تەنانەت پێکەنینیش پڕکێشیی دەوێت!

تەنانەت پێکەنینیش پڕکێشیی دەوێت!

یاداشتێک سەبارەت بە شانۆنامەی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”

بەختیار حەمەسوور

ڕەنگە قورس بێت نووسین دەربارەی کتێبێک، کە بارتەقای چەند ئەوەندەی خۆی دەربارەی نووسراوە و گوتراوە و بەردەوامیش دەربارەی دەنووسرێت و دەگوترێت، ئەگەر مەسەلە ناساندن و بە جۆرێک لە جۆرەکان نووسینەوە و دووبارەکردنەوەی ئەو قسانە بێت کە سەبارەت بەو کتێبە یاداشت کراون، ئەوە کارێکی ئاسانە و دەکرێت بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی دەقەکە و چاوخشاندن بە هەندێک لەو نووسراوانەدا، بتوانین بابەتێک ئامادە بکەین و لە یەکێک لە بڵاوکراوەکاندا بڵاوی بکەینەوە، بەڵام بۆ خوێندنەوەیەکی بەوەج و جیاواز لە هەمان کتێب، ڕێگەیەکی دژوار و درێژمان لەبەرە و ڕەنگە گرنتیی سەرکەوتنی هێجگار کەم بێت. لەم نووسینەدا، نەک بە ئیدعا و بانگەشەی وەها خوێندنەوەیەک کە نوێ و جیاواز بێت، هەوڵ دەدەین هەندێک وردەسەرنج لەسەر شانۆنامەی بەناوبانگ و زۆر خوێنراوە و نمایشکراوی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”ی ساموێل بێکیت بنووسین، بێگومان ئەم نووسینە نە دەپەرژێتە سەر ناسینی ژیاننامەی نووسەرەکەی، نە هەوڵیش دەدات ئەو ژینگە و بارودۆخە بەسەر بکاتەوە کە نووسەر ئەم دەقەی تێدا بەرهەم هێناوە و هاوکات کاریگەرییەکانی لە دنیادا پیشان بدات، پێمان وایە ئەو بابەتانە هێندە گوتراونەتەوە و نووسراونەتەوە، ڕەنگە زۆرینەمان هەر لەبەرمان بن، جیا لەوەش، ئێستا، هەر بە گەڕانێکی خێرا و ساکار بە نێتدا، دەتوانین زۆر وردتر و هەمەلایەنتر سەبارەت بەو باسانە بخوێنینەوە و بزانین. کە وایە، لە کوێوە دەست پێ بکەین؟

ئەو شتانەی کە ڕواڵەتین

“لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” چیرۆکی چەند کارەکتەرێک دەگێڕێتەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە و هاوکات هەر لەو خاڵەشدا چیرۆک و بەسەرهاتەکانی دەگورێت. دوو لەو کارەکتەرانە (ئیستراگۆن و ڤلادیمێر) کارەکتەری سەرەکین و چەق و خولی شانۆنامەکە بەدەوری ئەواندا دەسووڕێتەوە. ئەم شانۆنامەیە ئەگەرچی هەوڵ دەدات لە خاڵێکدا خۆی ئاڕاستە بکات، بەڵام بەردەوام بەدەوری باسگەل و وردەبابەتگەلێکدا هەڵدەخولێت، کە وا دەردەکەون هیچ خزمەتێک بە بابەتی سەرەکی ناکەن، بەڵام کاتێک لە بەستێنی ئەو قوتابخانەیەدا، کە بە ئەبسۆرد (پووچگەرا) دەیخوێنینەوە و ئەم شانۆنامەیە نوێنەرێکی جددیی ئەو ڕەوتەیە، ئەوا تێدەگەین کە نەک ئەو ڕواڵەتی و لابەلایی و ترازانە لە ڕەوتی سەرەکیی شانۆنامەکە عەیبە و کەلێنە، بەڵکوو خاڵی جەوهەرییە و خەسڵەتی ئەم قوتابخانە فکری-ئەدەبی و هونەرییەیە.

“لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرگیری باسێکە بە ناوی “چاوەڕوانی”، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە ئاڵاوە لە دەیان باسی ترەوە، کە تێکڕا دەتوانین بڵێین ناگرنگ و ڕواڵەتین، هەر ئەمەیە کەشێک لەم شانۆنامەیەدا پێک هاتووە، کە خوێنەر هەست بکات ئەوەی لەبەر چاوی ڕوو دەدات، سەرجەم کارێکی قۆشمە و کۆمیکە، بەڵام لەپشت ئەم دۆخە گاڵتەبازییەوە تاریکایی و تراژیکێک وەستاوە و دەمی کردووەتەوە، کە بە ڕوانین لە قووڵاییەکەی، نەک بەتەنها کارەکتەرەکانی شانۆنامەکە، خوێنەریش بەرەو چاڵاییە بێبن و ناکۆتاکەی ڕاکێش دەکات. دۆخێک کە ئەم شانۆنامەیە نیشانگری کردووە سەختە، تاڵە، لەوپەڕی گرژی و ناسکیدایە، دۆخێکە لەسەر کۆمەڵێک سنووری دواڵیزم ڕاوەستاوە، دۆخێکە بەوردی ناتوانرێت هەستێکی پێ دەرببڕدرێت، بێگومان کە هیی دڵخۆش نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پڕە لە حاڵەتی جۆک، کەچی وەک لە جێیەکی هەمان دەقدا هاتووە، تەنانەت پێکەنینیش پڕکێشیی دەوێت!

کارەکتەرەکانی ئەم شانۆنامەیە لە پێنج کەسێتی پێک هاتوون: ئیستراگۆن، ڤلادیمێر، لەکی، پۆزۆ و کوڕیژگەیەک. کۆی ڕووداوەکان لە دوو ڕۆژدا ڕوو دەدەن، شوێن: ڕێگەی سەر لادێیەک، کە درەختێک هەیە و کات ئێوارەیە. تێمای هەرە سەرەکیی ئەم دەقە “چاوەڕوانی”یە، کۆی ڕووداوەکان بەدەم ئەم چاوەڕوانییەوە ڕوو دەدەن و دەخولقێن. چاوەڕوانی نەک بەتەنها لەم شانۆنامەیەدا، بەڵکوو تێمای سەرەکیی بەشێک لە کارە جددی و گرنگەکانی ئەدەب و هونەر بووە و دەبێت، ئەوە چییە کە وا دەکات دەقێک لەبەر بنچینەی وەها تێمایەک بسازێت؟ گەر دیقەت بدەین لە دوو دەقی گرنگی سەدەی بیستەم، شیعرێک و ڕۆمانێک، ئەوا دەتوانین بڵێین ڕادە و ئاستی چاوەڕوانیی هەریەکەیان جیاوازە و ئەو هۆکار و هۆکردەش کە تێیدا “چاوەڕوانی”یەکەی لێوە ڕسکاوە، دیسان تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆی هەیە. شیعری “لە چاوەڕوانیی بەربەرییەکان”ی کۆنستانتین کاڤافی لەو شیعرانەیە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دوای خۆی هەبووە، تەنانەت نووسەری بەناوبانگی باشووری ئەفریقی جی. ئیم. کۆیتزی ڕۆمانێکی بە هەمان ناو و لەژێر کاریگەریی هەمان ئەو شیعرەدا نووسیوە، لای کاڤافی چاوەڕوانی وەک خۆزگە و هیوایەکە تا لە تەوقی دۆخێکی وەڕزکەر دەرباز ببێت، دۆخێک کە تێیدا هەموو شت چەقی بەستووە و بووە بە بەستەڵەک، هاتنی بەربەرەکان وەک هێزێکی وەحشەتناک، شتێکە دەکرێت چاوەڕوان بکرێت تا ئەو بەستەڵەکە بشکێنن و ئەو دۆخە قەیراناوییە کۆتایی پێ بهێنن، لە دێڕێکی ئەو شیعرەدا کاڤافی دەنووسێت: “چی بکەین بەبێ بەربەرییەکان، ئەوان بوون بە جۆرێک لە چارەسەر”. دەقی دووەم ڕۆمانی “سەحرای تەتەران”ی نووسەری ئیتاڵی دینۆ بۆتزاتییە، تێکڕای ئەم ڕۆمانە لە چاوەڕوانیی سوپایەکدا ڕوو دەدات، کە تێیدا سوپای بەرانبەر وەستاون و “چاوەڕوان”ن ئەو لەشکرکێشییە لەودیو چیا و شاخەکانەوە دەربکەون و ئەو پێکدادانە مێژووییە ڕوو بدات، بەدەم ئەو چاوەڕوانییەوە ئێمە هەرەسی ئەو خەونە دەبینین کە بەرە بەرە دەڕووخێت و دادەڕمێت و ئەو جەنگە هەرگیز هەڵناگیرسێت، دیسان تێمای ئەو چاوەڕوانییەی دینۆ بۆتزاتی لە ڕۆمانەکەیدا دەیخاتە ڕوو، شتێکە تەواو تایبەت و جیا لە هەر چاوەڕوانییەک، کە دەکرێت ئێمە هەمانبێت. لە شانۆنامەکەی ساموێل بێکیتدا “چاوەڕوانی” توندتر و زەقتر دەبێتەوە، جارێک دەبێتە نیگەرانی و نائومێدی؛ جارێک دەبێتە هیوا و ترووسکایی. ئەگەر لە دوو دەقەکەی پێشوودا چاوەڕوانی لەئاست دەستەیەک، سوپایەک یان هێزێکدا بووببێت، ئەوا لای بێکیت چاوەڕوانی بۆ تاکە کەسێک چڕ و کورت دەبێتەوە: گۆدۆ!

گۆدۆ کێیە و چییە و بۆ وەها بەتاسەوە نەک هەردوو کەسێتیی ئەم شانۆنامەیە: ئیستراگۆن و ڤلادیمێر، بەڵکوو ئێمە و بینەرانیش چاوەڕێی دەکەین؟ لەو پرسیارانەیە بە درێژایی تەمەنی ئەم دەقە شانۆییە پرسراوە و دەپرسرێت. زۆر ڕەخنەگر و نووسەر “گۆدۆ”یان وەک خودا، یان نوێنەری خودا لێک داوەتەوە، هەندێکی تر بە وزەی ژیان و تیشکی هیوا دەیبینن، لەبەرانبەردا کەسانێک هەن گۆدۆیان وەک هێزی مەرگ وێنا کردووە، دەکرێت گۆدۆ کۆی هەموو ئەوانە بێت و هیچیشیان نەبێت، یان شتێک بێت لە زەین و بیرگەی بێکیتدا، بەڵام بێکیت چیدی نییە، تا خۆیشی هەبوو، نەیگوت کە وایە، دەبێت خۆمان، ڕەخنەگران، بینەران ئەگەر و گریمانە لەسەر گۆدۆ هەڵبچنن، هەرکەسە بە دید و ڕوانینی خۆی، گۆدۆ شتێکە لە شێوەی “فریادڕەس”دا، کە بە دۆخی تەنگژە و تەنگەتاویی ئەم کارەکتەرانە دەگات و پێویستە هەرچی زووترە بگات، ئەگەرچی تا کۆتایی و دوایین پەردەدادانەوەی نمایش گۆدۆ نایەت و ڤلادیمێر و ئیستراگۆن و خوێنەران و بینەران دەسپێرێت بە چاوەڕوانییەکی درێژتر. لە شانۆنامەکەدا، لە چەند شوێندا گۆدۆ وەک “ڕزگاریدەر” وێنا کراوە، وەک جوانترین و خۆشترین هاتن و چرکەسات خۆزگێنراوە، کە وایە، دەتوانین قایلمەند بین بەم ڕاستییە: کە چاوەڕوانیی گۆدۆ زەروورەتێکە بۆ هەمووان، بۆ ڕێڕەو و ڕەوتی بەردەوامی دەق و ژیانمان، هەم شتێکیشە زنجیرەی ڕووداوەکان دەیخوازن.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، لەگەڵ ئەو چاوەڕوانییە توند و بەتاسەیەدا، بێکیت بەردەوام دۆخگەلێک دەسازێنێت کە لە تێمای سەرەکی دەترازێت و بەرەو شوێنانێک دەچێت، کە هەست بە پووچێتی و بێمانایی ئەوە بکەین کە خەریکە ڕوو دەدات، واتە قورسایی ئەم چاوەڕوانییە بە ڕووداوگەلێکی لاوەکی و هەرزان، کەم و سووک دەبێت، وەک ئەوەی پێت بڵێت هیوایەک نییە و ئەگەر هەبێت، دەبێت بە خۆخەڵەفاندن بە شتە لاوەکی و هەرزانەکانەوە درێژەی پێ بدەین. بۆ نموونە، هەر لە سەرەتاوە کێشەی “تەنگی و تەسکیی پووتەکانی ئیسراگۆن” تا کۆتایی وەک ڕووداوێک، کە بەشێک لە دیالۆگ و پانتایی شانۆنامەکە داگیر دەکات، ئامادەیی هەیە. لە تەنگی و پەککەوتەیی پووتەکانەوە جۆرێک پەیوەندی ساز دەبێت بەو ژیانەوە، کە لە شانۆنامەکەدا پێشنیار کراوە، ژیانێک لە لێواری شەکەتی و بێهیواییدا سەپۆلان دەدات. یاخود بابەتی شەپقەی سەری ئیستراگۆن و ڤلادیمێر، ئەم ڕووداوە لە گەمەوە تا وەڕزی و بێزاری دەستاودەست دەکات و خوێنەر هەست دەکات لەبەر دەم حاڵەتێکی تەواو کۆمیکدایە، هاوکات دۆخێکە تێیدا هیچ مانایەک ناخوڵقێ و بۆ جۆرێک لە سەرگەرمی و کاتکوشتنە، بەتایبەت لەو شوێنەدا کە شەپقەکەی لەکی لەسەر زەوی دەدۆزنەوە و لە بری شەپقەکانی خۆیان دەیکەنە سەریان و ئاڵوگۆڕی پێ دەکەن، تەنانەت بێکیت ئەمەی هەر لە ئاستی گێڕانەوەیەکدا نەهێشتووەتەوە، بەڵکوو وەک گەمەیەکی گێڕانەوەیی، کە لەسەر بناغەی چەندبارەکردنەوە چێ کراوە، داڕشتووەتەوە:

“ئیستراگۆن شەپقەکەی ڤلادیمێر وەردەگرێت. ڤلادیمێر شەپقەکەی لەکی لەسەر سەری ڕێک دەخات. ئیستراگۆن شەپقەکەی ڤلادیمێر دەکاتە سەری و شەپقەکەی خۆی دەداتە ڤلادیمێر. ڤلادیمێر شەپقەکەی ئیستراگۆن دەگرێت. ئیستراگۆن شەپقەکەی ڤلادیمێر لەسەر سەری ڕێک دەخات. ڤلادیمێر شەپقەکەی ئیستراگۆن دەخاتە جێی شەپقەکەی لەکی و شەپقەکەی لەکی دەداتە ئیستراگۆن. ئیستراگۆن شەپقەکەی لەکی دەگرێت. ڤلادیمێر شەپقەکەی ئیستراگۆن لەسەر سەری ڕێک دەخات. ئیستراگۆن شەپقەکەی لەکی لە جێی شەپقەکەی ڤلادیمێر دەکاتە سەری و شەپقەکەی ڤلادیمێریش دەدات بە خۆی. ڤلادیمێر شەپقەکەی خۆی لە جێی شەپقەکەی ئیستراگۆن دەدات بە خۆی. ئیستراگۆن شەپقەکەی دەگرێت. ڤلادیمێر شەپقەکەی خۆی لەسەر سەری ڕێک دەخات. ئیستراگۆن شەپقەکەی خۆی لە جێی شەپقەکەی لە جێی شەپقەکەی لەکی دەکاتە سەر و شەپقەکەی لەکی دەدات بە ڤلادیمێر. ڤلادیمێر شەپقەکەی لەکی دەگرێت. ئیستراگۆن شەپقەکەی خۆی لەسەر سەری ڕێک دەخات. ڤلادیمێر شەپقەکەی لەکی لە جێی شەپقەکەی خۆی دەکاتە سەر و شەپقەکەی خۆی دەدات بە ئیستراگۆن. ئیستراگۆن شەپقەکەی ڤلادیمێر دەگرێت. ڤلادیمێر شەپقەکەی لەکی لەسەر سەری ڕێک دەخات. ئیستراگۆن شەپقەکەی ڤلادیمێر دەگەڕێنێتەوە بۆی. ڤلادیمێر لێی وەردەگرێت و دەیداتەوە بە ئیستراگۆن. ئیستراگۆن دووبارە دەیداتەوە بە ڤلادیمێر. ڤلادیمێر لێی وەردەگرێت و فڕێی دەداتە سەر ئەرزەکە.”

خوێندنەوەی ئەو پارەگرافە ئەگەر هەوڵ بدرێت بە دەنگی بەرز و بەخێرایی بخوێنرێتەوە، وشەکان و ڕستەکان وەک کۆمەڵێک دەنگ لە هەوادا، کە هیچ ئامانجێک ناپێکن، بڵاو دەبنەوە و هەبا دەبن.

یەکێکی تر لەو بابەتە لاوەکییانە، ئەو درەختەیە کە ئیستراگۆن و ڤلادیمێر لەبنیدا وەستاون و چاوەڕوانی گۆدۆ دەکەن، ئەم درەختە هەر تەنیا درەختێک نییە لەسەر ڕێیەک و وەک وێستگەیەک، بەڵکوو بەشدارە لە بونیادی ئەو چاوەڕوانییە و چاو دەکەوێتە سەری، سەرەتا وەک هۆکارێک بۆ خۆهەڵواسین و خۆخنکاندن و شۆڕبوونەوە پێیدا، دواتریش ڕووتەڵەیەک و لە بەشی دووەمیشدا ئەو چەند گەڵایەی تازەکی گرتوویەتی دەبنە جێی مشتومڕ. هاوکات کارەکتەرگەلێکی تری وەک “پۆزۆ و لەکی”، کە بەشێک لە پانتایی ئەم دەقە داگیر دەکەن و کۆمەڵێک باس و دیالۆگ دادەمەزرێنن، کە جۆرێک ترازان لە هێڵی سەرەکیدا دەخەنەوە.

سبەی کەییە؟

کارەکتەری “کوڕیژگە”کە، ئەو کارەکتەرەیە کە بە زمانێکی فەرمی، لە کۆتایی هەردوو دیمەنەکەدا دەردەکەوێت. ڕۆڵ و دەرکەوتنی ئەم کوڕیژگەیە چییە؟ ئەم کوڕیژگەیە لە هەردوو دەرکەوتنەکەیدا پەیامێک لە “گۆدۆ”وە بۆ ڤلادیمێر و ئیستراگۆن دەهێنێت: “گۆدۆ ئەمڕۆ نایەت، ڕەنگە بەیانی بێت.” ڕستەیەک، کە کۆتایی بە چاوەڕوانی ڕۆژێک دەهێنێت و هاوکات چاوەڕوانیی سبەییش مسۆگەر دەکات! ئەوە جێگەی سەرنجە، کە ئەگەرچی “گۆدۆ” وەک کەسێتییەکی بەرجەستە ئامادەیی نییە، بەڵام قورسایی سێبەر و تارماییەکەی لە دێڕبەدێڕدا پڕ کێش و سەنگە، وەک ئەوەی غیابێکی هەمیشە ئامادە بێت، بەبێ بوونی سێبەر و تارماییە جوانەکەی ئەو، ئەم چاوەڕوانییە لە ژێڵڵاوە پووچەڵ بێت و چاوەڕوانیی ئەویش جگە لە چاوەڕوانییەکی بێهودە، خەونێکی پووچەڵ بێت!

“لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” هیچ سەبارەت بە ڕابوردووی کارەکتەرەکانی ناڵێت، ئەو لە ئێستا و لێرەدا ڕایان دەگرێت، وەک ئەوەی ڕابوردوو هیچ گرنگییەکی نەبێت، لە ڕستەیەکدا دەبیستین کە ڕابوردووی ڤلادیمێر و ئیستراگۆن خۆش بووە، بەڵام وەک چۆن ئێستا پشتیان لە یەک و وەستاون، ئاواش خۆشی پشتی لێ کردوون. ئیدی بێ ئەوەی بزانین چی شتێک لەو ڕابوردووەدا خۆش بووە و چۆن بووە و چی کراوە. لە ڤلادیمێر دەخوێنینەوە: “هەرکەس خاچەکەی خۆی وا بە کۆڵی خۆیەوە، تا ئەو کاتەی دەمرێت، ئیتر بیر دەچێتەوە.” لە ئیستراگۆن دەخوێنینەوە: “هەموومان بەشێتی لە دایک دەبین، هەندێک هەن هەر بەشێتی دەمێننەوە.” لە پۆزۆ دەخوێنینەوە: “فرمێسکەکانی جیهان ڕێژەیەکی هەمیشەییان هەیە، بۆیە کاتێک یەکێک لە شوێنێک دەست بە گریان دەکات، لە شوێنێکی دیکە یەکێکی تر لە گریان دەوەستێت. بۆ پێکەنینیش هەمان شت ڕاستە.” لە لەکی دەخوێنینەوە، بێ خاڵبەندی، بە ڕستەگەلی بێمانا و وەک دەروونشێواوێک: “هەر وەکوو ئەوەی لە کارە بەناوبانگەکانی پەنچەر و واتماندا هاتووە سەبارەت بە خودایەکی شەخسی هتدهتدهتد بە ڕیشێکی سپییەوە هتدهتدهتد لە دەرەوەی کات و بێ کێشان کە لە ترۆپکی بێباکیی خودایی خوێنساردیی خودایی زمانشێواویی خوداییەوە ئێمەی زۆر خۆش دەوێت جگە لە هەندێک لایەنەوە نەبێت لەبەر چەند هۆیەکی نەزانراو بەڵام زەمەن پێمان دەڵێت و وەکوو میراندای خودایی و لەگەڵ ئەوانەدا کە لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری نادیار کە زەمەن ئاشکرایان دەکات…”

سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم شانۆنامەیە

ئازاد بەرزنجی، وەرگێڕی پڕکار و بەسەلیقە، ئەم دەقەی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، بێگومان نەک لە پێگەی بەراوردکارێکەوە، بەڵکوو بە داوەریکردن لەسەر تێکستە کوردییەکە، دەتوانین بڵێین یەک لە کارە جددی و جوانەکانی ئەم وەرگێڕەیە. جێی ئاماژەیە کە “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” پێشتر لەلایەن چەند وەرگێڕێکەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە، بەڵام لە ڕووی ساڵی چاپ و نەمانی تیراژ و کوالێتیی وەرگێڕان و بڵاونەبوونەوەی لە ئاستێکی بەرفراواندا، وای کردبوو کە سەرلەنوێ وەرگێڕانەوەی ئەم کارە گرنگەی سەدەی بیستەم پێویست بکاتەوە، وەرگێڕانێک هەم یەکدەستتر و وردتر بێت، هەم شیاوی کتێبخانەی کوردییش بێت.

وەرگێڕی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” جیا لەوەی ئەزموونێکی نیوسەدە پتری لەگەڵ ئەم دەقە و دنیای بێکیتدا هەیە، کە سەرەتاکەی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک لە بەغداد، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان – بەشی شانۆ وەردەگیرێت، ئاشنای ئەم شانۆنامەیە دەبێت و چەندین جار بە نمایش دەیبینێت و هەر لەو دەمەوە بە قووڵایی و هەمەلایەنیی ئەم دەقە ئاشنا دەبێت، ئەم ئاشنایەتییە بۆ بەرزنجی نەک تەنیا ڕێنیشاندەر و کارئاسانی دەبێت بۆ ئەم وەرگێڕانە، بەڵکوو لەگەڵ هەڵدانەوەی ئەوەڵین لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا، “پێشەکی”یەکی کورت و پوخت هەیە، هاوکات خوێندنەوەیەکی چڕی سی لاپەڕەیی بە قەڵەمی نووسەر و وەرگێڕ عەلی عوسمان یەعقووب لە هەمان کتێبدا دەخوێنینەوە، کە تێیدا تێگەیشتنی خۆی بۆ دنیای بێکیت و زۆر بەتایبەتییش بۆ شانۆنامەی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” دەخاتە ڕوو، ئەم خوێندنەوەیە سەلمێنەری شەیدایی و شارەزایی نووسەر لە دنیای ئەفسووناوی بێکیتدا دەردەخات، خوێنەر لە ڕێی ئەم پێشەکییەوە پەیوەندییەکی هەمەلایەن و گشتگیر لەگەڵ ئەم کتێبەدا پەیدا دەکات و باشتر لە ژینگە و پانتایی دەقەکە تێدەگات.