دنیای کەشفنەکراوی موزیک

دنیای کەشفنەکراوی موزیک

خستنەڕووی کتێبی “موزیک، پەیامی خۆشەویستی”

بەختیار حەمەسوور

کتێبخانەی کوردی لەمڕۆدا زیاد لە هەرشتێک پێویستی بە بابەتی هەمەلایەن و فرەڕەهەند هەیە، چوون بە تەماشاکردنی پێڕستی کتێبی کوردی، تێدەگەین و ئەو ڕاستییەمان لا ڕوون دەبێتەوە کە بۆشایی و کەلێنی زۆر لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە. ئەم دۆخە لەو ساتەدا زەق و بەرجەستە دەبێتەوە، کە وەک خوێنەرێک، یان فێرخواز و توێژەرێک دەمانەوێت لە بابەتێکی دیاریکراودا قووڵ ببینەوە و پتر ڕۆ بچین، لەو کاتەدا دەبینین کە سەرچاوە و کتێبی پێویست لەبەر دەستدا نابن و نین، کە لە وەها ویست و خواستێکدا کۆمەک و هاوکاریمان بکەن. ئەمە زۆر بەتایبەت بۆ هەندێ بوار زیاتر دەردەکەوێت، کە لە کتێبخانەی کوردیدا کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە و چاپ کراون، چ لە بواری نووسیندا، چ لە کایەی وەرگێڕاندا؛ یەکێک لەو بابەتانەش، بواری هونەرە بەگشی و هونەری موزیکە بەتایبەتی.

سەروەختێک کتێبێکی هونەری چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، گرنگە وەک ڕووداوێکی جددی وەربگیرێت و کەسانێک کە عەوداڵی ئەو هونەرەن، بەهەندی بگرن و بەرەوپیری بچن. دەزگای سەردەم لە فرەیی کارەکانیدا، لەم ساڵ و لە بۆنەی پێشانگەی کتێبدا، ژمارەیەکی بەرچاو کتێبی نوێی چاپ و بڵاو کردەوە، دەتوانرێت بگوترێت کە کتێبەکان لە بواری جیا جیادا بوون و هەریەک لەو بوارانەش کتێبی هەڵبژاردە بوون، یەکێک لەو بوارانە هونەر بوو، کە سەردەم چەند کتێبێکی چاپکراوی بۆ تەرخان کردبوو، یەکێک لەو کتێبانە، کتێبی “موزیک، پەیامی خۆشەویستی: موزیکی کوردی بە ئامێری عود”ی نووسەر و توێژەری بەتوانا، باڵوێز دکتۆر ئەلبێرت عیسا بوو، نووسەر و توێژەر ئەلبێرت عیسا جیا لەوەی لە بواری زانستی سیاسەتدا کەسێکی ئەکادیمی و پسپۆڕە و چەند کتێبی بەنرخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، هاوکات لە بواری هونەریشدا کەسێکی شارەزایە و هەر لە دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە، یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەو تیپە و لەپاڵ هاوڕێ و هاوکارە مەسیحییەکانی شاری سلێمانیدا، نموونەی جوانی و پێکەوەیی و فرەیی شاریان پێک هێناوە و بەشدار بوون و هەن لە بونیادنانی هونەری و پەرەپێدانی موزیک لەم شارەدا.

کتێبی “موزیک، پەیامی خۆشەویستی: موزیکی کوردی بە ئامێری عود” یەکێکە لەو کتێبانەی نووسەرەکەی بە شێوازێکی ڕوون و دوور لە تەمومژی ناسازی ڕستە و پارەگراف و ئایدیا، مەبەستی خۆی خستووەتە بەرچاوی خوێنەر. هەر لە دەستپێکەوە هەست بەوە دەکەیت کە لەپاڵ دێڕبەدێڕ و ڕستەبەڕستەدا، ئەزموون و ڕوانینێکی قووڵ و سەراپاگیر لەپشتەوە ڕاوەستاوە و لەو قووڵاییەوە ئەم بەرهەمە پێشکەش کراوە. با پێکەوە ئەم چەند دێڕە لە سەرەتای کتێبەکەدا بخوێنینەوە و بزانین کە نووسەر چۆن لە کێڵگە و ڕووبەری کارەکەی دەڕوانێت:

“دەبێت تێبگەین کە لایەنە جوانەکانی مرۆڤایەتی هونەرە و بەتایبەتییش موزیک، چونکە بەها گەردوونییەکان پێکەوە کۆ دەکاتەوە. کە تۆ منداڵت بەم بەها گەردوونییانە پەروەردە کرد، ئەم منداڵە کە گەورە دەبێت، باوەڕی بەوە دەبێت کە لایەنە جوانەکان، ئاشتی و لێبوردەیی و خۆشەویستی، دوور لە توندوتیژی دێنە کایەوە. من ئەوەندە ساویلکە نیم کە بڵێم ئیتر موزیک تەنها چارەیە دژ بە شەڕوشۆڕ و جەنگ و ڕقوکینە، بەڵام ئەمە پەیامێکە بۆ پەروەردەی کۆمەڵ لەسەر بەها گەردوونییەکان و هەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوە و تۆکمەکردنیان لەناو ناخی تاک و کۆمەڵاندا.”

ئەم کتێبە وێڕای “سوپاس و پێزانین و پەیڤێک”، لە چەند بەشی کورت و پوخت پێک هاتووە، کە ئەمانەن: “دەستپێک، ئامێری عود، موزیک چییە؟، چارەسەر لە ڕێگەی موزیکەوە، موزیک و دەنگی سروشت، موزیک و سەردەمی کون، موزیک لای یۆنانییەکانی سەردەمی دێرین، ڕۆڵی موزیک لە پەروەردەی منداڵاندا”. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک ئاواز و گۆرانیی کوردی هەن، کە لەسەر پەیژە موزیکییەکان بە نۆتە کراون. کتێبەکە خاوەن خەسڵەتێکی تایبەتە، جیا لەوەی کە بەشە کوردییەکەی پەنجا لاپەڕەی کتێبەکەی داگیر کردووە، هاوکات کورتە یان پوختەی هەمان توێژینەوە بە هەریەک لە زمانەکانی: ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئیسپانی و عەرەبی” هەن و لە هەمان کتێبدا چاپ کراون. بێگومان خوێنەر دەبێت ئەوە بزانێت، کە دکتۆر ئەلبێرت عیسا لە هەریەک لەو زمانانەدا شارەزا و لێهاتووە و بەئاسانی دەتوانێت هەم پێیان بخوێنێتەوە، هەم پێیان بنووسێت.

لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی چڕ و گوشراو مێژووی موزیک شی و شیتەڵ کراوە، هاوکات لەگەڵ ڕەوتی موزیکی جیهانیدا، توێژەر موزیکی کوردیی خوێندووەتەوە و ئەو قۆناغانەی دەستنیشان کردووە کە موزیکی کوردی لە درێژەی مێژوودا ڕێچکە و ڕێرەوی لەسەر گرتووە تا هەنووکە.

خاڵێک کە دکتۆر ئەلبێرت عیسا جەختی لێ دەکاتەوە، زمانی موزیکە، کە بە زمانێکی گەردوونی وەسفی دەکات: “زمانی موزیک، زمانێکی گەردوونییە: سنووری ڕەگەز، میللەت، ئینتیمای ئیتنیکی و ئایینی و دیدی فەلسەفی و جیهابینی، چین و بەرزی و نزمیی کۆمەڵایەتی و هەژار و دەوڵەمەند و پیاو و ژن و خوێندەوار و ڕووناکبیر دەبەزێنێت و هێڵی جیاکەرەوەیان دەسڕێتەوە. بەم شێوەیە، موزیک سەر بۆ ڕۆحێکی گەردوونی دادەنەوێنێت کە لە حەزدا بۆ ژیان بەرجەستە دەبێت. سەرباری جیاوازیی میللەتان، سەرجەم مرۆڤایەتی لەگەڵ موزیکدا هاوبەشە، چونکە لەگەڵ دەنگدا هاوبەشە و دەنگیش لەگەڵ مرۆڤایەتیدا دەدوێت. لە کوێ هەستت بە مرۆڤایەتی کرد، لەوێ موزیک هەیە. دەتوانیت گوێ لە موزیک بگریت و تێبگەیت بەبێ ئەوەی پێویستت بە وەرگێڕ هەبێت.”

لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا، توێژەر بەوردی ڕۆڵ و کاریگەریی موزیک لەسەر تاک و کۆمەڵان دیاری دەکات، هاوکات پەیوەندیی موزیک بە ژیانی دەوروبەرمانەوە دەخاتە بەرچاو، بۆ وێنە، لە بەشی “موزیک و دەنگی سروشت”دا باس لەو پەیوەندییە هەمەلایەن و قووڵەی نێوان دەنگەکانی سروشت و تێکەڵبوونیان بە دنیای موزیک دەدوێت، لەو ڕوانگەیەوە لیستێک ناوی ئاوازدانەر و موزیکژەنی جیهانی بە نموونە دەهێنێتەوە، کە کاریان لەسەر دەنگە کپ و بەرزەکانی سروشت کردووە و لە چەشنی ئاوازێکی ناوازەدا پێشکەشیان کردووە.

خاڵێکی تر کە توێژەر لەسەری ڕادەوەستێت، ئەوەیە کە موزیک وەک چارەسەرێک دەبینێتەوە، بۆ ئەمەش بەشێکی بەم ناونیشانەوە داناوە: “چارەسەر لە ڕێگەی موزیکەوە”، لەم سۆنگەیەوە دەنووسێت: “شتێکی ڕێکەوت نییە کە هەر لە کۆنەوە دەنگ و موزیک لە بوارەکانی دەروونپزیشکی و دەروونشیکاریدا بە کار هێنراون، لە سەردەمی هاوچەرخدا و بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، دەنگ و بەتایبەتی دەنگی موزیک، سەرنجی زۆر لە پسپۆڕانی نەخۆشیی دەروونی و پزیشکی منداڵانی ڕاکێشاوە. لەلایەن ئەمانەوە، دەنگ و دەنگی موزیک بوون بە “مەرجەعێک” بۆ “سروشتاندن” و ڕێکخستنی سۆزی مرۆڤ و بەشداریکردن لە گەیاندنی “ناڕێکوپێکیی دەروونی”دا.”

یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی ئەم کتێبە، کە لە سەرجەم بەشەکاندا ڕەچاو کراوە، بوونی مەنهەجیەت و هاوسەنگییە لە خستنەڕووی ناوەرۆک و ئایدیای پشت بابەتەکان، بە واتایەکی تر: جۆرێک لە چوارچێوەی زانستی ڕەچاو کراوە، کە کۆی کتێبەکەی دوور خستووەتەوە لەوەی پەخشانئامێز و سۆزگەرا و نابابەتی بڕوانێت لە ڕیشەی باسەکەی، ئەمەش خاڵێکە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ خوێنەرەکەیدا، متمانەی زیادتر دەبەخشێت و وا دەکات ڕوونتر و زووتر لە جەوهەری باسەکەی تێبگات.

ئەم تایبەتمەندییە ڕێڕەو و سەرەتایەکی وای داوە بە کتێبەکە، کە هەر لە دەستپێکەوە، سەرباری فرەڕەهەندییەکەی، ڕەگەزێک زاڵ و باڵکێش ببێت بەسەر ڕوانگەکاندا، ئەویش ڕوانگەیەکی پەروەردەییە، کە نووسەر وەک لە دوو ئاستدا، هەم موزیک وەک ڕێگەچارەیەکی پەروەردەیی لە دامەزراوە و ماڵەکاندا بۆ منداڵان پێشنیاری دەکات، هەم بە تۆنی مامۆستایەکەوە کە چۆنیەتیی ئەم وانە موزیکییە دەخاتە ڕوو، بۆ پاڵپشتیی ئەم باسەش، توێژەر لە ڕوانگەی فەیلەسووفان و بیرمەندانەوە، لە قووڵایی مێژوو و هزریاندا، دێڕ و بیرۆکە دەخوازێت و وا دەکات بابەتەکەی دەوڵەمەندتر و فراوانتر بکاتەوە بەسەر خوێنەرانیدا.

دکتۆر ئەلبێرت عیسا بە ڕوانینێکی ئینساندۆستانە و جیهانییەوە دەڕوانێتە پێویستیی موزیک بۆ فەراهەمبوونی ژیانێکی شایستە و ئارام، بۆ ژیانێک، تێیدا جوانی سەروەر بێت، موزیک وەک یەکێک لە پێدراوە گەردوونییەکان دەبینێت، کە هۆکاری ئارامبوونەوەی ڕۆح و دەروونێکی ماندووە.