دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، مۆسکۆ ٥٠٠ هەزار دیلی ژاپۆن لای خۆی دەکات بە کرێکار
چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی حەوتەم
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، مۆسکۆ ٥٠٠ هەزار دیلی ژاپۆن لای خۆی دەکات بە کرێکار
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع
لە مانگی ئابی ساڵی 1941دا، ژاپۆن و یەکێتیی سۆڤیەت توانییان بگەنە لێکتێگەشتنێک، کە دواتر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی لێ کەوتەوە. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوو لا ڕازی بوون بەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ پەلاماری یەکتر نەدەن و بەڵێنیان دا بێلایەن بن و لە جەنگەکەدا شەڕ لە دژی یەکتر نەکەن.
یەکێتیی سۆڤیەت بە هۆی ئەو ڕێککەوتنەوە توانیی خۆی بۆ بارودۆخی کیشوەری ئەورووپا تەرخان بکات و ئامادەسازی بۆ ئەگەری شەڕکردن دژ بە ئەڵمانیا بکات، ئەمە لە کاتێکدا بوو، ژاپۆن بەردەوام بوو لە قەڵەمڕەوی و فراوانخوازی لە خۆرەڵاتی ئاسیادا، بێ ئەوەی ترسی هەبێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی مۆسکۆ ببێتەوە؛ بەڵام ڕێککەوتنەکە زۆر بەرگەی نەگرت و درێژەی نەکێشا، چونکە لەگەڵ هاتنی ساڵی 1945 و لە دواقۆناغەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، یەکێتیی سۆڤیەت لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشەی کرد و دەستوەردانی سەربازیی دژ بە ژاپۆن ڕاگەیاند.
دەستوەردانی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت
لەمیانەی کۆنگرەی ماڵتادا، جۆزێف ستالینی سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت بەڵێنی بە هاوپەیمانانی ئەمەریکا و بەریتانیا دا دەستوەردانی سەربازی دژ بە ژاپۆن ئەنجام بدات. ئەو دەستوەردانەی سۆڤیەت دژ بە ژاپۆن، سێ مانگ دوای تەسلیمبوونی ئەڵمانیا و کۆتاییهاتنی جەنگەکە ڕووی دا، بەم جۆرە یەکێتیی سۆڤیەت لە مانگی نیسانی ساڵی 1945دا بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێککەوتنی دەستدرێژینەکردنە سەر ژاپۆن کشایەوە؛ لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، کە تا ساڵی 1946 ڕێز لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکە دەگرێت.
بەڵام هاوکات لەگەڵ شکستی ئەڵمانیا لە مانگی ئایاری ساڵی 1945دا، یەکێتیی سۆڤیەت، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر ژاپۆن، دەستی کرد بە گواستنەوەی هەزارن سەرباز بۆ ڕۆژەڵاتی دوور. لە شەوی 8 لەسەر 9ی مانگی ئابی ساڵی 1945دا، سوپای سۆڤیەت ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئاب”ی دژ بە ژاپۆن دەست پێ کرد. لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی سۆڤیەت سنووری مەنگۆلیا و سیبریا و ڤلادیڤۆسک (Vladivostok)یان بڕی و هاتنە ژوورەوە و لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، ژاپۆنییەکان هەستیان کرد لە ناوچەیەکی بەرفراوانی مەنشۆریادا گەمارۆ دراون و بەناچاری خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سۆڤیەت کرد. لە بەرواری 15ی ئابی هەمان ساڵدا، ژاپۆن ڕازی بوو بێ مەرج خۆی ڕادەست بکات، بەمەش ژاپۆن کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە خۆرەڵاتی ئاسیا هێنا.
گواستنەوەی دیلەکان بۆ ئۆردووگەی کاری زۆرەملی
هەرچەندە جەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی هاتبوو، ژاپۆنیش خۆی بەدەستەوە دابوو، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران سەربازی ژاپۆنی کەوتنە دەست سوپای سووری سۆڤیەت، بە پێچەوانەی وڵاتانی هاوپەیمانانی خۆراواوە، کە بەخێرایی دیلەکانی ژاپۆنیان ئازاد کرد، بەڵام ستالین بڕیاری دا دیلەکانی ژاپۆن لە پرۆژە خزمەتگوزراییەکانی سۆڤیەتدا بەکار بێنێت. لەم پێناوەدا، فرمانی دا نزیکەی نیوملیۆن دیلی ژاپۆنی بگوێزرێنەوە بۆ ناوەندەکانی کاری زۆرەملێ له ناوچەکانی سیبیریا و کازاخستان و ئۆراڵ، لەوێ دیلەکان ناچار کران ئیش لە کانەکانی خەڵووز و پرۆژەکانی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر و بڕینەوەی دارستانەکان و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانەی سۆڤیەتدا بکەن، کە بە هۆی جەنگەکەوە وێران بووبوون.
دیلەکان لە بارودۆخێکی سەخت و قورس و دژواردا کاریان دەکرد، ناچار بوون بەرگەی کەشوهەوای سارد و کەمیی خۆراک و تووشبوون بە نەخۆشی و ئەنجامدانی کاری قورس و تاقەتپڕووکێن بگرن. زۆربەی خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، لانی کەم سەد هەزار دیل، بە هۆی هەلومەرجی زۆر خراپی کەمپەکانەوە، گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 1947ەوە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر مۆسکۆ، تا دەهات لە زیادبووندا بوو، چونکە دیلە ژاپۆنییەکان، لە وڵاتەکەی خۆیان، ناویان لە لیستی بێسەروشوێنەکاندا تۆمار کرابوو. لە هەمان ئەو کاتەدا، ژاپۆن و ئەمەریکا داوایان لە یەکێتیی سۆڤیەت کرد چارەنووسی ئەو ژمارە زۆرەی دیلەکانی ژاپۆن ئاشکرا بکات، هەردوو وڵات جەختیان لەوە کردەوە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لەگەڵ بابەتی دیلەکاندا ناکۆک و دژ بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
لێرەوە، لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان، یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1947ەوە دەستی کرد بە گەڕاندنەوەی دیلە ژاپۆنییەکان بۆ زێدی خۆیان. لەگەڵ هاتنی ساڵی 1949دا، بەشی زۆری ئەو دیلانە گەڕابوونەوە بۆ ژاپۆن، بەڵام هێشتا بە دەیان هەزاریان، بۆ چەند ساڵێکی دی، هەر لای مۆسکۆ بەدەستبەسەری مانەوە. دواجار لە ساڵی 1956دا دواهەمین دیلی ژاپۆن، کە لای سوڤیەت مابووەوە، ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
سەرچاوە: ئەلعەرەبییە نێت، گۆشەی چیرۆکە مێژووییەکان، نووسینی: عەبدولناسر ڕەمەزان، 11ی تشرینی دووەمی 2025