هاروکی موراکامی لە تاریکی ناترسێت

هاروکی موراکامی لە تاریکی ناترسێت

نووسینی: ئەلێکساندرا ئاڵتەر

وەرگێڕانی: ڕامیار مەحموود

ئەو نووسەرەی ئەدەبیاتی ژاپۆنیی گەیاندە ناوەندی جیهانی، لەگەڵ پیربوون و پێگەی خۆی لە جیهانی نووسیندا دەستەویەخەیە. کاتێک هاروکی موراکامی دەست بە نووسین دەکات، هیچ بیرۆکەیەکی نییە کە چی ڕوو دەدات. ئەمە وەک دانپێدانانێکی سەرسووڕهێنەر دەردەکەوێت بۆ ڕۆماننووسێکی بەئەزموون، بەتایبەتی بۆ ئایکۆنێکی ئەدەبیی جیهانی، کە زیاتر لە ٤٠ کتێبی نووسیوە و دەیان ملیۆن دانەی بە دەیان زمان لێ فرۆشراوە. بەڵام دوای نزیکەی نیوسەدە لە کارکردنی، پرۆسەی داهێنانی موراکامی بەنهێنی دەمێنێتەوە، تەنانەت بۆ خۆیشی.

موراکامی لە چاوپێکەوتنێکدا لە نیو یۆرک لە مانگی کانوونی یەکەمدا گوتی: “من هیچ پلانێکم نییە، تەنها دەنووسم، کاتێک دەنووسم، شتە نامۆکان زۆر بەسروشتی و زۆر ئۆتۆماتیکی ڕوو دەدەن.”

ئەو درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: “هەرکاتێک چیرۆک دەنووسم، دەچمە جیهانێکی ترەوە، ڕەنگە بتوانیت پێی بڵێیت نائاگایی، هەرشتێک گریمانەکراوە لەو جیهانەدا ڕوو بدات. زۆر شت لەوێ دەبینم، پاشان دەگەڕێمەوە بۆ ئەم جیهانە ڕاستەقینەیە و دەینووسمەوە.”

موراکامی خۆی وەک ستایلیستێکی لێهاتووی پەخشان یان چیرۆکخوانێکی بلیمەت نابینێت. بە وتەی خۆی، تاکە کارامەیی ناوازەی ئەو، توانای گەشتکردنە لەنێوان جیهانەکان و گواستنەوەی ڕاپۆرتەکانە.

گوتی: “پێم وا نییە بەتەواوی هونەرمەند بم. پێم وایە پیاوێکی ئاساییم. من بلیمەت نیم و ئەوەندە زیرەک نیم، بەڵام دەتوانم ئەوە بکەم، دەتوانم بچمە خوارەوە بۆ ئەو جیهانە.”

من و موراکامی لە هۆڵێکی ژێرزەمینیی کۆکتێل، لە هۆتێلێکی میدتاون مانهاتن یەکترمان بینی، شوێنێک کە بە شێوەیەکی سەیر گونجاو بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئارەزووی ئەو بۆ ئەشکەوت و تونێلەکان، کە مۆتیڤێکی دووبارەبووەوەیە لە کارەکانیدا. کاتژمێر ١٠ی بەیانی، شوێنەکە بە شێوەیەکی ترسناک چۆڵ بوو. نەخشە ئەندازەییەکانی ڕووناکی لەسەر دیوارەکە یارییان دەکرد.

موراکامی، کە جلی ئاسایی (هوودێکی کڵاودار و پێڵاوی وەرزشی) پۆشیبوو، لەناو ئەو تاریکییەدا تا ڕادەیەک هەستی بە ئارامی دەکرد. تا ئەندازەیەکی باش تەواو بێدەنگ دانیشتبوو، جاروبار نیگای بەرەو سەرەوە دەڕۆیشت، وەک ئەوەی بیەوێت بیرۆکەیەک ڕاو بکات و بەهێواشی و بەوردی قسەی دەکرد، وەڵامەکانی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی دەدایەوە.

موراکامی چێژ لە دەرکەوتنی گشتی وەرناگرێت و وا دەرناکەوێت حەز بە قسەکردن لەسەر خۆی یان مانای کارەکانی بکات. ئەو خۆی لە چوونەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بەدوور دەگرێت، هەرچەندە بەبێ ئاگاداری خۆی ڤیدیۆی تۆمارکراوی لێ دروست کراوە. بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمدا، بەناچاری دوو وتاری گشتیی لە نیو یۆرک، لەبەر دەم ئامادەبووانێکی زۆر و سەرسامدا پێشکەش کرد.

ئەو گوتی: “من لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا باش نیم، بۆیە حەز ناکەم بەشداریی ئاهەنگەکان بکەم یان وتار بدەم، بەڵام هەندێک جار ناچارم ئەوە بکەم. باقیی ساڵەکە لە ماڵەوەم، تەنها کار دەکەم. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئالوودە بووم بە کارکردنەوە.”

لە کاتی چالاکییەک لە تاون هۆڵ، لە ١١ی کانوونی یەکەمدا، موراکامی لە هۆڵێکی پڕ لە خەڵکدا باسی جیهانیبوونی ئەدەبیات و کولتوری ژاپۆنی کرد، گۆڕانکارییەک کە ئەو یارمەتیدەر بوو لە هێنانەدیی ئەوەدا. پێشتر لەو هەفتەیەدا، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لە سەنتەری چیرۆک (Center for Fiction)، کە لەلایەن موزیکژەن و نووسەر پاتی سمیتەوە پێشکەشی کرا. (داوا لە میوانانی ئاهەنگەکە کرابوو وێنە یان ڤیدیۆی موراکامی نەگرن.)

موراکامی سوپاسی هاوسەرەکەی کرد، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لەگەڵیدایە، گوتی ئەو یەکەم خوێنەریەتی و زۆربەی کات ئیدتۆریشیەتی. هەروەها بیری هێنایەوە کە چۆن کاتێک دەیان ساڵ لەمەوبەر یەکەم بۆنەی واژۆکردنی کتێبەکەی لە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەنجام دا، تەنها چەند کەسێکی کەم ئامادە بوون.

ئەو بە ئامادەبووانی گوت: “لەبیرمە بە پێنووسێک لە دەستمدا دانیشتبووم و هیچ کارێکم نەبوو بیکەم. ئەوە یەکێک بوو لە درێژترین کاتژمێرەکانی ژیانم.”

پێشوازییەکی ئاوا سارد، ئێستا بیرلێنەکراوەیە. موراکامی ئەو نووسەرە دەگمەنەیە کە خاوەن ناوبانگێکی ئەدەبیی بەرزە و لە هەمان کاتدا لەنێوان خوێنەرانی جیهاندا زۆر بەناوبانگە. ڕۆمانە نوێیەکانی بە ئاهەنگی بڵاوکردنەوەی نیوەشەو پیرۆز دەکرێن، کە هەوادارە سەرسەختەکان لە کتێبفرۆشییەکان کۆ دەبنەوە بۆ کڕینی کۆپییەکان لەو خولەکەی دەخرێنە بازاڕەوە. هەواداران لیستی موزیکیان دروست کردووە، کە ئەو ئاماژەی پێ کردوون و کتێبی چێشتلێنانیان بڵاو کردووەتەوە لەسەر بنەمای ئەو خواردنانەی لە ڕۆمانەکانیدایە. تەنانەت ئەکاونتێک لەسەر پلاتفۆڕمی X هەیە، کە بەتەواوی تەرخان کراوە بۆ ئاماژەدان بە سپاگێتی لە کارەکانیدا.

موراکامی کۆمەڵێک خەڵاتی ئەدەبیی جیهانیی دیاری بردووەتەوە، لەوانە خەڵاتی فرانس کافکا و خەڵاتی ئۆرشەلیم، وەک کاندیدێکی هەمیشەییش بۆ خەڵاتی نۆبڵ دادەنرێت. ئاماندا ئۆربان، بریکاری موراکامی، سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی کە تەواوی مانگی تشرینی یەکەم لەدەوروبەری کاتی نۆبڵدا پێی دەگات، گوتی: “ئێمە تەنها لەم خاڵەدا پێی پێدەکەنین.”

ئۆربان گوتی: “هەمیشە شتێکی خۆشە کاتێک نۆبڵ دەدرێت بە کەسێک، کە بتوانێت هێزی پشت نۆبڵ بەکار بهێنێت، بەڵام پێم وایە هاروکی پێشتر بەدەستی هێناوە. کارەکانی ئەو لەگەڵ خوێنەران لە هەموو سنوورەکان، هەموو زمانەکان، هەموو کولتوورەکاندا قسە دەکات، بە شێوەیەک، کە هەرگیز نەمدیوە نووسەرێکی تر پێی بگات.”

لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا، کە کتێبەکانی زیاتر لە شەش ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، موراکامی زنجیرەیەک بڵاوکراوەی نوێی لەبەر دەمدایە. ئەم پایزە دەزگای نۆپف (Knopf) کتێبی “وازهێنان لە پشیلەیەک” بڵاو دەکاتەوە، کە کارێکی کورت و کاریگەرە دەربارەی پەیوەندیی موراکامی لەگەڵ باوکیدا. ساڵی داهاتوو دەزگاکە پلانی هەیە کتێبێک دەربارەی کۆکراوەی تۆمارە موزیکە کلاسیکییەکانی بڵاو بکاتەوە. هەروەها بڵاوکەرەوەکە کتێبە کۆنەکانی، کە هێشتا داواکارییەکی زۆریان لەسەرە، بە بەرگی نوێوە دووبارە چاپ دەکاتەوە.

لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا، موراکامی هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرهەمدارە. ئەو بەم دواییانە ڕۆمانێکی نوێی تەواو کردووە، کە ئەم هاوینە لە ژاپۆن بڵاو دەکرێتەوە و لە ئێستادا بۆ زمانی ئینگلیزی وەردەگێڕرێت.

موراکامی زۆربەی ڕۆمانەکەی ساڵی ڕابوردوو نووسی، دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکی سەخت، کە نەیویست وردەکارییەکانی باس بکات، کە بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە و نزیکەی ٤٠ پاوەند کێشی دابەزێت. نەخۆشبوون ئەزموونێکی سەرلێشێوێنەر بوو بۆ موراکامی، کە ڕۆژانە بەزۆری بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕادەکات، بەڵام بینیی کە بەزەحمەت دەتوانێت بڕوات. کاتێک نەخۆشییەکەی توند بوو، هیچ ئارەزوویەکی بۆ نووسین نەبوو. کە چاک بووەوە، ئارام بووەوە کاتێک بینیی ئەو حەزەی بۆ نووسین جێی نەهێشتووە.

سەبارەت بە نووسینی ڕۆمانە نوێیەکەی گوتی: “ئەمە جۆرێکە لە زیندووبوونەوە. من گەڕامەوە.”

ئەو گوتی ئەو چیرۆکەی بۆی هاتووە، هەستی کردووە جیاوازە لە کارەکانی پێشووی، گەشبینترە. هەروەها ناوچەیەکی نوێیە بۆ ئەو، چونکە یەکەم ڕۆمانیەتی کە بە پلەی یەکەم لە ڕوانگەی ژنێکەوە نووسراوە. موراکامی، کە لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕەخنەی لێ گیراوە، کە کارەکتەرە مێینەکانی وەک یەک ڕەهەندی پەراوێزخراو و زۆر سێکسی دەبینن، گوتی نووسین لە ڕوانگەی ژنێکی گەنجەوە هەستێکی جیاواز بوو، بەڵام بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر سروشتی بوو.

ئەو گوتی: “من بووم بە ئەو.”

موراکامی دوودڵ بوو لە ئاشکراکردنی زۆر شت دەربارەی پڵۆتی چیرۆکەکە، تەنها ئەوە نەبێت کە گوتی ئەو ژنە گەنجەی لە چەقی چیرۆکەکەدایە، کاهۆ، هونەرمەند و وێنەکێشی کتێبی منداڵانە و شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی سەیر دەڕۆن.

گوتی: “ئەو کچێکی زۆر ئاساییە، نە ئەوەندە جوان، نە ئەوەندە زیرەک، بەڵام زۆر شتی نامۆ بۆ ئەو و لەدەوروبەری ئەودا ڕوو دەدەن.”

کاتێک لێی پرسرا چ جۆرە شتێکی نامۆ ڕوو دەدات، زەردەخەنەی کرد. گوتی: “ئەوە نهێنییە.”

چیرۆکێکی موراکامی زۆربەی کات لە شوێنێکی ئاساییەوە دەست پێ دەکات — ژنێک کە لە قەرەباڵغیی هاتوچۆدا گیر بووە لە سەرەتای “1Q84”دا، یان گێڕەرەوەیەک کە سپاگێتی لێدەنێت لە سەرەتای “The Wind-Up Bird Chronicle”دا. پاشان شتەکان دەگۆڕێن بۆ واقیعێکی هاوتەریب و خەونئامێز.

هێشتا، تەنانەت نامۆترین پڵۆتەکانی موراکامی وەک خەیاڵ (فانتازیا) ناخوێنرێنەوە. ئەگەر هەرشتێک بێت، ئەوان هەستێکی سەروو-واقیعییان (hyper-real) هەیە، کە ڕەگیان لە وردەکارییە وردەکانی ژیانی ڕۆژانەدایە کە ئاشنا و ئاسایی دەردەکەون، بەڵام دەبنە شتێکی نائاسایی.

لێکسی بلووم، سەرنووسەری ئەو لە دەزگای نۆپف، گوتی: “ئەو لە جیهانی ئێمەوە دەست پێ دەکات و پاشان دەتباتە ناو جیهانی خۆی. تەنانەت هەست ناکەیت کە لەوێیت، تەنها لەگەڵ ئەودا ڕۆیشتوویت.”

موراکامی هەستی نەدەکرد چارەنووسی ئەوە بێت ببێتە نووسەر. لە گەڕەکەکانی دەوروبەری کۆبی و ئۆساکا گەورە بووە، تاقە منداڵی دوو مامۆستا بووە، ویستوویەتی ببێتە موزیکژەن، بەڵام نەیتوانیوە خۆی ناچار بکات مەشق بکات. خوێندکارێکی مامناوەند و بێباک بووە، بەتایبەتی کاتێک دەهاتە سەر ئەدەبیاتی ژاپۆنی.

موراکامی گوتی: “بەڕاستی لە هەرزەکاریمدا هیچ ئەدەبیاتێکی ژاپۆنیم نەدەخوێندەوە، چونکە دایک و باوکم ئەدەبیاتی ژاپۆنییان دەگوتەوە، بۆیە ڕقم لێی بوو.” لەبری ئەوە، کارەکانی نووسەرە ئەمەریکییەکانی وەک هێمینگوای، کاپۆتی و فیتزجێراڵد و کلاسیکە ڕووسییەکانی وەک “تاوان و سزا” و “برایانی کارامازۆڤ”ی دۆستۆیڤسکیی دەخوێندەوە.

ئەو حەزی بۆ موزیک (کە تاموچێژێکی هەمەجۆر و کۆکراوەیەکی زۆری تۆماری ڤینایلی هەیە) بە هۆکاری داڕشتنی نووسینەکانی دەزانێت، تەنانەت زیاتر لەو کتێبانەی کە خوێندوویەتیەوە: “زۆر شت لە موزیکی باشەوە فێر بووم: ڕیتمی جێگیر، میلۆدی و هارمۆنیی جوان، ئیمپرۆڤیزاسیۆنی ئازاد لە جازەوە.”

کاتێک لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بوو، یانەیەکی جازی بە ناوی پیتەر کات (Peter Cat) لە ڕۆژاوای تۆکیۆ کردەوە. چەند ساڵێک بوو یانەکەی بەڕێوە دەبرد، کاتێک ڕۆژێک بڕیاری دا ڕۆمانێک بنووسێت لەسەر ئارەزوویەکی کتوپڕ، کاتێک لە یارییەکی بەیسبۆڵدا بوو. کاتێک دانیشت و بینیی بەزەحمەت دەتوانێت بنووسێت، سەرەتا هەوڵی دا بە ئینگلیزی بنووسێت، پاشان وەری گێڕایەوە بۆ سەر زمانی ژاپۆنی. داڕشتنی ڕستەکان بە ئینگلیزی ڕێگریی لە خولانەوەی بیرۆکەکانی کرد و یارمەتیدەر بوو بۆ پەرەپێدانی ستایلە سادە و بێڕازاوەکەی.

موراکامی تاکە کۆپیی تایپکراوی ڕۆمانەکەی، “گۆرانیی با ببیستە” (Hear the Wind Sing)، پێشکەش بە خەڵاتێکی ئەدەبیی بۆ نووسەرە نوێیەکان کرد. ئەو بردیەوە و ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٩٧٩دا لە ژاپۆن بڵاو کرایەوە، کاتێک تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو.

سەرباری نووسینی کتێب، موراکامی کتێبیشی لە ئینگلیزییەوە بۆ ژاپۆنی وەرگێڕاوە، لەوانە، کارە زەبەلاحەکانی سەدەی بیستەم، وەک ڕیمۆند چاندلەر، جەی دی سالینجەر و ڕەیمۆند کارڤەر. ئەو بەم دواییانە وەرگێڕانی کۆمەڵەچیرۆکی “Adultery & Other Choices”ی ئەندرێ دوبوسی تەواو کردووە و پلانی هەیە دواتر سەرنج بخاتە سەر کارەکانی داشیێڵ هامێت. ئەو زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر وەرگێڕان، کاتێک لە نووسینی خۆی بێزار دەبێت و گوتی ئەوە مێشکی بەچالاکی دەهێڵێتەوە و ئاشنای دەکات بە ستایلە جیاوازەکان.

گوتی: “بەشێکی جیاوازی مێشکم بەکار دەهێنم. تۆ دەتوانیت زۆر شت لە کاری وەرگێڕانەوە فێر ببیت. دەتوانیت لە شوێنی کەسانی تر بیت.”

ناوبانگی نێودەوڵەتیی موراکامی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا بەخێرایی گەشەی کرد، کاتێک “ڕاوەدوونانی مەڕە کێوییەکە” (A Wild Sheep Chase)، ڕۆمانێکی سووریالی دەربارەی بەڕێوەبەرێکی ڕیکلامیی تۆکیۆ، کە بەدوای مەڕێکی ئەفسانەییدا دەگەڕێت، وەرگێڕرا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.

بەڵام لە نیشتمانەکەی خۆیدا، موراکامی لە سەرەتای کارەکانیدا وەک پەراوێزخراوێکی ئەدەبی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، تەنانەت کاتێک خوێنەران ڕوویان لە کتێبەکانی دەکرد. ڕەخنەگران هێرشیان دەکردە سەری، بەوەی زۆر لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی ڕۆژاوادایە و پڵۆتە خەیاڵییەکان و ستایلی پەخشانی سادەی ئەویان وەک شتێکی منداڵانە ڕەت دەکردەوە. ڕەخنەکان ئازاریان دەدا، بۆ چەند ساڵێک چوو بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئەورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان ژیا، بۆ ئەوەی دەیەوێت، کە بەبێ دەنگەدەنگی ڕەخنەگرەکان بنووسێت.

موراکامی گوتی: “من جۆرێک بووم لە مەڕی ڕەش. ئەوان ئەو بیرۆکەیەیان هەبوو، کە ڕێگەیەکی سەرەکی لە ئەدەبیاتدا هەیە و من لەسەر ئەو ڕێگەیە نیم، ئەوان پێیان وا بوو ئەوە جۆرێکە لە نمایشی لاوەکی. بۆیە من لە ناوەندی ئەدەبیی ژاپۆنیدا ئەوەندە ئارام نەبووم. لە ڕابوردوودا، تا ڕادەیەک ئەو هەستە هەبوو کە ڕەخنەگران ناتوانن شتی ئەرێنی دەربارەی من بڵێن.”

ئەوەی ئێستا گۆڕاوە، کاتێک پێگەی جیهانیی ئەو گەشەی کردووە، ئەوەیە ئامادەبووانی ئەدەبیاتی ژاپۆنی فراوانتر بوون. سەرکەوتنی موراکامی ڕێگەی خۆش کرد بۆ نووسەرە ژاپۆنییە گەنجتر و ئەزموونگەرترەکان، کە دواتر ناوبانگی نێودەوڵەتییان بەدەست هێنا، لەوانە یۆکۆ تاوادا و میکۆ کاواکامی. لە ئیمەیڵێکدا، کاواکامی سەرسامیی خۆی بە توانای موراکامی دەربڕی بۆ “هاندانی هەستەکانی خوێنەر، زۆربەی کات لە ڕێگەی میتافۆرەکانەوە، بەوەی هەست دەکرێت ساتێکە، کە کەس پێشتر نەیبینیوە.”

تاوادا لە قۆناغی ئامادەییدا دەستی کردووە بە خوێندنەوەی موراکامی و هەستی کردووە ڕووبەڕووی “ئەدەبیاتێکی تەواو نوێ” دەبێتەوە. بۆ تاوادا، خوێندنەوەی پەخشانی موراکامی “ڕێک وەک هەڵکردنی با بوو لە خاکێکی بیانیی دوورەوە.”

ئەم ڕۆژانە موراکامی چیتر هەست ناکات لە ماڵەوە وەک کەسێکی نامۆ بێت. ئەو گوتی: “من پیر بووم و خەڵک ڕێز لە پیاوە پیرەکان دەگرن.”

لە ساڵانی ڕابوردوودا، نووسینی موراکامی ئاڕاستەیەکی فەلسەفی و تێڕامانی زیاتری وەرگرتووە، گۆڕانکارییەک کە لە “شارەکە و دیوارە نادیارەکانی”دا دیار بوو، کە باس لە نۆستالژیا بۆ گەنجی لەدەستچوو و حەتمییەتی مردن دەکات.

فیلیپ گابریل، یەکێک لە وەرگێڕە دێرینەکانی موراکامی، گوتی: “من قووڵایی و سەنگینییەک دەبینم کە پێشتر نەمانبینیوە، شتێکی جەوهەریتر و زۆر کاریگەر.”

لەم دواییانەدا، موراکامی بەدڵخۆشییەوە لە ڕۆتینی ئاسایی خۆیدا نوقم بووە، زوو لە خەو هەڵدەستێت بۆ نووسین، کارەکانی ناوماڵ وەک قاپشۆردن و ئوتووکردن ئەنجام دەدات و ڕادەکات.

ئەو گوتی: “نازانم دەتوانم چەند ڕۆمانی تر بنووسم. هەست دەکەم دەتوانم زیاتر بکەم، چونکە نووسینی چیرۆک زۆر نایابە، ڕێک وەک گەڕانە بەدوای خۆمدا. تەنانەت کاتێک پیر بووم، هێشتا شوێن هەیە بۆ گەڕان.”

ئەلێکساندرا ئاڵتەر ڕانەری کتێب و ئەدەبیاتە لە ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز

سەرچاوە:

https://www.nytimes.com/2026/02/08/books/haruki-murakami-profile.html