بە هۆی (نان)ەوە، شاری میلانۆی ئیتاڵیا گۆمێک لە خوێنی بە خۆیەوە بینی

چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی هەشتەم

بە هۆی (نان)ەوە، شاری میلانۆی ئیتاڵیا گۆمێک لە خوێنی بە خۆیەوە بینی

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع

هەرچەندە بەشە جیاوازەکانی ئیتاڵیا لە ساڵی 1861دا یەکیان گرتەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئیتاڵیا بە شێوەیەکی ئاشکرا و سەرنجڕاکێش بەدابەشکراوی مابووەوە. لە کاتێکدا باکووری ئیتاڵیا، بە هۆی ئەوەی زۆربەی پیشەسازییە گەورەکان لەوێ بوون و خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی پتەو بوو، بە پێشکەوتوو وەسف دەکرا؛ وەلێ لە هەمان کاتدا باشووری ئیتاڵیا، هەر بە شێوەژیانی کشتوکاڵی و هەژاری مابووەوە و کۆمەڵگەکەی لەلایەن خاوەنی زەوییەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئیتاڵیا و یەکگرتنی پارچەکانی، بە پێچەوانەی ئەوانەی هەمیشە بە شانوباڵی ئەم یەکگرتنەدا هەڵیان دەدا، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا. ڕاستە پێشتر کۆمەڵگەی ئیتاڵی بەدەست جیاوازییەکی گەورە و بەرفراوانی چینایەتییەوە دەیناڵاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک پێیان وا بوو ڕژێمە نوێیەکەی ئیتاڵیا ڕژێمێکی ناوەندگەرایی نادادپەروەر و ستەمگەرە؛ لێرەوە شۆڕشی پیشەسازی چینێکی کرێکاری هەژاری هێنایە ئاراوە، کە لە شارە گەورەکاندا نیشتەجێ بووبوون. لەو ڕۆژگارەدا، ئەم چینە بەدەست هەژاری و کاتژمێرە زۆرەکانی ئیشکردن و بارودۆخی قورس و دژواری کارکردنەوە بەتەواوی بڕستی لێ بڕابوو، ئەمە وای کرد لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، بارودۆخ لە ئیتاڵیا لەسەر لێواری تەقینەوە بوو.

گرانیی نرخی نان

لەنێوان ساڵانی 1897 و 1898دا، ئەورووپا بەگشتی و ئیتاڵیا بەتایبەتی بە هۆی نالەباری و تێکچوونی کەشوهەواو و خراپیی بەروبوومەوە تووشی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم بووبوون؛ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، یەکێک لەو ڕێکارە خۆپارێزییانەی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا گرتیانە بەر، زیادکردنی باج بوو لەسەر گەنمی هاوردە، بەو هیوایەی ئەو ڕێکارە سوودی بۆ بەرهەمهێنەرە ئیتاڵییەکان هەبێت و پارێزگارییان لێ بکات، بەڵام جێبەجێکرنی ئەو ڕێکارە، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم، ئەمەش لای خۆیەوە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان، کە لەو ڕۆژگارەدا خۆراکی سەرەکیی چینە هەژار و دەستکورتە‌کەی ئیتاڵیا بوو.

لە ڕاستیدا ئەم قەیرانە کشتوکاڵییەی ئیتاڵیا و بەرزبوونەوەی نرخی نان، هاوشان بوو لەگەڵ قەیرانێکی تری ئابووری و داراییدا، بەمەش ڕێژەی بێکاری لە شارە گەورەکاندا بەرز بووەوە، بەتایبەت لە شاری میلانۆ، کە لەو سەردەمەدا بە دڵێ پیشەسازیی ئیتاڵیا ناو دەبرا. ئیدی بە هۆی کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانانەوە، ئیتاڵیا لە سەرەتای بەهاری ساڵی 1898دا چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە خۆیەوە بینی و تێیدا خۆپشاندەران داوای نان و کاریان دەکرد.

کاری سەندیکایی و پشتگیریی هەژاران

ئیتاڵیا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا چەندین گۆڕانکاریی گرنگی بە خۆیەوە بینی، لەوانە دەرکەوتنی سەندیکا کرێکارییەکان، کە لەنێو هەژاراندا پاڵپشتی و پشتگیرییەکی زۆریان لێ دەکرا؛ هاوشان لەگەڵ دەرکەوتنی سەندیکا کرێکارییەکاندا، ڕەوتی ئەنارشیزم بنکەیەکی جەماوەریی گرنگ و بایەخداری بەدەست هێنا. هەروەها ساڵی 1892 پارتی سۆشیالیستی ئیتاڵیا دامەزرا، ئەم پارتە ئەرکی بەرگریکردن لە چینی هەژارانی گرتە ئەستۆی خۆی. دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا، بۆ بڵاوەپێکردن و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، پەنایان بردە بەر پیادەکردنی سیاسەتی سەرکەوتکردن و بەکارهێنانی توندوتیژی، ئەمەش تا دەهات، دۆخی تووڕەیی خەڵکی زیاتر دەکرد. لێرەوە هەمووان ترسی ئەوەیان لێ نیشت، بزووتنەوەی یاخیبوون لە شارەکانی ئیتاڵیا سەرهەڵبدات، هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەی لە کۆمۆنەی پاریس، لە ساڵی 1871دا ڕوویان دا.

پەنابردن بۆ سوپا

ڕۆژی 6ی ئایاری ساڵی 1898، لە شەقامەکانی شاری میلانۆدا بە هەزاران هاووڵاتیی ناڕازی لە کرێکار و جووتیار کۆ بوونەوە و داوای (نان)یان دەکرد و ناڕازی بوون لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکەی؛ هەرچەندە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکە ئاشتییانە بوو، کەچی پۆلیسی میلانۆ، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی زیادلەپێویستی هێز. لەبەر ئەم هۆکارە، خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی تێ کەوت و بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکه، لە ڕێگەی دانانی بەربەستەوە، شەقامەکانیان داخست و بەردیان دەگرتە پۆلیسەکان. جا لەبەر ئەوەی هێزەکانی پۆلیس نەیانتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و سەقامگیری بگەڕێننەوە بۆ شارەکە، سەرۆکی بەشی ئەمنی شاری میلانۆ داوای کرد سوپا دەستوەردان بکات.

بەم جۆرە،‌ ڕۆژی 7ی ئایاری ساڵی 1898، واتە ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی خۆپشاندان و ناڕەزایەتییەکان، حکومەتی ئیتاڵیا گەمارۆی خستە سەر شاری میلانۆ و باری نائاسایی لە شارەکەدا ڕاگەیاند، پاشان بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە و گێڕانەوەی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، جەنەراڵ فیۆرێنزۆ باڤا بیکاریسی (Fiorenzo Bava Beccaris) ڕەوانەی میلانۆ کرد، هێزەکەی ئەم جەنەڕاڵە جگە لە تۆپهاوێژی قورس و دۆشکە، لە 12 هەزار سەرباز پێک هاتبوو.

ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار

جەنەڕاڵ فیۆرێنزۆ باڤا لەبری ئەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات، سەرەتا دەستی کرد بە تۆپبارانکردنی گەڕەک و کۆڵان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، ئینجا داوای لە سەربازەکانی کرد پەلاماری گەڕەک و کۆڵانەکان بدەن و خۆپیشاندەران دەستگیر بکەن. بەو هۆیەوه و لە ئەنجامی پرۆسەی تۆپبارانکردنە‌، ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ کوژران. بەم شێوەیە جەنەڕاڵی ناوبراو لە ڕۆژی 9ی ئایاری ساڵی 1898دا، واتە دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، ڕای گەیاند کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی شاری میلانۆ هاتووە. لە ئاکامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، نزیکەی 200 بۆ 400 کەس کوژران و نزیکەی 4 هەزار کەس بریندار بوون. دواتر هێزەکانی سوپا هەر بەوەوە نەوەستان، بەڵکوو دەستیان کرد بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی گرتن؛ لەم پرۆسەیەدا ژمارەیەکی زۆر لەوانەی بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کردبوو، لەگەڵ ئەندامانی سەندیکاکان و پارتی سۆشیالیستی ئیتاڵی دەستگیر کران.

لە دیمەنێکدا، کە تووڕەیی خەڵکێکی زۆری لێ کەوتەوە، پاشای ئیتاڵیا پاداشتی جەنەڕاڵ فیۆرێنزۆ باڤای کرد، چونکە توانیی کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکانی میلانۆ بهێنێت. ئەم ڕووداوە قەیرانێکی قووڵی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ماوەی چەند مانگی دواتردا بووە هۆی ڕووخانی حکومەتی ئیتاڵیا.

سەرچاوە: ئەلعەربییە نێت، گۆشەی چیرۆکە مێژووییەکان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 30ی تشرینی یەکەمی 2025