سێ ژیانی ژنێکی کورد لە یادەوەرییەکانی ئاڵتوون باساراندا

سێ ژیانی ژنێکی کورد لە یادەوەرییەکانی ئاڵتوون باساراندا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبەکە سێ بەشی ژیانی “ئاڵتوون باساران” دەگێڕێتەوە: ژیانی یەکەم لە وڵاتی تورکیا، واتە ئەو گوندەی وا تێیدا لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەیدا دەژی، واتە ساڵانی ١٩٥٧ تا ١٩٨٣ دەگێڕێتەوە؛ ژیانی دووەمی ئاڵتوون دەکەوێتە وڵاتی سوید و پێک هاتووە لە ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٩١؛ ژیانی سێیەمیش پێک هاتووە لە ژیانی نێوان یوگوسلاڤیا، سوید و تورکیا، ساڵی ١٩٩١.

هەر وەک لە کتێبەکەدا پێی ئاشنا دەبین، ئاڵتوون ژنێکی کوردە و لە کۆتایی پەنجاکاندا لە دێیەکی بچووک لە تورکیا لەدایک بووە، خێزانەکەی ئاڵتوون، هەر وەک گەلی کورد لە باکووری کوردستان هیچ ئازادییەکیان نەبوو، ئاڵتوون لەدوای تەنها پێنج ساڵ لە قوتابخانە، بێ ویست و خواستی خۆی بەشوو دەدرێت، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا هاوسەرەکەی ئاڵتوون لە تورکیا هەڵدێت و دەچێت بۆ وڵاتی سوید، پاشان ئاڵتوون و سێ منداڵەکەشی بەدوایدا دەچن بۆ هەمان وڵات؛ لە سوید ئاڵتوون بواری خوێندن و کاری بۆ دەڕەخسێت، بوارێک کە بەدڵخۆشییەوە وەری دەگرێت، بەڵام دواجار تراژیدیایەک ژیانی ئەم ژنە دەگۆڕێت، بەڵام بە هێز و وزە و ئیرادەیەکی پتەوەوە دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیان.

لە دەستپێکی کتێبەکەدا “ئانیکا توور” باس لەو سات و سەردەم و قۆناغە دەکات، کە تێیدا ئاڵتوونی وەک پەنابەرێک لە وڵاتی سوید ناسیوە، کاتێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمنارێکی ئەدەبی ڕوو لە یەکێک لە کتێبخانەکانی ئەو ناوچەیە دەکات کە ئاڵتوون لێی نیشتەجێیە، لەدوای سیمینارەکە ئاڵتوون خۆی پێ دەناسێنێت و ژیانە پڕ لە کێشە و ئازار و تێکشکاوەکەی خۆی بە چەندین قۆناخ بۆ دەگێڕێتەوە.

ئەم کتێبە بەوردی وێنای ژیانی کوردان و گوندنشینانی باکووری کوردستانمان لە ڕێگەی خانمێکی پەناهەندەی وەک ئاڵتوونەوە بۆ دەگێڕێتەوە، بارودۆخی ژیانی خەڵک، پەیوەندییە خێڵەکییەکان، باڵادەستیی پیاو، پەیوەندییەکان و کار و هۆیەکانی بەرهەمهێنان، کە بریتی بووە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.

ئاڵتوون منداڵی خێزانێک بووە، کە باوکی پێنج ژن و دوانزە منداڵی هەبووە، بە گوتەی خۆی، لە وڵاتی تورکیا ئاسایی نییە پیاوێک پێنج ژنی هەبێت، “بەڵام باوکی من پیاوێکی ئاسایی نەبووە، باوکم لە ماڵەوە پاشا بوو، قسەکانی سەنگی مەحەک بوون، بڕیاری بەسەر هەموو کەسێکدا دەدا.”

ئاڵتوون وەک کچە گوندییەک کۆمەڵێک خەونی جوانی دەبێت بۆ ژیانی خۆی، ئەو بەپێی ئەو نەخشەیە بێت بۆ پاشەڕۆژی کێشاویەتی، دەبوو جوانترین ژیانی هەبێت، بەتایبەت لە ڕووی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەوە، بەڵام لە گوندەکەی ئەواندا کچان تەنها بۆیان هەیە تا قۆناغی سەرەتایی بخوێنن، کاتێکیش هێشتا کیژۆڵەیەک دەبێت، دەدرێت بە پیاوێک، بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو پیاوەی بینیبێت، یاخود شارەزای سروشت، یان دڵخوازی خۆی بێت. بە هۆی هاوسەرگیرییەوە لە گوند و خێزانەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە بۆ گوندێکی دیکە، گوندێک کە ئەم نامۆیە بە خەڵکەکەی، تەنانەت لەوێ مافی ئەوەشی نییە بەئازادی ئەو جلوبەرگە بپۆشێت کە دڵی خۆی دەیەوێت.

پاش ماوەیەک ژیانکردن لەو ژینگە و دۆخە تازەیەدا، تێدەگات کە هاوسەرەکەی کەسێکی قوماربازە و هەرچی پارەیەک کە دەستیان دەکەوێت، لە قوماردا دەیدۆڕێنێت، چەندین جار دەتۆرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان بۆ ماڵی باوکی، بەڵام بە هۆی پەیوەندییە خێڵەکییە دواکەوتووەکانەوە، بۆ پیاو عەیبەیەکی گەورەیە کچەکەی بتۆرێت: “بە جلی بووکێنییەوە دەچیتە ماڵی مێردەکەت، بە کفنەوە دێیتە دەرەوە.” ئەمە ئەو ئیدیۆمە دواکەوتووانەیە کە ژنی پێ زنجیر دەکرێت.

ئاڵتوون بیرەوەرییەکانی خۆی زۆر ئازایانە گێڕاوەتەوە و دەستی بۆ قووڵترین برینەکانی خۆی بردووە، دەشێت ئەو ئازار و موعاناتەی ئەم ژنە باسیان دەکات، ژان و غەمی هەزاران ژن بێت، کە بوون بە قوربانیی بەها کۆن و پەیوەندییە دواکەوتووە ئاینی و خێڵەکییەکان، بەڵام وەک ئەم جورئەت و بوێریی ئەوەیان نەبێت بیگێڕنەوە، بەتایبەت لە باسکردنی پەیوەندییە خێزانییەکاندا، چ ماڵە باوانی، چ ماڵی مێرد و خەزوور و خەسووی، جوانییەکەشی لەوەدایە، ئەگەرچی باس لە دڵڕەقی و خراپیی باوک، یان مێردەکەی دەکات، بەڵام شتێک لە جوانییان هەر باس دەکات و تەواوی بوون و هەڵسوکەوتیان، دوژمنکارانە ناسڕێتەوە، یاخود لە هیچ شوێنێکدا نایەت بە خەیاڵیدا تۆڵەیان لێ بکاتەوە؛ بە پێچەوانەوە، لە خراپترین دۆخی ژیانی خۆی و منداڵەکانیدا، تا ئەو کاتەش کە ڕوو دەکەنە وڵاتی سوید و مافی مانەوە بەدەست دەهێنن، وەک ژنێکی خاوەنئیرادە و بەهێز و ژیاندۆست دەردەکەوێت.

ڕەنگە سەختترین قۆناغ و ساتی ژیانی تراژیدیی ئەم ژنە ئەو ساتە بێت، کە لە وڵاتی سویدەوە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەڵام لە وڵاتی یوگوسلاڤیا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و مێردەکەی و کچە گەورەکەی دەمرن، خۆی و دوو منداڵەکەی دیکەشی بە موعجیزە لە مردن ڕزگاریان دەبێت.

بەگشتی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر هەم چێژبەخشە، هەم پڕە لە وانە و ئەزموون، بەتایبەت بۆ خانمان؛ فێریان دەکات چۆن ڕووبەڕووی تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ببنەوە، نەڕووخێن و ئازار ژیانیان لەبەر چاو ناشرین نەکات، جەنگی بردنەوەی ژیان بکەن، خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان بن و پەیوەندییەکانیان لەسەر ئاستێکی فراوانتردا درێژە پێ بدەن؛ لە لایەکی دیکەوە ڕێنمایی ئەو خێزانە کوردانە دەکات کە لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا نیشتەجێن، تا فشار نەخەنە سەر کوڕ و کچەکانیان و ژیرانە چاودێرییان بکەن، ڕێگەیان بدەن ئەورووپییانە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، بەر کولتوور و فەرهەنگ و کەسانی سروشت جیاجیای گەلانی دیکە بکەون و لێیانەوە فێر ببن، ئەزموون و وانەی ژیانیان لێ وەربگرن و بەرمەبنای مرۆڤی نوێی سەرزەمینێکی نوێ و شارستانییەتێکی نوێ، بناغەی گەشەی ژیانی ئێستا و داهاتوویان دابڕێژن.

پرسی زمان و قەدەغەکردنی زمانی دایک لەنێو خێزان و کۆمەڵگە و ناوەندەکانی فێربوون و خوێندندا، یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی کوردانی باکوور، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد، یەکێکی دیکەیە لەو کێشە زەقانەی لەم کتێبەدا و لە بیرەوەرییەکانی ئاڵتووندا باس کراون؛ بێگومان ئەم گرفتە لەمێژە سەری هەڵداوە و دەوڵەتی تورک جۆرەها شێوازی زەبروزەنگ و توندوتیژی دەگرێتە بەر بۆ ئەوە ڕیشەی زمان لەنێو کوردانی ئەو وڵاتەدا ببڕێتەوە، بێگومان یەکێک لە کۆڵەکە بنچینەییەکان و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک، بریتییە لە زمان و پاراستن و گەشەپێدانی زمان، دەوڵەتی تورکیش لە سۆنگەی دژایەتیی لەمێژینەی کوردەوە، ئەم سیاسەتەی گرتووەتە بەر، بەڵام ڕۆحییەتی کوردانەی کوردانی باکوور لە چەندین فۆڕم و شێوازی دیکەی هونەری و ئەدەبی و چالاکیی سیاسیدا خۆی نمایش دەکاتەوە و درێژە بە تەمەنی پڕ لە بەرخۆدانی خۆی دەدات.

 ئەم کتێبە (سێ ژیانەکەی ئاڵتوون) ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتە، بابەتی ئەم کتێبە بیرەوەرییە، ئاڵتوون باساران، کە خانمێکی کوردی باکوورە، ژیانە پڕ لە زەحمەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و لەلایەن خانمە نووسەری سویدی “ئانیکا توور”ەوە نووسراوەتەوە و سروە نوری عەزیز بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

دەشتوانین بڵێین ئەم کتێبە کتێبێکی هاوبەشە لەنێوان ئەو دوو خانمەدا، کتێبێک کە جگە لە چێژی گێڕانەوە و ئەفسوونی نووسین و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی، لێیەوە فێری زۆر شت دەبین و گەلێک زانیاریی تێدا بەدەست دەهێنین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و کێشە و خەمە سەختەکانی کوردانی باکوور، بەدیاریکراوییش ژنان و کچان، کە لە لایەکەوە بوونەتە قوربانیی خێزانە باوکسالارەکان، لە لایەکی دیکەوە بوون بە سووتەمەنیی سیاسەت و چەوساندنەوەی نەتەوەیی.