ڕەیمۆند کارڤەر فیگەرێکی پارادۆکسە

ڕەیمۆند کارڤەر فیگەرێکی پارادۆکسە

هەوڵێکی گرنگ لە بواری وەرگێڕاندا: کۆبەرهەمی کارڤەر بە کوردی

دیداری: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابوردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە هەوڵێکی بێوێنەدا، کۆبەرهەمی نووسەری ناوداری ئەمەریکی (ڕەیمۆند کارڤەر)ی بە کوردی چاپ و بڵاو کردەوە، ئەم کۆبەرهەمە لەلایەن وەرگێڕی گەنج و پڕ لە وزە (ڕاڤین کامەران) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەم هەوڵەی ڕاڤین کامەران، خوێنەر و کتێبخانەی کوردی بە شاکارنووسێکی جیهانی و ئەزموونێکی گەورەی جیهان ئاشنا دەبێت لە بواری چیرۆک و چیرۆکنووسیندا.

لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕاڤین، دنیای نووسین و گرنگیی وەرگێڕانی ئەم کۆبەرهەمەی ڕەیمۆند کارڤەر دەخەینە ڕوو.

سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی کتێب و چیرۆکەکانی کارڤەر کردەوە، گرنگیی ئەزموون و ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە چییە بۆ خوێنەری کورد؟

ڕاڤین کامەران: کارڤەر لە قۆناغێکدا هات، ئەدەبی ئەمەریکی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕووی کردبووە (ئاڤان-گارد) و ئەزموونگەرایی. پۆستمۆدێرنیستەکانی وەک کورت ڤۆنێ‌گەت، تۆماس پینچین، ویلیەم بۆرۆوز و جۆن بارت کارەکانی خۆیان بڵاو کردبووەوە و ڕەوتی ئەدەبی ئەمەریکییان دەگۆڕی. کارڤەر لەم قۆناغەدا هات و بە پێچەوانەوە ڕووی کردە (مینیماڵیزم) ستایلی ڕوون و سادە. کارەکانی کارڤەر ئەو ئیمکانەیان ڕەخساند کە دەقی جدی، سەرباری نوێگەربوونی، دەتوانرێت بە زمان و ستایلێکی سادەش بەرهەم بهێنرێت.

هۆی وەرگێڕانی کۆی کارەکانی کارڤەریش، بەر لەوەی پەیوەندیی بە گرنگیی نووسەر یاخود زەڕوورەتی کارەکانیەوە هەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستیم بۆ ئەدەبیاتەکەی. هەر وەک پێی دەگوترێت “چیخۆفی ئەمەریکا”، بە هەمان شێوەی چیخۆف کارڤەریش یەکێکە لە نووسەرە خۆشەویستەکان. بۆیە بیرکردنەوە لە وەرگێڕانی چیرۆکەکانی، بەر لە هەموو شتێک، لەم خۆشەویستییەوە هاتووە.

سەردەم: دنیا و شێوازی نووسینی کارڤەر چۆنە و چ شتێک جیای دەکاتەوە لە نووسەرەکانی تری دنیا؟

ڕاڤین کامەران: ستایلی کارڤەر بە فۆڕم مینیماڵیستە و سەر بەو دەستە نووسەرانەیە کە دەخرێنە چوارچێوەی (ڕیاڵیزمی پیس)ەوە. مەبەست لە ڕیاڵیزمی پیس، ئەو ئەدەبیاتەیە کە تیشک دەخاتە سەر ژیانی مرۆڤی ئاسایی، چینی کرێکار، هەژاری و ئالوودەبوون، کارڤەر بە دوو قۆناغی نووسیندا هاتووە، کە قۆناغی یەکەم سەردەمی ئالوودەبوونی خۆیەتی و بەگشتییش نووسینەکانی بەژێر ئێدیتی گۆردۆن لیشدا تێپەڕیون. قۆناغی دووەم کارڤەر لە مینیماڵیزمی لیش دوور دەکەوێتەوە و ژیانی خۆیشی بەرەو باشتربوون دەڕوات، بەڵام لە هیچ کام لەم قۆناغانەدا کارڤەر وەک نووسەرێکی ڕیاڵیست حوکمی ئەخلاقی نادات، بە پێچەوانەی نەریتی زۆرێک لە نووسەرە ڕیاڵیستییەکانەوە، لە چیرۆکەکاندا وانەی ئەخلاقی یاخود داوای گۆڕانی کۆمەڵایەتی ناکات. بەسادەیی، کارڤەر تەنیا ژیانی ئەو مرۆڤانە دەگێڕێتەوە کە لە ململانێ و کێشمەکێشمی دەروونی و کۆمەڵایەتیدان.

لایەنێکی دیکەی کارەکانی کە بونیاد (Structure)ی چیرۆکەکانی پێک دەهێنن، (بێدەنگی)یە. بێدەنگی لە چیرۆکەکانی کارڤەردا جۆرێک لە بونیادی پڵۆت پێک دەهێنێت؛ ئەوەی کارەکتەرەکان نایڵێن، دەبێتە چەقی ڕاستەقینەی چیرۆکەکە. کارڤەر سوود لە بۆشایی (gap) وەردەگرێت تا چیرۆکەکانی لەسەر بونیاد بنێت، نووسەرانی دیکە لەوەوپێش کارێکی نزیک لەوەیان کردووە، بەڵام بێدەنگی و بۆشایی لای نووسەرانی تر، پتر لەپێناو دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزیدا بووە، نەک بونیادی چیرۆکەکە لەسەر ئەو بێدەنگییانە دروست بووبێت.

سەردەم: ئاست و پێگە و کاریگەریی ئەم نووسەرە چۆنە لەسەر نەخشەی ئەدەبیی دنیا؟

ڕاڤین کامەران: کارڤەر فیگەرێکی پارادۆکسە، هەم ئایکۆنە و هەمیش نووسەرێکی کەمناسراو. پتر دەچێتە خانەی ئەو نووسەرانەی زیاتر نووسەرانی تر خۆشیان دەوێت و پێی کاریگەرن؛ واتا نووسەری دڵخوازی نووسەران، بۆ نموونە (هاروکی موراکامی کۆبەرهەمی کارڤەری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ژاپۆنی)، بەڵام گرنگیی کارڤەر لە هەمووی زیاتر لە زیندووکردنەوەی کورتەچیرۆکدا بوو، بێگومان ئاشکرایە چیرۆک لەچاو ڕۆمان و شیعردا خوێنەرێکی کەمتری هەیە. لەو ساڵانەی کارڤەریش نووسینەکانی بڵاو دەکردەوە، لە جیهاندا چیرۆک بەتەواوی پشتگوێ خرابوو، کەم تا زۆر ڕۆماننووسەکان لەپاڵ نووسینی دیکەشدا چیرۆکیان دەنووسی، بەڵام کەم نووسەر تەواوی خۆی بۆ نووسینی چیرۆک تەرخان کردبوو. لەپاش کارڤەر و بەتایبەت لە دەیەی هەشتاکاندا، چیرۆک گوڕێکی نوێی تێ گەڕا و نووسەرگەلێک دەرکەوتن کە دەیانویست وەک کارڤەر تەنیا چیرۆک بنووسن. لەبەر ئەم هۆکارانەش، گەرچی کارڤەر خۆی ئەمەریکی بوو، بەڵام کارەکانی زیاتر لە ژاپۆن، فەڕەنسا و ئیسپانیا بەربڵاوترن و خوێنەری جدیی خۆیان دۆزیوەتەوە.

سەردەم: کێشە و زەحمەتییەکانی وەرگێڕانی کتێبەکانی ڕەیمۆند کارڤەر چی بوون لە ساتی وەرگێڕانیاندا و چۆن توانیت کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەیت و زاڵ بیت بەسەریاندا؟

ڕاڤین کامەران: وەرگێڕانی کارەکانی کارڤەر لەچاو نووسەرانی دیکەدا کارێکی زەحمەت نییە. بە زمانێکی ڕوون و سادە دەنووسێت، چونکە زمانی کارەکتەرەکانی هەر زمانی ژیانی ڕۆژانەیە. ئەوەی لە وەرگێڕانی چیرۆکەکانی کارڤەردا گرنگە، پێهەڵنەخلیسکانە لە وشەی باقوبریق، گەڕان بەدوای فەرهەنگ و دۆزینەوەی وشەی ناباو و جیاوازدا، لەم ڕووەوە کارڤەر لە ئێرنست هەمینگوەی دەچێت. جارێکیان ویلیەم فۆڵکنەر لە باسی هەمینگوەیدا گوتبووی: هیچ کەس بۆ خوێندنەوەی هەمنگوەی ناچێت تەماشای قامووس بکات. بۆ کارەکانی کارڤەریش، دەبێت وەرگێڕ ئاگادار بێت دەست بەم نەریتەوە بگرێت، ستایلی کارڤەر بناسێت و ئاڵۆزی نەکات، وەرگێڕی فەڕەنسیی کارەکانی کارڤەر دەڵێت، سەرەتا چیرۆکەکانی بە تۆنێکی گاڵتەجاڕانە و کۆمیدی وەرگێڕاوە، تا ئەو کاتەی وێنەیەکی کارڤەر لە ڕۆژنامەدا دەبینێت، بە تەماشاکردنی ڕوخساری کارڤەر، تێدەگات دەبێت دووبارە سەرلەبەری چیرۆکەکان وەربگێڕێتەوە، تا بتوانێت ئەو تۆنە غەمگینییەی لەسەر ڕوخساری هەیە، دەربێنێتەوە؛ جیا لەم وردەکارییانە، ئەوەی بۆ من وەک وەرگێڕ مایەی قەلەقی بوو، (مەسەلەی نوسخەی لیش)ی ئێدیتەر بوو، کۆمەڵەچیرۆکی (کاتێک لە ئەشق دەدوێین، لە چی دەدوێین) دوو نوسخەی جیاوازی هەیە، یەکەمیان ئەو نوسخەیەیە کە لەلایەن گۆردۆن لیشی ئێدیتەری کارڤەرەوە، بەبێ ئاگاداریی کارڤەر خۆی ئێدیتی کردووە، ئەم نوسخەیەی تەواو جیاوازە لەو نوسخەیەی دواتر، پاش مەرگی کارڤەر بە ناونیشانی (Beginners) بڵاو کراوەتەوە، کارڤەر کۆمەڵەچیرۆکەکەی بە جۆرێکی جیاواز نووسیوە، بەڵام لیش نیوە زیاتری دەقەکە دەگۆڕێت و هەر ئەو نوسخەیەش چاپ دەبێت، لە جیهاندا زیاتر ئەم وەشانە ناسراوە، بەڵام دواتر، کاتێک نوسخەی دووەم (واتا خودی دەستنووسەکەی کارڤەر خۆی) بڵاو دەبێتەوە، زۆرێک ئەم دوو نوسخەیەیان تێکەڵ کردووە. ئەوەی بۆ منیش لە کاتی وەرگێڕاندا بەردەوام لە مێشکمدا بووە، ئەوە بوو کام لەم دووانە وەربگێڕم؟ بەڵام دواجار هەر گەڕامەوە بۆ نوسخەی ئێدیتکراوی لیش، چونکە ئەمیان لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و زیاتر ناسراوە، دواتر کارڤەریش تا خۆی لە ژیاندا مابوو، دەستنووسی بنەڕەتیی کۆمەڵەچیرۆکەکەی بڵاو نەکردەوە، ڕەنگە لە داهاتوودا کار لەسەر ئەو دەستنووسانە بکەم (لە دوایین چاپی کۆبەرهەمی کارڤەردا ئەم دەستنووسانەش بەجیا لە کتێبێکدا هاتوون)، ڕەنگە ئەو کۆمەڵەیەش بەرچاوڕوونییەک لەسەر شێوازی کارکردنی ئێدیتەر بخاتە ڕوو.

کۆی ئەم پێنج کتێبەش لە ماوەی دوو ساڵدا وەرگێڕدراون، کێشە و زەحمەتیی گەورەش، بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە، یەکێک لە کتێبەکان فەوتان و دەبوو سەرلەنوێ وەری بگێڕمەوە.

سەردەم: بەگشتی گرنگی و بەهای وەرگێڕانی ئەدەبی لە چیدا دەبینیتەوە و بۆچی گرنگە بایەخی پتر بەم پرسە کولتوورییە بدرێت؟

ڕاڤین کامەران: لە دوو دەیەی ڕابوردوودا شەپۆلێکی فراوانی وەرگێڕان دەستی پێ کردووە و بەردەوامیشە (بە باش یاخود خراپەوە)، سەرەڕای وەرگێڕانی هەزاران کتێب، هێشتا هەموومان بە جۆرێک هەست دەکەین کتێبخانەی کوردی هەژارە، ئەم هەستکردنە پەیوەندیی بە نەبوونی پڕۆژەی تایبەتی وەرگێڕانەوە هەیە، هێشتا بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵمان نەداوە کار لەسەر نەریتەکان بە پڕۆژە بکەین، کاتێک تەماشا دەکەیت، جگە لە چەند نووسەرێکی کەم، کۆبەرهەمی نووسەران وەرنەگێڕدراون، گرنگیی وەرگێڕانی کۆبەرهەم لەوەدایە، کۆی پڕۆژە، دەستپێک و گەشەی نووسەرێک بۆ خوێنەر دەخاتە ڕوو، خوێنەر بەم جۆرە دەتوانێت قۆناغە جیا جیاکانی نووسەر بناسێت و ئاشنا بێت بە ڕەوتی هەڵکشان و داکشانی نووسەر.