نیکۆلای سارکۆزی و کتێبە نوێیەکەی (ڕۆژانەی زیندانییەک)
نیکۆلای سارکۆزی و کتێبە نوێیەکەی (ڕۆژانەی زیندانییەک)
لە کۆشکی کۆمارییەوە بۆ زیندانی لا سانتێ و لەوێشەوە بۆ واژۆکردنی کتێبەکەی لە ناوجەرگەی پاریسدا
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: باوکی ڕەهەند
نیکۆلای سارکۆزی پێشتر لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2012دا سەرۆککۆماری فەڕەنسا بوو. هەنووکە تەمەنی 70 ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2025، کتێبە نوێیەکەی بە ناونیشانی (ڕۆژانەی زیندانییەک) بڵاو کردەوە و تێیدا وردەکاریی ئەو 21 ڕۆژە دەگێڕێتەوە کە لە زیندانی “لا سانتێ” بەسەری بردووە. دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە و لە یەکەم دەرکەوتنی ئاشکرایدا، لە یەکێک لە کتێبخانە گەورەکانی فەڕەنسا، سەدان لایەنگر و هەواداری لێی کۆ بوونەوە و داوای واژۆکردنی کتێبەکەیان دەکرد، ئەویش بە خەندەیەکی تێکەڵ لە شانازی و سۆزەوە کتێبەکانی واژۆ دەکرد.
سەرۆکە کۆنەکەی فەڕەنسا سەرەتای کتێبەکەی بەم پەرەگرافە دەست پێ دەکات: (ئەم بەیانییە، سێشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2025، زۆر زوو لە خەو هەستام، ئەوە یەکەم ڕۆژی هاتنم بوو بۆ زیندان. من پێشتر هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ڕۆژێک دێت دەڕۆمە ناو چوار دیواری زیندانەوە، هەرگیز حسابی ڕۆژێکی وام نەکردبوو. ئاخر من نە پیاوێکی توندوتیژم و نە دەستدرێژیم کردووەتە سەر هیچ کەسێک. هەمیشە بەتەواوەتی و بێ کەموکووڕی باجەکانم داوە. هیچ ڕۆژێک بیرم لە کاری لابەلا و مامەڵەی گوماناوی نەکردووەتەوە و بە درێژایی بیست ساڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارێکی گەورە بووم، شاری نیولی سوور سێین، بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی تەندەرین و کارگێڕیی نایاسایی ئەنجام بدەم، ئەگەرچی زۆر بچووکیش بێت. کەچی لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، لەو بەیانییە خۆرەتاوەدا، بەناو کووچەوکۆڵان و شەقامەکانی پاریسدا دەهاتم بۆ زیندانی لا سانتێ la Santé، لەو کاتەدا هیچ چارەیەکم نەبوو، دەبوو دان بەوەدا بنێم، ئەوەی بە خەیاڵمدا نەدەهات، هەنووکە وا بەڕاستی ڕوو دەدات”.
سەروەختێک وەشانخانەی فەڕەنسی “فایار Fayard” کتێبەکەی سارکۆزیی بڵاو کردەوە، دەستم کرد بە پێکەنین و لە دڵی خۆمدا گوتم: “ئایا ئەزموونی 20 ڕۆژ مانەوە لەپشتی ئاسنی زیندانەوە، ئەوە دەهێنێت کتێبێکی 216 لاپەڕەیی لەسەر بنووسرێت؟” هەر کە کتێبەکە بڵاو کرایەوە، یەکسەر دەستم کرد بە خوێندنەوەی. لە ڕاستیدا ئەوەی وای کرد کتێبەکە بخوێنمەوە، ئەم پرسیارە بوو: ئەوە چییە نووسینی سەرۆکێک دەربارەی ئەزموونی زیندانیکردنی، جیا دەکاتەوە لە نووسینی سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاووڵاتییانی ئاسایی، کە دەربارەی ئەزموونی زیندانیکردنیان نووسیویانە؟ چی دەبێت ئەگەر بەراوردی ئەزموونی زیندانیکردنی نێڵسۆن ماندێلا یان ئەحمەد بن بیلە یان سەرۆکی پێشووی بەڕازیل، لۆلا، لەگەڵ ئەزموونی بیست ڕۆژەی سارکۆزی بکەین؟
سارکۆزی لە لاپەڕەکانی سەرەتای کتێبەکەدا، بە وشە وێنەی پۆرترێتێکی خۆی دەکێشێت، باسی کۆتا نانی بەیانیی دەکات لە دەرەوەی زیندان، ئەمە پێش ئەوەی بخرێتە زیندانەوە. کەسایەتیی دووەمی ناو کتێبەکە کلارای هاوسەریەتی، کە لە کتێبەکەدا ئامادەییەکی گەورەی هەیە و یەکەم ڕستەی بەیانییان، کە کلارا پێش نانی بەیانی دەیڵێت، ئەمەیە: (ئای، ئەمە چ کابووسێکە! ئاخۆ دەبێت چیمان کردبێت تا ڕووبەڕووی ئەم هەموو ترس و تۆقینە ببینەوە؟) سارکۆزی بە هەست و سۆزێکی لەڕادەبەدەرەوە باس لە دوا نانخواردنی بەیانیی خۆی لەگەڵ کلارا و منداڵ و نەوەکانی دەکات، وەک ئەوەی مەسیح بێت لە دواهەمین ئێوارەخوانیدا لەگەڵ 12 لە قوتابییەکانی.
ئەو بەیانییە، سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا خۆی لەبەر دەم دەرگای زیندانەکەدا دەبینێتەوە، ماڵاوایی لە پارێزەرەکەی دەکات، کە بە درێژایی ماوەی هاتنیان بۆ بەردەم زیندانەکە لەناو ئۆتۆمبیلەکە و لەتەنیشتیەوە، بەبێدەنگی دانیشتبوو. دەرگا ئاسنینە ترسناکەکەی زیندان دەکرێتەوە و پێشوازی لە میوانە نوێیەکە دەکات. لەوێدا پاسەوانەکان دەیپشکنن و ژمارەیەکی پێ دەدەن، ئیدی لەو کاتەوە ئەو ژمارەیە دەبێت بە ناوی و چیتر بە نیکۆلای سارکۆزی بانگ ناکرێت، بەڵکوو بە ژمارە 320535 بانگ دەکرێت. ئەوەی لێرەدا سەیرە، ئەوەیە سارکۆزی پێش چوار ڕۆژ لەوەوبەر، لە کۆشکی ئەلیزێ میوانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن بوو. لەم بارەیەوە کتێبەکە دەڵێت: “ئا ئەوەتا، من لێرەم و خۆم ئامادە دەکەم تا ژمارەکەم وەربگرم 320535، ئیدی لەمەولا ئەو ژمارەیە ناوی منە. منێک پێش تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر ناوم نیکۆلا سارکۆزی بوو، سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا، لە کۆشکی ئەلیزێ و لەلایەن خودی سەرۆک ‘ئیمانوێل ماکرۆن’ەوە پێشوازیم لێ کرا”.
کاتێک بیری دەکەوێتەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا بووە، کەچی ئێستا وا لە زیندانە و کەوتووەتە ناو خەرەندێکی قووڵەوە. کەمێک ڕادەوەستێت و ڕەخنە لە هەڵوێستەکانی ماکرۆن دەگرێت کە بەرامبەری نواندوویەتی. لێرەدا بە داخ و کەسەر و ئازارێکی زۆرەوه باس لە شۆکێکی گەورە دەکات، شۆکی لێسەندنەوەی مەدالیای شەرەف، کە پێشتر بە سیفەتی سەرۆککۆماری فەڕەنسا وەری گرتبوو. گوایە ماکرۆن بۆ پاراستن و پارێزگاریکردنی، پێشنیازی ئەوەی بۆ دەکات بگوێزرێتەوە بۆ زیندانێکی باشتر، کە شوقەیەکی تایبەت بە خێزانی تێدایە. وەلێ سارکۆزی ئەو پێشنیازە ڕەت دەکاتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی لە زیندانی لا سانتێ بمێنێتەوە. ئیدی بۆ مانەوەی بەسەلامەتی دوو پۆلیسی بۆ دادەنێن، کە لە ژوورەکەی تەنیشت خۆیدا دەمێننەوە. سارکۆزی لە کاتژمێری یەکەمی مانەوەی لە زیندان، هەست دەکات دراوسێکانی، ئەوانەی لەتەنیشت ئەمەوە زیندانی کراون، تیرۆریست و بکوژ و بازرگانی مادەی هۆشبەرن.
دوای ئەوەی لەلایەن کارگێڕی گرتووخانەکەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، زیندانیی ژمارە 320535 دەبرێت بۆ ژووری ژمارە 11 لە نهۆمی چوارەم و دەڵێت: “بەسەر چوار پلیکانەدا سەرکەوتین، بەدیاریکراوی 85 پلە بوو، من خۆم هەموویم ژمارد”. کردنەوەی دەرگای ژوورەکەی، لەبەر زۆریی قوفڵەکان، نزیکەی یەک خولەک دەخایەنێت، وەلێ دواجار ئەوەتا وا لەناو ئەو ژوورەدایە، کە ڕووبەرەکەی 12 مەتر دووجایە، قەرەوێڵەیەکی تێدایە بە دیوارەکەوە بەستراوەتەوە، کورسی و مێزێکی بچووکی لەتەختەدروستکراو، گەرماوێک، بەڕادێکی ئاو، تەباخێکی کارەبایی، تەلەڤزیۆنێک و دەڵێت: “دەرگاکە لەپشتمەوە داخرا و بۆ دواجار بەتەنیا مامەوە”. لێرەوە نووسەر وەک زیندانییەک دەست دەکات بە گێڕانەوەی ڕۆژەکانی ناو زیندان و چاوەڕێی هاتنی میوانە ئازیزەکەی، کلارای هاوسەری و منداڵەکانی و پارێزەرەکانی دەکات. کاتێک بۆ یەکەم جار لە ژووری زیندانەکەی، لەسەر مێز و کورسییە پەڕپووتەکەی زیندان و لەبەر دەم وەرەقەکاندا دادەنیشتێت، نووسنگەکەی ‘جەنەڕاڵ دیگۆل’ی لە کۆشکی ئەلیزێ بیر دەکەوێتەوە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەوێدا سەرۆککۆمار بووە.
سارکۆزی لە نووسینەوەی کتێبەکەیدا، جار جارە واز لەوە دەهێنێت بگەڕێتەوە بۆ ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکان و ژیانی جارانی لەنێو کۆشک و تەلارە گەورە و ڕازاوەکاندا و خەریکی نووسینەوەی ڕووداوەکانی ناو زیندانەکەی دەبێت. لێرەدا باس لەو نامە و کتێبانە دەکات کە لە زیندان بە دەستی دەگات و دەیانخوێنێتەوە، لەوانە، “نامەیەک بۆ بارمتەیەک Lettre à un otage”، هەروەها باس لەو سەدان نامەی پشتگیری و هاوسۆزییە دەکات کە ڕۆژانە بۆی دەنێرن. تەنانەت لە ژمارەیەک هاووڵاتیی نەناسراوەوە، 30 دانە لەو ڕۆمانەی بۆ دێت کە خەڵاتی کۆنگۆری وەرگرتبوو.
سارکۆزی لە وەسفکردنی ژووری زیندانەکەیدا، باس لەوە دەکات ژوورێکی تەنگ بووە، دیوارەکانی ڕەنگی خۆڵەمێشیان لێ نیشتبوو، ژوورێک بوو هەموو جیهانی ڕابوردووی، کە پڕ بوو لە شکۆ و دەسەڵات و ڕووناکی، قووت دەدا. قەرەوێڵەیەکی ئاسن، مێز و کورسییەکی سادەی تەختە، دیوارێکی ساردوسڕ، هەموو ئەوانە پێش ئەوەی گەمارۆی جەستەی بدەن، گەمارۆی “ڕۆح”یان داوه، هەموو ئەو شانوشکۆیەی چەندین ساڵ بوو پێوەی دەنازی، لەوێدا و لەو ژوورەدا لێی وەرگیرایەوە. هەر بۆیە ناچار بوو ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە هەرگیز پێشبینیی نەکردووە: ئەو پیاوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان حاکمی سەرتاسەری فەڕەنسا بوو، هەنووکە لە ژوورێکی تەنگەلاندا زیندانییە، کە بەکەڵکی هەناسەدان نایەت.
سارکۆزی ئا لەو بۆشاییە کوشندەیەدا، لەو زوڵمەتە بێبنەدا پەنا دەباتە بەر ئیمان و نوێژکردن، وەک ئەوەی سوجدەبردن تاقە ڕێگاە بووە بۆ خۆڕاگری و پارێزگاریکردن لە مانەوەی. لێرەوە دان بەوەدا دەنێت یەکتربینینەکانی لەگەڵ قەشەی زیندانەکە، لەناو دەریایەک لە نیگەرانی، جۆرێک لە ئارامیی دەروونیی پێ بەخشیوە و سەردانی خێزانەکەی بۆ زیندان، لای ئەو وەک ئەکسیری ژیان بووە و لەسەر لێواری هەرەسهێنان گەڕاوەتەوە.
ئەڵبەتە ڕۆژەکانی زیندان هەمووی وەک یەک نەبووە. هەندێکیان زۆر بەهێواشی تێپەڕیون و هەندێکی دیکەیان سوپرایزی چاوەڕواننەکراوی تێدا بووە. وەک ئەو ڕۆژەی خانمێکی بەڕێوەبەری گەنجی زیندانەکە پێی گوتووە دوو پەرلەمانتاری سەر بە پارتی “فەڕەنسای سەربەرز – فرنسا الابیة”، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک و وێنەگرێک هاتوون بۆ زیندان. لەوێدا سارکۆزی تێدەگات ئەوان بۆ مەبەستێکی مرۆیی نەهاتوون، بەڵکوو ئەوە هەنگاوێکی سیاسییە و ئامانج لێی گرتنی وێنەیەکیەتی لە زیندان، یان دروستکردنی مشتومڕ و هەرایەکە لەسەر هەلومەرجی گرتن و شوێنی مانەوەی لە زیندان. لەبەر ئەوە، ڕازی نەبووە بەشداری لە دیمەنێکدا بکات کە هەندێک کەس ویستوویانە بیکەنە بابەتێکی میدیایی. هەر بۆیە لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە و ناچێتە دەرەوە. ئەمە لە کاتێکدا بووە ژوورەکەی هیچ جیاوازییەکی نەبووە لەگەڵ ژوورەکانی دیکە، بگرە هەمیشە دەرگاکەی بەداخراوی ماوەتەوه.
کتێبەکە بە باسکردنی دواهەمین شەوی مانەوەی لە زیندان کۆتایی دێت، واتە کۆتا شەوی سەرۆکە زیندانیکراوەکە و تێیدا هاتووە: “شەو بەخێرایی تێپەڕی، من لە کاتژمێر شەش و نیوی ئەم بەیانییەوە ئامادەم. دەبووایە پێش وادەی دانیشتنەکە، نزیکەی سێ کاتژمێر چاوەڕێم بکردایە. هەمیشە کاتی بەر لە ڕووبەڕووبوونەوە بۆ من کاتێکی قورس بووە، ئیدی کاتی دادگاییکردن بووبێت یان هەرشتێکی دی، گرنگ نەبوو. سەروەختێک لە زیندان هاتمە دەرەوە، دەیان کامێرا و وێنەگر و ڕۆژنامەنووس چاوەڕێیان دەکردم. پۆلیسی نیشتمانیی سەر ماتۆڕەکان ڕێگەکەیان بۆ کردمەوە. من وەک سەرۆکی وڵات ڕۆشتمە زیندانەوە و بە هەمان ئەو سیفەتەش لە زیندان هاتمە دەرەوە. لەسەر ڕیتمی کەژاوەیەکی فەرمی، بەنێو شەقامەکانی پاریسدا تێپەڕین”.
کاتێک کتێبی ڕۆژانەی زیندانییەک دەخوێنینەوە، بیرۆکەیەکی سەرەکیمان لا گەڵاڵە دەبێت، بێ لەبەرچاوگرتنی ناوەرۆکەکەی، ئەویش ئەوەیە لە کۆمەڵگەی فەڕەنسی و بە شێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگەی خۆراوادا، هێشتا دەسەڵاتی کتێب دەسەڵاتێکی بەهێز و ئامادەیە. هێشتا کتێب بۆ گەیاندنی هەر بیرۆکە و پەیامێک، باشترین کەرەستە و ئامرازە.
ئەڵبەتە پەنابردنی سەرۆکی پێشووی دەوڵەتێک بۆ نووسن، تا لە ڕێگەیەوە بابەتێک ئاشکرا بکات یان قسە لەسەر ئەزموونێک بکات، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەزموونەکە تاڵە یان شیرین، باشە یان خراپ، بەڵگەی ئەوەیە کتێب هێشتا سیحری خۆی بۆ دروستکردنی کاریگەریی لە دەست نەداوە. لەمەدا کتێب بە بەراورد لەگەڵ میدیای بینراو یان نووسراو، کاریگەرییەکەی زۆر قووڵترە.
سارکۆزی لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە یەکێک لەو چرکەساتانە دەدات کە پڕ بووە لە هەستی مرۆڤایەتی. ئەویش ئەو کاتە بووە کە پاشای مەغریب، شا محەمەدی شەشەم، پەیوەندیی پێوە کردووە، ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەی پێش گرتنی و دوای ئازادکردنی، پەیوەندیی بە سارکۆزییەوە کردووە و لە تەلەفۆنەکەدا تۆنی دەنگی و قسەکردنی لەسەر ئەو نەهامەتییەی بەسەر سارکۆزیدا هاتووە، بەڕاستی دەری دەخات پاشای مەغریب نیگەران و دڵتەنگ بووە. سارکۆزی لەم بارەیەوە دەڵێت، کاتێک گوێم لە دەنگی بوو، درکم بە هەست و سۆزێکی ڕاستەقینە کرد، هەست و سۆزێک، تەنها لە دڵی سەرکردە گەورەکانەوە دێتە دەرێ. ئاخر ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ پاشای مەغریب هەیەتی، پەیوەندیی ڕێزی دوولایەنەیە و پەیوەست نییە بە گۆڕین و نەمانی پلە و پۆست و دەسەڵاتەوە.
سارکۆزی لە کتێبەکەیدا، بە تۆنێکی توند و زبر، هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا و گرتنەکەی و مانەوەی بۆ ماوەی 21 ڕۆژ لە زیندان، وەک بە شێک لە “پرۆسەیەک دادەنێت، کە ئامانج لێی لاوازکردنی بوو لە ڕووی سیاسی و ناشرینکردنی مێژووەکەیەتی”، ئەو لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بابەتی وەرگرتنی پارە لە لیبیا و ئەو بڕیارەی دادگا بۆی دەرکردووە، بڕیارێکی “دڵڕەقانەیە و پشت بە هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگر نابەستێت”. لەم بارەیەوە، ئەو پێی وایە هەندێک لە دادوەرەکان بوونەتە لایەنگر و بێلایەنیی خۆیان لە دەست داوە، بگرە بوونەتە بەشێک لەو ململانێ سیاسییەی دەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری. تەنانەت لەوەش دوورتر دەڕوات و دەڵێت، نەیارە سیاسییەکانی عەیامێک بوو چاوەڕێی کەوتنی ئەمیان دەکرد و هەندێکیان بەشدار بوون لە دروستکردنی فشار بۆ سەر دادوەرەکان، تا مامەڵەیەکی توندی لەگەڵدا بکەن.
سارکۆزی لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و بووە بە پیاوێک، زۆر گۆڕاوە و باس لەوە دەکات هەوای دەرەوەی دیوارەکان، هەوایەکی تەواو جیاوازە و شتێک لەناوەوەیدا شکاوە. بەڵام شتێکی دیکەی بەهێز لە هەناوی ئەو کارەساتەوە لە دایک دەبێت. لێرەوە دیمەنی واژۆکردنی کتێبەکەی لە یەکێک لە کتێبخانە گەورەکانی پاریس، وەک گەڕانەوەیەکی سیمبولی وایە بۆ نێو ژیانی گشتی، گەڕانەوەیەک، تێیدا ئازار و شانازی تێکەڵ دەبن. ڕوخساری ئەو ئاپۆرایەی لەدەوری کۆ ببوونەوە و نیگای ئەو چاوانەی سەیری وشەکانیان دەکرد، کە سارکۆزی وەک دیاری و یادگاری لەسەر کتێبەکان دەینووسی، بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەم پیاوە، کە 21 ڕۆژ لە جیهانێکی خۆڵەمێشیدا ژیاوە، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ بەردەم ڕووناکی و ڕۆمانە تایبەتەکەشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ڕۆمانێک، لەوانەیە پێگەی نووسەرەکەی بگۆڕێت و لەوانەشە لەگەڵیدا ئایندەی ڕاستڕەویی فەڕەنسی بگۆڕێت.
سەرچاوە:
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە، سوودێکی زۆرم لەم دوو سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگرتووە:
1- ئەمین ئەلزاوی “یومیات سجین” لسارکۆزی: من ادب سجون الرؤساء، موقع independentarabia.com، 11ی تشرینی دووەمی 2025
2- کوثر وکیل، یومیات سجين يکشف عن العالم الخفي داخل زنزانة سارکوزي، الشرق الاوسط، 10ی تشرینی دووەمی 2025