بیرچوونەوە چوون بەفرماڵ
بیرچوونەوە چوون بەفرماڵ
خوێندنەوەی کۆمەڵەچیرۆکی “وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی”
بەختیار حەمەسوور
سەبارەت بە چیرۆکی نوێ و ڕۆڵی لە دنیای تازەدا، هەمیشە پرسیارێک لەبەر دەمماندا خۆی قوت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا چیرۆکی نوێ تا چەند ڕەنگدانەوە و هەڵگۆزتەی دنیای تازەیە؟ دنیایەک کە هەرساتێک بە خێراییەکی لەڕادەبەدەر دێت و بە هەمان خێرایی ئاوا دەبێت، ڕووداوەکان بەرەودوای یەک، بەتیژتێپەڕی بەلاماندا تێدەپەڕن و بڕێک جار ئەسڵەن فریای تەماشا و لێڕامان و وەستان و قووڵبوونەوەیان ناکەوین. ئەمە پرسێکە، دەتوانرێت ئاڕاستەی چیرۆکی نوێ و چیرۆکنووسانی ئەمڕۆش بکرێت، پرسێک کە وەڵامدانەوەی لای دەقی نووسراوە، واتە ئەو چیرۆکەی چیرۆکنووس دەینووسێت و ئاڕاستەی خوێنەرانی دەکات. لە دنیادا ئەمڕۆ چیرۆکنووسان خەریکی ئەو ڕوانینەن کە چی لە دەوروبەریاندا دەگوزەرێت، خۆیان لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرا و گەورانەدا دەبیننەوە، کە لە هەر چرکەیەکدا ڕوو دەدات، وەڵامی ئەوان بەو دۆخگۆڕکێ و کەوڵاوکەوڵە، بە چیرۆکەکانیانە، بەو بەرهەمانەی کە لە ڕێیەوە پێمان دەڵێن تاک لە چەقی ڕووداوەکانی سەردەمدا، چ ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییەکی هەیە، هاوکات کۆی ئەو دۆخ و ڕووداوانەش لەسەر تاک و پاشتریش خێزان و کۆمەڵگە چییە و چۆناوچۆنە.
کۆمەڵەچیرۆکی وەرگێڕراوی “وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی” هەڵبژاردەی کۆمەڵێک چیرۆکی کورتی نوێیە لە کۆمەڵێک چیرۆکنووس لە ئەدەبیاتی دنیا، ئەم کتێبە لەلایەن مامۆستا ڕەووف بێگەردەوە کراوە بە کوردی و هەڵبژرادنی ئەم چیرۆکانە لە لایەن خودی وەرگێڕەوە، دەرخەری سەلیقە و ناسینی ئەون بۆ چیرۆک و کردەی چیرۆکنووسی. دیارە ئەمە یەکەم جار نییە مامۆستا ڕەووف بێگەرد چیرۆکی جیهانی و بە تایبەت چیرۆکی هاوچەرخ بکات بە کوردی، بەڵکوو ساڵانێکی دوورودرێژە، لەپاڵ ئەزموونی نووسینی چیرۆکنووسیی خۆیدا، بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەو چیرۆکانەش بووە کە سەرنجیان ڕاکێشاوە و بە گرنگی زانیون بۆ ئەدەبی کوردی. ئەم کتێبە لە دووتوێی ١٤٢ لاپەڕەدا و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە وێڕای پێشەکییەکی پوخت و گرنگ، لەم چیرۆکانە پێک هاتووە: “خەو: کاترین ویبەر، شیرینی: نایان ڕاج باندی، پێویستییەکان: گریس پالی، جێژوانی خێزانێک: جون ویلیەم تشیفەر، تەقینەوە لە ژووری میواندا: بای شیاویی، سەمای کان – کان: ئەرتورو فیفانتی، شەڕی دوو لێبووک: میکاکۆتۆ، وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی: ئارت بوخالد، ژێرزەوی: سیلفینا ئوکامبو، بێبەزەیی: ویلیەم دی میل، یەکشەممووانێکی سەیرانگە: بیل کاوفمان، چارەنووسە ترسناکەکەی میلبومینوس جۆزن: ستیڤن لیکۆک، بەفر: ئان بیتی، نهێنییەکان: تیم ونتۆن، هاوسەر: فرانز کافکا و سزا: فرانز کافکا”.
هەریەک لەم چیرۆکانە لە چەند لاپەڕە تێپەڕ ناکەن و خوێندنەوەیان هەر چەند خولەک دەخایەنێت. ئەوەی شیاوی باسە، کە لەتەنیشت هەر چیرۆکێکەوە، ژیاننامەیەکی پوختی نووسەرەکەی نووسراوە، تێیدا ساڵی لەدایکبوون و مردن و هاوکات گرنگترین بەرهەمی نووسراو و خەڵاتی ئەدەبی کە وەری گرتووە، ئاماژەی پێ دراوە. کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێنە، خوێنەر دەباتە ناو دنیای تازەی چیرۆکەوە و وای لێ دەکات ڕوانینی بۆ ئەدەبیات و چیرۆک بەتایبەت، لە گۆشەی تازە و نەدیتراوەوە، ئاڕاستە بکرێت.
لە پێشەکیدا، وەرگێڕ بەم جۆرە باس لەم کتێبە و گرنگیی چیرۆک دەکات: “کورتەچیرۆک ژانرێکی پەخشانئامێزی ئەدەبییە، وەک هەر بەرهەمێکی داهێنانی دی، خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و مێژووی درەوشاوەی خۆیەتی، چ لەسەر ئاستی ڕووداو، یان کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە. لەم ڕووەوە دەبێت ئاگادار بین چیرۆکی ئاسایی، یان ئەوەی ناوی کورتەچیرۆکی (Short Story) لێ نراوە، جیاوازە لە کورتیلەچیرۆک، یان ئەوەی ناوی لێ نراوە چیرۆکی زۆر کورت (Verey Short Story) چ وەک مەودا، یان ڕەهەندی کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە، بەڵام هەردووکیان (ڕۆمانیشی لەگەڵدا بێت) سەر بە ڕەگەزی گێڕانەوەن، کۆلکەهاوبەشەکانیان کارەکتەر و ڕووداو و گێڕانەوەیە.
من هەر لە سەرەتای ساڵانی حافتای سەدەی ڕابوردووەوە کورتیلەچیرۆکم بە ڕۆژانەچیرۆک ناوزەد کردووە، بەو مانایەی دەتوانیت لە ڕۆژێکدا زیاد لە یەکێک لەو چیرۆکانە بنووسیت، کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، دەشێت لە ڕۆژێکدا زیاد لە دیمەنێک، هەواڵێک، کارەساتێک و دیاردەیەک سەرنجت ڕابکێشێت و بکرێت بە کەرەستەی چیرۆکێک، کە ژمارەی وشەکانی ٥٠-٦٠ وشە زیاتر نەبێت. لە کاتێکدا کورتەچیرۆک زۆر لەوە زیاترە و ڕێک دەکەوێت مەوداکەی بگاتە ٧ بۆ ٨ هەزار وشە.
لەم چیرۆکانەدا بەسەرهات و دیمەنگەلێک دەبینیت، دەشێت پێت سەیر بن، بەڵام ڕاستییەکی نکۆڵیلێنەکراون، مۆرکی زۆر تایبەتی کۆمەڵگەیەکیان پێوەیە، کە دەبن بە شوناس و پێناسە بۆ سەردەمەکە و هەڵسوکەوت و چالاکییە دیارەکانی مرۆڤەکانی. ئەمە لە خۆیدا لایەنێکی ئەرێنییە بۆ هەر بەرهەمێکی ئەدەبی، بە ڕای من، ئەو واقیعە مێژووییەی لە ئەدەبدا ڕەنگ دەداتەوە، ڕستگۆیانەترە لەوەی زۆر جار بە ناوی مێژووەوە دەنووسرێت، بەڵام سەر بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یان دەسەڵاتخوازییە، ئەمەیان دوورکەوتنەوەیە لە ڕاستەڕێگەی هەقیقەتگوتن و وەک ئەنجام کارەساتە.
ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، جگە لە هەردوو چیرۆکی “سزا و هاوسەر”ی فرانز کافکا، کە لە فارسییەوە وەرم گێڕاون، هەموو ئەوانی ترم لە کۆمەڵەچیرۆکی “شەڕی دوو لێبووک”، لە عەرەبییەوە کردوون بە کوردی، کە نووسەر و وەرگێڕ “جەودەت جالی” لە ئینگلیزییەوە وەری گێڕاون و دامەزراوەی مەئموون بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە، ساڵی ٢٠١٩ چاپی کردووە.
هیوادارم بەدڵی چیرۆکدۆستانی ئازیز بێت.”
***
وەک وەرگێڕی ئازیز، مامۆستا ڕەووف بێگەرد ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم چیرۆکانە سەر بە دنیای ئەمڕۆن و هەریەکەیان هەوڵ دەدات لەو ڕووبەرە بچووکەدا، ئەو دنیایە ڕۆ بنێت لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا دەقەومێن، ڕەنگدانەوەی دەرکەوتەکانی ئەمڕۆن، بەتایبەت ئەو دەرکەوتانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تاک و خێزان هەیە، ئەم چیرۆکانە بە چڕی و شاوڵی، لەسەر تاک و خێزان کار دەکەن، بەتایبەتییش دنیای ژن و پیاو لە ماڵێکدا، پەیوەندیی نێوان خۆشەویستان، لێکنەگەیشتن و بەدحاڵیبوون، ئەو وردە کێشانەی پەرەیان پێ دەدرێت و گەورە دەبن و دەبنە هۆی گرژی و گرفتی هێجگار ئاڵۆز، کە چارەیان چیدی لە دەستی کەسدا نامێنێت و سەرجەم ئەو گرێبەستانەی پێکەوەبوون تێیدا هەڵدەوەشێنەوە و کۆتاییان دێت. ئەوەی ئەم تێمایانە بە چ ئیمکانێک دەخرێنە ڕوو، ڕەنگە گرنگترین پرسی جوانیاناسانەی ئەدەبی بێت، چیرۆکنووسانی ئەم کتێبە لە ڕێی هونەری چیرۆکەوە هەوڵ دەدەن ڕاڤەی دنیای ئەمڕۆ بکەن، نەک بە گوتار و دروشم و قسەی ئاسان و سادە، بەڵکوو لە ڕێی گێڕانەوەی مۆدێرن و لە زمانێکی چڕی تۆکمەدا، کە نوێنەرایەتیی دنیای نوێی ئەدەبیات بکات. ئەم چیرۆکانە پێت دەڵێت کە دەکرێت هەرچی زیادە و پەراوێزە، لە دەق داماڵرێت و بەتەنها کرۆک و ئەوەی جەوهەرییە بمێنێتەوە. چڕی و دەستگرتن بە وشەوە، یان ئەوەی بە “ئابووریی وشە” ناودێر کراوە، لەم چیرۆکانەدا بە جوانترین شێوە تەعبیری لێ کراوە، ئەم چیرۆکانە نموونەی بەرجەستەی چیرۆکی گوشراو و چڕکراوەن لە بچووکترین ڕووبەردا.
لێرەدا پێکەوە یەکێک لە چیرۆکەکان دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە جوانیی کتێبەکە دانەبڕێت و دواتریش چەند دێڕێک دەربارەی چیرۆکەکە دەنووسین.
***
“بەفر”
ئان بیتی
ئەو شەوە ساردە لەبیر ناکەم، کاتێک باوەشێک دارت هێنایە ژوورەکەوە. لە کاتی دانانی دارەکەدا سمۆرەیەک بازی دایە خوارێ و تێپەڕی، گوتت: “ئەوە چی دەکەیت لێرە؟” کە لە موبەقەوە بەرەو کتێبخانەکە چوو، وەک شارەزاییەکی چاکی لە ماڵەکەدا هەبێت وا بوو، کەس بڕوای نەدەکرد. لەبەر دەم دەرگای پێشەوەدا وەستا، حەفتەی یەکەممان لەو ماڵەدا بەسەر برد، تیایدا دەگەڕاین، ئاگاداری کۆڵێک لە نهێنیی ناو ماڵەکە بووین، بۆ نموونە کاغەزی سەر دیوار لەژێر کاغەزی تردا، لە چێشتخانەکەدا، بەسەر کاغەزەکانەوە، وێنەی کەپری سپیی نزیک بە ڕەنگی ئاڵتوونی بەتەنیشت بەرسیلەی دارێکەوە. ئەو کاتەی بە ڕەنگی زەرد دیوارەکانمان بۆیاخ دەکرد، بیرم لە شکانی دارمێوەکە کردەوە، کە لەوانە بوو وەک هەندێک ڕووەکی تر لە ژێرەوە هەڵبداتەوە.
لە ڕۆژی بەفرە گەورەکەدا، کە پێویست بوو لەسەرت ڕێگەکە بەفرماڵ بکەیت، کڵاوەکەت نەدۆزییەوە و پرسیاری ئەوەت لێ کردم چۆنچۆنی خاولییەک بە سەرتەوە ببەستیت کە نەکەوێت، تۆ بەو خاولییە سپییەی سەرتەوە دەبوویت بە پاشای شێتی بەفر، پێویست بوو هەموو بەیەکەوە بین. شار جێ بهێڵین و ڕوو لە گوند بکەین. لەوێ زۆر کەس سەردانیان کردین، زۆپاکەش حەزی گەلێکیانی بزواند تا چیرۆکی سەیر سەیر بگێڕنەوە. چیرۆکی ئەو منداڵەی بەڕێکەوت لە پەناییەکی لای ڕاستەوە وەستابوو، کاتێک دەرگای عەرەبانەی ئایس کرێمەکە کرایەوە، سەدان نوقڵی مژین کەوتنە خوارەوە و شکان، هەروەها چیرۆکی ئەو پیاوەش کە لە کەناری ڕووبارەکەدا وەستابوو، لمی بەر خۆرەکە دەبریسکێتەوە، پیاوەکە شوێنێکی بینی لە جێگەکانی دی زیاتر دەبریسکایەوە، بۆیە بەرەو ئەوێ چوو، تەماشای کرد ئەنگوستیلەیەکی گەوهەر بوو. ئایا دەبێت ئەوان وا بزانن ئێمەیان لەگەڵداین، چونکە باسی شتی سەیریان کردبوو؟ من وای بۆ دەچم ئەوان لای خۆیانەوە وایان داناوە ئێمە سەرناکەوین. ئەی تۆ ئەو شەوەت لەیادە کە چووینە دەرەوە و تا ئەژنۆمان لە بەفر چەقی، سەرمان بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بایش زیاتر دنیای سپی دەکرد؟ وەک دنیا قڵپ بووبێتەوە وا بوو. ئێمەیش تەماشای کێڵگە فراوانەکەی گێزەری کێویمان دەکرد، پان، کاتێک گڵۆپەکانی پێشەوەمان کوژاندەوە، ئێمە یەکەم ماشین بووین بەنێو بەفرە تازە باریوەکەدا تێپەڕیین. پێدەچوو لە دەرەوەی ماشینەکەدا زیاد لە پێویست خۆرەتاو بێت.
تۆ بە جۆرێکی جیاواز بیر لەمە دەکەیتەوە، وا دەزانیت ئەو سەرمایە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. گوایە هەموو شەوێک بازنەیەک ڕووناکی لە مانگ جیا دەبێتەوە، بۆیە بەلاتەوە نائاسایی نییە ئەگەر ئاسمان ڕەش داگەڕابێت. سمۆرەکەش بۆیە ڕای کردووە، تا خۆی لە تاریکاییەکەدا بشارێتەوە. نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەرگایەک هەیە و دەتوانێت لەوێوە بۆی دەربچێت. میوانەکانی ئێمەیش هەمان ئەو چیرۆکەیان گێڕایەوە کە هەموو کەسێک دەیزانێت. گوتم: “چ دراماتیکییەک لە ژیاندا دروست دەبێت ئەگەر زۆربەی ئەو چیرۆکانە لا ببرێن و نەهێڵرێن.” با وا بێت، کەواتە وا من گەڕامەوە بۆ دراماکە. ماشینەکەم بەرەو ئەو ماڵە لێخوڕی کە تیایدا بووین. ئێستا مانگی نیسانە، (ئالن) مردووە، (ئالن)ی دراوسێمان، زیاد لە هەموو ئەو میوانانەی سەرمان لێ دەدەن، ئالن هاوڕێیەکی دڵسۆز و پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من لەگەڵ ژنەکەیدا لە موبەقەکە دانیشتم. لە دەرگا شووشەییەکەوە تەماشای گۆڕەپانەکەی پێشەوەمان دەکرد، ئەستێڵەکەی ئالنی لێ بوو، لەبەر زستان بە پلاستیکی ڕەش داپۆشرابوو، دای کردە باران، ئاوێکی زۆر کەوتە سەر پلاستیکەکە، تا چووە ناو ئیسفلتەکەوە.
بە ماشینەکەم بەبەر دەم ئەو خانووەدا تێپەڕیم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ماڵی ئێمە بووە. سێ چوار دار زەعفەرانی گوڵگرتوو بەرانبەرم بوو. تەنیا هەندێک شوێن پەڵەی سپیی پێوە مابوو، بەفر گۆڕی گوم بوو، بۆیە هەستم بە پەشۆکانی خۆم کرد.
ئەمە چیرۆکێکە، وەک خۆمان دەڵێین، حیکایەتە. کیژۆڵەیەک گەورە بوو، کەوتە دنیای خۆشەویستییەوە، لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هەموو وەرزی زستانی لە گوند بەسەر برد. بێگومان ئەمە هێڵی سەرەکیی چیرۆکەکەیە و چەندوچوونی بێهوودەی نەگەرەکە و بێمانایە. وەک ئەوە وایە لە ڕۆژێکدا کە بەفر بەخێرایی دەبارێتە سەر زەویی تۆ، لەسەر زەوییەکە دان بۆ پەلەوەر ڕۆ بکەیت، “کێ چاوەڕێی ئەوە دەکات، لە کاتێکدا تەنانەت شتە گەورەکان ون دەبن و نامێنن، شتە بچووکەکان ڕزگاریان ببێت”، خەڵکی ساڵەکان لەبیر دەکەن و چرکەساتیان لەبیرە. دەستبەرداری ڕەمزەکان دەبن بۆ شتە بچووکەکان. ئەستێڵەکە ڕەش داگەڕاوە. خۆشەویستی، لە بچووکترین شێوەیدا دەبێت بە وشە. ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لەبیرم ماوە، زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر، هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.
***
ئەم کورتەچیرۆکە، کە هیی خانمە نووسەرێکی مۆدێرنی ئەمەریکایە، لە یەکەم خوێندنەوەدا چڕ و ئاڵۆز و خۆبەدەستەوەنەدەر دەردەخات، بەڵام ئەگەر دەرفەت بە خۆمان و چیرۆکەکەش بدەین و زیاد لە جارێک بیخوێنینەوە، ئەوا دەکرێت هەندێک لایەنی ناڕوونی ڕوون ببێتەوە. چیرۆکەکە لەسەر “یادەوەری” بونیاد نراوە، هێڵی سەرەکی “یادەوەری”یە، ناوی چیرۆکەکە “بەفر”ە، دەکرێت ئاماژە بێت بۆ یادەوەریی ئەو ساڵانەی دوو خۆشەویست لە گوند پێکەوە بەسەریان بردووە و “تا ئەژنۆیان لە بەفری یادەوەریدا نوقم بووە”، ئێستا لەو یادەوەرییانەی تەواوی ژیانیانی سپی کردبوو، “بەفرماڵ” بەشێکی زۆری سڕیوەتەوە و تەنها بیرەوەرییە ورد و بچکۆلەکان ماونەتەوە. ئەم چیرۆکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکش ستایشی ئەو یادەوەرییە بچووکانە دەکات، کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەن، دەکرێت ئەو یادەوەرییانە هەرمان بن و باقیی ئەوەی هەیە هەبا ببێت.
بەڕواڵەت چیرۆکەکە شتانێک دەگێڕێتەوە، کە هەست ناکەیت پەیوەستییەکی وایان لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکەدا هەبێت، باسی کەسانی تر، چیرۆکی شوێنی تر، هەندێک گێڕانەوەی تەنزئامێز، باسی دراوسێیەک کە چیدی نەماوە، سمۆرە و ئەستێل و داری ئاگر و زۆپا و… بەڵام لەو ناوەدا باسی “خاولی” و ژوورێکی تایبەت، کە هاڵاوی خۆشەویستی تێیدا پەنگی خواردووەتەوە، کە کەشی دەرەوە: سەرما و زستان و بەفر کار لەو گەرمی و پێکەوەییە ناکات کە لەو ژوورەدا دێت و دەچێت.
باسی “یادەوەری”مان کرد، لە چیرۆکەکەدا، کە هەر هێندەی لەپی دەستێکە و خوێندنەوەی هەر دەکرێت بەڕاکشانەوە بێت، لە چەند شوێندا ناوی “ماشین” دێت، پێم وایە ئەم ماشینە ماشینی یادەوەرییە، لەو هاتن و چوونانەی بەو ماشینە دەکرێت، خوێنەر دەتوانێت دیقەت بدات، کە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی ماشینەکەدا، شوێن و زەمەنیش دەگۆڕێت، بە واتایەکی تر: ئەو ماشینە بەناو یادەوەریی ئەو دوو کارەکتەرە و کۆی بیرەوەریی پێکەوەییان و هەموو ئەو شوێن و کاتانەی ئەوان لێی ژیاون و پێیدا تێپەڕیون، دەور دەکاتەوە و تێدەپەڕێت. ئەم ماشینە بزوێنەری چیرۆکەکەیە، جووڵێنەری یادەوەرییەکانە، بیرخەرەوەی ئەو وردە ڕووداوانەیە لە گشتیەتی ڕووداوەکاندا ماونەتەوە و ڕزگارییان تەنها بە گێڕانەوە دابین دەبێت. پێم وایە ئەمە سەرنجڕاکێشترین خاڵی ئەو کورتەچیرۆکەیە، نووسەر زۆر بەشارەزایی سوودی لە “ماشین” وەرگرتووە، بۆ بەگەڕخستنی “یادەوەری” و بیرهێنانەوەی ئەوەی گرنگ و چارەنووسسازە.
خاڵی کۆتایی، چەند دێڕی دوایینە: “ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لەبیرم ماوە، زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر، هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.” ئەم کۆتاییە ڕوونتر و ڕەوانتر جەخت لەو کەشفەی ئێمە دەکاتەوە، لێرەدا “بەفرماڵ” دەکرێت خودی زەمەن و تێپەڕینی بێت، کە بەشێکی بەرچاوی بیرەوەری لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت، وەک لە سەرەتاوە گوتمان، “بەفر” هێمای یادەوەرییە، ئەو یادەوەرییانەی بەفرماڵ نەیماڵیون، تایبەتن بە خۆشەویستی و لە شوێنێکدا نیشتەجێیە کە ناوی دڵە.