بیری سیاسیی هیگڵ

بیری سیاسیی  هیگڵ

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

هیگڵ لە کتێبە جیاوازەکانی خۆیدا لێکۆڵینەوە لە فەلسفەی میژوو و فەلسەفەی سیاسی دەکات. بۆ نموونە فەسڵی شەشەمی دیاردەناسیی هۆش و پەرەگرافی ٤٦٨ تا ٥٣٥ی ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفی، تایبەتە بە فەلسەفەی مێژوو، هەروەها “بنەماکانی فەلسەفیی ماف” کتێبێکی تایبەتە بە فەلسەفەی سیاسی. ڕۆح یان هۆش هیچ کاتێک لە دۆخی نەجووڵاندا نییە، بەڵکوو هەمیشە لەو جووڵەیەدایە کە لە مێژووی زیهن و بابەتدا دەیباتە پێشەوە. هیگڵ لە بنەماکانی فەلسەفەی مافدا دەنووسێت: “مێژووی هۆش بریتییە لە کردارەکانی، چونکە هۆش ئەو شتەیە کە ئەنجامی دەدات و کارکردنی بریتییە لەوەی ببێت بە بابەتی هۆشیاریی خۆی.”

 بەم شێوەیە دەکرێت بگوترێت ڕۆح یان هۆش دەرەنجامی کارکردنی هێزی هەستکردن نییە، بەڵکوو ناوەرۆکێکی بابەتیی هەیە. هیگڵ ڕۆح یان هۆش وەک چەمک تێدەگات و لە پەرەگرافی ٣٧٨ی ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفیدا دەنووسێت:

ئامانجی سەرەکیی فەلسەفەی هۆش، ئەوەیە چەمک بخاتە ناو ناسینی هۆشەوە”.

مانای ئەم قسەیە، ئەوەیە هۆش تەنها بە مانای چەمکی جووڵە و هەمەکییە. واتە تەنها دیالەکتیکی چەمکە کە ڕێگەی ناسینی هۆش یان ڕۆحمان بۆ خۆش دەکات. هەر لەبەر ئەمەش، هیگڵ بڕوای وایە هۆش یان ڕۆح بەردەوام دەگەڕێت یان باشترە بڵێین، لە دۆخی گەڕاندایە، واتە ناوەرۆکێکی مێژوویی هەیە. هۆش مێژووییە، چونکە جووڵەی لە مێژوودا بە مانای دەستگەیشتنە بە ناسینی خۆی لە مێژوودا. ئەوە هۆش یان ڕۆحە مرۆڤ لە مێژوودا دادەنێت و ناوەرۆکێکی مێژوویی پێ دەبەخشێت.

کە وا بوو، ئامانجی مرۆڤ بریتییە لە گەیشتنی عەقڵ بە ناسینی خۆی.

کاتێک بە بەشی ڕۆحی بابەتی دەگەین، کە بەشێکە لە سیستەمی زانست و تیایدا هیگڵ فەلسەفە سیاسییەکەی خۆی دەخاتە ڕوو، مەسەلەی هیگڵ لەم بەشەدا چیدی ڕەوتی سەرتاسەریی هۆش یان پرۆسەی شکڵوەرگرتنی چەمک نییە، بەڵکوو مەسەلەی چۆنێتیی شکڵوەرگرتنی ئازادییە لە چوارچێوەی بوونیادێكی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. هیگڵ وەک چۆن لە دیاردەناسی و لە لۆژیکدا پیشانی داین، لێرەشدا پیشانمان دەدات کە هۆش وەک ئازادی لە هەموو چوارچێوەیەکی سیاسیدا ڕاستەوخۆدا نایەتە دی. ئەو چوارچێوە سیاسییەی تیایدا ئازادی بە شێوەیەکی کامڵ بەدی دێت، دەرەنجامی جووڵەی (دیالەکتێکی) عەقڵ، هۆش یان ئایدیایە. لەبەر ئەوە عەقڵ دەبێت لێرەشدا نەفیی هەمووە جۆرە بوونیادێکی ڕاستەوخۆ بکات.

پرسی سەرەکیی هیگڵ گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارەدا کە چۆن سۆبژێکت خۆی وەک تاکێکی ئازاد و سەربەخۆ دەدۆزێتەوە.

دەکرێت بگوترێت ئەمە مەسەلەی فەلسەفەی ئەخلاقیی کانتیشە، بەڵام ئەم جارەش، وەک لە ئەبستمۆلۆجیادا هیگڵ ڕەخنە لە کانت و کانتییە تازەکان دەگرێت، لە فەلسەفە ئەخلاقی و سیاسییەکانی خۆشیدا ڕەخنە لە کانت و ئەخلاقی کانتی دەگرێت. ڕەخنەی سەرەکیی هیگڵ لە فەلسەفەی کانت، ئەوەیە ئەخلاقی کانت هیچ کاتێک دۆخی فۆرمالێتی (شێوەیەتی) جێ ناهێڵێت و لە دەرەوەی سیاسەتدا دەمێنێتەوە، وایە هیچ کاتێک بەو شێوەیەی پێویستە نابێت بە بابەتی. چونکە هیگڵ بە پێچەوانەی کانتەوە، بڕوای وایە ئەخلاق تەنها لە سنووری سیاسەتدا دەتوانێت بابەتی بێت و بێتە دی.

هیگڵ بۆ ڕەخنەگرتن لە ئەخلاقی کانتی سوود لە چەمکێکی فەلسەفیی تازە وەردەگرێت، کە ئەویش وشەی ئەڵمانیی (Sittlichkeit)ە، ئەم وشەیە هەمان ڕەگی وشەی (Sitten)ی هەیە، کە بە مانای دابونەریت دێت. بەڵام هیگڵ وشەی Sittlichkeit دژ بە وشەی Moralitat بەکار دەهێنێت. دەکرێت بڵێین وشەی Moralitat هەمان وشەی moresی ئینگلیزییە، کە ئێمە بۆ ڕێوڕەسمی ئەخلاقی یان ئەخلاقیات بەکاری دێنین. بە بڕوای هیگڵ، کانت بەرپرسیاریی ئەخلاقی و ڕێوڕەسمی ئەخلاقی بە یەک شت دادەنێت و ناتوانێت لەسەروو ئەمەوە بابەتی Sittlichkeit یان ئەخلاقی بابەتی یان ئەخلاقی گشتی بهێنێتە پێشەوە. بابەتەکە زۆر ڕوونە: لەبەر ئەوەی لای کانت ئەوەی گرنگە ئەخلاقی تاکەکەسییە، لە کاتێکدا ئەوەی بۆ هیگڵ گرنگە، ئەخلاقی گشتییە، کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی سیاسیدا دروست دەبێت.

هیگڵ بە پێچەوانەی کانتەوە، بڕوای وایە بەرپرسیاریی ئەخلاقی وتەزایەکی فۆرمالیتی نییە. بە دەربڕینێکی دی، لە دیدی هیگڵەوە ئەخلاقی کانتی ئێمە بە فۆرمالیستێکی پووچ دەگەیەنێت، کە ناتوانێت چەمکی بابەتی ئازادی یان چەمکی یەکەی سیاسیی لێ وەرگیرێت. لەبەر ئەوە هیگڵ بڕوای وایە کانت کەوتووەتە داوی دیدی قازانجویستییەوە بۆ کۆمەڵگە و سیاسەت. واتە هەر تاکێک بە شێوەیەکی شەخسی بەدوای چەمکی خۆشبەختییەوەیە. بەڵام بە بڕوای هیگڵ، مەسەلەی سیاسەت بە مانای سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاکەکەسە بۆ گەیشتن بە جۆرێک پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یاسایەکی هەمەکیدا. لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدایە، وشەی Sittlichkeit یان ئەخلاقی بابەتی مانا وەردەگرێت، چونکە ئاماژەی هیگڵ بۆ ئەرک و بەرپرسیارییە ئەخلاقی و مەدەنییەکانە، کە هەر تاکەکەسێک لە چوارچێوەی یەکەیەکی سیاسی و بوونیادی کۆمەڵایەتیدا هەیەتی.

لێرەدا هیگڵ جیاوازیی نێوان ئەوەی دەبێت هەبێت و ئەوەی هەیەدا ناکات، واتە، بە دەربڕینێکی تر، لای هیگڵ Sein (بوون) و Sollen (دەبێت) یەک شتە. بوون و دەبێت هەردووکیان مانای خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا دەدۆزنەوە، کە جەوهەری خۆی وەک گەلێکی ئازاد دەخاتە ڕوو. ئەم کۆمەڵگەیە خۆی دەرکەوتەی مێژوویی Geist ڕۆح یان هۆشە و ئامانجی کۆتایی تاکەکانە. کە وا بوو، دەتوانین بڵێین ئامانجی سیاسیی هیگڵ جۆرێک ژیانەوەی دووبارەی ڕۆحی ئازادییە، کە لە یۆنانی دێریندا هەبوو.

هیگڵ دەیەوێت وەک چۆن لە یۆنانی دێریندا ژیانی ئەخلاقی و ژیانی سیاسی تێک ئاڵابوون، لە سەردەمی مۆدێرنیشدا بە فەزایەکی سیاسی بگات، کە تیایدا پێویستیی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاکەکەسی ناکۆک نەبن بە یەک.

لە ڕاستیدا ئامانجی هیگڵ ئاوێزانکردنی تاکایەتیی مۆدێرن و ئەخلاقی بابەتییە Sittlichkeit.

هیگڵ ئەم پێکەوەژیانە لە جەوهەری دەوڵەتی مۆدێرندا دەدۆزێتەوە. لای هیگڵ جەوهەری دەوڵەتی مۆدێرن ژیانی ئەخلاقی یان هەمان ئەخلاقی بابەتییە. هیگڵ لە کتێبی “عەقڵ لە مێژوودا” دەنووسێت: “هەرچییەک مرۆڤی مۆدێرن هەیەتی، قەرزاری دەوڵەتی مۆدێرنە. هەموو بەها مرۆیی و واقعە مەعنەوییەکان کە مرۆڤ خاوەنیەتی، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە بەدەست هاتووە”.

لێرەدا کاتێک هیگڵ باسی دەوڵەت دەکات، مەبەستی دەوڵەتی مۆدێرنە، نەک دەوڵەتی تۆتالیتار. لە ڕاستیدا مەبەستی یەکەیەکی سیاسییە، کە جەوهەرەکەی زۆر لە یەکەی سیاسیی یۆنانی دێرینەوە نزیکە.

لای هیگڵ تەنها ڕێگەی ژیان لەناو ڕەوتی مێژوودا و ژیان لەناو و بۆ ئازادی، ژیانە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا. چونکە تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتدا مرۆڤ دەتوانێت بە بوونی عەقڵانیی خۆی بگات. هەر لەبەر ئەمەش لە دیدی هیگڵەوە ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگە خێڵەکییەکاندا دەژین کە دەوڵەتی تیا نییە، لە پەراوێزی مێژوودان. هیگڵ جیاوازی لەنێوان کۆمەڵگە مێژووییەکان و کۆمەڵگە نامێژووییەکاندا دەکات:

کۆمەڵگە مێژووییەکان کۆمەڵگەیەکن بە پرۆسەی عەقڵانیەتی ڕۆح یان هۆشدا تێپەڕیون و گەلان لەم کۆمەڵگەیانەدا سۆبژێکتی مێژوون، واتە بکەرەکانین، ئەوەی هیگڵ بە ئەڵمانی ناوی دەنێت Volksgeister (ڕۆحە نەتەوەییەکان) یان شارستانیەتە مێژووییەکان.

بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان هاووڵاتیی دێرین و هاووڵاتیی مۆدێرندا هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە لە دەوڵەتی مۆدێرندا بە هاووڵاتیی هەمەکی دەگەین، چونکە هاووڵاتی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئابوورییشی هەیە، لە کاتێکدا لە پۆلیسی ئەسینادا کۆیلەکان ئەم ئەرکەیان لەئەستۆ بوو. ئەمەش ڕێک ئەو جیاوازییەیە کە هیگڵ لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەیکات.

لە دیدی هیگڵدا، ئێمە لە فەزای سیاسیی مۆدێرندا بە کۆمەڵگەی مەدەنی دەگەین، کە فەزای پێداویستییەکانە و تیایدا بۆرژوازییەکان سەرقاڵی بازرگانین.

کۆمەڵگەی مەدەنیی بۆرژوازی ماوەیەکە دەزگای خێزان و دەزگای دەوڵەتی مۆدێرن لە یەک جیا دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی مەدەنی قۆناغی دووەم یان ناوەڕاستی ڕەوتی دیالەکتیکی دروستبوونی چەمکی مافە لە مۆدێرنەدا. ڕۆحی ڕەها، کە لە چوارچێوەی ڕەوتی ڕەهادا دروست دەبێت، خاوەنی سێ قۆناغی دیالەکتیکییە:

١- خێزان

٢- کۆمەڵگەی مەدەنی

٣- دەوڵەت

هەرسێکیان دەربڕی چەمکی دیاردەناسی Sittlichkeit، واتە ئەخلاقی بابەتین.

وەک هەمیشە لە سیستەمی هیگڵدا ئێمە ڕاستەوخۆ (یان بێ ناوندگیری) دەست پێ دەکەین. خێزان شێوەی بێناوەندی ئەخلاقی بابەتییە، کە تاکەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی سروشتیدا لە یەکدا کۆ دەکاتەوە. تاکەکەس لە خێزاندا بەشێکە لە گشتێکی سروشتی و ناسیاسی، چونکە ڕێکخستنی ناو خێزان لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو دامەزراوە، نەک پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان. لەبەر ئەوە لێرەدا ڕۆحی مێژوویی، بەتەواوی دەروونی کراوە و بەرکارە (منفعل). بەڵام بەرهەمی ئەم خێزانە منداڵێکە کە پێویستی بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی هەیە و لێرەوە سەیری دەرەوەی خێزان دەکات. لێرەدا دژیەکییەک لە بوونیادی خێزاندا دروست دەبێت، کە هەم ناوخۆییە و هەم دەرەکی، هەر لەبەر ئەمەش، دەبێت ئێمە بۆ قۆناغێکی دیالەکتیکیی دیکە بڕۆین، کە تەواوکەری دەزگای خێزانە. واتە گەر بڕیارە ئێمە وەک مرۆڤێکی هۆشیار و ئازاد پێ بخەینە قۆناغێکی کامڵترەوە، دەبێت بە قۆناغێکی نێوەندگیری بگەین، کە هەمان کۆمەڵگەی مەدەنییە. ئەخلاقی بابەتی بۆ شکڵبەخشین بە خۆی، پێویستی بە تێپەڕینی دیالەکتیکی لە قۆناغی خێزانەوە بۆ قۆناغی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. تاکەکەس لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەمان کەسی تایبەتی ناو خێزانە، بەڵام خواست و ئامانجەکانی لەسەروو خێزانەوەیە.

کۆمەڵگەی مەدەنی لای هیگڵ دەوڵەتێکی ناکامڵە، لەبەر ئەوە هیگڵ ناوی دەنێت دەوڵەتی هەستەکی، نەک دەوڵەتی عەقڵانی.

وەک پێشتر گوتمان، هیگڵ جیاوازی لەنێوان هەست و عەقڵدا دەکات. لای هیگڵ هەست هێزێکی نێگەتیڤ و بەرکارە، لە کاتێکدا عەقڵ پڕجووڵە و زیندووە. بە دەربڕینێکی دی، کۆمەڵگەی مەدەنی ساتەوەختی نێگەتیڤی دەوڵەتی مۆدێرنە، چونکە تەنها دەوری ناوەندگیری لەنێوان دەوڵەت و خێزاندا دەبینێت. هەر لەبەر ئەمە لای هیگڵ کۆمەڵگەی مەدەنی وەک خێزان شکڵێکی دژیەکییە، کە تیایدا هێشتا ئەخلاقی بابەتی بەدی نەهاتووە. بەدیهاتنی ڕاستەقینەی ئەخلاقی بابەتی Sittlichkeit لە بوونیادی دەوڵەتدا ڕوو دەدات.

دژیەکیی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوێدایە؟

لە لایەکەوە کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵێک تاکەکەسی تایبەت، کە ئامانجی تایبەتییان هەیە، واتە خۆیان دەکەنە ئامانجی کارەکانیان، چونکە بەدوای تێرکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانی خۆیانەوەن و بەرگری لە مافی موڵکایەتیی خۆیان دەکەن، بەڵام لە لایەکی دییەوە کۆمەڵگەی مەدەنی دەرکەوتەی جۆرێک هەمەکییشە. بەڵام ئەم هەمەکییە ناتەواو و کامڵ نەبووە.

بۆچی؟ چونکە لە دیدی هیگڵەوە کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵگەی بۆرژوازییە، یان باشترە بڵێین، کۆمەڵگەی بۆرژوازییەکانە. بۆرژوازەکان یان ئەو شارنشینانەی هێشتا بە پلەی هاووڵاتیبوون نەگەیشتوون، چونکە هێشتا ئەخلاقی بابەتی شێوەی کامڵی خۆی وەرنەگرتووە.

لەبەر ئەمە هیگڵ لەگەڵ تیۆریی پەیمانی کۆمەڵایەتی (وەک ئەوەی ڕۆسۆدا) نییە، کە کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت بە یەک شت دەزانێت. لە دیدی هیگڵەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت دوو قۆناغی دیالەکتیکیی جیاوازی ڕۆحی بابەتین. لای هیگڵ دەوڵەت فەزای ئازادییە، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی مەدەنی فەزای زەروورەتە.

کە وا بوو، کۆمەڵگەی مەدەنی دەوڵەتێکی لنگەوقووچە کە هیگڵ پێی دەڵێت دەوڵەتی دەرەکی.

لە دەرەوە بوونی دەوڵەت واتە دۆخێک، کە تیایدا هێشتا هەمەکی کامڵ نەبووە.

کۆمەڵگەی مەدەنی دەرکەوتەی دەرەکیی دەوڵەتە، چونکە بکەری کۆمەڵگەی مەدەنی بکەرێکی ئابوورییە، لە کاتێکدا بکەری دەوڵەت بکەرێکی سیاسییشە. بەڵام بۆچی ئێمە لە قۆناغی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕاناوەستین و دیسان ئەم جووڵە دیالەکتیکییەی مێژوو و جووڵەی دیاردەناسیی هۆش بۆ ئازادی، ئێمە بەرەو بوونیادی دەوڵەت دەبات؟ هۆی ئەمە، وەک هەمیشە، ئەو دژیەکییەیە کە لەم شێوە دیاردەناسی-سیاسییەدا دروست دەبێت. ڕاستە کۆمەڵگەی مەدەنی جێگەی پێداویستییە شەخسییەکانە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا تاکەکان ناچارن بیر لە پێداویستییەکانی ئەوانی دییش بکەنەوە. ئەو کارەی کەسێک ئەنجامی دەدات، کاریگەریی لەسەر کەسێکی دییش هەیە. کە وا بوو، کۆمەڵگەی مەدەنی ئاستی ناوەڕاستی نێوان تاکێکی تەنیا و کۆمەڵێک لە تاکەکانە. هەر لەبەر ئەمە، هیگڵ بڕوای وایە کۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ سێ دۆخ یان سیستەم، کە هیگڵ لە وشەی ئەڵمانیی Stand سوود وەردەگرێت.

Stand واتە چین Klasse، نەک دەوڵەت Staat، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ ئەو سیستەمە جیاوازانەی لەناو کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەن:

١) گروپی جووتیارانن، کە لە چوارچێوەی بێناوەندگیریدان و لە یەکەی خێزانەوە نزیکن.

٢) گروپی بازرگانەکانن، کە لەناو فەزای شاردان و لە دۆخی ناوەندگیریدان.

٣) سێیەم گروپی بیرۆکراتەکان یان کارمەندانی دەوڵەتن، کە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەژین، بەڵام پەیوەستن بە دەوڵەتەوە.

هیگڵ نەک هەر گرنگی بە کارایی بیرۆکراتییەکان دەدات، بەڵکوو گرنگی بە پۆلیس و دەزگاکانیش دەدات. بە بڕوای هیگڵ، ئەرکی پۆلیس لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ئەوەیە کەسێکی بەشەکی (جزئی) پەیڕەوی لە یاسا هەمەکییەکان بکات، لە کاتێکدا دەزگاکان دەورێکی چارەنووسسازیان لە گواستنەوەی دیالەکتیکیدا هەیە لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ دەوڵەت.

دەزگا هەم بەشەکیی زیهنی و هەم هەمەکیی بابەتی لەخۆ دەگرێت. چونکە لە دەزگادا ئارەزووی ئاسایشی تاکەکەسی دەگۆڕێت بۆ مافێکی گشتی و ئامانجی بەشەکیی (جزئی) تاکەکەس دەگۆڕێت بۆ ئامانجێکی هەمەکیی ئەو دەزگایە.

لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی هاووڵاتییان لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا وەک یۆنانی دێرین بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە کاروبارەکانی کۆمەڵگەدا نییە، لەبەر ئەوە پێویستیان بەوەیە ئەم ئەخلاقە بابەتییە لە شوێنێکدا جێبەجێ بکەن، ئەو شوێنەش چوارچێوەی کارخانە و دەزگاکانە.

دەزگاکان تاکەکان (افراد جزئی) دەخاتە ناو سیستەمێکی هەمەکی و سەرتاپاگیرەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکەس لە ڕێگەی کاری بەشەکیی (جزئی) خۆیەوە بە پلەیەکی هەمەکی بگات. بەم شێوەیە دەزگاکان ئەو هۆشیارییە بە تاکەکەس دەبەخشن، کە ئەو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت هەموو شتێک بۆ قازانجی خۆی بەکار بهێنێت. دەزگاکان دەبنە هۆی ئەوەی تاکەکەس واز لە خەسڵەتی خۆپەرستانەی خۆی بهێنێت و بیر لە گشت کۆمەڵگە بکاتەوە.

لێرەوە دەزگاکان بە پێناسە، قۆناغی گواستنەوەن لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ دەوڵەت.

دەوڵەت لە ڕێگەی دەزگاکانەوە لە دڵی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دێتە دەرێ. لای هیگڵ دەوڵەت کردرارێتی و بەدەیهاتنی ئایدیای ئەخلاقی بابەتییە Sittlichkeit. تەنها لە دەوڵەتدایە کە ئەم ئایدیایە بە کەماڵی خۆی دەگات.

دەوڵەت ئازادی و عەقڵانیەتی بە کردار بووە.

دەوڵەت ئازادە، لەبەر ئەوەی عەقڵانیەتێکە، لەناو خۆی و بۆ خۆیدا.

لێرەدا چیدی دژیەکییەک لەنێوان مافەکان و ئەرکەکانی هاووڵاتییاندا نییە.

لە دیدی هیگڵەوە مافی هاووڵاتی بە مانای ڕێزگرتنە لە یاساکان و ئەم ڕێزگرتنەش ڕەوتێکی عەقڵانییە، چونکە هاوەڵی هۆشیاربوونە بە ئازادی.

کە وا بوو، دەوڵەتی هیگڵی مەبەست و ئامانجێکی عەقڵانییە. هیگڵ لێرەدا بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە تەماشای تیۆریی پەیمانی کۆمەڵایەتیی ڕۆسۆ دەکات و بڕوای وایە ئیرادەی ڕۆسۆیی توانای دروستکردنی ئازادیی سیاسی نییە، چونکە هیچ کاتێک بە ناوەرۆکی بابەتی چەمکی خۆی ناگات و هەر بە ئەبستراکتی دەمێنێتەوە.

هیگڵ دەرەنجامی نەرێنیی تیۆریی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە شۆڕشی فەڕەنسیدا دەبینێت.

بنەمای دەوڵەت لای هیگڵ، وەک ڕۆسۆ لەسەر بناغەی ئیرادە ڕاوەستاوە. بەڵام لەو شوێنەدا کە ڕۆسۆ باسی ئیرادەی تاکەکەسی دەکات، هیگڵ ئیرادەی بابەتی دەهێنێتە پێشەوە، واتە بە دەربڕینێک، هەمان ئەخلاقی بابەتی Sittlichkeit.

لای هیگڵ تاکەکەس کاتێک بە بابەتیبوون دەگات کە ببێتە ئەندامی دەوڵەت، واتە هاووڵاتیی دەوڵەت بێت و لەگەڵ ئیرادەی کەسانی دیدا، ئیرادەیەکی هاوبەش پێک بهێنن.

لە دەوڵەتدا هەمەکێتی و تاکێتی ئاوێزان دەبن. واتە، بە دەربڕینێکی دی، دەوڵەت یەکێتیی پێکهاتەیی سەرجەم کارکردن و ئەو چالاکییانەیە کە لە ئاستی گەلیکدا ئەنجام دەدرێن.

لێرەوە هیگڵ بڕوای وایە چارەنووسی عەقڵانیی تاکەکان بریتییە لە ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو دەوڵەتدا.

گرنگیدانی هیگڵ بە چەمکی دەوڵەت لە چوارچێوەی بوونناسیی فەلسەفیی خودی هیگڵدایە و هەر لەبەر ئەمەش هیگڵ ئاماژە بۆ ڕەگوڕیشە مێژووییەکانی دەوڵەت ناکات.

ئاماژەی هیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت، دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدانی فەلسەفیی هیگڵ بە چەمکی ئازادی.

لای هیگڵ دەوڵەتی مۆدێرن بە واقعیبوونی کردارییانەی ئازادیی بابەتییە.

دەوڵەت بابەتیبوونی هۆشیاریی ئیرادەی مرۆڤ و کامڵ بووە. هەر لەم ڕوانگەیەوە تیۆریی دەوڵەتی هیگڵ دەبێت وەک تیۆرییەکی فەلسەفی تەماشا بکەین، واتە چەمکی دەوڵەت لای هیگڵ زۆرتر چەمکێکی لۆژیکی-دیاردەناسییانەیە، تا چەمکێکی سیاسی بۆ دۆخێک یان ڕژێمێکی سیاسیی تایبەت.

ئەگەر هیگڵ باسی چەند دەزگایەک دەکات، وەک دەزگای سەڵتەنەت، کە لە سەردەمی خۆیدا بوونی هەبوو، نابێت ئێمە بەرەو ئەوە بەرێت کە هیگڵ دەیەوێت بەرگری لە سیستەمی سەڵتەنەتی سەردەمی خۆی بکات.

لە ڕاستیدا چەمکی دەوڵەت، کە لە “بنەماکانی فەلسەفەی ماف”دا دەخرێتە ڕوو، لە بوونیاد و ڕەوتی فەلسەفیی هیگڵ جیا نییە و بۆ تێگەیشتنیش لێی، پێویستە لە فەلسەفەی هیگڵ تێبگەین. لەبەر ئەوە دەوڵەت لای هیگڵ ئامانجێک نییە بۆخۆی، بەڵکوو قۆناغێکی لۆژیکی-دیاردەناسییانەی ڕەوتی هەمەکیی ڕۆح یان هۆشە.

لە چەمکی دەوڵەتدا ڕۆح یان هۆش بە شێوەیەکی بابەتی ئازادە، نەک بە شێوەیەکی ڕەها. هەروەها قۆناغی دیالەکتیکیی ڕۆحی ڕەها پاش تێپەڕین لە ڕۆحی بابەتی ڕوو دەدات و ئەوەش قۆناغێکە، کە ڕۆحی زیهنی و ڕۆحی بابەتی بەیەک دەگەن، واتە هۆشیاریی تاکەکەسی (کە لە دیاردەناسیدا دەخرێتە ڕوو) لەگەڵ هۆشیاریی گشتیدا (کە لە فەلسەفەی مافدا دەخرێتە ڕوو) لە ڕۆحی جیهانیدا لەگەڵ یەکدیدا ئاوێزان دەبن. بەم شێوەیە جارێکی دی دەگەڕێینەوە بۆ فەلسەفە. بیرکردنەوە لە دەوڵەت و بیرکردنەوە لە سیاسەت، دەبێت سەربەخۆ و لە دەرەوەی دەوڵەت و سیاسەت بێت.

ئەو ڕستە بەناوبانگەی هیگڵ فەرامۆش نەکەین: “کوندەپەپووی مینروا ئێواران لە شەقەی باڵ دەدات”[١] و ڕێگە بۆ ڕاڤە و تەفسیری تازە بۆ بیرکردنەوەی هیگڵ دەکاتەوە. ئەمەش خۆی نیشانەی هێزی فکری سیستەمی فەلسەفیی هیگڵە، کە لەگەڵ سەرجەم ئەو ڕەخنانەی لە ١٥٠ ساڵی ڕابوردوودا لێی گیراوە، هێشتا یارمەتیمان دەدات لە قەیران و ئاڵنگارییەکانی دنیای مۆدێرن تێبگەین.

سەرچاوە: رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێز:

[١] کوندەپەپووی مینراو بریتییە لە خودای حیکمەت و زانین لە ئەفسانە ڕۆمییەکاندا. (و.ک)