چۆن لە مێژووی هونەر بگەین؟
چۆن لە مێژووی هونەر بگەین؟
خستنەڕووی کتێبی “پوختەی میژووی هونەر”
بەختیار حەمەسوور
لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی سادە و ڕەوان لە یەکێک لە کتێبە ناوازەکانی بواری هونەر بدوێین، ئەم کتێبە بەتەنها بۆ ئەو کەسانە نییە کە سەرقاڵی کاری هونەرین، بەڵکوو دەتوانێت ڕووی لە سەرجەم ئەو کەسانە بێت کە خولیای هونەر و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان لە بواری هونەردا هەیە، ئەم کتێبە “پوختەی مێژووی هونەر” لە نووسینی پەرویز مەرزبان و وەرگێڕانی لە فارسییەوە ستار کەریمە. کتێبەکە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە دووتوێی ٣٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بە زمانێکی ڕەوان و سادە، بە کوردییەکی جوان و پوخت کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، لە سەرلەبەری کتێبەکەدا خوێنەر دووچاری هیچ ئاڵۆزی و لێڵییەک نایەت، هەر لە دەستپێکەوە دەتوانێت پەیوەندییەکی پڕ چێژ و جوانی لەگەڵ بابەتەکانی کتێبەکەدا پێک بهێنێت. با سەرەتا لە ناساندنی ناوەرۆکی کتێبەکەوە دەست پێ بکەین.
ئەم کتێبە لە بیست و پێنج بەش پێک هاتووە، کە هەر بەشێک تایبەتە بە هونەری میلەت و شارستانیەت و ناوچەیەک، لە کۆتایی هەر بەشێکدا نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێی وێنەوە هەندێک نموونە لە پاشماوە و کارە هونەرییەکانی ئەو میلەتانە بخاتە بەرچاو، بەشەکانیش بەم جۆرە بەرودوا هاتوون: بەشی یەکەم: هونەری بەر لە مێژوو. بەشی دووەم: هونەری میزۆپۆتامیا. بەشی سێیەم: هونەری میسڕ لەگەڵ (پاشکۆ نوێیەکان). بەشی چوارەم: هونەری ئێران تا دەرکەوتنی ئیسلام. بەشی پێنجەم: هونەری دۆڵی سەند (هیند). بەشی شەشەم: هونەری چین – هونەری ژاپۆن. بەشی حەوتەم: هونەری یۆنان. بەشی هەشتەم: هونەری ئەتروریا. بەشی نۆیەم: هونەری ڕۆمی. بەشی دەیەم: هونەری بیزەنتینی. بەشی یانزەیەم: هونەری ئیسلامی. بەشی دوانزەیەم: هونەری شێوە ڕۆمی. بەشی چواردەیەم: هونەری ڕێنیسانس. بەشی پانزەیەم: شێوەگەری – بارۆک، ڕۆکۆکۆ. بەشی شانزەیەم: بارۆک لە فنلاند و هۆڵندا. بەشی حەڤدەیەم: کلاسیکی نوێ. بەشی هەژدەیەم: ئازادیخوازی – ڕۆمانتیک – واقیعگەری. بەشی نۆزدەیەم: ئیمپرسیۆنیزم. بەشی بیستەم: ئیمرسیۆمیزیمی نوێ (ئیمرسیۆنیزمی پۆست مۆدێرنە). بەشی بیست و یەکەم: شێوەکان و گروپە هونەرییەکان لە سەدەی بیستەمدا. بەشی بیست و دووەم: هونەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. بەشی بیست و سێیەم: هونەری ئەفریقا. بەشی بیست و چوارەم: هونەری شارستانیەتە دێرینەکانی ئەمەریکا و دوایین بەشیش، بەشی بیست و پێنجەم: هونەری میلی – خۆجێیی – دوورگەکانی ئۆقیانووس.
تایبەتمەندیی ئەم کتێبە، هەڵگری بەمتمانە و بەوەفای ناونیشانەکەیەتی، کە هەڵگری سیفەتی “پوختە”، لەم کتێبە و لە تێکڕای ئەو بیست و پێنج بەشەدا، نووسەر بە ناونیشانەکەی ڕاستگۆ دەبێت، لەوپەڕی هەوڵی جدی و جوانیدا، هەوڵی داوە بە پوختترین شێوە و کەمترین دەربڕین و زیادەڕەوی، ئایدیا سەرەکییەکانی و ئەو مەبەستانەی کە بڕیارە مێژووی گشتیی هونەر لە تەواوی شارستانیەتەکاندا بخاتە بەر دەست و چاوی خوێنەران لە سەرجەم توێژ و ئاستە جیاواز جیاوازەکاندا، پەرویز مەرزبان، نووسەری کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر”، بە ڕەچاوکردنی ڕووبەری کارەکەی، کە ڕووبەرێکی هێجگار هەراو و بەرینە، توانیویەتی چوارچێوەیەکی نایاب بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی بدۆزێتەوە، ڕەنگە ئەمە لە هەرە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم کتێبە ناوازەیە بێت، چونکوو هەر بەڕاستی ئەوە لە زەحمەتترین و دژوارترین ئەو کارانەیە کە نووسەر کردوویەتی.
دەبێت ئێمە ئەم ڕاستییە سادەیە بزانین، هەر بەشێک لە بەشەکانی ئەم کتیبە، ڕەنگە سەدان کتێب لەبارەیانەوە نووسرابێت و بەردەوامیش لەلایەن نووسەران و توێژەرانەوە، بۆگەڕانەوە هەیە، واتە بە ئێستاشەوە پرسی هونەر لە سەردەمە دێرینەکان و نوێیەکانیشدا جێی مشتومڕ و باسە، بەڵام لەم کتیبەدا “پوختەی مێژووی هونەر”، نووسەر خۆی لەو قووڵاییە پاراستووە کە دەکرێت لە هەریەک لەو بەشانەدا بێنە بەردەمی، ئەو بە هەڵبژاردنی گرنگترین ئەو خاڵ و تایبەتمەندی و شێواز و خەسڵەتانەی، کە هونەری پێ دەناسرێتەوە لەلای ئەو گەل و نەتەوە و شارستانیەتانە، هەوڵی داوە کەشێک بسازێنێت کە خوێنەر بەزوویی بە پێگە و ڕۆڵی هونەر ئاشنا ببێت لای ئەو میلەتانە، بێگومان ئەم کتێبە دەتوانێت وەک ڕێنوێنێک، وەک ڕێبەرێک، بەڵام نەک لەو شێوەیەی کە دەخرێتە بەردەم گەشتیار، بەڵکوو دەوڵەمەند و پڕ لە زانیاری و سەرنجڕاکێشان لە وەسف و وردەکاریدا، خراوەتە ڕوو. کتێبەکە ئاشنامان دەکات بەو میراتە گشتییەی کە تەواوی مرۆڤایەتی تێیدا هاوبەشن، ئاشنامان دەکات بە سەرەتاییترین توخم و شێوە و ڕەگەزەکانی هونەر لای گەلان، بە واتایەکی تر، لای مرۆڤی سەرەتایی. هاوکات لە گوزەری خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، “پوختەی مێژووی هونەر”، ئاشنا دەبین بە ڕەنجی مرۆڤانێک کە بەردی بناغەی هونەریان ڕۆ ناوە، مرۆڤانێک کە چیدی ناویان لە ناواندا نییە، بەڵام بە ئارەقەی ڕۆح و جەستە، بە ڕەنگینی و سەنگینی بیر و قامک، بە بیرکردنەوە و ڕامان، بە تێگەیشتن و پێگەیشتن سەرەتایەکیان بۆ هونەر چەسپاندووە، سەرەتایەک کە لێیەوە هونەری ئەمڕۆ لە دایک بووە، کە هونەری داهاتوو لێیەوە دەڕسکێت، کە بەردەوامیی ژیان لە ڕابوردوودا بە ئێستا و داهاتووەوە گرێ دەدات.
کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” گەشتێکی پڕ لە ململانێیە، پڕە لە دڵەڕاوکەی شارستانیەتەکان، لە فەوتان و نەمانی ئەو میراتە گەورەیەی کە بازوو دروستیان کردووە، ئەم کتێبە هەر لە سەفەرێکی ئەندێشەئامێز دەچێت بەنێو میراتی شارستانیەتەکاندا، چۆن لە کاری دەست، لە ڕەنگینیی سروشت، لە نیگای دەوروبەر، لەسەر بەرد و تاوێر و خاک، لە گڵ و قوڕ و قسڵ، لە سەرەتاییترین مادەکان، لە شاخی ئاژەڵ و گیا و درەختی زەلام، بیریان بۆ نەخشاندن و چێکردن و خوڵقاندن بزواوە، ئەم سەفەرە هەر لە سەفەری پیاوانێک دەچێت کە جادووباز بوون، لە سەری پەنجەکانیانەوە هونەر چکاوە، هونەرێک کە بۆ ئەمڕۆ دەتوانێت قسەی هەبێت، دەتوانێت دیالۆگ بسازێنێت، دەتوانێت کۆی ئاڕاستەی بیرمان بەرەو خۆی بەکێش بکات، چاومان پڕی جوانی و دڵمان پڕ لە خەم بکات، بۆ سەردەمانێک کە بوون بە تۆز و با بۆ بنی بنەوەی چاڵە تاریکەکەی مێژووی ڕاپێچ کردوون، ئەم کتێبە لەبنی بنەوەی مێژوو، لەو چاڵە تاریکەدا دەپشکنێت، وەک گەوهەرێکی یەکدانە، یەک یەک ئەو پارچە و کەرەستە هونەرییانە دەردەهێنێتەوە کە پێشینان ڕۆڵیان لە دروستکردنیدا گێڕاوە، ئەوان شاکەس و قارەمانی ئەو سەرەتایەن، دەستپێک ئەوانن و هونەری مۆدێرن و پاش مۆدێرن لەوێوە ئاو دەخواتەوە.
کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” کۆمەڵێک نوختە لای خوێنەر دەکات بە نیشانە و ئاماژەی خوێندنەوەی سەرەتاکان، کاتێک خوێنەر لە بەشێکەوە دەچێتە سەر بەشێکی تر، هەست بەو ڕایەڵ و پەیوەندییە دەکات کە لەنێوان شارستانیەتەکاندا دەستاودەستی کردووە، بێگومان لێرەدا مەبەست لە دەستاودەستکردنی هونەرە وەک میراتێک، کە لە نوختەیەکەوە سەری دەرکێشاوە و بەرە بەرە پەرەی بە خۆی داوە و گەیشتووەتە فۆڕمێکی باڵا. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە چەمکێک بدەین بۆ ئەم حاڵەتە، ئەویش چەمکی “لێخواستن – یاخود لێوەرگرتن”ە، شارستانیەتەکان بە هۆی ململانێی دەسەڵات و داگیرکاری و فراوانکردنی ڕووبەری حوکمڕانییان و پاشان پاوانخوازیی کۆی دەستکەوتەکان، بەر یەکتری کەوتوون، بەردەوام لەنێوانیاندا گرژی و ئاڵۆزی هەبووە، سنووربەزاندن و تێکبەربوون و دوژمنایەتیی ڕێشەیی و چەندان سەدەیی بووەتە هۆی جۆرێک لە ڕقەبەرایەتی، کە وەچەبەوەچە بەردەوامیی بە خۆی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئەو بەرانبەرییەدا، کە دوژمنایەتیی خەستی لێ کەوتووەتەوە، کاریگەریی هەر هەبووە، ئەویش بە هۆی تێکەڵبوونیان بووە بە یەکتر، جا ئیدی لە ڕێی ئەو دیل و کۆیلانەوە بێت لە جەنگەکاندا گیراون، یان بە هۆی داگیرکاریی سەرتاپاییەوە بێت کە خاک و کولتوور و زمان و ئاین و نەریتیانی داپۆشیوە، ئەمە بەئاسانی ڕووی نەداوە، بەڵام بەردەوام هەبووە، کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی دانیشتووان دیاریی داوە، لە کار و هەڵسوکەوت و ڕەفتاریاندا ڕەنگی داوەتەوە، بووە بە بەشێک لە ژیانی ئاساییان. ئەم داگیرکارییەی نێوان شارستانیەتەکان کاری لە کولتوور کردووە، بووەتە هۆی گواستنەوەی کولتوورێک بۆ ناو کولتوورێکی تر، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بێگومان هونەر یەکێک بووە لەو کایانە، هونەریش لە سەرەتادا لە کۆمەڵێک بابەتدا خۆی بینینوەتەوە، لەوانە، خانووسازی، پەیکەرسازی، وێنە لەسەر دیوار، گڵجۆشی، جلوبەرگ، قاپ و دەوری، نەخشانی کەرەستەکانی ناوماڵ و سوودوەرگرتنێکی بەرین لە دیاردە سروشتییەکان، بەوەش داگیرکارەکان هەر خاک نا، بەڵکوو دەستیان بەسەر کۆی ئەو بیرانەشدا گرتووە کە ئەو جوانییانەیان بەرهەم هێناوە. دیارە ئەم پردە کولتوورییە هیچ کات بە خواست و ویستی شارستانیەت و گەلەکانی بندەست نەبووە، بەڵکوو لەگەڵیدا جۆرێک لە زەبر و توندوتیژی هەبووە، کە لە بەرزترین و توندترین حاڵەتیدا گەیشتووەتە خوێنڕشتن و قەتڵوعامکردنی یەکتر. ئەوەی لەم کتێبەدا، “پوختەی مێژووی هونەر”، لەو بارەیەوە خراوەتە ڕوو، پوختەیەکی کەمە دەربارەی ئەو ململانێ و جەنگ و داگیرکارییانە، بەڵکە زیادتر دەرخستن و پێشاندانی دیوێکی تری ئەو کارەسات و ماڵوێرانییانەیە، ئەویش بەرجەستەکردنەوەیەتی لە بەرگە هونەرییەکەدا، بە واتایەکی سادەتر، مەبەستی کتێبەکە گەڕانە بەشوێن ئەو هێڵەدا کە هونەر لەسەری کشاوە، نەک ئەو شەپۆلی خوێنەی تەواوی خاک و ئاو و هەوای شارستانیەتەکانی نغرۆ کردووە لە خۆیدا، “پوختەی مێژووی هونەر” لەو جێیەدا دەوەستێت، ناچێتە ئەو ڕووبەرە ترسناکەوە، ئەو ڕووبەرێکی تر دەگرێت کە پڕە لە جوانی و داهێنان و ئیستاتیکا، بەڵام خوێنەر دەزانێت لەپشت ئەو جوانییەوە خوێن وەستاوە، ڕەنج دراوە، کەسانێک بوون بە قوربانی و بە قوربانیبوونی ئەوان، کە ڕەنگە هەزاران بن، ئەو مێژووە بۆ هونەر پێک هاتووە و نووسراوەتەوە.
یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانەی کۆی شارستانیەتەکان لەسەری وەستاون، هونەری ئەشکەوتنشینییە، ئەشکەوت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵ و پێگەیەکی بەرچاوی هەیە، ئەشکەوت سەرەتا و دەستپێکە، لەوێوە مرۆڤایەتی هەنگاوە خاو و هێواشەکانی ناوە، تا دابەزینی لەو بەرزییەوە بۆ پێدەشت، سەدان ساڵی ویستووە، بۆیە لە ئەشکەوتەکاندا بەو ئیمکانەی لەبەر دەستیدا بووە هەوڵی داوە ژیانی خۆی پێ دابین و ڕایی بکات، مەترسییەکان بناسێت و ئەوانەش کە بەکەڵکی ژیانی هاتوون دەستیان بەسەردا بگرێت، وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکان ڕێک لە سۆنگەی سوود و زیانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، لێرە بۆ نموونە ئەم خاڵە ڕوون دەکەینەوە: ئاژەڵێکی وەک گورک یان بەراز یاخود مار و… لەو ئاژەڵانەن کە زیانیان هەیە، بۆی هەیە ژیانی ئینسان کۆتایی پێ بهێنن، ئینسان دەبێت خۆیان لێ دوور بگرێت، یان ڕووبەڕوویان ببێتەوە و لە ناویان بدات، ئینسانی سەرەتایی لیستێکی بۆ ئەو ئاژەڵانە دروست کردووە، بە وێنە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی کێشاونی و دەوروبەرەکەی تێگەیاندووە کە خۆیان لەو ئاژەڵانە بپارێزن، نەچن بەدەوریاندا، لە هەرجێیەکدا بینییان، دووری لێ بگرن، کەواتە سەرەتا لەبری ناوی بۆ وێنە: “مار”، نیگاری “مار” هەبووە، ئەمە ڕاستییەکیش دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوەیە کە “نیگار” بەر لە “وشە” لای مرۆڤی سەرەتایی هەبووە، ئەمە خاڵێکە کۆی شارستانیەتەکان تێیدا هاوبەشن، کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” زۆر بەڕوونی جەخت لەسەر ئەم هاوبەشییەتە دەکاتەوە و لە بەسەرکردنەوەی هەر شارستانیەتێکدا ئەوە دەردەخات کە سەرەتا و دەستپێکەکەی لە ئەشکەوت و مرۆڤی ئەشکەوتنشینەوە ڕێچکەی گرتووە. با پێکەوە ئەم دەستپێکە بخوێنینەوە، کە دەبێتە سەرەتای سەرەتاکان و مێژووی هونەر بەر لە مێژوو دەگێڕێتەوە:
نەخشونیگار لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان، هەندێک جاریش هەڵکۆڵین لەسەر بەرد، بە دووکەڵی خەڵووز یان سووتانی ئێسقان بە تێکەڵکردنی چەوریی گیاندارن بە نەخشی سادە و ئینتزاعی و بە بڕوایەکی جادوویی بۆ دوو مەبەست دەکرا: یەکێک لەوانە بۆ دەستڕەنگینی و زاڵبوون لە ڕاوی بەکۆمەڵی ئەو ئاژەڵانەی خۆراکی سەرەکییان بووە، مەبەستێکی تریشیان دووبارە دروستکردنەوەی وێنەی ئاژەڵان بووە لەسەر تاشەبەردەکان، هەتا زیاتر زاڵبوونیان بەهێزتر بکات.
لەبەر ئەو دیاردەیە مرۆڤ سەدان ساڵ بەر لەوەی ئاگر بخاتە خزمەتی خۆیەوە، بە شێوەی ئاماژە گفتوگۆی کردووە. پاشماوەی هونەری وێنەکێشان و هەڵکۆڵین لەسەر تاشەبەرد و ئەشکەوتەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ بیست هەزار ساڵ بەر لە زاین، هەروەها هەڵکۆڵینی سەر ئێسقان ماوەیەک دوای ئەوە دەرکەوتووە، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر شێوازی ئینتزاعی و هێڵکاریی زۆر سادە بووە لەسەر هەیکەلی مرۆڤ لە کاتی ڕاوکردنی ئاژەڵان بە تیروکەوان. یان سەمای بەکۆمەڵی ژنان و پیاوان، یان وێنەی بەکۆمەڵی گا و بزنی کێوی، بە ناوەرۆکێکی ئامانجدار و جادوویی هەڵکۆڵراو ئاماژە کراوە.
کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” لە سەردەمانی کۆن و دێرینەوە دەیگێڕێتەوە بۆمان، تا دەگات بە سەردەمی مۆدێرن، تاکوو سەدەی بیستەم و هونەری هاوچەرخ. ئەمە بۆ کتێبێک کە تەنها ٣٥٠ لاپەڕە بێت، زۆر گرنگە، هەڵبەت لەو جێیەدا گرنگە کە هیچ بەشێکی لە کۆڵ خۆ نەکردووەتەوە، بەڵکوو زۆر بە جدی و جوانی لێیان دواوە، بەوردی ئەو نەخشە هونەرییانەی دەستنیشان کردووە کە شارستانیەتێک لە ڕووی هونەرییەوە پێکی هێناوە و بۆی بووە بە ناسنامە. هەر ئەوەش نییە کە تەنها نیگار و کێشراوەکان باس بکات، بەڵکوو پەل بۆ زۆر لایەنی تریش دەبات کە هەموویان دەچنە خانەی هونەرەوە و لەوێدا دەبێت بۆ چییەتی و چۆنیەتییەکەیان بگەڕێین، بۆ وێنە: پەیکەرسازی، بیناسازی، هونەری نەخشونیگار لەسەر گۆزە و پەرداخ و سواڵەت، هاوکات یەکێک لە دەرخستن و پێشاندانی هونەر و جەوهەرەکەی، لە کۆندا، لە پەرستگە و کڵێسەکاندا خۆی بینیوەتەوە، لەو تاق و پەنجەرە و قوببە و نووسینانەدا کە بە خەتە جیاوازەکان نوێنراوە و نووسراوە.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین بایەخی ئەم جۆرە کتێبانە، کتێبی “پوختەی مێژووی هونەر” و هاوشێوەکانی، لەوەدایە کە هونەر بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەت هونەری شێوەکاری، زۆر کەمبایەخ و بێنرخ تەماشا دەکرێت لەناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، بەداخەوە ئەمە بۆ ناوەندەکانی خوێندنیش درێژ بووەتەوە، ئێمە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە وانەی هونەر وەک وانەیەکی یەدەگ و ناگرنگ دەبینین، مامۆستایان لەبری ئەو وانەیە وانەی تر دەڵێنەوە، یان لە مەنهەجدا هەیە، بەڵام لە کاتی ئەوەدا کە تاقیکردنەوە و نمرەی یەکلاکەرەوەی بۆ دابنرێت، دەبینین بواردن و تێپەڕاندن بەسەر هونەردا دەکرێت، یان بە هاوکاری و پاڵپێوەنان خوێندکار دەردەچووێنرێت، لە کاتێکدا گرنگیی هونەر، گرنگیی ژیانە، گرنگیی سەرەتاکانی شارستانیەتە، کە کۆی مرۆڤایەتی لە خوڵقاندنیدا دەستی هەبووە و هاوبەشیی تێدا کردووە.
هەر لەم کتێبەدا بەشێک تەرخان کراوە بۆ “هونەری میزۆپۆتامیا”، کە ئەم ناوچەیەی خۆمان دەگرێتەوە و لە دەستپێکی شارستانیەتەکانە لە هونەردا، دەبێت ئەم کتێبە و هاوشێوەی ئەم کتێبە، لانی کەم لە قوتابخانە و بەتایبەتییش لای مامۆستایانی هونەر هەبێت، تاکوو بتوانێت مەنهەجێکی دروست و پڕ لە زانیاری بۆ قوتابییەکانی ئامادە بکات و بە مێژوویەک پڕ چەکیان بکات، کە بۆ ئێستا و دواڕۆژیان سوودبەخش بێت و هاوکات پەیوەندی و پردێکیش لەنێوان ئێستا و ڕابوردوودا هەڵبەستن، کە چیدی هەست بە بەتاڵیی ژێرپێ و بەربوونە بۆ خەرەند نەکەن.