زیندانییە دەمامك ئاسنینەكه: نهێنییەك، 350 ساڵە فەڕەنسای سەرسام كردووە
چیرۆكە مێژووییەكان: چیرۆکی یەکەم
زیندانییە دەمامك ئاسنینەكه: نهێنییەك، 350 ساڵە فەڕەنسای سەرسام كردووە
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: باوکی ڕەهەند
لە ماوەی ساڵانێكی زۆر بەر لە دەستپێكردنی شۆڕشی فەڕەنسی (1789)، فەڕەنسا سەبارەت بە زیندانی باستیل، چەندین چیرۆك و بەسەرهاتی ترسناكی بە خۆیەوە بینیوە. هەندێك لەو چیرۆكانە باسیان لە پرۆسەی ئەشكەنجەدانی ترسناك كردووە. هەندێكی دی باس لەوە دەكەن كەسانێك خراونەتە ناو ئەو زیندانەوە، ئیدی بۆ ئەبەد لە تووناوتوون و پێچوپەناكانی زیندانەكە نەهاتوونەتە دەرەوە. هەر بۆیە لەبەر ئەو چیرۆك و بەسەرهاتە ڕەشانەی دەربارەی باستیل دەوتران و ژمارەیەك لە فەیلەسووفانی ڕۆشنگەرییش، لە نموونەی ڤۆڵتێر ڕەواجیان پێ دەدا، باستیل بوو بە سیمبول و هێمای ستەم و سەركوتكردن و ناوبانگێكی خراپی دەركردبوو، ئەگەرچی بەشی زۆری ئەو چیرۆك و بەسەرهاتانە وەهمی بوون.
لێرەوە پیاوە دەمامك ئاسنینەكە، لە مێژووی فەڕەنسادا، بە یەكێك لە گرنگترین ئەو كەسایەتییانە دادەنرێت كە سەردانی باستیلی كردووە و مشتومڕێكی زۆری لێ كەوتووەتەوە، چونكە ئەو كەسه، لە ئەنجامی مانەوەی بۆ چەندین ساڵ لەپشت ئاسنی ژووری زیندانەكەوە، هەر لەوێدا كۆچی دوایی دەكات.
زیندانییەكی بێناسنامە
لە ماوەی ساڵی 1669دا لە فەڕەنسا، زیندانییەكی نەناسراوی بێناسامە، كە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە و كەس نەزانێت كێیە، دەمامكێكی ئاسنینی لەسەر دەكەن و ڕەوانەی گرتووخانەی (پیگنیڕۆڵ (Pignerol دەكرێت. ئەم زیندانییە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی پاشا لویسی چواردە زیندانی كراوە. ئەم زیندانییە بێناسنامە و نەناسراوە، بە درێژایی ماوەی مانەوەی لە زیندان، هاوڕێ لەگەڵ جەلادەكەی و ئەو بەرپرسەی كە ڕاستەوخۆ لێی بەرپرسیار بوو و ناوی حاكم بێنیگنی دۆڤێرنۆ دی سانت مارس (Bénigne Dauvergne de Saint-Mars) بوو، لە زیندانێكەوە دەگوازرایەوە بۆ زیندانێكی دی.
دواتر، لە كۆتاییەكانی مانگی نیسانی ساڵی 1687دا، لەلایەن چەند كەسێكەوە بەئاشكرا دەبینرێت. بەگوێرەی ئەوانەی بینیویانە، ئاوا وەسفی حاڵەتەكە دەكەن: بێنیگنی دۆڤێرنۆ دی سانت مارس، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی پاشا لویسی چواردە، دەستگیركراوەكەی دەوڵەتی لە زیندانی پیگنیڕۆڵەوە گواستووەتەوە بۆ دوورگەی سانتا مارگرێت (Sainte-Marguerite)، بەڵام لە كاتی گواستنەوەیدا كەس ناسنامەی ئەم زیندانییە نەناسراوەی بۆ دەرنەكەوتووە، كە ڕوخساری بە دەمامكێكی ئاسنین داپۆشرابوو، بە عەرەبانەیەك لەسەر شان دەیانگواستەوە. هاوكات لەگەڵ ئەوەدا، فەرمان بەم زیندانییە درابوو كە بە هیچ شێوەیەك نابێت ناسنامەی خۆی ئاشكرا بكات، چونكە لویسی چواردە هەڕەشەی لێ كردبوو لە كوێدا ناسنامەی خۆی ئاشكرا كرد، هەر لەوێدا دەیكوژن.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1698دا زیندانە دەمامك ئاسنینەكە گوازرایەوە بۆ زیندانی باستیل، لەوێدا تا ڕۆژی مردنی، 19ی تشرینی دووەمی ساڵی 1703 مایەوە. هەر لەگەڵ مردنی و پێش ئەوەی بە ناوێكی ساختەوە لە گۆڕستانی سانت پۆل ئەسپەردەی خاكی بكەن، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا جلوبەرگ و كەلوپەلە تایبەتەكانیان سووتاند.
ناسنامەیەكی نەناسراو
پاش مردنی و بە درێژایی چەندین ساڵ، ناسنامەی زیندانییە دەمامكدارە ئاسنینەكە مشتومڕ و پرسیارێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هەندێك باس لەوە دەكەن ئەو كەسەی دەموچاوی لەپشت دەمامكەكەوە شاراوەتەوە، باوكی ڕاستەقینەی لویسی چواردەیە، كە عاشقی ئانای نەمسایی (Anne of Austria) ببوو. دروست لەو كات و ساتەدا ڤۆڵتێری فەیلەسووفی ڕۆشنگەری، دوای ئەوەی لە ساڵی 1717دا لە باستیل زیندانی دەكرێت، ڕەواجی بەو پڕوپاگەندانە دەدا كە دەربارەی ناسنامەی پیاوە دەمامكدارەكە بڵاو دەكرایەوە. لەم بارەیەوە ڤۆڵتێر ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە زیندانییە دەمامك ئاسنینەكە برا گەورە یان جمكی پاشا لویسی چواردەیە. هەروەها ڤۆڵتێر جەخت لەوە دەكاتەوە کە ڕێگە بەم زیندانییە دراوە خواردنێكی زۆری بۆ بهێنرێت و ئامێرە مۆسیقییەكان بژەنێت.
لە سەدەكانی دواتردا، ژمارەیەكی زۆری ئەدیبە گەورەكانی فەڕەنسا، لە نمونەی ڤیكتۆر هیگۆ و ئەلێكساندەر دۆما، لە بەرهەمەكانیاندا درێغییان نەكرد لە گەڕانەوە بۆ چیرۆكی ئەو زیندانییەی ڕوخساری بە دەمامكێكی ئاسنین داپۆشراوە و جەختیان لەوە كردووەتەوە کە ئەو زیندانییە برای پاشا لویسی چواردەیە. بەدەر لەوانە، چەندین مێژوونووسی هاوچەرخ سەبارەت بەو بابەتە بیرۆكە و تیۆریی جیاواز دەخەنە ڕوو. هەندێك لەو مێژوونووسە هاوچەرخانه، باس لەوە دەكەن، ئەو كەسەی لەپشت دەمامكەكەوەیه، ناوی ئیوستاش دۆجێیه (Eustache Dauger)، كە نێردەی تایبەتی پاشا بووە و دزەی بە زانیاریی زۆر مەترسیدار كردووە.
لە لایەكی دیكەوە، هەندێك لە میژوونووسە هاوچەرخەكانی دی لەو باوەڕەدان ئەو زیندانییە بە ناوبانگە جگە لە نیكۆلای ڤۆكییە (Nicolas Fouquet)، كەسی تر نەبووە، نیكۆلای بۆ چەندین ساڵ وەزیری خەزێنەی فەڕەنسا بووە، دوای ئەوەی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لە خەزێنەی دەوڵەت، بڕە پارەیەكی هێجگار زۆری دزیوە، دەستگیر دەكرێت و فڕێ دەدرێتە زیندانەوە و بۆ ماوەیەكی زۆر لە زیندان دەمێنێتەوە و هەر لەوێش كۆچی دوایی دەكات.
وەلێ ئەم زیندانییه، هەرچەندە تا ئێستا چەندین ئەگەر و گریمانە لەسەر ناسنامەكەی دەركەوتووە، بەڵام تا ڕۆژی ئەمڕۆش ناسنامەكەی بەتەواوەتی ئاشكرا نەبووه و نازانرێت كێیە.
سەرچاوە:
ئەلعەرەبییە نێت، گۆشەی چیرۆكە مێژووییەكان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 18ی تشرینی دووەمی 2025