کتێبێک سەبارەت بە توێژینەوەی ڕەخنەیی لە ئەدەبی کوردیدا
کتێبێک سەبارەت بە توێژینەوەی ڕەخنەیی لە ئەدەبی کوردیدا
ڕانانی: سەردەم
کتێبی (توێژینەوەی ڕەخنەیی لە ئەدەبی کوردیدا) یەکێکی ترە لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی ئەم کتێبە توێژینەوەیە و لەلایەن (د. سامان عیزەدین سەعدوون)ـەوە نووسراوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: دەقی کراوە: بنەما و پراکتیک، شیعری سەربەست لە ئەدەبی کوردیدا، دیاردەی نەرگسیەت لە شیعری نالیدا، بنەمای حەزی سێکسی و نەرگسیەت لە دەقە شیعرییەکانی گۆراندا، شێخ نووری شێخ ساڵح: پێشەنگ و نوێخواز، خوێندنەوەی دەروونی بۆ دەقە شیعرییەکانی بێکەس، گۆران و هێمن لە ڕۆژنامەی کوردستانی چاپی تاراندا، ڕۆڵی شیعری سیاسی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کوردیدا، بیری ڕیفۆرمخوازی لە شیعرەکانی بێکەسدا.
توێژەر لە پێشەکیی یەکێک لە بابەتەکانی نێو کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئامانجی توێژینەوەکە ئەوەیە زانستییانە و بەدروستی چەمک و واتای دەقی کراوە، بەو شێوازەی ئیکۆ باسی کردووە بخاتە ڕوو، هەروەها ڕەوینەوەی تەمومژی سەر ئەو چەمکە و تێکەڵکردنی لەگەڵ چەمکی تردا، کە لای هەندێک لە ڕەخنەگران و شاعیرانی کورد و عەرەب، بە واتا ئیکۆییەکەی لێی ناڕوانن، ئامانجێکی تری توێژینەوەکە ئەوەیە: دەقی کراوە، هەر وەکوو ئیکۆ ئاماژەی پێ کردووە، زیاتر لە خوێندەوەیەک و لێکدانەوەیەک هەڵدەگرێت.
نووسەری ئەم کتێبە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە میتۆدەکانی ڕەخنەی دوای بونیادگەری تێڕوانینی نوێیان خستە بەردەست، سەبارەت بە چەمکی دەقی ئەدەبی و چۆنێتیی لێکدانەوەی لە ڕوانگەی خوێنەرەوە: دەقی ئەدەبی بە سروشتە خوازەییەکەی، دەقێکی کراوەیە و ڕێگە بە فرەخوێندنەوەیی دەدات، ئەم فرەییەش دەقەکە بەپیت و دەوڵەمەند دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا بە ناوی شیعری سەربەست لە ئەدەبی کوردیدا، دکتۆر سامان ڕوونی کردووەتەوە کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی تایبەت بە شیعری سەربەست لە ئەدەبی کوردیدا نەکراوە، ئەگەر کرابێتیش، ئەوا هەندێکیان بەباشی ئەنجامی زانستییان بە دەست نەهێناوە، چونکە چەمک و ڕەوتەکەی بەباشی ڕوون نەکراوەتەوە و بەدروستییش فۆڕم و سیماکانیان دەستنیشان نەکراوە: هەندێک ڕەخنەگر وەک باسێکی لاوەکی و بابەتێک لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی و ڕاڤەییدا خستوویانەتە ڕوو، بەڵام نەک بەتێروتەسەلی، بەڵکوو بەکورتی، وەنەبێ ئەم جۆرە باسانەش گرنگی و بایەخیان نەبێت، بەڵکوو سەرەتایەکی باشن بۆ چوونەناو ئەم باسەوە، هەندێکیان بناغەی دەستنیشانکردنی ڕەوتی چەمکی شیعری سەربەستیان لە یەک سەرچاوەی نوێگەرییەوە ڕوون کردووەتەوە و نەچوون بەلای سەرچاوەی تردا.
ڕۆڵی شیعری سیاسی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا یەکێکی ترە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە و لەوێدا توێژەر پێمان دەڵێت شیعری سیاسیی کوردی، کە بەشێکە لە مێژووی نەتەوەی کورد، لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەییدا ڕۆیشتووە و تێکەڵاو بووە، کاری لە جووڵانەوەکە کردووە و جووڵانەوەکەش کاری لەو کردووە: بەگشتی سەرچاوەیەکی بەنرخ و باوەڕپێکراوی لێکۆڵینەوەی لایەنی سیاسی و ژیانی گەلی کوردە، کە لە هەندێک قۆناغی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا گرنگییەکی گەورەی هەبووە، چ لە دەربڕین و داڕشتنی هەندێک لە ئاوات و خواستەکانی گەلەکەمان و دیاریکردنی لایەنی فیکری، چ لە هاندانی خەڵک بۆ خەبات.
بەگشتی ڕەخنەی ئەدەبی لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمی ئەدەبی دەدات، بریتییە لە لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەدەب، زۆر جار لەژێر کاریگەریی بیردۆزی ئەدەبیدایە، کە باسکردنی فەلسەفی، ئامانج و پێشەنگییەکانی ئەدەبیاتە، ھەرچەندە ئەم دوو چالاکییە پەیوەندییەکی نزیکیان ھەیە، بەڵام ڕەخنەگرانی ئەدەبی ھەمیشە بیردۆزی نوێ دەھێننە کایەوە.
ڕەخنەی ئەدەبی لەپاڵ مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبدا، دەبنە سێ لقی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، واتە ڕەخنەی ئەدەبی لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمی ئەدەبی دەدات.
ئەرکی ڕەخنە شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، یان دیاریکردنی بەھای دەقی ئەدەبییە، واتە ڕەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هونەری و بیرییانە دەکۆڵێتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بە شێوەیەکی زانستییانە بەھای ئەو بنەمایانە دیاری دەکات، بەمەش ڕادە و ئاستی گرنگی و بایەخی دەق بۆ خوێنەر و داهێنەریش دەستنیشان دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەدیبان بەرجەستەکەری جوانی و ڕەنگپێدەرەوە و ڕەنگڕێژکەری ژیان و دەروونی مرۆڤ بن، ئەوا ڕەخنەگران بۆخۆیان بزوێنەری چالاکیی ئەدەبی و داھێنانی ئەدەبین.
بەو پێیە دەڵێین، دەبێت ڕەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبی و شارەزا بێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژوو و ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر ھەبێت، سەرباری ئەوەش کە چێژوەرگرێکی ئەدەبییشە، دەبێت زانیاریی لە بوارە جیا جیاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیریدا ھەبێت و شارەزاییەکی گشتییشی لە زانستە مرۆییەکاندا هەبێت.
وەک گوتراویشە، ڕەخنەی ئەدەبی وا ناسراوە کە هونەری هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەرییەکانە و بڕیار لەبارەیانەوە دەدات و لەسەر بنەمای زانستی شرۆڤەی دەکات، بە واتای ئەوەی بەپێی تیۆر و میتۆلۆژیای زانستی، ڕەخنەگر ئازاد نییە، واتە ئازادێکی ڕەها نییە، بەڵکوو ئەویش پەیوەست کراوە بە بنەما و ڕێچکەی تیۆری و لەوێوە دەست دەکات بەو میتۆدە ڕەخنەییەی جێبەجێی دەکات. ئەو ئازاد نییە، تەنها لە هەڵبژاردنی میتۆدەکەدا نەبێت، دوای ئەوە دەبێت ڕەخنەگر پابەندی ئەو میتۆد و هەنگاوە پێویستانە بێت. ڕەخنەگر میتۆلۆژیایەک بە کار دێنێت، کە لە تیۆرەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، تیۆر و میتۆدەکانیش جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووکدا ناکات، لەبەر دەم ڕەخنەدا گریمانە و بڕیاری ئامادەکراو نییە، هەر نووسەرێک، چەند گەورە و ناودار بێت، ملکەچی ڕەخنەیە، پێویستە لەسەر ڕەخنەگریش ئەرکەکەی بەباشی بزانێت، خۆی لە باڵابوونی ناوەکەی قوتار بکات، ئەگەر هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەدیبێکی ناسراودا کرد کە ناو و مێژوویەکی باشی هەبێت، ناکرێت نووسەری ناودار ترس و زۆرداری بەسەر ڕەخنەگردا بسەپێنێت و کارەکەی لەکەدار بکات، جا لەبەر ئەوە، پێویستە ناوەکە وەلا بنێت و ڕەفتار لەتەک دەقدا بکات، وا دیقەتی بدات کە لە خاوەنەکەی دابڕاوە، تاوەکوو بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و ڕامی بکات، لەبەرامبەر ڕەخنەگردا نووسەری ناودار و نووسەری نادیار یەکسانن، لەبەر دەم ڕەخنەگردا تەنها دەق هەیە، ئەو دەقەیش دەخزێتە ژێر لێپرسینەوەی ڕەخنەیی بەدەر لە نووسەرەکەی.
ڕەخنەی ئەدەبی زمانی دووەمە، قۆناغێکی دوای ئەوە و سەر بە داهێنانە، ئەدەب هەمیشە یەکەم جار دێت، پاشان ڕەخنە، وەلێ ڕەخنە لەسەر ئەدەب بونیاد نەنراوە، بەڵکوو سەرچاوەی لە تیۆرەکان و فەلسەفەکان و میتۆلۆژییەکان وەرگرتووە، ڕەخنە پێویستییەکی ڕۆشنبیرییە، ئەوانەی کە دەبێت لە نەبوونی ڕەخنە بێزار بن، خودی ئەدیبەکان خۆیانن، نەبوونی بە واتای جێهێشتنی بوار، یان دەرفەتە بۆ ناپسپۆڕەکان، ئا لێرەدا ئافات دەخوڵقێت، کاتێک کەسێک دێتە پێشەوە، هیچ زانیارییەکی لەبارەی بنەماکانی ڕەخنە و میتۆد و تیۆرییەکانیەوە نییە، دێت و قسەیەک دەنووسێت هاوشێوەی ڕەخنەیە، نەک خودی ڕەخنە، قسەیەک لەو دەچێت، نەک لە ناخیەوە هەڵقوڵابێت، چونکە بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک دەستەواژەی ناتەبا لە یەک شوێندا، تا وا بۆ خوێنەری ئاسایی دەربکەوێت کە قسەگەلێکی قووڵن، کە بۆخۆی هیچ پەیوەندییەکی نە بە قووڵی و نە بە ڕەخنە و نە بە مەعریفەوە هەیە.