گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی پاسۆرد
گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی پاسۆرد
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی پاسۆرد یەکێکە لە بڵاوکراوە باشەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ژان بۆدریار نووسیویەتی و لەلایەن (کارزان عەزیز)ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی؛ لەم دیدارەدا لەگەڵ کارزان عەزیز، دونیای کتێبەکە دەخەینە ڕوو…
سەردەم: بۆچی کتێبی (پاسۆرد)ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
کارزان عەزیز: وەرگێڕانی (پاسۆرد)، لە نووسینی ژان بۆدریار، بۆ کوردیی سۆرانی، پتر پابەندییەکی فەلسەفی و کولتووری بوو بۆم. ئەم کتێبە شوێنێکی ناوازەی لە جەستەی بەرهەمەکانی بۆدریاردا داگیر کردووە: هەم بەرهەمێکی زۆر قووڵە و هەمیش بۆ تێگەشتن زۆر قورس نییە. هەرچەندە بەرهەمێکی تا ڕادەیەک پارچەپارچە، بەشبەشە، بەڵام هاوکات دەروازە و دەلاقەیەکی پڕ لە چێژ و یەکێتییە بۆ تێگەشتن لە جیهانە فەلسەفییەکەی ئەم فەیلەسووفە. (پاسۆرد) کتێبۆچکەیەکە کە کۆمەڵێک کلیل، یاخود پاسۆردمان پێ دەدات تاکوو لە ڕێگەیانەوە باشتر لە واقیع، وەهم، زمان، میدیا و دەسەڵات و زۆر شت تێبگەین؛ ئەمەش وا دەکات ئەم بەرهەمەی ئاسانتر لە بەشێک لە بەرهەمەکانی دیکەی خۆی بدات بەدەستەوە. بۆ خوێنەری کوردیش، کە ئاستی تێگەشتنی فەلسەفیی لەم دوو دەیەیەی ڕابوردوودا بەرامبەر بە گوتارە جیهانییە فەلسەفییەکان بەرزتر بووەتەوە، ئەم بەرهەمە دەروازەیەکی دیکەیە بۆ کۆمەکیی ئەم تێگەشتن و توانا فەلسەفییە.
پاڵنەرێکی دیکە بریتی بوو لە کەمتر ئامادەیی فەلسەفەی هاوچەرخی کیشوەری بە زمانی کوردی. بە هۆی ئامادەیی زیاتری فەلسەفەی کلاسیک و تیۆریی سیاسییەوە، فەیلەسووفێکی وەک بۆدریار، کە لێکۆڵینەوە لە سروشتی واقیعی مۆدێرنیزمی دوایین، یاخود پۆستمۆدێرن دەکات، گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتیتریش بۆ ئەو گۆڕانە نوێیانەی بەسەر سەرمایەداریدا هاتوون.
سەردەم: دونیای کتێبەکە چییە و ناوەرۆکەکەی باس لە چی دەکات؟
کارزان عەزیز: کتێبەکە باس لە لەدایکبوونی جیهانێکی نوێ دەکات: جیهانی پاسۆردەکان، کە هیچی لە جیهانە کۆن و نەریتییەکە ناچێت. ئەم جیهانە مەعریفی و کۆمەڵایەتییە لە بەشبەشێتی و پچڕپچڕبوون پێک هاتووە، ئەوەی کە هەرشتێک پاسۆردی خۆی هەیە و هەر پاسۆردێکیش دەرگایەکی بۆ جیهانێکی دیکەی ناواقعی، مەجاز، جەستە، وێنە و هتد… بە مانایەکی تر، پاسۆردەکان ڕێگەیەکی تازەن بۆ تێگەشتنی نوێ و پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و دونیای هاوچەرخ. گرنگترین دۆزینەوەشی ئەوەیە، کە واقیع گۆڕاوە بۆ واقیعی لەبەرگیراو و زڕەوێنەکان و شتێک بە ناوی واقیعەوە بە مانا لەپێشترەکەی بوونی نەماوە. ئەو پێی وایە چیتر لە سەردەمێکدا ناژین کە نواندنەوە و لەبەرگیراوەکان وێنای واقیع بکەن، بەڵکوو نواندنەوەکان خۆیان بوونەتەوە واقیع و شوێنی واقیعیان گرتووەتەوە؛ ئەمە ناو دەنێت زڕەوێنە (simulacra)، کە بریتین لەو کۆپی و لەبەرگیراوانەی ئەسڵ و ئەساسیان (originals) نییە و ناچنەوە سەر هیچ شتێک. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان واقیع و مەجاز، ئاماژە و ئاماژەبۆکراو، هەروەها ئەسڵ و کۆپی نەماوە.
بۆ نموونە، بۆدریار پێی وایە “وێنە” (وەک وێنەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) تەنها نوێنەرایەتیی شتێک ناکات، بەڵکوو شتێکی تر و جەستەیەکی هێندە کاریگەری تازەی بەرهەم هێناوە، کە توانای قووتدان و تەنانەت جێگرتنەوەی واقیعیشی هەیە. بە مانایەکی تر، وێنەی من و تۆ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە بوونە واقیعییەکەمان جیاوازە و دەکرێت تەنانەت هیچ پەیوەندییەکیشیان بە یەکترەوە نەبێت. هەروەها “جەستە”ش چیتر جەستەیەکی نەریتی نییە، بەڵکوو دەکرێت سایتێکی تەکنەلۆژی بێت، کە جۆرە هەژموونێکی سیمبوڵیی هەیە و لەو ڕێگەیەشەوە کاریگەری لەسەر جیهان و وێنە و جەستەکانی دی دادەنێت. لەم ڕەهەندەوە دەتوانم بڵێم کتێبەکە کارێکی ئەوتۆی بەسەر وەڵامدانەوەی هیچ پرسیارێکی دیاریکراوەوە نییە، چونکە پتر خەریکی دەستکاریکردن و پێشنیازکردنی تێگەشتن و جیهانبینیی نوێیە بۆ دونیای هاوچەرخ.
سەردەم: گرنگی و بەهای ئەم کتێبە لە چیدایە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟
کارزان عەزیز: گرنگیی وەرگێڕانی ئەم دەقە چەند هۆکارێکی هەیە. یەک، شێوازێکی نوێی تێگەشتن و بیرکردنەوە بە خوێنەرانی کورد دەناسێنێت. لەم بەرهەمەدا نە وەڵام و نە حەقیقەت خراونەتە ڕوو، نە گرنگییەکی ئەوتۆشیان هەیە، چونکە پتر ئاڵنگاریی خوێنەر دەکات بۆ پرسیار، ڕانان و بیرکردنەوە و تێگەشنی نوێ دەربارەی هەنووکە و گۆڕانکارییەکان لە جیهانی نوێدا، ئەمەش گرنگییەکی گەورەی هەیە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا، بەتایبەت لەناو خوێنەرانێکدا، کە دەستوپەنجەنەرمکردنیان لەگەڵ جیهان و کایە و دەقی فەلسەفیدا نوێیە؛ دوو، وەرگێڕانی دەقێکی لەم شێوەیە خۆگەرمکردن و وەرزشێکی باشە بۆ گەشەی زمانی فەلسەفیی کوردی. وەرگێڕانی بۆدریار وەرگێڕانی فەلسەفە و زمانێکە، کە پتر ئەنجامدانی کارێکی وردەکارانە و میتافۆڕییە، بۆیە خودی وەرگێڕانەکە گەشە بە زمانیش دەکات، بەتایبەت لە گوزارشتکردنیدا لە بیرۆکەی ئاڵۆز و پەتیی فەلسەفی؛ سێ، ئەم دەقە کۆمەکیی خوێنەرانی کورد دەکات تاکوو باشتر لەو کۆمەڵگەیە تێبگەن کە تێیدا دەژین، چونکە کوردستانیش، وەک بەشەکانی دیکەی دونیا، کاریگەرە بە میدیای دیجیتاڵی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ئەو وێنە بێشومارەی لە ناوەندە جیاوازەکانی جیهانەوە بەرهەم دێن، بۆیە چەمکە سەرەکییەکانی وەک لەبەرگرتنەوە، زێدەواقیع، زڕەوێنە، پاسۆرد، ورووژاندن و هتد کەرەستەی گرنگن بۆ تێگەشتن لەو وەرچەرخانانەی لە جیهانی نوێدا هاتوونەتە ئاراوە. لە کۆتاییدا، وەرگێڕانی دەقێکی لەم شێوەیە گرنگییەکی سیمبوڵییشی هەیە؛ پێداگری لەوەی کە خوێنەرانی کوردیش بەشێکن لە ڕەوت و جڤاکی ڕۆشنبیریی جیهانی.
سەردەم: کتێبی پاسۆرد و نووسەرە فەیلەسووفەکەی لەسەر ئاستی دونیادا چ پێگە و کاریگەرییەکیان هەبووە؟
کارزان عەزیز: هەرچەندە بۆدریار بیریارێکی زۆر نوێیە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵام یەکێکە لە کاریگەرترین و مشتومڕهەڵگرترین فەیلەسووفانی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم؛ فەیلەسووفێک کە دوو سەدەی بینیوە و تێیدا ژیاوە. ئەم فەیلەسووفە بەشداریی گەورەی لە فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا کردووە و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێک کایەی وەک کۆمەڵناسی، میدیا، تیۆریی کولتووری و تەنانەت بیناسازی و هونەریش داناوە. لە کۆتاییەکانی تەمەنیشیدا ئاوڕێکی هێندە شێلگیرانە لە 11ی سێپتەمبەر و پرسی تیرۆریزم دەداتەوە، کە دەتوانم بڵێم بەبێ دەقەکانی لەو بارەیەوە، ناتوانین بەباشی لە تیرۆر و تیرۆریزم تێبگەین. یەکێک لە بەشدارییە بەرچاوەکانی دیکەشی، بریتییە لە چەمکی لەبەرگرتنەوە (simulation)، کە پێمان دەڵێت نواندنەوە و وێنەکان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا چیتر ئاوێنەیەک نین کە لە ڕێگەیانەوە تەماشای واقیعی پێ بکەین، بەڵکوو خۆیان بوون بە واقیع و جێگەی واقیعیان گرتووەتەوە. ئەم چەمکە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ تێگەشتن، بەتایبەت لە سەردەمی دونیا و میدیای دیجیتاڵیی ئێستا، کە لێوانلێو بووە بە پێگە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگە مەجازییە جۆربەجۆرەکان و بەم دواییەش ژیریی دەستکرد، کە خەریکی بەرهەمهێنانی گەردوونێکی ناکۆتایە.
لەم سۆنگەیەوە، کتێبی پاسۆردیش ڕۆڵێکی هەنووکەیی دەگێڕێت. بە شێوەیەکی کورت و پوخت هەوڵی کردنەوەی کۆمەڵێک تەوەری ئاڵۆز دەدات، لەوانە: وێنە، مەجاز، جەستە، ئەوی تر، سیستم، واقیع، وەهم و زمان و کۆمەڵێکی دیکەش. ئەم کتێبە کۆمەڵێک دۆزینەوەی سەیر و سەرنجڕاکێش دەخاتە ڕوو، لەوانە: چیتر ناتوانین ڕاستەوخۆ ئەزموونی واقیع بکەین؛ وێنەکان پێمان دەڵێن کە واقیع و ڕاستەقینە چییە؛ پەردەی نێوان حەقیقەت و وەهم دەکەوێت؛ بەرکەوتنە سەرەکییەکان لە دونیای مەجازیدا ڕوو دەدەن، نەک لە واقیعدا؛ وشەکان ئاماژەن بە وشەی دیکە و دابڕاون لە واقیع، سیستمە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکان بەرەنگارییان هەڵلووشیوە و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤیش چیتر پێویستی بەوە نەماوە لە سەنتەرەکانەوە بن (ناسەنتەریکراو decentralized).
پانتایی کاریگەرییەکەی بۆدریار زۆرێک لە سنوورەکانی تێپەڕاندووە، بەتایبەت سنووری ئەکادیمیا. بۆیە بۆدریار ئامادەییەکی دیاری هەیە لەناو گفتوگۆ کولتوورییە باو و ڕۆژانەییەکاندا، لەسەروو هەمووشیانەوە، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی تەکنەلۆژیا و مەجاز و جیهانی ئینتەرنێت و پەیوەندییە دیجیتاڵی و میدیاییەکانەوە؛ تێگشتنەکانی ئەم فەیلەسووفە هەندێک لە ڕەخنەگرانی گەیاندووەتە دەرەنجامێکی سەرنجڕاکێش: ئەوەی ئەم بیریارە هێندە ڕەخنەیی و بوێرانە شکستی حەقیقەت، واقیع، ڕووداو، جەستە و زۆر شتی دیکەی خستووەتە ڕوو، دەرەنجام ڕەنگە فەلسەفەکەی ببێتە جیهانبینییەکی تاریک و ڕەشبین.
لە کۆتاییدا، وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ کوردی، چەند ئامانجێکی هەبوو: یەک، بۆدریار جیهانبینیی منی بۆ کۆمەڵێک شت گۆڕی؛ ئەم بەرهەمەش یەکێک بوو لەو پاسۆردانەی دەرگای بەشێک لەو جیهانە نوێیەی بۆ کردمەوە. هەروەها ئامانجم بوو خوێنەرانی کوردی زمان و ئەو دەقە لێک نزیک بکەمەوە؛ لانی کەم بانگهێشتی ئەم خوێنەرانە بکەم بۆ بینینی دونیا لە پەنجەرەیەکی دیکەوە، چونکە بڕوام بە فەلسەفە و تێگەشتنی فەلسەفیی دابڕاوی لۆکاڵی، هەروەها جیهانیی تاک و دابڕاو نییە، وەک چۆن لە لایەکەوە شەیکسپیر بکرێت بە فیگەرێکی جیهانی و لە لۆکاڵ داببڕێنرێت و لە لاکەی دیکەشەوە مەسعوود محمەمەد لەناو لۆکاڵدا بتوێنرێتەوە و لە جیهانیبوون دابماڵرێت. بەم پێیە، بیرۆکەکان بۆ ئەوەن گەشت بکەن، وەربگێڕرێن، بخرێنە بەردەم خوێنەر، تاقی بکرێنەوە و بخرێنە بەردەم مەحەکی نوێوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە مانا، ڕانان، لێکدانەوە و ڕەخنەی نوێ بەرهەم بهێنن و نەمرن. بکەرانی ئەم کارەش بریتین لە نووسەران، خوێنەران و وەرگێڕەکان، کە سێ ناون بۆ یەک شتی گەورەتر.