چیرۆکێکی کاریگەر لە سەردەمێکی دێریندا
چیرۆکێکی کاریگەر لە سەردەمێکی دێریندا
“ڕۆمانی پاشای باران هەندەرسن”
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە بواری ئەدەبدا، بریتییە لە ڕۆمانی (پاشای باران هەندەرسن). ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە شاکارەکانی نووسەری ئەمەریکی-کەنەدی (سۆڵ بێڵۆ) و لەلایەن دیلان قادرەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە جگە لە ئاستە بەرزە هونەرییەکەی، هاوکات چێژی تایبەت و زانیاریی گرنگ دەبەخشێت بە خوێنەر، چونکە چیرۆکی سەرنجڕاکێشی کەسایەتییەکی سەیرمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە زێدی خۆی دەستبەرداری ژیان، خێزان، ماڵ و مەزرا و سەرمایەکەی دەبێت و سەفەر دەکات بۆ کیشوەری ئەفریقا، پاڵەوانی ڕۆمانەکە کەسێتییەکی فرەڕەهەندی هەیە و ناتوانێت شێوە و سیما، یاخود ڕەفتارەکانی بەڕوونی بناسرێتەوە، بە کۆمەڵێک چیرۆک و ڕووداوی جیا جیاوە، خوێنەر تێکەڵی گەشتە دوورودرێژ و پڕ لە هەڵەت و زەحمەتییەکانی دەبێت، گەشتێک لە زێدی خۆیەوە بەرەو دنیایەکی فراوان و نامۆ لە کیشوەری ئەفریقا. سەفەری ئەم پیاوە سەیرە، سەفەرێکی ئاسایی نییە و کۆمەڵێک مانا و دەلالەتی تایبەت بە خۆی هەیە، لە هەندێک شوێندا کۆمیدی دێتە بەرچاو، لێ بابەتەکە لەوە گەرورەتر و ئەولاترە، لەوێ دەچێتە نێو خێڵە ئەفریقییەکانەوە و بەر چەندین خوو و نەریتی جیاواز دەکەوێت، ئەو ژیانەی هەندەرسن لە گەشت و گەڕانەکەیدا بەنێو ئەفریقادا بەری دەکەوێت، ژیانێکی تەواو جیاواز و نامۆیە بە شێوازی ژیانی پێشتری؛ هەم کەسەکان، هەموو چیرۆک و ڕووداوەکانی نێو ژیانیان دەبنە شانۆیەکی نەبینراو، کە هەندەرسن پەردەی لەسەر لا دەدات، دابونەریتە جیاوازەکان، مامەڵە و هەڵسوکەوتیان، جەنگ و ئاهەنگ و ئاشتییان لە هیی هیچ سەرزەمینێکی دیکەی دنیا ناچێت، ڕاستە گەشتەکەی هەندەرسن وەک پێویست پلان و نەخشەی پێشوەختەی بۆ نەبووە و خوێنەر هەر لە سەرەتاوە وا مەزەندە دەکات کە گەشتێکی لامسەلاییە، بەڵام دواتر هەندەرسن بە کونجکوڵی و سەرکێشییەکانی خۆی، تا دەگات بەو سەرزەمینەی خۆی مەبەستیەتی، گرنگیی گەشتەکەی بایەخێکی گەورەتر و مانا و ئامانجێکی فراوانتر پیشان دەدات، خوێنەر بستبەبست، هەنگاوبەهەنگاو هاوڕێی پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەبێت و هاوشێوەی هەندەرسن بە دنیای پڕ لە نهێنی و ژیانی شاراوەی ئەفریقییەکان ئاشنا دەبێت، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگە بچووک و خێڵە پەراوێزنشینانەی ژن فەرمانڕەواییان دەکات و ژن گەورە و دەمڕاست و بڕیاردەری هەموو پرسەکانیانە.
لە ڕاستیدا گرنگی و بەهای وەرگێڕانی هەر کتێب و تێکستێکی ئەدەبی چەندە پەیوەستە بە خودی کتێب، یاخود تێکستەکەوە، هێندەش پەیوەستە بەوەی ئێمەی خوێنەر بەر نووسەری دیکەی سەر بە کیشوەر و ژینگەی دیکە بکەوین و هاوکات ئاشنا ببین بە چیرۆکی ژیان و شێوازی دیکەی نووسین و داهێنانی ئەدەبی، بۆیە بەم ڕۆمانە، دیلان قادر هەم ئاشنامان دەکات بە جۆرێکی دیکە لە ڕۆمان، هەم نووسەرێکمان پێ دەناسێنێت، ئەگەرچی چەندین ساڵە خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشراوە، بەڵام ناوێکی نامۆیە لای خوێنەری کورد و لە کتێبخانەی کوردیدا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی گرنگی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، هاوکات جێی ڕێز و ستایشە بۆ دەزگایەکی کولتووریی وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە گرنگی بە توانا ئەدەبی و زمانەوانییەکانی وەرگێڕی تازە و گەنج دەدات، تا بە هۆی گەڕان و کەشفە تازەکانی ئەوانەوە، ئێمەش بەر بەرهەم و نووسەرانێک بکەوین کە پێشتر پێیان ئاشنا نەبووین.
هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (دیلان قادر) لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کردووە، ڕۆمانی (پاشای باران هەندەرسن) یەکێکە لە شاکارەکانی نووسەری ئەمریکی-کەنەدی (سۆڵ بێڵۆ) و لە پڕخوێنەرترین ڕۆمانەکانی نووسەرە، بێڵۆ ساڵی ١٩٧٦ خەڵاتی نۆبڵی بەدەست هێناوە، لە ژیانی نووسینیدا چواردە ڕۆمان و نۆڤلێتی نووسیوە، لەگەڵ شانۆنامەیەک و چەندین کۆمەڵەچیرۆک و کۆمەڵەوتاردا: لە ڕۆمانی پاشای باران هەندەرسندا، هەندەرسن ناوی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، سەربازێکی خانەنشن و کابرایەکی ملیۆننێرە، خاوەنی منداڵ و زەویوزار و پێگەی کۆمەڵایەتییە، کەچی هەرچییەکی هەیە جێی دێڵێت و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەڕوات بۆ کیشوەری ئەفریقا، تا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەست بکەوێت کە تینی بۆ دەهێنن و تووشی مەراقی دەکەن.
هەر وەک لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە بووە، یەکێک لە سیما سەرنجڕاکێشەکانی ئەم پاڵەوانە، ئەوەیە کەسێتییەکی ئاوێزەئاسای هەیە و کارەکتەرێکی فرەدەنگە، دەربارەی چۆنێتیی نووسینی ڕۆمانەکە، بێڵۆ لە بۆنەیەکدا دەڵێت کە دەزگای بڵاوکەرەوەکەی پەلەی لێ کردووە تا لە نووسینی ڕۆمانەکە تەواو ببێت، کاتێکیش بێڵو گوتوویەتی دەستنووسەکە تەواو نەبووە و کاتی پێ دەچێت، پێشنیازیان بۆ کردووە چاپتەربەچاپتەر دەستنووسەکەیان بۆ بنێرێت، ئیتر بەم شێوەیە بێڵۆ بەزارەکی بەسەرهاتەکان بۆ چاپکەرەکە دەگێڕێتەوە و چاپکەرەکە لەسەر ئامێرێکی چاپ تۆماریان دەکات، ئەمە ڕەنگە ڕوونی بکاتەوە بۆچی شێوازی بەرەوپێشچوونی ڕۆمانەکە و دەنگی گێڕانەوە وزەیەکی نەپچڕاو و کۆتانەهاتووی لەپشتەوەیە و ڕۆمانەکە وەها دەخوێنرێتەوە، وەک ئەوەی کەسێک چیرۆکی خۆیت بەزارەکی بۆ بگێڕێتەوە.
ڕەنگە هەندەرسن لە ساتێکدا بکەوێتە قووڵترین تێڕامانی فەلسەفی و وجوودییەوە و لە ساتی دواییدا بە کۆمیدیایەکی تایبەت بە خۆی سەرنجی چواردەوری بدات، تووڕەیە و میهرەبانە، گاڵتەچییە و بیرتیژە و خۆپەرستە، بەخشندەیە و دەوڵەمەندە و گەدایە، هەندەرسن هەموو ئەمانەیە و بەدیاریکراوی هیچیشیان نییە: هەندەرسن پێناسە ناکرێت، کەچی هەریەکێکمان دەشێت چەندین لایەنی ناسراوی تێدا ببینینەوە، هەر ئەمەشە وای لێ دەکات لە هەمان کاتدا وەک کەسێکی ڕاستەقینە دەربکەوێت، وەک دراوسێیەک، کەچی بەدیاریکراوی هیچ کەسێکی ڕاستەقینە نەبێت و خولقاوی خەیاڵی بێڵۆ بێت.
وەکوو ڕەخنەگری ئەمەریکی (ئێرل ڕۆڤیت) ئاماژەی بۆ دەکات، گاڵتەوگەپ بەگشتی لای پاڵەوانەکانی بێڵۆ لە ساتێکدا بە باڵاترین ڕادەی خۆی دەگات، کە بێهیواییش لەوپەڕی ئاستدا بێت؛ ڕۆڤیت دەڵێت، لە کاتیکدا چل لاپەڕەی سەرەتای ڕۆمانی پاشای هەندەرسن هاوارێکی نەبڕاوەی دەربڕینی مەینەتی و ئازارە، کەچی لە هەمان کاتدا لە تەنزئامێزترین نووسینی بێڵۆشە، ئەم تێبینییە ڕەنگە ڕوونی بکاتەوە بۆچی ناچوونیەکییەکانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرچاوەی فرەییەکی تەبا و سەلیقەدارن، بە چەشنێک، هەرچی ئاهوناڵە و پلاردان و تێڕامان و پێکەنین و بیرکردنەوە و وەسفکردنێک هەبێت، سەرجەمیان هارمۆنی و هاوسەنگییەکی ڕاگیراو بە گێڕانەوە و بە کەسێتیی پاڵەوان و بە سەرجەمی ڕۆمانەکە دەبەخشن: لەلایەکی ترەوە هێڵێکی هاوبەش ئەم ڕۆمانەی بێڵۆ بە ڕۆمانی دۆن کیشۆتی سێرڤانتسەوە دەبەستێتەوە، بە ڕادەیەک، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێت هەندەرسن دۆن کیشۆتی دووەمی سەدەی بیستەمە، لە کاتێکدا دۆن کیشۆت ماڵەوە جێ دەهێڵێت بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەکی گەرمەوە چارەسەری دەرد و مەینەتیی لێقەوماوان بکات، دەرد و مەینەتییەک کە دەستکردی خەیاڵی خۆین، چونکە پێناچێت لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەمدا هیچ کەس پێویستی بە سوارچاکان مابێت و بەبێ خۆهەڵقورتاندنی دۆن کیشۆت لە کار و ژیانی خەڵکانی تر، ڕەنگە دنیا زۆر باشتر بەڕێوە ببرایە، هەندەرسن پاڵەوانێکە زیاتر قوربانیی خواست و ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆیەتی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەستیارە بەرامبەر چەرمەسەریی خەڵکانی تر و بەرامبەر بە کۆمەڵێک پرسی گەردوونی، لە نموونەی خۆشەویستی، لێهاتوویی، ژیانی مانادار، مەرگ، ئەم دوو پاڵەوانە زۆر شتی لەیەکچوو بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم کورتە نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەم لە دنیا فراوانەکەی ڕۆمانەکە، بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بکات چ شاکارێکی گەورە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی و خۆی لە خوێندنەوەی بێبەش نەکات، خوێندنەوەی ئەم جۆرە ڕۆمانانە بۆ خوێنەری کورد، دەبێت بە ئەزموونێکی گەورە و چاوی خوێنەر بە دنیایەکی دیکە لە ڕۆمان ئاشنا دەبێت.