لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەڵمانیا دڵنیا بوو جەنگی یەکەمی جیهانی بەرپا دەبێت

چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی نۆیەم

لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەڵمانیا دڵنیا بوو جەنگی یەکەمی جیهانی بەرپا دەبێت

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع

ڕۆژی 28ی تەمووزی ساڵی 1914، ئەورووپا سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانیی بەخۆیەوە بینی؛ ئەم جەنگە دوای ئەوە بەرپا بوو کە ئیمپراتۆرییەتی نەمسا و هەنگاریا شەڕیان دژ بە سڕبیا ڕاگەیاند، چونکە هەردوو وڵات (نەمسا و هەنگاریا)، لەو لێکۆڵینەوە هاوبەشەی نێوانیان، بۆ دەرخستنی هۆکاری ڕووداوەکەی سەرایڤۆ، شکستیان هێنا و نەگەیشتبوونە هیچ دەرەنجامێک. هۆکاری ئەم فراوانبوونەی جەنگ بۆ بەگەڕخستن و چالاکبوونی سیاسەتی هاوپەیمانێتییەکان/التحالفات دەگەڕێتەوە، کە لەو ڕۆژگارەدا و لە کیشوەرە پیرەکە پەیڕەویی لێ دەکرا.

نزیکەی ساڵ و نیوێک، پێش دەستپێکردنی ئەو جەنگە، جەنگێک‌ زیاد لە 20 ملیۆن قوربانیی لێ کەوتەوە. ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادە بکات. لەم بارەیەوە، بەرپرسانی ئەڵمانیا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1912دا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەورووپا ئەنجام دا.

پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئەورووپا

پایزی ساڵی 1912، بە هۆی شەڕی یەکەمی بەڵقان، کە تێیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی عوسمانی هاوپەیمانێتییەک هاتە ئاراوە، پێک هاتبوو لە هەریەک لە وڵاتانی سڕبیا، بولگاریا، یۆنان، مۆنتینیگرۆ. لەم جەنگەدا ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عوسمانییەکان، پشتگیری و کۆمەکێکی زۆری بەخشییە وڵاتانی بەڵقان.

لە گەرمەی ئەم شەڕ و ململانێیانەدا، نەمسا وڵاتی سڕبیای دراوسێی، کە نزیک بوو لە سنوورەکەیەوە، بە هۆی ئەوەی سڕبیا تا دەهات بەهێز و قەڵەمڕەویی لە وڵاتانی بەڵقان زیاتر دەبوو، بە مەترسی دادەنا و زیاد لە جارێک پلانی ئەوەی داڕشت دەستوەردانی سەربازی بکاتە سەری. ئەگەرچی ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانی یەک بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەڵمانیا زۆر هەوڵی دا نەمسا لە هێرشکردنە سەر سڕبیا پاشگەز بکاتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، ڤیەنا لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بەرلین نیگەران و دڵگران بوو، زۆر جار نەمسا گومانی لە پتەویی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان خۆی و ئەڵمانیا هەبوو، گومانی لەوە هەبوو ئەڵمانیا بۆ بەرژەوەندیی نەمسا، دەستوەردان لە شەڕەکانی ئایندەدا بکات.

لە لایەکی دیکەوە، بەریتانیا بەتوندی دەستوەردانی سەربازیی نەمسای لە بەڵقان ڕەت دەکردەوە. بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی نەمسا، لەندەن جەختی لەوە کردەوە، لە حاڵەتێکدا نەمسا هێرش بکاتە سەر سڕبیا، ئەوا بەریتانیا بێدەنگ و بەدەستبەسراوی دانانیشێت.

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەڵمانیا

ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 1912، لە کۆشکی بەرلین، ئیمپراتۆری ئەڵمانیا، ویلهامی دووەم، لەگەڵ هەریەک لە فەرماندەی دەریایی ئەڵمانیا (ئەلفرێد ڤۆن تێربێتز/Alfred von Tirpitz) و وەزیری هێزی دەریایی (گۆرگۆ ئەلسکەندەر ڤۆن مۆلەر/Georg Alexander von Müller) و ئەمیراڵ (ئۆگۆست ڤۆن هێڕگین/August von Heeringen) و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان (هێڵمۆت ڤۆن مۆلکە‌/Helmuth von Moltke) کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دوو بابەت ئەنجام دا، یەکەمیان مەسەلەی بەرنامەی‌ خۆپڕچەککردنی خێرا بوو، کە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا چەند هەفتەیەک لەوەوبەر ڕای گەیاندبوو؛ دووەم ترس بوو لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕی نێوان نەمسا و سڕبیا، بە هۆی ئەو سەرکەوتنە سەربازییانەی سڕبیا لە شەڕی بەڵقاندا بەدەستی هێنابوو.

لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، هێڵمۆت ڤۆن مولکە جەختی لەوە کردەوە، جەنگ لە ئەورووپا حەتمییە و هەر ڕوو دەدات و بەم نزیکانە پێکدادان لەگەڵ ڕووسیادا دێتە ئاراوە. لە هەمان کاتدا پێداگریی کرد لەوەی ئەڵمانیا دەستپێشخەر بێت و هێرشی کتوپڕ و غافڵگیر ئەنجام بدات. جگە لەوە، باسی لەوە کرد گرنگە ئەڵمانیا پارێزگاری لە بەڵێنەکانی و پابەستییەکانی بکات و پشتگیریی نەمسا بکات، ئەگەر نەمسا شەڕی دژ بە سڕبیا یان ڕووسیا ڕاگەیاند.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەڵمانیا (ئەلفرێد ڤۆن تیربێتز) گرتنەبەری ئەو ئاڕاستەیەی ڕەت کردەوە و پێداگیریی کرد لەوەی ئەڵمانیا ئامادە نییە بڕواتە ناو جەنگێکی لەو جۆرە‌ و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، باشترە بۆ چەند ساڵێک چاوەڕێ بکات و زیاتر تەرکیز بخاتە سەر پیشەسازیی کەشتیی جەنگی و ژێردەریایی، ئەمەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی هێزی دەریایی ئەڵمانیا، بە بەراورد بە هێزی دەریایی بەریتانیا و فەڕەنسا.

لە کاتی گفتوگۆکاندا، ئیمپراتۆر ویلهامی دووەم گومانی هەبوو وڵاتەکەی بتوانێت سەرکردایەتیی جەنگەکە لە چەندین بەرەی جیاوازدا بکات؛ ترسی لە هاوسەنگیی هێز هەبوو، کە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ویلهامی دووەم پشتگیریی خۆی بۆ بیروبۆچوون و ڕێنماییەکانی ڤۆن مولک‌ دەربڕی، بەوەی مادام بەریەککەوتن لە ئەورووپا مەسەلەیەکی حەتمییە، پێویستە ئەڵمانیا بە زووترین کات بەشداریی جەنگەکە بکات.

هەرچەندە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری جەنگ نەدرا، بەڵام کۆبوونەوەی بەرلین، لە ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1912دا، تیشکی خستە سەر ئەوەی بەرپرسانی ئەڵمانیا بەتەواوەتی دڵنیا بوون لەوەی بەم نزیکانە لە ئەورووپا بەریەککەوتن ڕوو دەدات و گرنگە ئامادەکاریی بۆ بکرێت. هەروەها ئەم کۆبوونەوەیە ئەوەی دەرخست، ئەڵمانیا بۆ چوونەناو ململانێیەکی سەربازیی لەو جۆرە، لە توانا سەربازییەکانی خۆی دڵنیا نەبوو.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە نێت، گۆشەی چیرۆکە مێژووییەکان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 8ی کانوونی یەکەمی 2025