تەنها دارهەنارەکە خۆی، یان تەنها مردووەکان خۆیان!
تەنها دارهەنارەکە خۆی، یان تەنها مردووەکان خۆیان!
میران سیروان
“زیندووان دەمرن یان سەفەر دەکەن، مردووانیش هەمیشە دێن! پێم وا بوو ژیان و مردن دوو دونیای جودان و سنوورێکی ئاشکرایان لەنێواندایە، بەڵام ئێستا دەزانم دوو دونیای یەکانگیرن. یەکدی دادەتاشن، پەرداخی ئەمیان تینووێتیی ئەویان دەشکێنێت. باوکم ئەوەی دەزانی و دارهەنارەکەش زۆر باش ئەوە دەزانێت. من وەک دارهەنارەکە وەهام، بەڵام هەموو پەلکەکانم بڕاون و شکێنراون و لەگەڵ لاشەی مردوواندا نێژراون. بەڵام دڵم بووەتە هەنارێکی وشکەڵاتوو، بەمردوویی لێدەدات، هەموو ساتێک، بێ ئەوەی خۆم بمەوێت، لێم بەردەبێتەوە بۆ نێو چاڵێکی قووڵ.
بەڵام کەس نازانێت… کەس.
تەنها دارهەنارەکە خۆی… دەزانێت.”
– لە ڕۆمانەکەوە
ئەو ڕۆژەی ساڵی 2005، کاتێک سینان ئەنتوونی نووسەر ڕاپۆرتێک لەبارەی مردووشۆرێکی عیراقییەوە دەخوێنێتەوە، لەو چرکەساتەوە دەگاتە ئەو ڕاستییەی ئەم پیشەیە هونەرێکی باڵای پەراوێزخراوە و دەمودەست بڕیار دەدات ڕۆمانێک لەبارەیەوە بنووسێت، تا بەو هۆیەوە مردووێتیی ئەو بوارە زیندوو بکاتەوە! بەڵام بەو مەرجەی بە ئاوێتەکردنی هونەرەکانی دیکەوە ئەم فۆڕمی نووسینەی بەکار بخات…
چونکە لەو دەمەی “سینان ئەنتوون” باسمان لە خاسییەتەکانی ڕێبەری هونەری مردووشۆری بۆ دەکات، هونەر و هونەرمەندانی دیکەی واقیع لە بوارە جیاجیاکانی هونەردا دێنێتە گێڕانەوە خەیاڵییەکەیەوە، یا ڕێچکەشکێنانە جەنگاون لەهەمبەر کلاسیزمخوازان بۆ چەسپاندنی شێوازە مۆدێرنیتەکانیان، یاخود دامەزرێنەری ڕێبازێکی هاوچەرخی نوێی تازەلەدایکبووی نامۆی قبوڵنەکراو بوون. بۆ نموونە، وەختێک کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانەکە گۆرانی دەچڕێت، ناوی سترانبێژان “زهور حسێن و نازم غەزالی” دێنێتە پێشەوە؛ کاتێک هونەری پەیکەرسازی و نیگارکێشی و شێوەکاری باسیان دێتە نێو باس، جیاکۆمیتی سویسری و پیکاسۆی ئیسپانی و جواد سەلیمی عیراقی ناوی بەنێوبانگیان دەبێتە نموونەهێنانەوەی دەوڵەمەندکردنی کتێبی نووسەر!
کاتێک لەنێو دەریای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا نوقم دەبیت، بەبێ ئەوەی لە هیچ بەشێکیدا هەست بە شکانی تینووێتیی ڕۆحت بکەیت، بە شێوەیەکی تەواو ئەکادیمییانە بڕوانامەی مردووشۆری بەدەست دەهێنیت، ڕێسا و یاساکانی فێر دەبیت، جووڵەی شێوازەکانی ئەزبەر دەکەیت، پاشان تێدەگەیت ئەمە تەنها بوارێک نییە بۆ دەستبەرکردنی بژێویی ژیان، ئەمە هونەرێکە، گەر تێیدا ئەزموونگەرانە مامەڵە بکەیت، ئەوا دەبیتە هونەرمەندێکی لێهاتوو، بەڵام ئەم هونەرزانییە “جواد کازم”ی شارەزا، کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە ناگرێتەوە، کە چەندین ڕێبەری تایبەتی بەم بوارەش خوێندووەتەوە! چونکە ئەو تەنها بە مەبەستی پەیداکردنی بژێویی ژیان و دانەوەی قەرزوقۆڵەکانی، پاش کۆچی دوایی باوکی، دەرگای مردووشۆرخانەکە ئاوەڵا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی میوانداریی مردووانی پێ بکات!
ئەم هونەرە شێوەکارییە زۆر جوداکارانە جیا دەکرێتەوە لە بەشە جیاوازەکانی دیکەی هونەر، چونکە ئەمە هونەری مردووشۆرییە! لەبری فڵچە و ڕەنگ، کافوور و سەدرە و سابوون و لۆکە و کفن کەرەستەی سەرەکییە؛ لەبری تەختەی سێپێی وێنە، سەکۆ دەبێتە عەرشی نیگارکێشان؛ لەبری چوارچێوە، تابووت خستنەنێو چوارچێوەی وێنەی ڕەنگکراوی مردوو؛ لەبری کردنەوەی پێشانگە، کردنەوەی چاڵی گۆڕ پێشانگەیەک دەبێت بۆ ناساندنی وێنەی مردوو بە خودا!
ئەنتوون، تەواو سووریالییانە “ئاشکرایانە” وێنەی وڵاتەکەی سەرخاکی میزۆپۆتامیا دەکێشێت، بەڵام تەنها ڕەنگی ڕەشی تێدا دەنەخشێنێت! ئەو سڵ لە هیچ مێژوویەکی ڕەشی زێدی لەدایکبوونی ناکاتەوە. هەر لە جەنگی هەشت ساڵەی عیراق-ئێرانەوە، تا دەگاتە سەردەمی دوای پڕۆسەی ئازادی، بێپەردانە لاپەڕە ناڕەنگاوڕەنگەکان هەڵدەداتەوە! لەبەر ئەوەی چاوانی ئەوکات جگە لە دووکەڵی ڕەش، هیچیان نەدەبینی. جەستەکان تەنها جلکی سەربازیی ڕەنگ سەوزی زەیتوونی، یا نەخشی بەڵەکیان دەپۆشی؛ پێستەکان جگە لە ئاگری جەنگەکان، هەستیان بە خۆشگوزەرانی نەکردووە! گوێچکەکان بەدەر لە هەواڵی ڕۆژانەی ژمارەی بەرزی شەهیدەکان، هیچی دیکەیان نەبیستووە. قامک و لەپەکان بەتەنها چەک و زرێپۆشیان بە دەستەوە گرتووە!
لەنێو باخچە خنجیلەکەی مردووشۆرخانەکەدا، دارهەنارێکی باڵامامناوەندی هەمیشە سوورباو قوت بووەتەوە! ئەوە دارهەنارێکە لەنێو مردوواندا ڕەوتێک بۆ مانای بەردەوامبوونی ژیانمان پێ دەدات. ئەم دارهەنارە دەبێتە هێمایەکی بەهێز بۆ بەستنەوەی کۆتایی “مردن” بە سەرەتایەکی نوێی “ژیان”ەوە. بە واتایەکی دیکە، مردنیش دەستپێکی ژیانێکی تازەیە لە دونیایەکی دیکەدا!
ژیانێک لە ڕێگەی جۆگەلەیەکی بچووک، کە بە کاشیی سپی ڕووپۆش کراوە و بووەتە ئاوەڕۆیەکی بچووک، ئاو و کەفاوی مردووان بە زیندووێتییەکی گەشەسەندووەوە بە دارێکی میوەی هەنار دەبەخشن! کە ڕەنگە کەشوهەوای هیچ هەسارەیەک نەتوانێت ئەو دارهەنارە بەپێگەیشتوویی بهێڵێتەوە؛ لەوانەشە تاقە دارهەناری سەرزەوی بێت، هەڵگری ئەم خاسییەتە بێت، چونکە هەموو بەهارانێک بە ئاوی مردوو چرۆ دەکات و پەلکی دەپشکوێت! ئێ هەر بەو هۆیەوەیە نووسەرە چاویلکەلەچاوە قژدرێژە عیراقییەکەی نیشتەجێی ئەمەریکا، ناوی دووەمین ڕۆمانی بە “تەنها دارهەنارەکە خۆی” ناوزەد کردووە!