چڵی زێڕین: کتێبێک دەربارەی جادووگەری و ئاین
چڵی زێڕین: کتێبێک دەربارەی جادووگەری و ئاین
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (چڵی زێڕین)، کە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە لە دوو بەرگدا سەبارەت بە (جادووگەری و ئاین). ئەم کتێبە لەلایەن نووسەری سکۆتلاندی (سێر جەیمس جۆرج فرەیزەر) نووسراوە و نووسەر و وەرگێڕی کورد (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق) لە زمانی ئینگیزییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: دیانا و ڤیربیوس، پاشا کاهینەکان، بنەماکانی جادووگەری، جادووگەری و هاوسۆزیی هەموار یان جادووگەریی لاساییکردنەوە، کۆنترۆڵکردنی جادوویی باران، بەرجەستوبوونی خواوەندەکان لە مرۆڤدا، هێزە بەسوودەکانی ڕۆحی دارەکان، ئاسەواری هەردوو ڕەگەز لەسەر سەوزایی، میراتگریی پاشایەتی لە لاتیۆمی کۆند، تابووە پاشایەتی و ئاینەکان، جیابوونەوەی دەسەڵاتی ڕۆحی لە دەسەڵاتی دنیایی، قەدەغە و تابوودانان لەسەر ژن لە کاتی سووڕی مانگانە یان منداڵبووندا، تابووی ناوی پاشایان و خەڵکانی تری پیرۆز، کوشتنی پاشایان لە کاتی لاوازبوونیاندا و چەندین بابەتی دیکە کۆی ئەم لێکۆڵینەوە گەورەیە پێک دەهێنن.
نووسەر لە زاری خۆیەوە باسی ئەوەی کردووە، کە مەبەستی سەرەکیی ئەم کتێبە، ڕوونکردنەوەی ئەو بنەما بەرچاوەیە کە گواستنەوە و بەدواییەکداهاتنی کاهینیەتی دایانی لە ئاریسیا ڕێک خستووە: کاتێک یەکەم جار خۆم تەرخان کرد بۆ چارەسەر و دۆزینەوەی وەڵامێکی ئەم کێشەیە، زیاتر لە سی ساڵ لەمەوپێش، باوەڕم وا بوو چارەسەرەکە زۆر کورت دەبێت و وەڵامی ئەو پرسیارەش کە هەمیشە لە گۆڕێدا بوو، کورت دەبێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر مەسەلەی گشتگیرتر بکرێت، کە پێشتر باسێکی ئەوتۆی لێوە نەکراوە.
نووسەر جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کە ئەو باس و لێکۆڵینەوەیەی پێشکەشی کردوون، ڕاست بن یان نا، ئەوە دەبێت بۆ حوکمی پاشەڕۆژ جێیان بهێڵین: من هەمیشە ئامادەم دەستبەرداریان بم ئەگەر خستنەڕووی باشتر هاتنە ئاراوە، لە هەمان کاتدا کە ئەم کتێبە لە فۆڕمە نوێکەیدا دەکەوێتە بەردەست و بەگشتی بەر حوکمی خەڵک دەکەوێت، دەمەوێت بەئاگا بن لە هەڵەتێگەیشتن، هەرچەندە من پێشتر هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەوەم داوە.
هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکەش ئاماژەی بۆ کردووە، نووسەر لە کتێبەکەیدا زۆر لەسەر دابونەریتی ئەورووپای چەرخی بتپەرستیی پێش مەسیحیەت وەستاوە و یەکەم جار کە کتێبەکە لە ساڵی ١٨٩٠دا بڵاو کرایەوە، هەرا و پرۆتێستێکی زۆری لە ناوەندەکانی کریستیانی کاسۆلیکیدا ناوەتەوە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە بەلای پەرستنی دار و بتدا دای شکاندووە: بەو هۆیەشەوە فشاری ئاینیی زۆری کەوتووەتە سەر، لەبەر ئەوە ناچار بووە لە چاپەکانی دواتردا کارەکەی کورت بکاتەوە و هەندێک بابەتی دژەمەسیحیەتی تێدا بسڕێتەوە.
نووسەر لەم کتێبەدا پێمان دەڵێت: ئێمە کە دەڵێین پاشا کۆنەکان بە شێوەیەکی باو پیاوی ئاینییش بوون، مەبەستمان ئەوە نییە کە لایەنی ئاینیی پێگە و پۆستیان لە ناوەرۆک بەتاڵ کرابێتەوە، چونکە لەو ڕۆژگارەدا خواوەندێتی، کە پاشای دەپاراست، هەر وا قسەیەکی بەتاڵ نەبوو، بەڵکوو گوزارشت بوو لە باوەڕێکی شکۆدار و پتەو، کاتێک پاشاکان ڕێز و شکۆیان بۆ دادەنرا، لەبەر ئەوە نەبووە کە کاهین بوون، بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە پارێزەر و نێوەندگیر بوون لەنێوان خەڵک و خواوەندەکاندا و خۆشیان دەیانتوانی پیرۆزی و بەزەیی ببەخشنە ڕەعیەتەکانیان.
بەگشتی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، بەم کتێبەشەوە (چڵی زێڕین)، دەستپێشخەرییەکی بوێرانەن و بواریان ڕەخساندووە بۆ داهێنانی زۆر، ئێمە دەتوانین ئەم نووسەرە بە توێژەرێک لە قەڵەم بدەین لە قووڵایی کولتوور و ڕۆشنبیرییەکەیدا، لە تێڕوانینی بەراوردکردنیەوە بۆ سیستەمەکانی باوەڕداری، لە کاتێکدا باوەڕێکی گشتی زاڵ بووە و نەریت و باوەڕەکانی تر بە دامودەزگای ناتەواو دادەنێت، کە پێویستە ڕیشەکێش بکرێن، بە هەمان ئەو دڵگەرمییەی تێیدا مژدەدەرە مەسیحییەکان هەوڵیان داوە دابونەریتەکانی تر بسڕنەوە.
ئەم نووسەرە لە کتێبی چڵی زێڕێندا هەوڵی داوە پشتیوانی لە نامەسیحییەکان و شیکردنەوەی ئەو ڕێوڕەسم و نەریتە ئەورووپییانە بکات، کە بەستراون بە سروشتی پەرستنی خواژنەوە، بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هەرکەسێک بخوازێت سەرلەنوێ ئەوە بنیات بنێتەوە کە مەسیحیەت خستوویەتە لاوە و بگرە سڕیویشیەتەوە.
سێر جەیمس فرەیزەر ساڵی ١٨٥٤ لە شاری کڵاسکۆی سکۆتلاند لە دایک بووە، باوکی دەرمانساز و دایکیشی کچی جۆرج بوگڵ بووە، کە کونسوڵی بەریتانی بووە لە تیبت و لە ساڵی ١٧٧٤دا، پاش ئەوەی بوگڵ وەک نێردەیەک لە هیندستانی ڕۆژەڵات کاری دەکرد، بووە بە یەکەمی ئەو بەریتانییانەی گەشتی وڵاتە تەریک و دوورەدەستەکانی کردبوو، جەیمس فرەیزەر لە ژینگەیەکدا گەورە بووە، کە پڕ بووە لە حیکایەت و چیرۆکی گەشت و دابونەریتی سەیروسەمەرەی میلەتان و توخم و ڕەگەزەکانی تر، ئەمە جگە لە فێربوون و دەقگرتنی بە ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی کەنیسەی ئازادی سکۆتلاندییەوە بە کاریگەریی باوکی، کاتێک منداڵ بووە، فێری زمانی لاتینی و گریکی بووە، پاشان کاتێک لە زانکۆی گڵاسکۆ لەسەر خوێندنەکەی بەردەوام بووە، لەم دوو زمانەدا قووڵ بووەتەوە، لەوێ بە سەرپەرشتیی لۆرد کاڵڤن فیزیکی خوێندووە، ساڵی ١٨٧٨ لە زانکۆی کامبریج بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی یۆنانیی ئەدەبیاتدا وەرگرتووە، ساڵێک دوای ئەوە شەرەفی ئەندامێتیی ئەلفای وەرگرتووە کاتێک تێزەکەی لەسەر ئەفلاتوون پێشکەش کرد، پاشان لەسەر حەز و داوای باوکی یاساشی تەواو کردووە، بەڵام لە بواری پارێزەریدا کاری نەکرد، گەڕایەوە بۆ کامبریج و نوقمی ئەو کارە بوو کە شەیدای بووبوو، ئەویش لێکۆڵینەوە بوو لە نەریت و ئەفسانەکان، لێرەوە کەوتە وەرگێڕانی چیرۆک و سەنجەکانی بایسنیاسی گەڕیدەی گریکی، کە لە سەدەی دووەمی پێش زایندا ژیاوە و لەبەر گەورەیی ئەم کارە، تا ساڵی ١٨٩٨ تەنها توانیی شەش بەرگی لێ تەواو بکات، فریزەر زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەریی کتێبی (کولتووری سەرەتایی) نووسەر (ئێدوارد تایلەرەوە).
وەک پێشتر باس کراوە، گرنگیی کتێبی (چڵی زێڕین) لەوەدایە، دەروونناسی ناودار (سیگمۆند فرۆید) بە بەرزی نرخاندووە و سوودی لێ وەرگرتووە. لەولاتریش (کارڵ یۆنگ)ی پزیشکی دەروونیی سویسری کاریگەر بووە بە تێبینی و سەرنجەکانی. (جۆزێف کامبڵ)یش، کە ناوێکی دیاری میتۆلۆژیایە، پشتی بە فرەیزەر بەستووە. (ڕێنێ جیرار)ی فەیلەسووفیش تیۆرەکەی خۆی لە بواری لاساییکردنەوەدا لەسەر ئەم کتێبە بونیاد ناوە.
لە ڕاستیدا ئەم کتێبە (چڵی زێڕین) چاپی یەکەمی لە ساڵی ١٨٩٠دا لە دوو بەرگ پێک هاتبوو. چاپی دووەم لە ١٩٠٠دا بوو بە سێ بەرگ، چاپی سێیەمیش لە ساڵی ١٩١٥دا بوو بە دوازدە بەرگ، ساڵی ١٩٣٦یش بەرگی سیازدەهەمی خرایە سەر، دواجار لە ساڵی ١٩٢٢دا چاپێکی دووبەرگیی لێ بڵاو کرایەوە، کە جەیمس فرەیزەری نووسەر لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی ئامادەیان کردووە.
کتێبی چڵی زێڕین لە ٦٩ بەش پێک هاتووە، ئەو بەشانەش چەندین لقیان لێ دەبێتەوە. لە دووتوێی ١١٢٤ لاپەڕەدا، لێکۆڵینەوەیەکی درێژە لە بواری ئاین و جادووگەری، ئەفسانەکان، ڕۆح و ڕۆحگەرایی، تابووە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی میلەتە سەرەتاییەکان و شێوازی ژیانی مادی و ڕۆحیی ئەوان، بۆ ئەم مەبەستە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە کرۆکی بابەتەکان، گەڕاوە و خوێندوویەتی، لە هەمان کاتدا توێژەری زۆری لە سەرانسەری دنیادا ڕاسپاردووە تا هاریکاریی بکەن و بابەتی دابونەریت و ئاین و باوەڕی میلەتەکانی بۆ کۆ بکەنەوە.
کتێبەکە زیاتر لەسەر دابونەریتی ئەورووپای چەرخی بتپەرستیی پێش مەسیحیەت وەستاوە. هەرا و دەنگۆیەکی زۆری ناوەتەوە، لێکۆڵەر بەوە تۆمەتبار کراوە، کە بەلای پەرستنی دار و بتدا دای شکاندووە.
لێکۆڵەر لەو بڕوایەدایە، وەک چۆن زانست شوێنی بە تێگەیشتنە هەڵە و باوەکانی پێشوو چۆڵ کرد، دەبێت ڕۆژێکیش بێت بە گریمانەی تۆکمەتر و جیاوازتر بۆ دیاردە سروشتییەکان و بابەتە هەستیار و بڤەکان، شوێنی ئەم تێگەیشتنە زانستییە بگیرێتەوە.