سەرگوزەشتەی پیاوێکی تەنیا
سەرگوزەشتەی پیاوێکی تەنیا
خوێندنەوەی نۆڤلێتی “سەرگوزشتەی پیاوێک”
بەختیار حەمەسوور
نووسەری ئەم نۆڤلێتە بۆ خوێنەری کورد نامۆ نییە، خوێنەرانی ئەدەبیات و بەتایبەت کایەی گێڕانەوە، پێشتر چەند دانە لە کتێبەکانی ئەم نووسەرەیان خوێندووەتەوە: “عەتر (چیرۆکی بکوژێک)، کۆتر، گەڕان بە قووڵاییدا و کۆنتراباس”، بە بینینی ناوی ئەم نووسەرە لەسەر ئەم کتێبە (پاتریک زوسکیند)، بزەیەک و خۆشییەک بە خوێنەران دەبەخشێت، چوون کارەکانی ئەم نووسەرە لە کارە هەرە جوانەکانی گێڕانەوەن و چێژێکی تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبەخشن بە خوێنەر. پاتریک زوسکیند ساڵی ١٩٤٩ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، ئەو سەر بەو دەستەیە لە نووسەرانە کە کەم دەنووسن، بەڵام جوان و پوخت دەنووسن و بەوەش پێگە و جێگەیان نەک تەنها لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بەڵکوو لە تەواوی دنیادا مەیسەرە و کارەکانیان بەردەوام بۆ زمانە زیندووەکان وەردەگێڕرێت و پێشوازیی لێ دەکرێت. مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ بەرهەمەکانی زوسکیند بە زمانی کوردی لەبەر دەستی خوێنەراندان و دەتوانن بیانخوێننەوە و چێژیان لێ وەربگرن.
ئەگەر بمانەوێت بەگشتی خەسڵەتی ئەم نووسەرە دەربخەین، ئاوا دەتوانین بەر لە خوێندنەوەی “سەرگوزشتەی پیاوێک”، بەخێرایی ئاوڕ لە دوو کاری پاتریک زوسکیند بدەینەوە، دواتریش دەبینین لەم کارەشدا چۆن هەمان خەسڵەت (بە تایبەمەندیی خۆیەوە) درێژەی دەبێت و بەوەش فەزای دنیای نووسەرێک بەرجەستە دەکەن کە خودی زوسکیندە. ڕۆمانی “عەتر”، کە خۆی لەسەر بەرگ و لەژێر ناونیشانە سەرەکییەکەدا نووسیویەتی (چیرۆکی بکوژێک)، چیرۆکی کوڕێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بەشوێن بۆنێکدا دەگەڕێت کە دەبێت دەستی بخات و بۆنی خۆشەویستەکەی بدات، لەو ڕێیەشدا کۆمەڵێک کاری ترسناک و سەیروسەمەرە دەکات، کە کوشتنی چەندان کچی گەنج و جوانە، تاکوو لە پێستی هەموویان ئەو بۆنە بگرێت و تێکەڵ بە یەکتریان دەکات، بۆنێک کە لە دواجاردا کارەسات دەخولقێنێت، ئەویش مەست و نغرۆبوونە لە هەوا و هەوەسێکی هەوسارپچڕاودا، کە هەموو شار پێکڕا لەگەڵ یەکتر جووت دەبن و ژیان لەبیر دەکەن، ئەم ڕۆمانە لەگەڵ دەروونی گرێنۆیدا دەدوێت، دەروونێک کە تەواو نەخۆشە و نەخۆشییەکەی لە جۆرێکی کوشندەیە، زوسکیند بەوریاییەوە ئەم ڕۆحە نەخۆشە دەدوێنێت، گرفتە دەروونییەکەی دەکات بە تێمای ڕۆمانەکەی و دواجار ئەوەی پێشکەشی دەکات، کارێکی بێئەندازە سەیر و سەرنجبزوێنە، کارێکە بە ناخ و دەروونی ئەو کەسێتییەدا شۆڕ دەبێتەوە و ئێمەیش وەک خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بەو تووناوتوون و پێچاوپێچەی دەروونیدا دەبات، “عەتر”، یان بۆنی خۆش، ئەگەرچی لە واقیعدا کەیف و چێژێکن بۆ مرۆڤ، بەڵام لەم ڕۆمانەدا تەواو ترسناک دەکەونەوە، ئەوەش دەکەوێتە سەر ناخی کەسێکی ناساغ، کەسێک کە دەکرێت لە هەرساتێک لە ساتەکاندا لەناو ئێمەشدا بێتە دەنگ و هەموو شت بەرەو وێرانەیەکی ئەبەدی ببات. نۆڤلێتی “کۆتر” کارێکی تری پاتریک زوسکیندە، یەکێکە لەو کارانەی لە دانیشتنێکدا دەتوانرێت بخوێنرێتەوە و تەمەنێک لە یادگەدا بمێنێتەوە، لەم نۆڤلێتەدا زوسکیند ڕووبەڕووی پیاوێکمان دەکاتەوە، لەو پیاوانەی خوو و خدەیان سەیروسەمەرەیە، پیاوێک کە لە پلەی هەستیاریدا لە لووتکەدایە و بە بچووکترین شت دەورووژێت و ژیان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە زەحمەتترن کارەکانە. ڕۆژێک کۆترێک لە هەواکێشی ماڵەکەوە دێتە ژوورەوە و ئیتر ژیانی ئەم پیاوە سەرلەبەر دەشێوێت، تووشی شۆک و دواجاریش تراومایەکی کوشندە دەبێت، هەر بەو سادەییەی ڕەنگە لە هەمووماندا ڕووی دابێت و ڕۆژێک باڵندەیەک هاتبێتە نێو ماڵەکەمانەوە و خۆی کێشابێت بە دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکاندا، بەڵام دەکرێت هەر ئەم ڕووداوە سادەیە بۆ کەسێکی تر تەواو سەرسامکەر و ترسناک بێت، بە جۆرێک، کە دەروون و حاڵەتە هەستیارییەکانی بلەقن و چیدی نەتوانێت بەرگەی وەها دیمەنێک و ڕووداوێک بگرێت، زوسکیند ئەمەی دوایینیان دەکاتە نیشانگری نۆڤلێتەکەی، لەو ڕووداوە سادەیەوە ناخی ئەو پیاوە هەڵدەکۆڵێت، دەگاتە تاریکترین و قووڵترین جێگەی ناو بیرکردنەوەی، بە خوێندنەوەی ئەم دوو بەرهەمە مرۆڤ تێدەگات کە دەروون و تونێلە درێژەکەی ناخی چەند ئاڵۆز و پڕگرێوگۆڵە، چەند دنیایەکی نەناسراو و نامۆیە، چ چاڵێکی پڕ لە پارادۆکس و لێڵی و شێواوییە، سەرهەڵدانەوەی ئەم بیرە قووڵ و بێبنە ڕەنگە هەر ڕووداوێکی سادە و قەومانێکی ئاسایی بوێت، تاکوو هەمووی بێتە سەرەوە و وەدیار بخرێت، زوسکیند و ئەدەبیاتەکەی ڕێک کار لەسەر ئەم سەرلابردنە دەکەن، لە ناسکترین و هەستیارترن ساتدا، بۆیە ئەدەبیاتی پاتریک زوسکیند ئەدەبیاتێکە جارێکی تر بە خۆمان و دەروونمان دەناسێنێتەوە، دەمانخاتە بەردەم کەسە نامۆ و نەناسراوەکانی دووتوێی دەروونمان، ئەم ئەدەبیاتە بەقەد ئەوەی لەباری گیڕانەوە و هونەری نووسینەوە گرنگە، دوو ئەوەندەش بۆ خۆناسین و کەشفکردنی دنیا ئاڵۆزەکانی دەروونمان یارمەتیدەرە، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین زوسکیند قوتابییەکی بەئەمەک و داهێنەری دۆستۆیڤسکییە، قوتابییەک کە وێنای دەروونی مرۆڤێکی نوێ دەکێشێت، بە گۆشت و خوێن و دەمارەکانیەوە.
نۆڤلێتی “سەرگوزشتەی پیاوێک”ی پاتریک زوسکیند نوێترین کاری وەرگێڕراوی عەبدولغەنی کاکۆیە، کە لە زمانی ماکی نووسەرەکەیەوە (ئەڵمانی) کردوویەتی بە کوردی، کاکۆ پێشتر چەند بەرهەمی گرنگی تری لە هەمان زمان و ئەدەبیاتەوە کردووە بە کوردی و بەکورتی، جێدەستی لەو کایەیەدا دیارە، بێگومان کاکۆ لە هونەری وەرگێڕان و کوردیداڕشتنەوەدا لەو وەرگێڕە دەگمەنانەیە کە متمانەیان لای خوێنەری کورد دەستەبەرە و بەخوشحاڵییەوە کارەکانی لە ڕووبەرێکی بەریندا پێشوازییان لێ دەکرێت و دەخوێنرێنەوە. “سەرگوزشتەی پیاوێک” نۆڤلێتێکی کورتی ٨٥ لاپەڕەییە، کە دەتوانرێت بە یەک دانیشتن بخوێنرێتەوە، کارێکە لەو چەشنە کارانەی لەسەر بیرۆکەیەکی ناباو دامەزراون، لەم نۆڤلێتەدا ئێمە سەروکار لەگەڵ پیاوێکدا دەبەستین بە ناوی “کاک زۆمەر”، ئەم کاک زۆمەرە بە دنیا تایبەتەکەیەوە دەتوانێت پەلکێشی خۆیمان بکات و لەگەڵ خۆیدا بمانباتە پیاسە درێژ و نەبڕاوەکانی، کاک زۆمەر خێزاندارە و پیاوێکی کامڵە، لەو پیاوانەیە کە ژیان و دەرکەوتنی مەتەڵ و ڕازێکە و هەرگیز کەس ناتوانێت ئەو مەتەڵە هەڵبێنێت و ئەو ڕازە کەشف بکات، چونکە ئەو جۆرە کەسانە (کە کاک زۆمەر ڕێک سەر بەوانە)، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ دەوروبەر نییە، دێن و دەڕۆن بێ ئەوەی هیچ بڵێن، تەنانەت کاک زۆمەر ئەو کاتانەشی دەیەوێت قسەیەک بکات، بڵمەبڵم دەکات و هیچ ڕوون نییە مەبەست و نیازی چییە، لە وەرگێڕانەکەدا ئەمە بەجوانی تەرجەمە کراوەتەوە. خەسڵەتی هەرە دیاری کاک زۆمەر پیاسەکردنەکەیەتی، پیاسەکردنێک کە نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی، بێ ئەوەی بۆ ساتێک بوەستێت، درێژە بە پیاسەکانی دەدات، لە گوندەوە بۆ شار و دارستان، لەوێوە بە هەمان ڕێگەدا دەگەڕێتەوە، ئەو قسەی نییە، بەڵکوو بە هەنگاوەکانی، بە پیاسە بەردەوامەکەی قسە لەگەڵ هەموو کەسەکانی دەوروبەریدا دەکات، بێگومان کەسەکان لەم زمانە بێوشەیە ناگەن، هەر ئەوەشە کە بەر نەفرەتی دەخەن و هیچ خۆشەویستییەکی پێ ڕەوا نابینن.
نۆڤلێتەکە لە زار و یادەوەریی کوڕێکی منداڵەوە دەگێڕرێتەوە، کە شایەتی بەشێکی زۆر لە بینینی پیاسەکانی کاک زۆمەرە تاکوو کۆتا ساتی ژیانیشی، ئەمەش کارێکی هێجگار بەجێیە، کە پاتریک زوسکیند کردوویەتی، لەبەر ئەوەی کاک زۆمەر چیدی توانای گێڕانەوەی نییە و ئەو تەنها پیاسەی هەیە، پیاسە زمانی ئەوە لەگەڵ ئێمە، ئەوە ئەو منداڵە و یادەوەرییەکانیەتی لە کاک زۆمەر، کە ئێمە هەندێک سەرەداو لەو پیاوە ئەنتیکەیە دەزانین.
(هاوسەنگیی میکانیکی بە هۆی خولانەوەی بەردەوامەوە) ئەمە ئەو ڕێسایەیە کە زانست دەیڵێت، ڕێسایەک کە لە پاسکیلسواریدا دەسەلمێت و بەرجەستە دەبێتەوە، نۆڤلێتەکە ئەمە دەڵێت، لەو کاتەدا ئەمە دەڵێت کە کوڕەکە دەیەوێت فێری پاسکیلسواری ببێت تاکوو بە پاسکیل بچێت بۆ فێرگەی پیانۆ، بەڵام لە پەیوەندیی کاک زۆمەر بەو یاسایەوە هیچ ناڵێت، خاڵێکی زۆر سەنجڕاکێشە ئەگەر خوێنەر درکی پێ بکات و پردی ئەو پەیوەندییە ڕۆ بنێت، دەگات بە خاڵێکی هێجگار گەش و ناوازە؛ بۆ کەسانێک کە وەک کاک زۆمەرن، بە واتایەکی تر، ئەهلی پیاسە و جادەکوتینن، ئەو ڕێسایە تەواو بەکارە، یانی ئەو ڕێسایە تەنها شتێکی میکانیکی نییە بۆ ئامێرێک، بەڵکوو دەتوانێت بۆ ئینسانیش (چەشنێکی تایبەت) بەڕاست بگەڕێت، ئەو کەسانە لە ڕێی خولانەوە و گەڕانی بەردەوامەوە دەتوانن هاوسەنگیی دەروونیان بەدەست بهێنن، هاوسەنگییەک کە بە دانیشتن و وەستان تێک دەچێت و ڕەنگە ئەو تێکچوونی هاوسەنگییە ببێتە هۆی لەدەستدانی کەسێتی و ژیان و هەموو بەهایەکیان.
“سەرگوزشتەی پیاوێک” لە سێ بەشدا ئاڕاستە کراوە، ئەوەی زۆر تایبەتە، بەشی دووەمە، درێژترین بەش، بە هیچ جۆرێک کاک زۆمەر نییە، ئەگەرچی خوێنەر بەردەوام چاوەڕوانی دەرکەوتنیەتی، بەڵام تاکوو دوایین دێڕەکانی ئەم بەشە کاک زۆمەر نابینین، ئەویش لە ساتێکدا دەردەکەوێت، هەستیارترین و ترسناکترین ساتە، ئەمانە با بمێنن بۆ خوێنەری ئەو کتێبە و خۆی ئەو دەرکەوتنە نازدارەی کاک زۆمەر بەدەم پیاسە درێژەکەیەوە ببینێت.
نۆڤلێتی “سەرگوزشتەی پیاوێک”ی پاتریک زوسکیند، بە وەرگێڕانی عەبدولغەنی کاکۆ لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ کوردی، لە چاپکراوەکانی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ە، ساڵی ٢٠٢٣.