لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، نیوملیۆن پشیلە ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون
چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی شەشەم
لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، نیوملیۆن پشیلە ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 28ی حوزەیرانی ساڵی 1914دا جێنشینی نەمسا، فرانز فێردیناڵد، لە شاری سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنە تیرۆر دەکرێت، هاوکات لە ئەورووپا پیادەکردنی سیاسەتی هاوپەیمانێتی/سیاسة التحالفات گرنگی و بایەخی زۆری پێ دەدرا، جیهان چوونە ناو کارەساتی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، کە زیاد لە چوار ساڵی خایاند و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاد لە بیست ملیۆن کەس. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی جەنگەکەدا، تاکتیکی سەربازی و تەکنەلۆژیا پێشکەوتنی گەورەیان بە خۆیانەوە بینی، کە پێشتر وێنەی نەبوو. لەبەر ئەو هۆکارە، جەنگی یەکەمی جیهانی لە هەموو جەنگەکانی پێشتر خوێناویتر بوو.
لەنێو گەرمەی جەنگەکەدا، وڵاتانی بەشەڕهاتوو بۆ مەبەستی سەربازی پشتیان بە گیانەوەران دەبەست. جگە لە ئەسپ، کە لە بواری گواستنەوەی سەرباز و چەک و کەرەستەی سەربازیدا بەکار دەهات، هەروەها کۆتر، کە لە بواری نامەگواستنەوەدا بەکار دەهات. زۆرێک لە یەکە سەربازییەکان، بەتایبەت ئەوانەیان کە لە خەندەقەکان و بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا بوون، دەستیان کرد بە پشتبەستن بە پشیلە و بۆ چەندین کاری جیاواز بەکاریان دەهێنا.
ئاگادارکردنەوەی لە چەکی کیمیایی
بەگوێرەی چەندین سەرچاوە، لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و لە بەرەی ئەورووپا، زیاد لە نیوملیۆن پشیلە بەشدارییان لە جەنگەکەدا کردووە. زۆر جار بەشی هەرە زۆری ئەو پشیلانە ڕەوانەی خەندەقەکانی پێشەوە دەکران، تاکوو لەوێ سەربازەکان لەو ژمارە زۆرەی مشک ڕزگار بکەن، کە هاتبوونە ناو خەندەقەکانەوە و نەخۆشییان بڵاو دەکردەوە و خۆراکەکانیان خراپ دەکرد.
سەرباری ئەوە، پشیلەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە ئاگادارکردنەوەی سەربازەکان، لەو هێرشە کیمیاییانەی دەکرانە سەر خەندەقەکان. پشیلە بە هۆی ئەوەی خاوەنی هەستێکی بۆنکردنی بەهێزە، دەیانتوانی پێشوەختە سەربازەکان لە بوونی هێرشی کیمیایی ئاگادار بکەنەوە. لەم بارەیەوە، هەر کە ئەڵمانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەریتانیا درێغیی نەکرد لە ڕەوانەکردنی پشیلە بۆ بەرەکانی جەنگەکە. لێرەوە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، ساڵی 1915 نزیکەی 500 پشیلەی ڕەوانەی ئەو خەندەقانە کرد، کە لە بەرەی خۆراوا هێزەکانی تێدا بوون. لەم ڕووەوە، ئەگەر مرۆڤ و پشیلە بەراورد بکەین، دەبینین مرۆڤ سەروەختێک ڕووبەڕووی هێرشی کیمایی دەبێتەوە، دەتوانێت بەرگەی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە گازی کیمیایی بگرێت؛ بەڵام پشیلە وا نییە و لە بەرەکانی جەنگەکەدا ژمارەیاکی زۆریان تێدا چوون، چونکە هەر کە گازە کیمیاییەکەی هەڵدەمژی، ئیدی زۆر بەخێرایی دەتۆپی. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پشیلە خاوەنی هەستێکی بەهێزی بۆنکردنە و هەستیارییەکی زۆریشی بەرامبەر بەو گازی کیمیاییە هەبوو کە لە کاتی جەنگەکەدا بەکار دەهێنرا. گازە کیمیاییەکە لە بنچینەدا لە هەریەک لە گازی ژەهراویی کلۆر و گازی خەردەل پێک هاتبوو.
لە لایەکی دیکەوە، پشیلە لە کاتی ئاگربەستی کریسمسدا، لەنێوان ٢٤ بۆ ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩١٤دا، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار هێنرا. لەو ماوەیەدا ئەڵمانەکان و هاوپەیمانان، بۆ ناردن و گواستنەوەی پەیام و نامە لەنێوان خەندەقەکان و پیرۆزبایی جەژنی کریسمس، پشتیان بە پشیلە دەبەست. لەو سەروبەندەدا ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی بەریتانیا و فەڕەنسا چاودێریی جووڵە و هاتوچۆی پشیلەکانیان دەکرد لەنێو خەندەقەکاندا و ترسیان لە ڕۆڵی پشیلەکان هەبوو. لە ڕووداوێکدا، وەک چۆن پێشتر لە سەدەکانی ناوەڕاست، لە ئەوروپا ئاژەڵەکان دادگایی دەکران، بە هەمان شێوە ساڵی 1915، جەنەڕاڵێکی فەڕەنسی، بە تۆمەتی ناپاکی و گواستنەوەی نهێنی بۆ خەندەقەکانی ئەڵمانیا، پشیلەیەکی لەسێدارە دا.
پشیلەکان جگە لەو ڕۆڵە گەورەیەی لە ڕاوکردنی مشکەکان لەناو خەندەقەکان و کۆگە و سەنگەرەکاندا دەیانگێڕا، ڕۆڵیکی گەورەشیان هەبوو لە بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی سەربازەکانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە. ئاخر ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازانەی لە خەندەقەکاندا بوون، کاتەکانی پشوویان لەگەڵ ئەم گیانەوەرەدا بەسەر دەبرد و خۆراکی خۆیان لەگەڵدا بەش دەکرد. سەرباری ئەوە، زۆرێک لە یەکە سەربازییەکان پشیلەیان وەک دروشم و لۆگۆی خۆیان بەکار دەهێنا. تەنانەت کاپتن و دەریاوانی سەر کەشتییە دەریاییەکان، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، پشیلەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا. بەگوێرەی هەندێک نەریتی دەریاوانیی ئەو کاتە، گوایە پشیلە بەختی باش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، ژمارەی ئەو پشیلانەی لەلایەن هەموو وڵاتانی شەڕکەرەوە ڕەوانەی خەندەقەکان و بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە کران، دەگاتە نزیکەی 500 هەزار پشیلە.
سەرچاوە: ئەلعەرەبییە نێت، گۆشەی چیرۆکە مێژووییەکان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 22ی کانوونی دووەمی 2024