پاشایانی لم لەنێوان شار و بیاباندا

پاشایانی لم لەنێوان شار و بیاباندا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە دەستپێکی خوێندنەوەی ڕۆمانی “پاشایانی لم”دا، خوێنەر دەست بە گەشتێکی نادیار دەکات و لەو گەشتەیدا ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی دەبێتەوە، دۆخێک کە تێیدا خاڵی دەرچوون دیارە و گەیشتن بە پنت، یان شوێنێکی دیارکراو نادیارە. لە ڕاستیدا ئەو ڕۆمان و تێکستانەی لە دەستپێکەوە جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و تەنگژەی دەروونی دروست دەکەن، لە ناوەرۆکدا هەڵگری دەیان پرسیار، گومان و ڕەهەندی فەلسەفی و کۆمەڵناسین، بەتایبەت کە وەک نمایشێکی شانۆیی، لە سەرەتا و دەستپێکدا، تیشک دەخرێتە سەر گۆشەیەکی شانۆکە، ئێمە دیمەنێک لە بیابانی ناکۆتا دەبینین، لەوێدا کۆمەڵێک سەرباز لە ئامادەباشی و تەدارەکدان، بۆ ئەنجامدانی کردە، یان چالاکییەکی سەربازی، چالاکییەک، کە دواجار دەردەکەوێت تەنها چالاکی و کردەیەکی سەربازیی سیستماتیک نییە کە پێشتر نەخشەی بۆ کێشرابێت، بەڵکوو پەردەهەڵماڵینە لەسەر نهێنیگەلێکی گەورە و ژیانێکی شاراوە لەنێوان دنیای جەنگ و سەربازیدا، کە بەرهەمی مێنتاڵتی، عەقڵییەت و ئایدیای بەرژەوندیخوازانەی شارە، لەگەڵ دنیایەکی سادە و خاکەڕا لە بیاباندا؛ خوێنەر هێدی و ئارام، لەگەڵ هەڵکشان و بەرەوپێشچوونی ڕەوتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، ئاشنا دەبێت بە چیرۆکگەلێکی جیاواز لە ژیانی مرۆڤ لە شاردا، کە خاوەنی پارە و زێڕ و خاکی تاپۆکراون، لەگەڵ کۆمەڵێک خێڵ و مرۆڤی سارانشیندا، کە وابەستەی هیچ پرنسیپ و یاسا و سیستمێکی دیاریکراو نین لە دەرەوەی فۆڕمی ژیان و ئیرادی خۆیان؛ بە خۆیان و خێزان و ئاژەڵەکانیانەوە، بە بیابانی بێسنوور و گەورەدا دێن و دەچن، ئەوان جگە لەو دونیا گچکەیەی بۆخۆیان دروستیان کردووە، ئاگایان تەنانەت لە هیچ شتێکی شار نییە، بەتایبەت ئەو سەروەختەی سەربازانی سوپای هاوپەیمانان، بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و ئامێری جەنگییەوە، خەریکی پەلاماردانی عیراقن و ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەیان سوور کردووە بە ئاگر و خوێن، ئەمان بێئاگان لەو جەنگە و لە دەرەوەی بیابان چی دەگوزەرێت، ناچێت بە گوێ و مێشکی ئەماندا، بۆیە کاتێک یەکێک لە سارانشینەکان، کە لەلایەن سوپاوە داوا کراوە، لەلایەن سەربازێکەوە دەستگیر دەکرێت و دەهێنرێتە شار، چاوانی تژی دەبن لە فرمێسک کاتێک بۆ یەکەم جار ڕووباری گەورە دەبینێت، سارانشینەکە سەراسیمە لە سەربازەکە دەپرسێت: “ئێوە ئەم هەموو ئاوەتان هەیە و شەڕیش دەکەن؟” دواجار بەیەقینەوە پێی دەڵێت: “ئێمە لە بیاباندا ئاومان هەبایە، کەسمان سەرنەدەبڕی…!”

ئەم حاڵەتە لە ڕۆمانەکەدا مانایەکی قووڵ بەرهەم دەهێنێت و فۆڕمێکی دیکەمان لە دونیابینی سەبارەت بە مرۆڤ، ژیان و تاونکاری پێ دەبەخشێت و پرسیارگەلێکمان لەلا دەورووژێنێت، کە ئاخۆ شوێن و ژینگە چ کاریگەرییەکیان لەسەر بوونیادی بیریکردنەوە و تێگەیشتن و ڕەفتاری مرۆڤ هەیە؟ مرۆڤ لە شوێن و کات و جوگرافیای جیاوازدا چۆن لە خودا و ئاین، دیاردەکان و دەسەڵات، هێز و بەرژەوەندییەکان دەڕوانێت؟ شارەکان کە مرۆڤی لێن، مرۆڤ کە خاوەنی پارە و زێڕ و بەرژەوەندییەکانە، چ جیاوازییەکیان لەگەڵ کەسانێکدا هەیە کە دوور لەو بەهایانە دەژین؟ مرۆڤی شار چۆن لەگەڵ خودادا مامەڵە دەکات و خودا بۆ ئەوان چ بەها و بایەخێکی هەیە و دەکەوێتە کوێی هاوکێشەی بەرژەوەندییە ئابووری و پێگە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە؟ لە کاتێکدا سارانشینەکان خۆیان لە خودا بە نزیکتر دەزانن و سادە و خاکەڕا، هەرساتێک بەسەر گردەلمینەکانەوە دەیبینن و لەگەڵیدا دەمودوو دەکەن، ئەوان جودا لە مرۆڤی شار ئاینداری دەکەن؛ مرۆڤی شار ئاویان هەیە دەستنوێژ هەڵدەگرن، پارەیان هەیە زەکات دەدەن، بەڵام ئەمان، سارانشینەکان، جگە لە هەژاری و سادەیی و دڵپاکی، هیچیان نییە تا لە خودا نزیک ببننەوە، کەچی هەمیشە لە خودا نزیکن.

ڕۆمانی “پاشایانی لم” شاکارێکی مەزنی نووسەری ناودای عیراق و عەرەب “عەلی بەدر”ە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا “سەباح ئیسماعیل”ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

لەم ڕۆمانەدا، نووسەر بە گێڕانەوەی زنجیرەڕووداوێک، لەخوارووی ڕۆژاوای بیابانی عراق، لە سەروەختی جەنگی کەنداودا، هەوڵ دەدات گۆشەیەک لە ڕاستیی مێژووی دوور و نزیکی عیراقمان بۆ بگێڕێتەوە و ئاشنامان بکات بە جیهانێکی پڕ لە نهێنی لەنێو بیابانی گەورەدا.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا پشت بە گێڕانەوەی شاپاڵەوان دەبەستێت، کە یەکێکە لە سەربازانی کۆماندۆی سوپای عیراق و تاکە ڕزگاربووی گروپێکی کۆماندۆیە، کە بۆ کردەیەکی سەربازی دژ بە خێڵێکی سارانشین ڕوو دەکەنە بیابان و بۆ سەرکەوتن بەسەر ئامانجەکەیاندا، شوێنپێی خێڵە سارانشینەکە هەڵدەگرن، بەو پێیەی بە شێوەیەکی زانستی مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە و کەسانی سارانشین بە مرۆڤگەلی گێژ و دەستەمۆ دەبینن، زۆر دڵنیان لە سەرکەوتنیان لە کردە سەربازییەکەدا، بەڵام سەرەنجام هاوکێشەکە پێچەوانە دبێتەوە، شاپاڵەوان بەڕێکەوت لە مردن و ئەو ململانێ توندوتیژەی نێوان خۆی و فەزای بیابان ڕزگاری دەێت، ڕزگاری دەبێت بۆ ئەوەی تاکە زیندوو و شاهیدحاڵی گێڕانەوەی ڕووداوەکان بێت و پێمان بڵێت لەو سەحرایە چی ڕووی داوە، چیی بینیوە و بە چ دۆخێکدا تێپەڕیوە، کە خۆی لە مانا و چەمکەکانی کات، مێژوو، بێهودەیی و واتای ژیان دەکۆڵێتەوە، هاوکات سەربازە دەربازبووەکە ئەزموونی ئەو چەند مانگەی خۆی سەبارەت بە تێگەیشتن لە بیابان و ژیانی سەخت و نەریتی خێڵە سارانشینەکان، لەگەڵ ئەرکە سەربازییەکەیدا دەگێڕێتەوە.

ڕۆمانەکە تەنها بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی شەڕێک، یان ڕاوەدوونان و ململانێی نێوان دەسەڵات و خێڵە سارانشینەکانی بیابانەوە ناوەستێت، بەڵکوو لە ئاستێکی بەرزتر و قووڵتردا بەرجەستە دەبێت و هەڵدەکشێت بۆ ئەوەی لە فۆڕمێکی دیکەدا ببێتە کارێکی فەلسەفی، کە لێکۆڵینەوە لە گرنگیی چەمکی کات، مێژوو، بێمانایی و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و ژینگەکەی خۆیدا دەکات.

بێگومان ئەم نووسەرە (عەلی بەدر) شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆی هەیە، بەو پێیەی خۆیشی سەربازی ناچاری بووە لە سوپای عیراقدا و جەنگی گەورەی ئەزموون کردووە، ئەم کاریگەرییە وای کردووە جەنگ و ئاکامە ترسناکەکانی جەنگ بەشێک لە سیمای پڕۆژە ئەدەبییەکەی ئەو پێک بهێنن، هاوکات بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بە شێوازی ڕەخنەیی، فەلسەفی و هەندێک جار ساتیری (گاڵتەجاریی ڕەخنەگرانە) دەنووسێت، کە ڕۆمانی “بابا سارتەر” نموونەیەکە لە بەرهەمە تەنزئامێزەکانی؛ نووسەر لەو ڕۆمانەدا قسە لەسەر بڕگەیەکی مێژوویی عیراق دەکات و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی چل و پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، بەتایبەت ژیانی ڕۆشنبیری له بەغداد و بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی وجوودی لەناو دەستەبژێری ڕۆشنبیری وڵاتانی عەرەبی و هاوکات لە نەوەیەک لەو سەردەمەدا دەدوێت، کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هزر و فەلسەفە و بیری ڕۆشنگەریی ڕۆژاوا و کاریگەر دەبێت بە قوتابخانە فیکری و فەلسەفییەکانیان و فەیلەسووف و بیریار و ڕووناکبیرەکانیان. هاوکات زۆر جار تیشک دەخەنە سەر گۆشە لێڵ و تاریکەکەی عیراق و بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە، مێژووی دوور و نزیکمان بۆ هەڵدەتەکێنێت، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گەلێک کێشە و گرفتی وەک “ناسنامە، توندوتیژی، ئاین، ئازادیی تاک، شوناسی هاووڵاتیبوون” لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتدا.

بێگومان لێرەدا کە قسە دەربارەی جوانی و باڵایی ئەم ڕۆمانە دەکەین، قسە لە جوانی و باڵایی زمانی وەرگێڕان و باڵادەستیی زمانەوانیی کاک “سەباح ئیسماعیل”یش دەکەین، کە توانیویەتی شارەزایانە، بەو کوردییە پڕ لە چێژە، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەمان بۆ بگێڕێتەوە و ئاشنامان بکات بە یەکێکی تر لە ڕۆمانە جوانەکانی ئەم نووسەرە عیراقییە، بێگومان شێواز و زمانی وەرگێڕانەکەش هۆکارێکی دیکەی جوانیی ڕۆمانەکەیە بەلای خوێنەری کوردەوە، هەر ئەمەشە وامان لێ دەکات بۆ ساتێکیش نەتوانین دەست لە خوێندنەوەی هەڵبگرین.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینەی من، بە هەموو سادەیی خۆیەوە، هەوڵێکی خاکەڕایانەیە بۆ هاندانی خوێنەری کورد، بۆ ئەوەی خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن.