جونبڵات دەكات. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چۆن درەوشانەوەی ئەو پەیوەندییە وردە وردە دەكوژێتەوە و خامۆش دەبێت، بۆچی؟ چونكە پەیوەندییەكان لە جنێف ڕوویان دەدا، نەك لە سووریا و شاخی درزی/جبل الدرزی.
سەروەختێك كارۆلین هەواڵی مەرگی مۆرافیا دەبیسێت، لە مەغریب بووە، زۆر بەخێرایی لە ڕێگەی فڕۆكەوە، چەند خولەكێك بەر لە بەخاکسپاردنی تەرمەكە، دەگاتە ڕۆما و لەبەر دەم جەستەی ساردوسڕیدا دادەنەوێتەوە و دەمی ماچ دەكات، پاشان وەك ئەوەی هێشتا زیندوو بێت، دەست بە جەستەیدا دەهێنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: “ئەلبێرتۆ، ئەلبێرتۆ!”
مۆرافیا لە دوایین وەسێتنامەیدا، نیوەی سەروەتوسامانەكەی بۆ كارمن جێ هێشتووە، نیوەكەی دیكە بۆ كچە هاوڕێكەی، داریا مارایینی نووسەر جێ هێشتووە، كە زیاد لە دوو دەیە پێكەوە لەگەڵ یەك ژیاون. وەلێ لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، گرنگترین پەیوەندی لە ژیانی مۆرافیادا، پەیوەندیی نێوان خۆی و هاوسەری یەكەمی “ئەلیسا مۆرانتی”یە، كە ئەویش نووسەرێكی ناسراوە. قۆناغی یەكەمی ژیانی هاوسەرگیریی ئەم دوو كەسە ببوە دیارترین مانشێت بۆ ژیانی ئەدەبیاتی ئیتاڵیا و پێكەوە سەردانی چەندین وڵات و پایتەختیان كرد و ببوونە سیمبوڵی ئیتاڵیا، كە تازە لە دۆزەخی فاشییەت و جەنگی جیهانی هاتبووە دەرەوە. وەلێ دواتر ئەم پەیوەندییە كێشە و ناكۆكیی قووڵی تێ دەكەوێت و بە جیابوونەوە كۆتایی دێت.
مۆرافیا لەپاڵ نووسینی ڕۆمانەكانی، بەردەوام و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بۆ ژمارەیەك لە ڕۆژنامە گەورەكانی ئیتاڵیای دەنووسی، لە نموونەی ڕۆژنامەی “كۆریری دی لا سیرا”. چەند هەفتەیەك بەر لە مردنی، مۆرافیا لە دواهەمین چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: “ئاسان نییە بڵێم كارە ئەدەبییەكانم كاریگەریی كێیان لەسەر بووە. لەوانەیە لە ڕووی هونەری گێڕانەوەوە بە دۆستۆیڤسکی و جۆیس كاریگەر بووبم. جۆیس فێری كردم ڕەگەزی زەمەن ببەستمەوە به كردارەوە؛ لەگەڵ دۆستۆیڤسكی دركم بە ئاڵۆزیی ڕۆمانی دراماتیك كرد. بۆ من ڕۆمانی تاوان و سزا مەشخەڵ و چرایەكی ئەدەبی بوو. زۆر سەرسام بوو بە ڕامبۆ و بۆدلێر و هەندێك لەو شاعیرانەی دیكە، كە لە بۆدلێر دەچن. بەڵام سەبارەت بە نووسەرە هاوچەرخەكان، بە ڤێرجینیا وۆڵف و چارلز دیكینز كاریگەر بووم”.
بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە، سوودم لەم سێ سەرچاوەیە وەرگرتووە:
1- شەوقی ئەلرەیس، پاشكۆی ئەدەبی ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 14ی تشرینی یەكەمی 2025
2- وێكیپیدیا
3- بەشی كولتووری لە ماڵپەڕی ئەلجەزیرە نێت، 30/9/2015