هەڵکشان بەرەو شیراز: ڕۆمانێک سەبارەت بە حافز شیرازی

هەڵکشان بەرەو شیراز: ڕۆمانێک سەبارەت بە حافز شیرازی

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم ڕۆمانە (هەڵکشان بەرەو شیراز) هەوڵێکی گەورەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕووداوەکانی ڕابوردووی دوور و نزیک، هاوکات گرێدانەوەیان بە دونیای ئێستاوە، دوو سەردەم و قۆناغ، لە دوو سەدەی جیاوازدا، هەریەکەیان خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو. قۆناغێک کە گەورە عاریف و شاعیری ئێرانی (حافز شیرازی) تێیدا ژیاوە، سەردەم و قۆناغێکیش کە جەنگی نێوان عیراق و ئێران، لە ماوەی هەشت ساڵی سەدەی ڕابوردوودا، هەردوو وڵاتیان کرد بە مەیدانێکی گەورەی خوێناوی، هەرچی بەهای ئینسانی و جوانی هەبوو لەبەینیان برد و هاووڵاتییانی هەردوو وڵاتەکەیان لە دڵەڕاکێ و دۆخێکی نائارامدا هێشتەوە.

هەڵکشان بەرەو شیراز هەوڵێکی ئینسانیی گەورەیە لەنێوجەرگەی جەنگێکی ترسناک و خوێناویدا، پاراستنی گەورەترین ئەمانەتە لەلایەن سەربازێکی عیراقییەوە، پاش ئەو هەموو ساڵە لە جەنگ و دڵەڕاوکێی نێوان ژیان و مردندا، لە بەغدادەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی لە شاری شیرازی وڵاتی ئێران، ئەویش دەستنووسی ڕۆمانێک و یاداشتی ڕۆژانەی سەربازێکی ئێرانییە کە لە گەرمەی جەنگ و داگیرکاریدا، دەستنووسی ڕۆمانەکە و یاداشتە ڕۆژانەییەکانی دەکەوێتە دەست سەربازێکی عیراقی.

 ئەم حاڵەتە لەنێو ئەم ڕۆمانەدا گەلێک ڕەهەند و مانای شاراوەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، گرنگترینیان بریتییە لە مانەوەی دیدگای ئینسانی و گرنگیدان بە جوانی و داهێنان، ئەمە لە کاتێکدا ماشینی جەنگ بە دەنگ و هەرای بەرزەوە خەریکە مرۆڤ، جوانی و چێژەکانی ژیان دەشێلێت، کەچی لەو دۆخەدا سەربازییەدا، سەربازێک لەبری ئەوەی بیر لە کوشتن و وێرانی و داگیرکاری بکاتەوە، دەست دەکات بە نووسین لەسەر ڕەهەندەکانی ژیانی گەورە شاعیر و عاریفی ئێرانی (حافز شیرازی)، کاتێکیش بە هۆی جەنگ و داگیرکاریی یەکە سەربازییەکەیەوە دەستنووسەکان لە سەربازە ئێرانییەکە جێ دەمێنێت، دەکەوێتە دەست سەربازێکی عیراقی، ئەویش وەک ئەوەی ژیان شانسی ئەوەی بداتێ کە تاکە شایەتحاڵی زیندوو بێت و چارەنووسی دەستنووسی ڕۆمانەکە و یاداشتە ڕۆژانەییەکانمان لەگەڵ دۆخی جەنگ و بەرەکانی جەنگدا بۆ بگێڕێتەوە، لە سەختترین دۆخ و ڕووداوە ترسناکەکاندا دەیانپارێزێت، هاوکات پاش زیاتر لە چارەکەسەدەیەک، دەستنووسەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی لە شاری شیراز، بەڵام ئیدی کات درەنگە و خاوەنی دەستنووسەکە لە جەنگە هەشت ساڵییەکەی هەردوو وڵاتدا چارەنووسی نایارە، خێزان و کوڕەکەی نازانن داخۆ ماوە، بێسەروشوێنە، یاخود کوژراوە!

بەگشتی ڕۆمانەکە لەسەر سێ هێڵ، بە چەندین دەنگی جیا جیا دەڕوات و هەرکام لە هێڵەکان خوێنەر بە کۆمەڵێک ڕوودا و واقیعی تاڵی مێژوویی ئاشنا دەکەن، ئەگەرچی خاڵی هاوبەشی هەرسێ هێڵەکە ئاشووب و جەنگ و کاریگەرییە خراپەکانی جەنگە لەسەر ژیان و ئینسان، بەڵام بەوردی ڕۆ چووەتە نێو هەندێک پانتایی و بابەت و تێمای دیکەوە، وەک ئەڤین، وەفا، دڵڕەقی، هەلپەرستی و دووڕوویی، خوداپەرستیی عاریفانە و خوداپەرستیی دەسەڵاتخوازانە، تەماع و قۆرتهەڵکەندن و ملشکاندنی یەکدی، هاوکات چەندین بابەت و بوویەری تر.

 بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئەو هێڵەیە بە ناوی (تەرجومان ئەلئەسرار)، کە بەدەوری ژیانی حافزی شیرازیدا دەخولێتەوە، پرسی ئەدەب و سیاسی و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە، کەسێتییە بەهێزەکەی حافز، دووڕوو و سیخوڕەکانی ئەو قۆناغە و ئاشووبە بەردەوامەکانمان پێ دەناسێنێت، هاوکات ئاشنامان دەکات بە دید و تێڕوانین و تێڕامانە قووڵەکانی حافزی عاریف و شاعیر سەبارەت بە پرسی شیعر و ئەڤین، دین و خوداپەرستی، دەسەڵات و تەماعکاری.

هەرچی دوو هێڵەکەی دیکەیە، لە ڕێی دوو سەربازی عیراقی و ئێرانییەوە بەر ڕووداو و چیرۆکەکانی جەنگ، ئەڤین و دابڕان، مرۆڤدۆستی و داگیرکاری دەکەوین، هەریەک لەم دوو سەربازە، بێ ئەوەی یەکدی بناسن، بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەنووسی بەد و کەشی ترسناکی مەیدانی جەنگ لە یەکتریان نزیک دەکاتەوە، ئەگەرچی تا کۆتایی ڕۆمانەکە ئەم دوو سەربازە یەکدی نابینن و وەک دوو تارمایی بیر لە یەکدی دەکەنەوە و بەنێو خەیاڵی یەکدیدا دێن و دەچن، بەڵام بە هۆی دەستنووسەکانەوە هەمیشە دڵیان لای یەکترە و بە جۆرێک لە جۆرەکان، نائاگایانە لە یەکدی نزیک دەبنەوە، چونکە هەردووکیان، جگە لەوەی نموونەی دوو قوربانیی گەورەی جەنگن، هاوکات نموونەی دوو مرۆڤن کە لە دنیای ناخی خۆیان و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییانەی لێوەی هاتوون بۆ جەنگ و تەنانەت لەنێو خودی جەنگە خوێناوییەکەشدا، نایانەوێت دەستبەرداری بەهای جوانی و مرۆڤدۆستی ببن، لێناگەڕێن جەنگ ویژدان و دەروونیان پیس بکات، بەڵکوو جگە لە باکگراوندی ژیانی خۆیان، دەستنووسەکان و خەمی فەوتانی دەستنووسەکان ئینسانبوونیان دەپارێزێت و ناهێڵێت ڕۆحیان لەوتاوی بێت بەو ڕقەی دەوڵەتەکانیان دروستیان کردووە، تا بگات بەوەی بێ ئەوەی یەکدی ببینن یان بناسن، وەک دوژمن بیر لە یەکدی بکەنەوە، ئەمەش کتومت بڕوامان پتەو دەکات بەو دید و بۆچوونەی کە پێی وایە ئەوەی ژیان لە پیسی و نابووتبوون دەپارێزێت، تەنها هێزی ئەدەب و هونەرە، هێزێک کە لەسەرەوەی ئایدۆلۆژیا ئاسمانی و زەمینییەکاندا مرۆڤ ئاڕاستە دەکات و بانگهێشتی دەکات بۆ سفرە و خوانی خۆشەویستی.

ڕۆمانی (هەڵکشان بەرەو شیراز) لەلایەن شانۆکار و نووسەری عیراقی (عەباس لەتیف)ەوە نووسراوە، لەلایەن کاک سەباح ئیسماعیلەوە، هەر وەک سەرجەم بەرهەمە ئەدەبییەکانی پێشووتری، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

ئەم هەوڵانەی (سەباح ئیسماعیل) لە بواری وەرگێڕاندا بێسنوور جێی ڕێزن، چونکە جگە لە زمانپاراوییەکەی، هەمیشە بە نووسەر و تێکستگەلێک ئاشنامان دەکات، کە پێشتر نەمانناسیون، یان ڕەنگە کەمترین زانیاریمان سەبارەت بە ژیان و داهێنانەکانیان هەبێت، ڕەنگە بەشێکی گەورەی وەزیفەی وەرگێڕی باشیش هەر ئەوە بێت، کە وەک شێفێکی شارەزا بزانێت چی دەرخواردی کڕیارەکانی دەدات، هەندێک وەرگێڕیش، کە کاک سەباح یەکێکە لەوانە، بەردەوام بە هۆی خوێندنەوەی وردی خۆیان و سەرقاڵییان بە دنیای کتێب و سەرچاوەی نوێوە، کتێبگەل و نووسەرگەلی نوێ دەناسن و ئەوانیش بە ئێمەیان دەناسێنن.

حافز ناوی تەواوی شەمسەدین محەمەد، کوڕی بەهادینی محەمەد حافزی شیرازییە، شیعرەکانی غەزەلن و لە سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەمدا شیعرەکانی وەرگێڕراونەتە سەر زمانە بیانی و ئەورووپییەکان.

بەپێی گێڕانەوەی نێو شیعرەکانی بێت، باسی لە ئامادەبوون لە قوتابخانە و خوێندنی قورئان لە بەیانییاندا و ماوەی ٤٠ ساڵ خوێندنی زانستیی کردووە، هاوڕێی زۆرێک لە پادشا و سەرکردەکانی ئەوکات بووە و لەگەڵ هونەردۆست و کەسایەتییە ئەدەبییەکاندا پەیوەندییەکی گەرمی هەبووە، پێی وا بووە هیچ گوناهێک ئەوەندەی فێڵ و ڕیاکاری گەورە نییە.

شیعرەکانی حافز سەر بە قوتابخانەی ڕێندین (رندی) و پێی وا بووە شێوەیەکی فەلسەفی و ڕووناکبیرانەیە، شارەزایان دیارترین جۆری شیعرەکانی ئەویان بە غەزەلی “پەرێشانی” ناساندووە، واتا نەبوونی ڕێکوپێکی لەنێو ڕیزەکان و هەر بەیتێک مەبەستێکی هەیە، حەزی بە شیعر و عیرفان و ئەدەبیاتی فارسی و فەلسەفە بووە و شیعرەکانی لە هەرسێ بواری عاشقانە و وەسف و عارفانەن.

لە گەنجیدا زۆر غەزەلی عاشقانە دەنووسێت و دیوانی شیعرەکانی پێک دێت لە “غەزەل”، “چیرۆک”، “مەسنەوی” و “چوارینە”.

ژیان

ساڵی ١٣١٥ لە شاری شیرازی ئێران لەدایک بووە و لە منداڵیدا باوکی لەدەست داوە، لە گەنجیدا نانەوا بووە و ژیانێکی سەختیان لەگەڵ دایکی بەسەر بردووە، لە کاتە بەتاڵەکانیدا سەردانی قوتابخانەی نزیکی نانەواکەیان دەکات و لەوێ فێری نووسین و خوێندنەوە دەبێت، لە ساڵانی ٢٠ـی تەمەنیدا دەبێتە کەسێکی دیار و زیرەک و هەموو قورئان لەبەر دەکات و لەبەر ئەوەش پێی دەڵێن حافز، واتە “لەبەرکاری قورئان”.

ماوەی چل ساڵی بەردەوام لە کۆڕ و وانەکانی “قوام الدين عبدالله”، “مولانا بهاء الدين عبدالصمد بحرآبادی”، “مير سيد شريف علامه گرگانی”، “مولانا شمس الدين عبدالله” و “قاضی عضدالدين عيجی”دا بەشداری دەکات و بەو هۆیەوە ئاگاداری زۆرینەی زانستەکانی سەردەمی خۆی بووە.

لە سەردەمی پادشا شێخ ئیسحاقدا دەڕواتە نێو کۆشک و لەوێ دەبێتە کاربەدەست، جیا لەوە، لە کۆشکی چەند دەسەڵاتدارێکی دیکەی وەک “شێخ موبارەزەدین”، “شجاع”، “مەنسووڕ” و “یەحیا”دا بووە، لە ڕێی کاربەدەستییەوە بژێویی خۆی دابین دەکرد و شاعیری کاری سەرەکیی نەبووە.

حافز لە گەنجیدا عاشقی کچێک دەبێت بە ناوی شاخنەبات، شارەزایان دەڵێن ناوی ژنەکەی “نەسرین” بووە و ناسناوی شاخنەباتی لەبەر شیرینیی زمانی خۆشەویستەکەی داناوە، حافز بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی، ماوەی ٤٠ شەو و ڕۆژ بەردەوام لە ئارامگەی باباکوی نزای کردووە و شەوان ماوەتەوە، دواتر هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات و تەنها دەبێتە خاوەنی یەک کوڕ.