کچەکەی ئەلبێر کامۆ میراتیی باوکی زیندوو دەکاتەوه
کچەکەی ئەلبێر کامۆ میراتیی باوکی زیندوو دەکاتەوه
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
کچەکەی ئەلبێر کامۆ میراتیی باوکی زیندوو دەکاتەوە و دەڵێت:
– باوکم دوای پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ سارتەر، هەستی بە تەنیایی دەکرد.
– ئێدوارد سەعید ستەمی لە باوکم کردووە.
– ئایا داهێنەران دەمرن؟
کاترین کامۆ، کچی نووسەری ناودار و بەناوبانگی فهڕەنسا و جیهان ئەلبێر کامۆ، هەنووکە تەمەنی 80 ساڵە، پەیوەندیی ئەم کچە بە باوکیەوە، لە سنووری پەیوەندیی خێزانی و پەیوەندیی نێوان باوک و کچ تێپەڕیوە، بۆچی؟ چونکە کاترین لە ئێستادا بووەتە سەرپەرشتیاری یەکەمی یەکێک لە گرنگترین ئەرشیفەکانی سەدەی بیستەم، کە ئەرشیفە گەورەکەی باوکیەتی.
ساڵانێکە کاترین شتێکی لە شێوەی ناوەندێکی “زانستی”دا دامەزراندووە، ئەم ناوەندە بەدواداچوون دەکات بۆ هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە باوکیەوە هەبێت. لەوانە، بۆ نموونە، بڵاوکردنەوەی کارەکانی، وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانە جیهانییەکان، ئاماری فرۆشی کتێبەکانی و هەرچییەک لەبارەی باوکیەوە بە زمانەکانی دیکە نووسرابێت، کۆیان دەکاتەوە و تۆماریان دەکات و لە ئەرشیفخانەکەیدا هەڵیان دەگرێت و پارێزگارییان لێ دەکات.
نزیکەی پەنجا ساڵە کاترین کامۆ لەسەر ئەوە ڕاهاتووە، هیچ کەسێک بێ ڕەزامەندیی کاترین و مۆڵەتوەرگرتن لێی، ناتوانێت بچووکترین مامەڵە بە هیچ دەقێک یان بەرهەمێکی کامۆوە بکات. ئەڵبەتە لە بەشی هەرە زۆری ئامار و ڕاپرسییەکانی فەڕەنسادا، دەربارەی باشترین نووسەر لای فەڕەنسییەکان، کامۆ بە پلەی دووەم دێت. بێگومان دوای ڤیکتۆر هیگۆ، خۆشەویستترین نووسەر لای فەڕەنسییەکان کامۆیە. لەم بوارەدا، دڵخوازترین ئامار لای کاترین، ئەو ئامارەیە کە باس لەوە دەکات، تێکڕای فرۆشی بەرهەمەکانی کامۆ بە زمانی فەڕەنسی تا ساڵی 2020، واتە 60 ساڵ دوای مردنی کامۆ، گەیشتووەتە 24 ملیۆن. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە خوێنەرێکی هێجگار زۆری هەیە. هەر بۆ نموونە چاپکردنی ڕۆمانی “نامۆ/الغریب” لەسەر شێوەی کتێبی گیرفان، 6 ملیۆن و 700 هەزار دانەی لێ فرۆشراوه، ئەم ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەیە لە فرۆشتنی هەر ڕۆمانێکی دیکەی فەڕەنسی، کە بە شێوەی کتێبی گیرفان چاپ کرابێت.
جگە لە ڕۆمانی نامۆ، ڕۆمانی “تاعوون” لە چاپە میللییەکەیدا، واتە چاپکردنی بە شێوەی کتێبی گیرفان، 3 ملیۆن و 650 هەزار دانەی لێ فرۆشراوە. ئەمە لە کاتێکدایە دەقی (کەوتن/السقوط) لەسەر هەمان شێواز، ملیۆن و نیوێک دانەی لێ فرۆشراوە.
کاترین کامۆ بۆ ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەرەکە دەکەن، باس لەوە دەکات ڕۆمان و شانۆگەری و کتێبە فەلسەفییە چاپکراوەکانی کامۆ، بۆ زیاد لە 50 زمانی جیهانی وەرگێڕراون. بەڵام تەنها ڕۆمانی “نامۆ”، بۆ زیاد لە 68 زمان وەرگێڕراوە و بەشێک لەو زمانانە، زمانی جیهانین و لە ئاستێکی فراواندا ناسراو و بەربڵاون. هەروەها بۆ هەندێک لە زمانەکانی دیکەش وەرگێڕراون، کە بۆ خوێنەری ئاسایی ناسراو نین، لەوانە، زمانی ئۆردۆ و بەنگاڵی و باسکی و کوردی و تبتی و ئەفریکانی، کە زمانێکه، دانیشتووانی باشووری ئەفریقای بە ڕەچەڵەک هۆڵەندی قسەی پێ دەکەن.
(لە ڕاستیدا بەشێکی باشی بەرهەمە ناسراو و دیارەکانی کامۆ، لەلایەن کۆمەڵێک دەزگا و وەشانخانەوە کراون بە کوردی، لەوانە: نامۆ، تاعوون، ئەفسانەی سیزیف، دادگا، “مردنێکی دڵخۆش/الموت السعید” شانۆگەریی کالیگۆلا، هەڵەتێگەیشتن ‘و.ک.’).
کاترین لەبەر دەم سەنتەرەکەیدا، بەدڵخۆشییەوە دەڵێت ڕۆمانی “نامۆ”، دووەم کتێبی فەڕەنسییە کە زۆرترین خوێنەری لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە، ئەڵبەتە دوای ڕۆمانی “شازادە بچووکەکە”ی نووسەر ئەنتوان دو سانت ئێگزیوپێری Antoine de Saint-Exupéry دێت. کاترین ماوەی دەیان ساڵە ئەرکی مافی چاپکردنەوە و بڵاوکردنەوەی سەرجەم کارەکان و دەستنووسەکانی باوکی گرتووەتە ئەستۆ. هەر کاترین بوو لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، لەپشت بڵاوبوونەوە مێژووییەکەی ڕۆمانە تەواونەکراوەکەی باوکیەوە بوو بە ناونیشانی “پیاوی یەکەم”، ئەم کارە زۆرێک لەو خوێندنەوە ڕەخنەییانەی گۆڕی، کە دەربارەی ژیاننامەی باوکی لە ئارادا بوون.
هەرچەندە کاترین زۆر بەکەمی قسە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات و لە میدیاکاندا کەمتر دەردەکەوێت، بەڵام بە بۆنەی تێپەڕبوونی 66 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی باوکیدا، ڕازی بوو وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بداتەوە و لە خوارەوە بەشێکی ئەو چاوپێکەوتنە دەخەینە ڕوو:
* بەو پێیەی چەندین دەیەیە بەرپرسی میراتە ئەدەبییەکەی باوکتی، ئەو بنەما و پرنسیپانە چین کە بۆ مۆڵەتدان بە بڵاوکردنەوەی هەر کارێکی باوکت یان کردنەوەی ئەرشیفەکەی باوکت بۆ توێژەران، پەیڕەویی لێ دەکەیت؟
– باوکم ڕۆمان و شانۆ و وتاری نووسیوە، لەبەر ئەوە، ژماردنی ئەو بنەما و پرنسیپانەی جێبەجێی دەکەم بۆ بڕیاردان، کاتێکی زۆری دەوێت. بە شێوەیەکی گشتی من لە بڕیارەکاندا پشت بەو هەست و ئەنگێزە ناوەکییە دەبەستم کە لەو چرکەساتەدا دام دەگرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا، وای دەبینم بەرهەمە ئەدەبییەکانی باوکم، زیاتر موڵکی جەماوەر و خوێنەرەکانیەتی تا موڵکی من بن، لەبەر ئەوە زۆر بەدەگمەن بە نا یان ڕەتکردنەوه وەڵامم داوەتەوە.
* ئایا تا ئێستاش لە ئەرشیفەکەی باوکتدا، شتێک لە چەشنی بیرەوەری، بەسەرهات یان نامە هەیە کە زۆر تایبەتە و ناتوانیت بیخەیتە بەردەستی خوێنەر، یان پێت وایە هەموو ئەوەی تایبەتە بە کامۆ، بووەتە موڵکی مێژوو؟
– باوەڕم بەوە نییە هەمو ئەوەی پەیوەستە بە ئەلبێر کامۆوە، بووبێتە موڵکی مێژوو. پێویستە تێڕوانینی باوکم بۆ مێژوو لەبەر چاو بگرین. ئەو پێی وا بوو مرۆڤ باڵاتر و گرنگترە لە مێژوو. بەتەواوەتی هاوڕای ئەو تێڕوانینەم.
* دوای چەندین ساڵ لە خوێندنەوە و تێڕامانی ورد بۆ هەمو بەرهەم و تێبینییەکانی باوکت، ئایا پێت وایە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر باوکت دەیزانیت، زیاترە لەوەی لە کاتی مردنەکەیدا زانیوتە، یاخود تا ئێستاش لایەنێکی باوکت بە نهێنی و پەنهانی ماوەتەوە و تێگەشتن لێی زۆر قورسە؟
– لەو بڕوایەدام مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوەتی هەموو شتێک لەسەر کەسێک بزانێت، تەنانەت مرۆڤ ناتوانێت هەموو شتێک لەسەر خودی خۆی بزانێت. لەبەر ئەوە، دیدی من بۆ باوکم، بە ڕێژەیی و بەشەکی/جزئی دەمێنێتەوە، ئەمەش دیدێکە، بەدڵنیاییەوە قابیلی گفتوگۆ و مشتومڕە.
* چۆن باسی پەیوەندیی خۆت لەگەڵ باوکتدا دەکەیت؟ سەروەختێک لە کۆڕ و بۆنەکاندا بەرهەمەکانی بۆ خوێنەران دەخەیتە ڕوو، حەز دەکەیت باسی چ یادگارییەکی شەخسیی خۆت و باوکت بکەیت؟
– تەنها ئەوە دەڵێم، لە خانەوادەکەمدا، باوکم تاکە کەس بوو بە بوونی من دڵخۆش بێت.
* بەڵام تۆ لە کۆڕ و بۆنە و کۆبوونەوەکان و نووسینەکانتدا، زۆر جار کامۆ، بە پلەی یەکەم، وەک باوک وەسف دەکەیت. لە کەسایەتییە مرۆییەکەی کامۆدا، ئەو سیفەتە چییە کە بە دیدی تۆ، تا ئێستاش لای خوێنەر ونە، یان لای ئەو کەسانە ونە کە بەردەوام هەوڵ دەدەن لێکۆڵینەوە لە ژیان و بەرهەمەکانی کامۆ بکەن؟
– دەڵێم ئەوەی زۆر کەس دەربارەی باوکم نایزانن، ئەوەیە باوکم زۆر قسەخۆش بوو، ڕۆحێکی نوکتە و گاڵتەئامێزی هەبوو. ئەو خۆی جارێکیان گوتی ڕەگەزی نوکتە و گاڵتەئامێز لە بەرهەمەکانیدا، هێشتا لە لێکۆڵینەوەکاندا، گرنگی و بایەخی ڕاستەقینەی پێ نەدراوە.
*دەگوترێت کامۆ، ماوەیەک لە ژیانیدا بەدەست تەنیاییەکی کوشندەوە ناڵاندوویەتی، ئەم تەنیاییەی بازنەی دەستەبژێری پاریس سەپاندبوویان بەسەریدا، بەتایبەت دوای دابڕانی پەیوەندیی لەگەڵ ژان پۆل سارتەر، تۆ بەو پێیەی کچی ئەو بوویت، هەستت بەوە کردووە؟
– بەڵێ، هەستم بە تەنیاییەکەی دەکرد. لەبیرمە کاتێک تەمەنم هەشت ساڵ بوو، چوومە ژووری پێشوازیی میوان، بینم باوکم بەتەنیا لەسەر کورسییەکی زۆر نزم دانیشتووە و لەو کاتەدا، من لەو درێژتر دیار بووم. بیرمە لێم پرسی: “باوکە، تۆ خەمباریت؟” سەری بەرز کردەوە و گوتی: “من تەنیام”.
فلۆرانس مالرۆ (کچەکەی نووسەر ئەندرێ مالرۆ)، کە لەو کاتەدا لەگەڵ باوکم کاری کردووە، بۆی گێڕامەوە جارێکیان لە “گالیمار” هاتووەتە دەرەوه، کۆمەڵێک هاوڕێی خۆی بینیوە، پێشنیازیان بۆ کردووە بڕۆن لە شوێنێک تۆزێک مەی بخۆنەوە، بە هاوڕێکانی گوتووە: “ناتوانم، مەوعیدم لەگەڵ کامۆدا هەیە”، هاوڕێکانی بەسەرسووڕمانەوە پێیان گوتووە: “چی؟ ئەلبێر کامۆ، تۆ شێت بوویت؟”
* تۆ هەمیشە باسی گرنگیی خانووەکەی “لۆرماران” لە ژیانی باوکتدا دەکەیت، کە کەوتووەتە باشووری فەڕەنساوە، ئەوە چۆنە؟
– بەڵێ وایە، باوکم هەمیشە خەونی بەوەوە دەبینی لە باشووری فەڕەنسادا خانوویەکی هەبێت. بەڵام توانا داراییەکانی ڕێگەی بەوە نەدەدا. وەلێ دوای ئەوەی ساڵی 1957 خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، توانیی ئەو خەونەی بەدی بێنێت. ناوچەی لۆرماران تا ڕادەیەکی زۆر لە هەرێمی “تۆسکانا”ی ئیتاڵیا دەچێت.
* ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی عەرەب، بۆ نموونە، ئێدوارد سەعید، لە بەرهەمەکانی کامۆدا ڕەخنەیان لە “ئامادەنەبوونی/غیاب”ی عەرەب گرتووه، چۆن پێشوازی لەم ڕەخنانە دەکەیت کە لەسەر بنەمای بیری “پۆست کۆڵۆنیاڵیزم” دامەزراون؟
-سەبارەت بە ئێدوارد سەعید، ساڵانێک لەمەوبەر، لە ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک”دا نووسیویەتی باوکم “کۆڵۆنیاڵیست” بووە، دیارە سەعید لەبیری کردووە باوکم “نەهامەتییەکانی ناوچەی خێڵەکان”ی نووسیوە، ئەمە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە بوو، باوکم لەو کاتەدا نووسیی، کە کاری بۆ ڕۆژنامەی “ئەڵجی ڕۆبلیکان” دەکرد، نووسینەکان دەربارەی هەژاریی جەزائیرییەکان بوو لە ڕۆژگاری کۆڵۆنیاڵیزمدا، ئەمە بە ماوەیەکی درێژ پێش نووسینی ڕۆمانی نامۆ بوو. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دیدیەی ئێدوارد سەعید، تا ئێستاش زیانی لە باوکم داوە و ئەو مەسەلەیە خەمبارم دەکات.
سەرچاوە:
ئەنیسە مەخالدی، بەشی کولتوور و هونەر لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 10ی کانوونی دووەمی 2026
ئیبراهیم العریس، .independentarabia.com، 9ی ئەیلوولی 2025