هیگڵ و خۆبزوێنیی چەمک

هیگڵ و خۆبزوێنیی چەمک

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

١٧٠ ساڵ بەسەر مردنی هیگڵدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا هەنووکەش بیری فەلسەفیی هیگڵ ئێمە بە خۆیەوە خەریک دەکات. هیچ فەیلەسووفێک وەک هیگڵ تا ئەم ڕادەیە جێگەی باس و وتووێژ نەبووە. هیگڵ فەیلەسووفێکە کە ناوی وێردی سەر زمانی هەمووانە، بەڵام ژمارەیەکی کەم حەز بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی دەکەن. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپ تێگەیشتن لە هیگڵ بگەڕێتەوە بۆ زمانە فەلسەفییەکەی، کە وەک ڕێگەیەکی پڕ هەوراز و نشێوە بۆ خوێنەر و وەرگێڕەکانی. بەڵام دەبێت بۆ گەیشتن بە گەنجینەی فکری هیگڵ، لە بەربەستی زمان تێپەڕین و بە کرۆکی فەلسەفەکەی بگەین. چەمکەکان لە فەلسەفەی هیگڵدا دەورێکی گرنگیان هەیە، چونکە ئەو کلیلانەن کە یەکبەیەک دەرگاکانی سیستەمی فەلسەفیی هیگڵ دەکەنەوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، بۆچی دەبێت هیگڵ بخوێنینەوە؟ هەروەها چۆن دەتوانرێت بە مانای چەمکە فەلسەفییەکانی بگەین؟ دەکرێت ئەم پرسیارە بە دوو پرسیاری دی کامڵ بکرێت. یەکەم، گەر هیگڵ فەیلەسووفێکە کە لە ڕووی فکری و زیهنییەوە هاوچەرخی ئێمەیە، ئەوا ئەمڕۆییبوون و هەنووکەییبوونی هیگڵ دەتوانێت چ مانایەکی هەبێت؟ دواتر، فەلسەفەی هیگڵ چ ئاسۆیەکی تازە لە زیهنی ئێمەدا دەکاتەوە؟ ئایا بیرکردنەوە لەگەڵ هیگڵدا بە مانای هیگڵیبوونە، یان دەکرێت (لەگەڵ هیگڵدا) و (لەبارەی هیگڵەوە) بیر بکەینەوە، بەڵام (بۆ هیگڵ) بیر نەکەینەوە؟ گومانی تیا نییە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت پێش هەموو شتێک ئاشنای بونیاد و جووڵەی فەلسەفیی هیگڵ بین و خۆمان لە بیرکردنەوەی سادە و دەمارگیریی فکری بەدوور بگرین.

ئەگەر ئەوەمان قبوڵ بێت، فەلسەفە هەوڵێکە بە ئاڕاستەی خستنەڕووی مەسەلەی هەقیقەت، کە وا بوو، دەکرێت ئەو ئەنجامە وەرگرین کە ئەم هەوڵە پێویستی بە دوو هۆکار هەیە: یەکەم، باوەڕبوون بە دەسەڵاتی زیهن و دووەم، ئازایەتیی گوتنی هەقیقەت. بابەتی باسەکەمان بیر و بەرهەمەکانی هیگڵە، بەڵام تەنها بە خستنەڕوو و تێگەیشتن لە هیگڵ بە هەقیقەتی هیگڵ ناگەین، بەڵکوو بە هەقیقەتی فەلسەفە دەگەین. چونکە بە بڕوای هیگڵ، فەلسەفەی هەقیقەت لە هەقیقەتی فەلسەفەدایە. هەقیقەتی فەلسەفەش ئەوەیە کە بە باشترین شێوە، سیمای بیرکردنەوەی سەردەمی خۆی بێت. فەلسەفەیەک کە بیرکردنەوەی سەردەمی خۆیەتی، بیرکردنەوەیەکە بیر لە (سەردەمی خۆی) و (لەگەڵ سەردەمی خۆیدا) دەکاتەوە. واتە سەردەمی خۆی بە خودهۆشیاری (selfst fewustsein) و بیرکردنەوە لە خود (selfst denken) دەگەیەنێت. هیگڵ لە پێشەکیی بنەماکانی فەلسەفەی مافدا دەنووسێت: (ئامانجی فەلسەفە تێگەیشتنە لەو شتەی هەیە). کە وا بوو، دەستکەوتی فەلسەفیی هیگڵ بۆ جیهانی ئێمە تێگەیشتنی ئایندە نییە، بەڵکوو ئەو هێزەیە کە بیرکردنەوەی فەلسەفی لە تێگەشتن لە سەردەمی خۆیدا بەدەستی دێنێت. بیرکردنەوە لەگەڵ هیگڵدا فێرمان دەکات چۆن فەلسەفییانە بیر بکەینەوە و چۆن بە هەمان شێوەی هیگڵ جەوهەری سەردەمی خۆی وەک بیرکردنەوە لێ کرد، ئێمەش بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی باسی سەردەمی خۆمان بکەین. بە دەربڕینێکی دی، چۆن مرۆڤی سەردەمی خۆمان بین و چۆن ئەو دیدەی بۆ سەردەمی خۆمان هەمانە، بە پلەی بیرکردنەوەی فەلسەفی بگەیەنین.

لە دیدی هیگڵەوە فەلسەفە وتەزایەکی سادە و ئاسان نییە و خەڵکی ئاسایی توانای تێگەیشتنیان نییە، هەر لەبەر ئەمەش دەبێت بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ڕووی زمان و چەمکەوە، لەگەڵ دیدی خەڵکیدا بۆ واقع جیاوازییەکی زۆری هەبێت. دنیای فەلسەفی دنیایەکی دەروونی کراوە و هەر ئەم ڕەنگدانەوە سادە و بەچەمکنەکراوە، واقعیەتی جیهان نییە. بە دەربڕینێکی دی، بۆ گەیشتن بە پلەیەکی هۆشیاریی فەلسەفی بۆ واقع، دەبێت بە دیاردەناسیی هۆشدا تێپەڕین. لەبەر ئەوە، ئەم هۆشیارییە هۆشیارییەکی تاکەکەسییە کە خۆی بە پلەیەکی هۆشیاریی فەلسەفی دەگەیەنێت، نەک هۆشیاریی فەلسەفی، کە نزم دەبێتەوە بۆ پلەیەکی هۆشیاریی ڕۆژانە. لە دیدی هیگڵەوە، زمان تەنها لە ئاستی (چەمکدا) ونەک لە ئاستی (ڕەنگدانەوەدا) بە هەقیقەتی خۆی دەگات. لێرەوە دەکرێت بگوترێت فەلسەفەی هیگڵ بیرکردنەوەیە لە چەمک، هیگڵیش فەیلەسووفی چەمکە. بۆ هیگڵ، چەمک تەنها لە قاڵبی بونیادی خۆیدا قابیلی تێگەیشتنە، چونکە تەنها لە چەمکی بابەتیدایە، شکڵ و ناوەرۆک بەیەک دەگەن. لە بیرکردنەوەی هیگڵدا چەمک بەو شتە دەگوترێت کە هەمیشە بە شێوەیەکی لۆژیکی بە خودهۆشیاری دەگات. کاتێک هیگڵ لە بەرواری مەیی (ئایار) ١٨٠٥دا بۆ “ڤۆس[1]“ی نووسی: “دەیەوێت فەلسەفە فێر بکات بە زمانی ئەڵمانی قسە بکات”، مەبەستی لەم ڕستەیە ئەوەیە، بەدوای زمانێکی فەلسەفیدا دەگەڕێت بۆ ئەزموونکردنی هۆشیاریی مرۆڤ. بە دەربڕینێکی دی، هیگڵ دەیەوێت زمان لە ئاستی سروشتی و ڕۆژانەی خۆیەوە بۆ ئاستی فەلسەفە بەرز بکاتەوە. هیگڵ لە پەرەگرافی ٢٠ی ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفیدا دەنووسێت: “فەلسەفە هیچ نییە، جگە لە گۆڕانی ڕەنگدانەوەکان بۆ بیرکردنەوەکان” و هەر لەبەر ئەمە لە دیدی هیگڵەوە فەلسەفە جووڵەیەکی لۆژیکی و چەمکێکە کە لە چوارچێوەی عەقڵی مێژووییدا دەردەکەوێت. کە وا بوو، دەتوانرێت بگوترێت لەگەڵ هیگڵدا فەلسەفە هاوکات دەگۆڕێت بۆ ناسینی عەقڵ بۆخۆی لە مێژوودا و ناسینی مێژوو بۆخۆی لە هۆشدا. هەقیقەتی فەلسەفیی مێژوو، ئامادەیی مێژوویی فەلسەفەیە لە بواری هەقیقەتدا. بە وتەی هیگڵ، “بواری هەقیقەت، خانووی فەلسەفەیە”. کە وا بوو، بەو ئەنجامە دەگەین کە چەمک تەنها شتێکی عەقڵیی پەتی نییە، بەڵکوو جووڵەی عەقڵە بەرەو ناسین. بەم شێوەیە لە فەلسەفەی هیگڵدا بونیادی هەقیقەت شتێک نییە، جگە لە خۆبزوێنیی چەمک. هەر لەبەر ئەمە هیگڵ دەڵێت: “هەقیقەتی چەمک ڕەگەزی دروستکەری بوونیەتی”. هیگڵ هەقیقەتی چەمک لە ڕەوتی بەهەقیقەتبوونیدا تاقی دەکاتەوە. ئەم ڕەوتی بەهەقیقەتبوونەی چەمک ڕەوتێکی مەعریفییە، کە هیگڵ وەک ئەزموونی فێرکاریی هۆشیاری دەیناسێنێت.

دەبێت هۆشیاری بۆ دەستگەیشتن بە ناسینی ڕەها، ڕێگەی کولتوور بگرێتە بەر. ئەم کولتوورە هیچ نییە جگە لە ئەزموونی فێرکاریی عەقڵ بۆ چەمکی ئازادی لە مێژوودا. لێرەوە جووڵەی بیری فەلسەفی لە پلەی دیدی ڕۆژانەوە بۆ واقع، تا پلەی (سیستەمی زانست) یان فەلسەفە، سەفەری ئەزموونی و فێرکاریی عەقڵە بۆ گەیشتن بە هەقیقەتی خۆی. لێرەدا هیگڵ بۆ وەسفکردنی ئەم پرۆسەی فێرکاری و ئەزموونییە، وشەی ئەڵمانیی Bildung بەکار دەهێنێت، کە بە مانای کولتوور، فێرکاری و فێربوونە. Bildung یەکێکە لە چەمکە کلیلییەکانی فەلسەفەی هیگڵ و گادامێر لە کتێبی (هەقیقەت و میتۆد)دا ئاماژە بۆ ئەو خاڵە دەکات، کە “هیگڵ زیاد لە هەر فەیلەسووفێکی دی، فەیلەسووفی (Bildung)ە”. بەڵام هیگڵ وشەی Bildung لەژێر کاریگەریی دوو هاوچەرخی خۆیدا، واتە هیردەر و گۆتە، بەکار دەهێنێت. هێردەر لە کتێبی فەلسەفەی مێژوودا لەبارەی فێرکاریی مرۆڤەوە چەمکی Bildung بە سێ مانا بەکار دەهێنێت: بە مانای پرۆسەیەکی تاکەکەسی، وەک ئەزموونی نەتەوەیەک، وەک پرۆسەی دروستبوونی کولتوورێک. هیگڵ وشەی Bildung بە هەرسێ ماناکە بەکار دەهێنێت، کاتێک باسی ئەزموونی فێرکاری – دیاردەناسیی هۆش دەکات، مەبەستی هەم تاکەکەس، هەم کولتوور و هەم کۆمەڵگەیە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت (دیاردەناسیی هۆش) لە هەمان کاتدا کە بەرهەمێکی کولتووریە، ڕۆمانێکی فێرکارییشە. لە ڕۆمانە فێرکارییەکاندا Bildung بە مانای ئەزموونی تاکەکەسییە، واتە جۆرێک دەروونگەری. (دیاردەناسیی هۆش)ی هیگڵ ڕومانێکی فێرکاریی عەقڵە. لێرەوە داینامیکیەتی دیالەکتیکی عەقڵی لە مێژوودا، وەک ئەزموونی دیاردەناسیی هۆشە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی. دیاردەناسیی هۆشی هیگڵ چیرۆکی فێرکاریی هۆشە. هۆش لە ڕێگەی سەفەری کولتووری و سیاسیی خۆیەوە لەناو مێژوودا، بە خودهۆشیاری دەگات. بە دەربڕینێکی تر، لە پلەیەکی ناشارستانی و فێرنەکراوەوە، بە پلەیەکی ڕەهای شارستانی و هۆشیاری دەگات. کە وا بوو، دەکرێت بگوترێت دیاردەناسیی هۆش خۆی بەرهەمێکی شارستانییە، چونکە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی دیاردەناسییانە و مێژووی هۆشە، کە بە ئاستێکی کولتووری دەگات. ئەم ئاستە لە کولتوور ئەنجامی ژیانی فێرکاریی هۆشە لە مێژوودا. بە وتەی سارتەر، تۆ هیچ نیت، جگە لەوەی کە دەژیت.

لە دیدی هیگڵەوە، ئەزموونی فێرکاریی هۆشیاری بۆ چەمکی مێژوویی ئازادی، خاوەن پرۆسە و جووڵەیەکی دیالەکتیکییە، کە لە چوارچێوەی بونیادێکی سیستماتیکدا دروست دەبێت. بۆ سیستماتیک؟ چونکە لەو شوێنەدا کە بیری فەلسەفی بە شێوەی سیستەمی زانستی دەرناکەوێت، ناسین بە پلەی کردارێتیی دیاردەناسییانە و لۆژیکیی خۆی ناگات. لەبەر ئەوە ئەوەی کردارێتیی دیاردەناسییانەی ناسین مومکین دەکات، ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ نییە لەگەڵ جیهاندا، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤ لە جیهاندا. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، کە سەرجەم ناوەرۆکی دیالۆژیک و دیالەکتیکیی بیری هۆشیاریی مرۆڤ دروست دەکات. کە وا بوو، فەلسەفە لای هیگڵ جووڵەی دیالەکتیکی، بیرە بەئاراستەی فەلسەفەیەکی سیستماتیک. لەبەرئەوە لای هیگڵ فەلسەفەیەک کە سیستماتیک نیە، فەلسەفە نیە، بەڵکوو بیرۆکەیەکی پارچە پارچە و خەسیوە. هیگڵ لە نامەیکدا بۆ نیتهامر[2] لە ٢٣ی ئۆکتوبەری ١٨١٢دا دەنووسێت: “سیستەم بیری پەیکەری خودایەکم دەخاتەوە، کە بڕیارە هیچ شێویەکی نەبێت.” هیگڵ لە کتێبی “زانستی لۆژیک”دا سیستەمە فەلسەفییەکەی بە بازنەیەک دەشوبهێنێت، کە بە قسەی خۆی، “یەکەم خاڵی دوا خاڵ و دوا خاڵیش یەکەم خاڵیەتی”. بەڵام زانستی لۆژیک تەنها بەشێک لە سیستەمی فەلسەفیی هیگڵ نییە کە شێوەی خولانەوە بە خۆیەوە دەگرێت. هیگڵ لە چاپی یەکەمی “ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان”دا دەنووسێت: “سەرجەم ئەم سیستەمە (کە لە لۆژیک، فەلسەفەی سروشت و فەلسەفەی هۆش دروست بوون)، وەک بازنەیەکە لەناو چەندان بازنەدا و هەریەک لەم بازنانە مەنزڵگەی زەرووریی ئەم هەمەکییەن. ئەوەی خوێنەری هیگڵ لە کام یەک لەم بازنانەوە دەست پێ بکات، شتێکی گرنگ نییە. دەکرێت لە “زانستی لۆژیک”ەوە دەست پێ بکرێت و بە “دیاردەناسیی هۆش” بگات، یان لە “ئینسایکلۆپیدیا”وە دەست پێ بکرێت و بە “بنەماکانی فەلسەفیی ماف” بگات. گرنگیی ئەوەیە بەردەوام بە ڕۆحی سیستەم بچینە پێشێ، چونکە تەنها لەم ڕێگەیەوە فەلسەفە دەتوانێت بیرکردنەوەی سەردەمی خۆی بێت، واتە جووڵەی ئەزموونی مرۆڤ لە چوارچێوەی چەمکدا فۆرمولە بکات.

هیگڵ بەدوای دۆزینەوەی بیرکردنەوەیەکی سیستماتیکدا دەگەڕێت، کە لە ئەزموونی مرۆڤەکان لە جیهاندا پێک هاتووە، نەک بەناچاری ڕەنگدانەوەی (Vorstellung) ئەم جیهانە. هەر لەبەر ئەمە ئامانجی هیگڵ لە “دیاردەناسیی هۆش”دا، گێڕانەوەی ئەزموونی هۆشیاریی مرۆڤ نییە لە جیهاندا، بەڵکوو بیرکردنەوەیە لەوەی مرۆڤ چۆن مێژووی خۆی ئەزموون دەکات. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت بتوانین سیستەمی هیگڵ بە بازنەیەکی کراوە، نەک داخراو، بزانین، چونکە پرۆسەی دیالەکتیکی ناسین وەک پرۆسەیەکی خۆڕاستکەرەوە کار دەکات. هیگڵ فەیلەسووفێکی پانلۆژیکی (Panlogism) و پانخودایی (Pantheist) نییە و فەلسەفەکەی زۆر جیاوازە لە فەلسەفەی سپینۆزا. لە دیدی هیگڵەوە، پانخودایی سپینۆزا تێگەیشتنێکی هەڵەیە بۆ واقعی جیهان، چونکە ڕەها کورت دەبێتەوە بۆ یەک واقعیەت، کە ئەویش خودە. لەبەر ئەوە هیگڵ لە بەشێک لە فەلسەفە دینییەکەی خۆیدا دەنووسێت: “ئەوانەی وا دەزانن فەلسەفەی تیۆری جۆرێک پانخوداییە، لە بنەڕەتدا هیچ لەبارەی جیاوازیی ئەم دووانەوە نازانن”. کە وا بوو، هیگڵ نە پانلۆژیکییە و نە پانخودایی، بەڵکوو فەیلەسووفێکە هەوڵ دەدات تا سەرجەم واقعیەتی ئەزموونی مرۆیی وەک دەرکەوتنی ڕۆح یان هۆش Geist لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی سیستماتیکدا شی بکاتەوە. کاتێک هیگڵ لە بیرکردنەوەی خۆیدا باسی (Geist) دەکات و ناوی کتێبە بەناوبانگەکەی دەنێت Phanomenologie des Geistes، مەبەستیەتی ئاماژەیەکی هاوکات بکات بۆح “ڕۆح” بە مانا خواناسییەکەی و بۆ “هۆش” لە مانا فەلسەفییەکەیدا. لای هیگڵ “هۆش” ڕۆحێکە کە شێوەی فکری وەرگرتووە، یان باشترە بڵێین، فەلسەفە دینە کە لە شکڵی “چەمک”دا دەرکەتووە. ناوەرۆکی ڕۆح یان هۆش، ئازادییە. ئازادی چەمکی سەرەکی و ناوەندیی سیستەمی فەلسەفیی هیگڵە. ڕەنگە بە شێویەک لە شێوەکان بتوانرێت بگوترێت ئامانجی سیستەمی هیگڵی هیچ نییە، جگە لە دانانی ئازادی لە چوارچێوەی چەمکدا. هیگڵ ئەم بوارەی ئازادیی لە یەکسانیی نێوان “خود” و “ئەوی دی”دا دەبینێت و لە پەرەگرافی ٢٤ی ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفیدا دەنووسێت: “ئازادی لەو شوێنەدایە کە ئەوی دی بۆ من شتێکی جیا لە من نەبێت”. بە دربڕینێکی دی، ئازادی ڕێکەوتنی نێوان “خود” و “هەمەکی”یە. واتە یەکێتیی نێوان “هەمەکی” و “تاکایەتی”. کە وا بوو، وەک دەبینین لای هیگڵ ئازادی لە هەریەک لە قۆناغەکانی ئەزموونی هۆشیاریدا دێتە پێشێ، بەڵام ئازادیی واقعی تەنها لە چوارچێوەی زانینی ڕەهادا بەدەست دێت، کە خۆی سەرجەم ئەم ئەزموونانە لەخۆ دەگرێت. هەروەها لە فەلسەفەی هیگڵدا، هۆشیاری لە هەمان کاتدا زەروەرت و ئازادییە. بە دەربڕینێکی دی، چەمکی هۆشیاری بە شێوەیەکی دیالەکتیکی پەیوەستە بە چەمکی زەروورەتەوە. ئەم زەروورەتە لە فەلسەفەی هیگڵدا هەم زەروورەتی مێژووییە و هەم زەروورەتێکی ئەنتۆلۆجی. هەر لەبەر ئەمە فەلسەفەی مێژوو بنەمایەکی ئەنتۆلۆجیی هەیە و ئەنتۆلۆجیاش لە پرۆسەیەکی مێژووییدا شکڵ وەردەگرێت. کە وا بوو، دەکرێت بگوترێت بۆ هیگڵ دەرکەوتنی دیالەکتیکی هۆشیاری لە مێژوودا، زەروورەتێکی ئەنتۆلۆجییە. لەبەر ئەوە کاتێک باسی دیالەکتیکی هیگڵی دەکەین، دەبێت سەرنج لەوە بدەین کە هەندێک لە بەرهەمەکانی هیگڵ وەک “زانستی لۆژیک”، ئێمە ڕووبەرووی ڕەهەندە ئەنتۆلۆجییەکەی دەبینەوە و لە چەند بەشێکی “دیاردەناسیی هۆش”دا (وەک فەسڵی ئاغا و کۆیلە) ڕەهەندە مێژووییەکەی لەبەر چاو گیراوە.

بەڵام گەر بڕیار بێت وەسفی دیالەکتیکی هیگڵ بکەین، چۆن دەتوانین تەفسیری بکەین؟ ئەمە ڕێک ئەو پرسیارەیە کە گۆتە لە هیگڵی دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “دیالەکتیک هیچ نییە، جگە لەو ڕۆحە دژیەکەی بە شیوەیەکی میتۆدۆلجی دروست بووە و گرنگییەکەی توانای جیاکارییە لەنێوان ڕاست و ناڕاستدا”.

ئەریک ویڵ، یەکێک لە تەفسیرکەرە فەڕەنسییەکانی هیگڵ، بڕوای وایە دیالەکتیکی هیگڵ دیالەکتیکی چەمکەکانە، نەک دیالەکتیکی ئاڕاستە و هەڵوێستەکان. ڕەنگە لەبەر ئەمەش هیگڵ، بە پێچەوانەی ئەرستۆ و کانتەوە، بڕوای وایە دیالەکتیک جووڵەیەکە لەسەر بناغەی نێگەتیڤێتی دامەزراوە و لێرەوە هیگڵ هیراکلیتس بە داهێنەری دیالەکتیک دەزانێت. هیگڵ، بە پێچەوانەی هایدگەرەوە، فەیلەسووفی بوون نییە، بەڵکوو فەیلەسووفی بوونە لە جووڵەدا و بوون لە گەڕاندا. واتە فەیلەسووفی هاوشانی نێوان بوون و نەبوونە، کە ناوی دەنێت becoming. هیگڵ بە جەختکردن لە بنەمای جووڵە لە بووندا، خۆی دەخاتە ناو نەریتی فەلسەفیی هیراکلیسەوە. بەڵام دەبێت لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە دیالەکتیک لە سیستەمی فەلسەفیی هیگڵدا بە مانا مۆدێرنەکەی بەکار هاتووە و جیاوازە لە مانا ئەرستۆییەکەی (کە بە مانای هونەری پرسیارکردن و گفتوگۆکردنە). دیالەکتیکی هیگڵ جیاوازیشە لەو دیالەکتیکەی کانت لە “ڕەخنە لە عەقڵی پەتی”دا ئاماژەی بۆ دەکات. لای کانت دیالەکتیک بەناچاری پەیوەندیی بە دژیەکی و نێگەتیڤێتییەوە نییە و نیگەتیڤێتی لای کانت بەناچاری دیالەکتیکی نییە. بەڵام وەک دەزانین، لە دیدی هیگڵدا نێگەتیڤێتی جەوهەرێکی دیالەکتیکیی هەیە. هیگڵ یەکەم جار وشەی :دیالەکتیک”ی لە کتێبی “لۆژیکی ینا[3]“دا بەکار هێنا، کتێبێک کە دەورێکی گرنگ لە “قەیرانی دیاردەناسی”یەکەدا دەبینێت. ئەم قەیرانە بووە هۆی دوورکەوتنەوەی هیگڵ لە تیۆرە فەلسەفییەکانی شیلینگ و نووسینی “دیاردەناسیی هۆش”.

ئەو پرسیارەی هیگڵ دەیکات، ئەوەیە چۆن هۆشیارییەکی کۆتا لە چوارچێوەی هۆشێکی کۆتادا دەتوانێت پرسی چەمکی ڕەها بێنێتە ئاراوە؟ هیگڵ لە نامەیەکدا بۆ هرمان هینریکس دەنووسێت: “هەموو فەلسەفەیەک هەوڵێکە بۆ خۆتێگەیشتنی ڕەها”. مەبەستی هیگڵ لە “ڕەها” سۆبژێکتێکی هەمەکییە، کە دەتوانێت لە هەمەکی جیهان تێبگات. هیگڵ ئەم سۆبژێکتە هەمەکییە ناو دەنێت “ئایدیا” یان “چەمک” (Begriff). ئەم تێگەیشتنە لە هەمەکێتیی جیهان و گەیشتنی سۆبژێکت بە ڕەها، بە ڕەوتێکی دیالەکتیکی ڕوو دەات. چونکە لای هیگڵ ڕەوتی بیرکردنەوە ڕەوتێکی دیالەکتیکییە، کە پۆزەتیڤ لە نێگەتیڤدا و نێگەتیڤیش لە پۆزەتیڤدا دادەنێت. هەروەها هەموو ڕەوتێکی دیالەکتیکی، بۆخۆی پرۆسەیەکی فکرییە. لێرەوە ڕەوتی بیر، هاتن و چوونە لەنێوان بواری فکر و بونیادی دیالەکتکیدا. لەم ڕووەوە دیالەکتیک لای هیگڵ بریتییە لە خۆدۆزینەوەی بیر. ئەو میتۆدەی هیگڵ بەکاری دەهێنێت، میتۆدی شیکردنەوەی فەلسەفەی بیرە. بەڵام گرنگیی فەلسەفەی هیگڵ لەوەدایە، ئەم شیکردنەوەیە بە هۆی خودی بیرەوە ئەنجام دەدرێت. هەر لەبەر ئەمەش هیگڵ لەبارەی شێوازە فەلسەفییەکەی خۆیەوە دەڵێت: “لێکۆڵینەوەیە لەبارەی زیهنێکەوە، کە ناوەرۆکەکەی فێرکاری و پەروەردەکردنی خۆیەتی”، ئەمەش ڕێک ئەو تێگەیشتنەیە کە هیگڵ بۆ زانستی لۆژیکی هەیە، واتە ئەو فێرکارییەی زیهن، بۆ بیرکردنەوە فێری خۆی دەکات. ئەم فێرکارییە هەڵگری هەردوو چەمکی کولتوور (culture) و فێربوونی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە (Paideia). هیگڵ ئەم فێرکارییەی زیهن لە مێژوودا ناو دەنێت خودسازیی عەقڵ. چونکە عەقڵ جەوهەری واقعیی خۆی لە ڕەوتی مێژوو و دیاردەناسیدا دەدۆزێتەوە. ئەزموونی هۆشیاری لە مێژوودا بە مانای ناسینی هۆشیارییە بۆ شێوە و واقعە جیاوازەکانی ناسین. ئەوەی لێرەدا گرنگە، نەک بکەری ناسەرە، نە بابەتی ناسراو، بەڵکوو پرۆسەی ناسینە، کە لە قاڵبی سەفەرێکی مێژوویی، لۆژیکی و زیهنیدا ڕوو دەدات. بونیادی فەلسەفەی هیگڵ کورت دەبێتەوە بۆ جووڵەی ئەزموونی ناسینی خود. ئەم ئەزموونی ناسینی خودە لە قاڵبی پرۆسەی بەهەقیقیبوونی بوون لە جیهاندا دەردەکەوێت. چونکە لەو ڕووەوە کە نێگەتیڤێتی بزوێنەری سەرەکیی دروستبوونی واقعیەتە، ئەوا هەر هەقیقەتێک بەبێ هیچ ناوەندگیرییەک بە ئێمە بدرێت، قابیلی قبوڵکردن نییە. ئەرکی بیری فەلسەفی ڕەدکردنەوەی هەر جۆرە واقع و هەقیقەتێکە کە بێ ناوەندگیری (unmediated) بە عەقڵ دەدرێت. بە دەربڕینێکی دی، لە دیدی هیگڵەوە هەقیقەتی کۆتایی، کە لە ڕێگەی سیستەمی زانینەوە پێی دەگەین، هەمیشە لەپاڵماندایە، بەڵام ئێمە بێئاگاین لێی، چونکە ئەزموونی مێژوویی-لۆژیکیی ئەم هەقیقەتەمان بەدەست نەهێناوە. زیهن کاتێک دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ هەقیقەتی خۆی، کە بە قۆناغ و شێوە جیاوازەکانی دەرکەوتی مێژوویی و دیاردەناسییانەی خۆیدا تێپەڕیوە. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بۆ ئەفسانەی ئۆلیس لە ئۆدیسەی هۆمێردا بکەین. ئۆلیس بە ناسین و ئەزموونکردنێکی تری خود و جیهان، دەگەڕیتەوە بۆ ئەتیکا، بۆ لای پێنەلوپەی هاوسەری و ئەزموونەکانی دەبێتە هۆ ئەوەی بتوانێت دوژمنەکانی لەناو ببات و خێزانەکەی ڕزگار بکات. دەکرێت لە چیرۆکی ئۆلیسەوە ئەو ئەنجامگیرییە بکرێت، کە مێژوو دەرئەنجامی کاری مرۆڤە. بەڵام ئەم کارە چەند مێژووییە، هێندەش زیهنییە. بە دەربڕینێکی تر، بە هەمان ڕادەی زیهن لە مێژوودا کار دەکات، هێندەش مێژوو لە لە زیهندا شکڵ وەردەگرێت. مێژوو هاوکات دەرەنجامی کاری مرۆڤ و بیرەوریی مرۆڤەکانە لە واقعیەت. لێرەوە دیاردەناسی هیچ نییە، جگە لە بیرەوەریی ناسین لە جووڵەی دیالەکتیکی خۆی لە مێژوودا. ئێمە لە فەلسەفەی هیگڵدا جووڵەی کۆتاییمان نییە، چونکە کۆتایی خۆی سەرەتایەکە کە گۆڕاوە بۆ شتێکی تر. کۆتایی سەرەتایەکە کە دەگەڕێتەوە بۆ خۆی. بە دەربڕینێکی دی، هەرچەند هیگڵ بڕوای وایە فەلسەفەکەی خۆی قسەی کۆتایی مێژووی فەلسەفەی کردووە، بەڵام لەبەر کارکردنی بنەمای نێگەتیڤێتی لە سیستەمی فەلسەفیی هیگڵدا، ئەوا ئەو بازنە فەلسەفییەی هیگڵ باسی دەکات بازنەیەکی کراوەیە، کە درێژە بە جووڵە و گەڕانی خۆی دەدات. بونیادی سیستەمی هیگڵی، ڕێگرە لەوەی ببێتە ئایدۆلۆژیا.

سەرچاوە:

ڕامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤


پەراوێزەکان:

[1]. یوهان هاینریش فوس (١٧٥١–١٨٢٦): شاعیر و فەیلەسووفی ئەدەبی و وەرگێڕی دیاری ئەڵمانی. (ز.ذ)

[2]. Friedrich Immanuel Niethammer (١٧٦٦-١٨٤٨): فەیلەسووف و خواناسی پرۆتستانتی، کە بەڕێوەبەری پەروەردە بوو لە هەرێمی باڤاریا و هاوڕێ و پشتوپەنای هیگڵ بوو. (ز.د)

[3]. ڕەنگە هەڵەی چاپ لێرەدا هەبێت و کتێبەکەی هیگڵ ناوی “سیستەمی ینایە” Jena System، کە بەشێکی تەرخانە بۆ باسکردنی لۆژیک. وەرگێڕانی فارسیی ئەم کتێبە بە ناوی “منطق نظام وینا” بڵاو کراوەتەوە. (و.ک)