داستانێکی شیعری جیهانی بە زمانێکی پاراو
داستانێکی شیعری جیهانی بە زمانێکی پاراو
ڕانانی: سەردەم
کەسێکی قژ ماشوبرنجیی سەیر لەوێدا
لە پەڕگی دەرەوەی دوورگە ڕووتەنەکەدا دەژیا،
بێ دوودڵی نە لە وشکایی و نە لە دەریا
ئەو ئازاری کەسی نەدەدا
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جاروبار ترسێنەرانە سوور هەڵدەگەڕا،
ئەوەش بەزۆری لە بەرەو نائارامچوونی کەشدا،
ئیدی ئەو بەلای خەڵکەوە عەقڵی تێک چووبوو لەو ساتەوەختانەدا،
بۆیە کەم بوون ئەوانەی بێ پەروا
خۆیان لە قەرەی تاریا ڤیگێن دەدا.
بەم دەستپێکە شیعرییە، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە شاپاڵەوانی داستانەشیعرییەکە، کە (تاریا ڤیگێن)ە، داستانێک کە لە دەستپێکەوە بەم هەناسە شیعرییە دەست پێ دەکات تا کۆتایی، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ گەشتێکی پڕ لە ڕووداو و شوێن و ئاشنایان دەکات بە چەندین چیرۆک و ململانێ سەبارەت بە جەنگ و داگیرکاری و سەرکێشی، ئەوین و خێزان و منداڵ، سروشت و بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان.
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کتێبێکی گرنگ و بەنرخی لە بواری داستانەشیعردا چاپ و بڵاو کردووەتەوە، لە ڕاستیدا ئەم بەرهەمە کتێبێکە، کە بۆ خوێنەر چێژی خوێدنەوەی ڕۆمانێکی گەورەی هەیە، چونکە بە زمانێکی شیعریی پاراو و سادە داستانێکی گەورەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هاوکات لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە گێڕانەوەی ڕاستیی ڕووداوەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییە و چیرۆکی بەرخودان و قارەمانێتیی کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە بە ناوی (تاریا ڤیگێن).
ئەم کتێبە (تاریا ڤیگێن) لەلایەن گەورە نووسەر و شانۆنامەنووسی ناوداری جیهانی (هێنریک ئیبسن)ەوە نووسراوە و (هاودەم ساڵح جاف)، کە پێشتر کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی نەرویجیی وەک شانۆنامە و ڕۆمانی پێ ناساندبووین، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، هاوکات بە زمانێکی ئەدەبی و بێگرێوگۆڵ، وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (هاودەم ساڵح جاف) لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ داوە، داستانەشیعری تاریا ڤیگێن بەرهەمێکی هێماگەرای ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەیەمە، ئەگەرچی لەسەر شێوازی هێماگەریی ڕیالیزمی ڕۆ نراوە، وەلێ هێشتا مۆرکی دۆخی ڕۆمانتیکی نەتەوەیی تێدا کاڵ نەبووەتەوە: ئیبسن لە داستانەشیعرییەکەی (تاریا ڤیگێن)دا سەردەمی جەنگی ساڵی ١٩٠٨ دەگێڕێتەوە، ئەو جەنگەی لە ئەورووپادا ناپلیۆن بووە هۆی هەڵگیرساندنی و دانیمارک-نەرویج تێیدا چوونە بەرەی فەڕەنساوە، وەلێ چوونەپاڵ فەڕەنسای نەرویج شتێک نەبوو لە دەست نەرویج خۆیدا بێت، ئەوە بڕیاری دانیمارک بوو، نەرویج، وەک وڵاتێکی پاشکۆی دانیمارک، دەبووایە بەناچاری لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بێت.
بەم شێوەیە دەبینین و تێدەگەین ئەم داستانەشیعرییەی ئیبسن ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و واقیعێکە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا ڕووی داوە، ئەویش بابەتی جەنگ و داگیرکاری و تەماعی بازرگانیی دەوڵەتە گەورە و پڕچەکەکانی ئەورووپایە بۆ سنووربەزاندن و تێکشکاندنی دەوڵەتانی دی، واتە دەکرێت خوێنەر لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم داستانەشیعرییەوە تێبگات کە بۆچی ئەو جەنگە ڕووی دا، کێ کوێی داگیر کرد، ئاکامەکەی چی بوو…
ھێنریک یۆھان ئیبسن، ناسراو بە ھێنریک ئیبسن، ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨-٢٣ی ئایاری ١٩٠٦، شانۆنووسێکی نەرویژی بووە و بە باوکی شانۆی نوێ ناسراوە و ناوبانگی لەدوای شکسپیرەوە دێت، لە ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨دا لە نەرویژ لە دایک بووە، دوای بەرھەمھێنانی دووەم شانۆی بە ناوی (جەنگاوەر)، ناوبانگی دەرکردووە، وەکوو بەڕێوەبەری سەرنووسەری شانۆی نەرویژی لە شاری (بورجن) کاری کردووە، لە مەزنترین شانۆنووسەکانی جیھانە، بەتێکڕایی و بەقووڵی سەیری ژیانی کردووە و شانۆکانی لەنێوان تراژیدیا و نەھامەتییەکی ڕاستەقینەدا خۆیان دەبیننەوە.
ھێنریک ئیبسن لە ساڵی ١٨٥٠دا یەکەم شانۆی خۆی لەژێر ناونیشانی (کاتالینا)دا نووسیوە، دواتر شانۆی میلۆدرامای بڵاو کردووەتەوە، کە ئەو سەردەمە شانۆی وای بە خۆوە نەبینیبوو، ساڵی ١٨٥١ ئیبسن وەکوو یاریدەدەر لە شانۆی (بیرجین) کاری کردووە، پاشان بە مەبەستی خوێندنی شانۆ گەشتی کردووە بۆ دانیمارک و ئەڵمانیا، ساڵی ١٨٦٢ بووەتە بەڕێوەبەری ھونەریی شانۆی نەرویژ لە ئۆسلۆ و سەردانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیای کردووە، ساڵی ١٨٦٠، دوای ئەوەی شانۆگەریی براندی بڵاو کردووەتەوە، لەلایەن دەوڵەتەوە مووچەی مانگانەی بۆ بڕراوەتەوە.
بە گوتەی ڕەخنەگرانی بواری شانۆ، (ھێنریک ئیبسن) نازناوی باوکی شانۆی نوێی لێ نراوە و لە بەرھەمە ئەدەبییەکانیدا دەستی خستووەتە سەر ئەو بابەتە ڕاستەقینە و مەترسیدارانەی دووچاری کۆمەڵگەی ئەورووپی دەبنەوە، ھەروەھا بابەتەکانی بانگەشەیەک بوون بۆ ھاوسەنگی و ئاشکراکردنی دەمامکی کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە دووفاقی و دژ بە توندوتیژی بووە.
ھێنریک ئیبسن دوای ئەوەی ناوی خۆی لە پەرتووکی ناودارترین شانۆنووسەکانی جیھاندا تۆمار کردووە و ڕەخنەی لە زوڵم و ستەمکاری گرتووە، کە دژ بە کۆمەڵگە دەکرێت، بە ھۆی نەخۆشییەوە لە ٢٣ی ئایاری ١٩٠٦دا و لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
لە شانۆگەریی تارماییەکاندا، (ئیبسن) تەواو پێچەوانەی شانۆگەرییەکانی تری کاری کردووە، لەم شانۆگەرییەدا باس لە خێزان و پەیوەندیی ژنومێردیاتی دەکات لەسەر بنەمای غەریزە جنسییەکان، لە ئەنجانی ناتەبایی شەڕ و ناکۆکیی نێوان ئەم ژن و مێردە، هەریەکەیان بە ئارەزووی خۆی و چۆنی ویستووە، ئاوا دوای غەریزە جنسییەکانی خۆی کەوتووە، هەریەکەیان لە چەندین پەیوەندیی جیاوزادا بوون لە دەرەوەی ژنومێردایەتییاندا.
لێرەوە نەوەیەک لە ناشەرعیەت دروست بوون، کە ئەم نەوانەش دەکەونە خوشەویستی لەگەڵ یەکتری، بێ ئەوەی بزانن دەشێت ئەمانە ژنێک دایکی هەردووکیان بێت، یان لە پیاوێک بووبێتن کە باوکی هەردووکیان بێت.
لەم شانۆگەرییەدا باوک دەستدرێژیی سێکیسی دەکاتە سەر کچە خزمەتکارەکەیان و دواجار کچێکی لێی دەبێت، بەڵام ئەم کارە بەنهێنی دەمێنێتەوە و دەیدەنە پیاوێک تا گەورەی بکات و ئەم پیاوە وەک باوکی دەبینێت.
ئەم کچە لە گەورییدا دەبێتە خۆشەویستی کوڕێک، کە باوکی ئەم کوڕە لە کاتی خۆیدا دەستدرێژیی کردووەتە سەر دایکی، بە مانایەک، ئەم کوڕ و کچە خاوەنی یەک باوکن .
کوڕ دەبێتە جێگرەوی باوک و هەمان ڕێچکەی باوک دەگرێت لە لاقەکردن و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچان.
بەڵام ئیبسن لەم شانۆگەرییەدا جارێکی تر تاوانی تێکدانی بنەماکانی خێزان و ڕاوکردنی ژن و هەوڵدان بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسییەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ پیاو.
لێرەوە خوێنەر تێدەگات ئەم گەورەنووسەرە لە کارەکانیدا بەقووڵی باس لە مرۆڤ و کێشە ئینسانییەکان دەکات و پەردە لەسەر ئەو شانۆیە هەڵدەماڵێت کە لە ناخی ئینسانەکاندا لە خامۆشی و تاریکیدا ماونەتەوە.
لە ڕاستیدا ئە داستانەشیعرە دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگەکانی ناپلیۆن، ئەو جەنگانەش لە ساڵانی ١٨٠٣ تا ١٨١٥ زنجیرەیەک ململانێی گەورە بوون، کە ئیمپراتۆریەتی فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی، بە سەرۆکایەتیی ناپلیۆن، لە دژی کۆمەڵێک زلهێزی ئەورووپی، کە لە کۆمەڵێک ڕێککەوتن و هاوپەیمانیی جیاوازدا بوون، بەزۆری لەلایەن شانشینی یەکگرتووەوە سەرکردایەتی دەکران. شەڕەکان لە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەست بە شۆڕشی فەڕەنسا و ململانێی دەرەنجامی ئەوەوە سەرچاوەیان گرتبوو. لەدوای شۆڕشی فەڕەنسا، ناپلیۆن بۆنەپارت لە ساڵی ١٧٩٩دا لە فەڕەنسادا دەسەڵاتی بە دەست هێنا. لە ساڵی ١٨٠٤دا تاجی کردە سەر خۆی و وەک ئیمپراتۆری فەڕەنسییەکان خۆی ناساند.
لە ساڵی ١٨٠٥دا سەرکەوتنی فەڕەنسا لە شەڕی ئۆستەرلیتز بەسەر سوپای نەمسا-ڕووسیادا کۆتایی بە جەنگی هاوپەیمانیی سێیەم هێنا. لە ئەنجامی پەیمانی پرێسبێرگ، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی پیرۆز هەڵوەشایەوە. هەوڵەکانی دواتر کەمتر سەرکەوتوو بوون. لە جەنگی نیمچەدوورگەکاندا، فەڕەنسا هەوڵی دا (جۆزێف بۆنەپارت) وەک پاشای ئیسپانیا دابمەزرێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٨١٢دا لەشکرکێشیی فەڕەنسییەکان بۆ سەر ڕووسیا قوربانییەکی زۆری فەڕەنسیی لێ کەوتەوە و خاڵی وەرچەرخان بوو لە جەنگەکانی ناپلیۆندا. لە ساڵی ١٨١٤دا، دوای شکستی لە جەنگی هاوپەیمانیی شەشەمدا، ناپلیۆن دەستی لە کار کێشایەوە و دوور خرایەوە بۆ ئێلبا. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لە دەربەدەری ڕزگاری بوو و سەد ڕۆژەکەی دەست پێ کرد، پێش ئەوەی دواجار لە شەڕی واتەرلوودا شکست بهێنێت، دوور خرایەوە بۆ سەینت هێلێنا، کە دوورگەیەک بوو لە زەریای ئەتڵەسیی باشوور. دوای شکستی ناپلیۆن، کۆنگرەی ڤیەنا بۆ دیاریکردنی سنوورە نیشتمانییە نوێیەکان بە ڕێوە چوو. ئەم ڕووداوەی ئەورووپا بۆ پاراستنی ئەم سنوورانە دامەزرا و کاریگەرییەکی سنوورداریشی هەبوو.