بۆچی ئه‌لتۆسیر هاوسه‌ره‌كه‌ی خنكاند؟ ئه‌ی نیتچه بۆچی شێت بوو؟
بۆچی ئه‌لتۆسیر هاوسه‌ره‌كه‌ی خنكاند؟ ئه‌ی نیتچه بۆچی شێت بوو؟
فه‌یله‌سوفان و داڕمانه ناوه‌كییه‌كان
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
زۆرن ئه‌و نووسه‌رانه‌ی یا ئه‌وه‌تا شێت بوون یان ئازاریان چه‌شتووه یاخود خۆیان كوشتووه. ده‌كرێت له‌و نووسه‌رانه ناوی ئه‌مانه بهێنین: ڤێرجینیا ۆڵڤ، ستیڤان زڤاینگ، پۆل ڤێرلین، دۆستۆیڤیسكی، بۆدلێر، گی دی موپاسان، ئه‌دگار ئالان پۆ، كافكا، ئارنست همنگوای و لیسته‌كه دوور و درێژه. ڤێرجینیا ۆڵڤ خۆی كوشت، هه‌روه‌ها ستیڤان زڤاینگ و ئارنست همنگوای خۆیان كوشت. ده‌كرێت بلێین ڤێرلین-یش خۆی كوشت، چونكه له شه‌قامی سانت میشێل و له ناوجه‌رگه‌ی گه‌ڕه‌كی لاتینی، هه‌ڵیانگرته‌وه كه به ته‌واوی سه‌رخۆش بوو، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك وێڵگردێك و سواڵكه‌رێكی لێهاتبوو كه به‌زه‌یت پێیدا ده‌هاته‌وه. به‌ڵام له‌م ژیانه بوهیهیمییه تێكشكێنه‌ره‌وه، جوانترین شیعره‌كان هاتوونه‌ته به‌رهه‌م! دیاره په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان وێرانكردنی كه‌سی و داهێنانی بلیمه‌تانه‌دا هه‌یه.
خه‌ڵكه دڵخۆشه ئاساییه‌كان، ناتوانن داهێنه‌ربن. پێویسته پێش ئه‌وه‌ی یه‌ك وشه بنووسیت مانای هه‌بێت، ده‌بێت هه‌زارجار بمریت. ئه‌مه‌یه باجی داهێنان و بلیمه‌تی. پرسیار له دۆستۆیڤیسكی یان بۆدلێر یا هه‌ندێك له شێته‌كانی دیكه بكه‌ن. (تێبینی: من له كتێبه تازه‌كه‌مدا؛ كه به‌م نزیكانه له ده‌زگای المدی، به‌م ناونیشانه “بلیمه‌ته‌كان و ڕۆشنگه‌ریی گه‌لان” بڵاوده‌بێته‌وه، به‌دوور و درێژی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له هه‌ستیاره ڕاوه‌ستاوم).
گی دی موپاسان ته‌مه‌نی ته‌نها چل و دوو ساڵ بوو، كۆمه‌ڵێ ڕۆمانی نایاب و چیرۆكی داهێنه‌رانه‌ی نووسی، دوای ئه‌وه به ته‌واوه‌تی شێت بوو. نیتچه له ته‌مه‌نی چل و چوار ساڵیدا، بووه دێوانه و هاواری ده‌كرد: من مه‌سیحم، من یۆلیۆس قه‌یسه‌رم، من دیۆنیسۆسم! ئه‌و به‌سته‌زمانه نه‌یده‌زانی كۆتایی پێهاتووه و چیتر هیچ شتیك نییه، وه‌لێ ئه‌و نه‌مرد و ده ساڵی دی ژیا، ژیانێكی پڕ له ئازار و نائاماده‌یی ته‌واو له‌م جیهانه‌دا، به‌م شێوه‌یه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین عه‌قڵه فه‌لسه‌فییه‌كان، به درێژایی هه‌مو سه‌ده‌كان، هه‌ره‌سیهێنا.
ئه‌لتۆسێر چی به‌سه‌ر هات؟
هه‌نووكه، با بزانین چی به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی ماركسی “لویس ئه‌لتۆسێر”دا هاتووه؟ له ڕۆژی 16 تشرینی دووه‌می ساڵی 1980، كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی، لویس ئه‌لتۆسێر له شوقه پاریسییهكهیهوه هاته خواره‌وه و چووه سه‌ر شه‌قامه‌كه و وه‌ك شێت هاواری ده‌كرد: هێلین مرد! هێلین مرد! ئه‌لتۆسێر هه‌رگیز هه‌ستی به‌وه نه‌كرد كه ئه‌وه خۆی بوو هێلین-ی كوشت یان ڕاستتر خنكاندی، چونكه ئه‌و كاره‌ی له ساته‌وه‌ختێكدا ئه‌نجامدا، به ته‌واوی ئاگای له خۆی نه‌بووه و هۆشی له‌ده‌ستدابوو. چی ڕوویدا؟
به كورتی و پوختی ئه‌مه‌ی خواره‌وه ڕوویدا: ئه‌لتۆسێر سه‌ره‌تا به شێنه‌یی ده‌ستی به گه‌ردنیدا ده‌هێنا و گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد. پاشان پێده‌چێت ورده ورده، گه‌مه‌كه‌ی به‌لاوه خۆش بووه، هه‌ر بۆیه توندتر فشاری خستووه‌ته سه‌ر قوڕگی، ئینجا له چركه ساتێكی شێتانه‌ی دیاریكراودا، فشاره‌كه‌ی بۆ سه‌ر قوڕگی زیاتر و زیاتر كردووه، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌یخنكێنێت. ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌وه‌یه هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌یتوانیوه خۆی له نێو ده‌سته‌كانی ئه‌لتۆسێر قوتار بكات. بۆچی به‌رگری نه‌كردووه؟ له‌وانه‌یه له‌به‌ر هۆكارێكی ساده بێت؛ كه بریتییه له‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی، هه‌رگیز پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه، مێرده‌كه‌ی شتێكی له‌و جۆره بكات! لێره‌وه سه‌روه‌ختێك هه‌ست به‌وه ده‌كات، كار له كار ترازابوو، به ته‌واوی بڕستی له‌به‌ر بڕابوو، چیتر نه‌یده‌توانی خۆی له چنگی ڕزگار بكات. كاره‌ساتێكی ڕاسته‌قینه‌یه.
به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌و پێیه‌ی ده‌یزانی ئه‌لتۆسێر كه‌سێكی نێرڤۆسییه و به ده‌ست كێشه‌ی ده‌روونییه‌وه گرفتاره، پێویست بوو زیاتر ئاگادار و وریای خۆی بێت. (له نێوان دوو كه‌وانه‌دا: داوا له مێرده ئازیزه‌كان ده‌كه‌ین، زیاد له پێویست، ده‌ست به گه‌ردنی ته‌ڕ و ناسكی هاوسه‌ره‌كانیاندا نه‌هێن، تكایان لێ ده‌كه‌ین زیاد له پێویست فشاری نه‌خه‌نه‌سه‌ر… كێ چوزانێ؟ له ساتێك له ساته‌كاندا، خوا نه‌كات…) نوكته‌یه‌كی بێ تام و بێ له‌زه‌ته، قسه‌یه‌كی قۆڕی بێ مانایه و بۆ كه‌سێك گونجاو نییه ڕێزی خۆی بگرێت، چی ده‌ڵێن بیڵێن….
ئه‌لتۆسیر دوای ئه‌م ڕووداوه ناخهه‌ژێن و جه‌رگبڕه، كتێبێك به ناونیشانێكی شاعیرانه‌ی زۆر جوان بڵاوده‌كاته‌وه: “داهاتوو زه‌مه‌نێكی درێژتر ده‌خایه‌نێت”، تێیدا هه‌وڵده‌دات باس له‌و كاره شێتانه‌یه‌ی بكات كه بووه هۆی مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و خۆشه‌ویستی ته‌مه‌نی هێلین ڕیتمان. له‌وێدا به قووڵی ڕۆده‌چێته نێو منداڵی و سه‌ره‌تای گه‌نجییه‌تی خۆیه‌وه، تاكو ئه‌و هۆكاره قووڵه بزانێت كه وایلێكرد كارێك بكات لێخۆشبوونی بۆ نییه. له‌وێوه ده‌كه‌وێته هه‌ڵكۆڵینی قووڵایی نائاگایی خۆی و ژیاننامه‌ی كه‌سی خێزانه‌كه‌ی، تاكو بگات به نهێنییه ترسناكه‌كه: نهێنی تێكچوونی عه‌قڵی؛ كه بووه هۆی كوشتنی ئازیزترین كه‌سی خۆی. به‌ڵام ئه‌وه چ سودێكی هه‌یه؟ ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت و ئاگاداری خۆی بێت، به ده‌سته‌كانی خۆی هێلین-ی خنكاند و مرد. له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌وه بوو هه‌ستی نه‌كرد هیچ شتیكی كردووه. له ناكاو سه‌یری به‌رده‌می خۆی ده‌كات، ده‌بینێت له‌سه‌ر جێگاكه لاشه‌یه‌كی بێ ڕۆح هه‌یه، جێگاكه‌ی خۆی، جێگای هاوسه‌رگیرییان. كتوپڕ هه‌ست ده‌كات ئه‌وه لاشه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی. ئیدی شێت و هار ده‌بێت و ده‌ست ده‌كات به هاواركردن. بگره له‌وانه‌یه پرسیاری ئه‌وه‌ی كردبێت: بۆچی مرد؟ چی به‌سه‌ر هاتووه؟ ئه‌ی بۆچی ماڵئاوایی لێ نه‌كرد؟ دواتر به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، یان له‌وانه‌یه دوای چه‌ندین مانگ، زانی ئه‌وه ئه‌م بووه كه كوشتوویه‌تی. ئایا ئه‌مه شاعیری گه‌وره‌مان “دیك ئه‌لجن ئه‌لحمصی” و هۆنراوه بهناوبانگهكهیتان بیرناخاته‌وه:
رویت من دمها الثری و لطالما
روی الهوی شفتی من شفتیها
وه‌لێ “دیك ئه‌لجن” شێت نه‌بوو، ته‌نها ئیره‌ییه گه‌وره‌كه، نه‌خۆشی ئیره‌یی، وایلێكرد بیكوژێت. له خۆشه‌ویستیا كوشتی… له خۆشه‌ویستیا خنكاندی…
خۆشبه‌ختانه ئه‌لتۆسیر نه‌هێنرایه به‌رده‌م دادگاكانی فه‌ره‌نسا، تاكو له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ی دادگایی بكرێت. چونكه گه‌وره ڕۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا، له نموونه‌ی فۆكۆ، دێریدا، جان گیتۆن، لای سه‌ركرده سیاسییه‌كانی فه‌ره‌نسا و له‌سه‌روی هه‌موانه‌وه جاك شیراك، شه‌فاعه‌تیان بۆ كرد و ڕازیانكردن كه ئه‌لتۆسیر به‌رپرس نییه له‌و كاره‌ی ئه‌نجامیداوه، چونكه له حاڵه‌تی نائاگاییهكی ته‌واوه‌تیدا كوشتوویه‌تی. هه‌ندێك له ڕۆژنامه‌نووسان، ئه‌م ڕووداوه مه‌ترسیداره‌یان قۆسته‌وه، تاكو قسه به ماركسییه‌ت و كۆمۆنیزم بڵێن. ئاشكرایه ئه‌لتۆسێر گه‌وره‌ترین تیۆرنووسی حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسی بوو. ئه‌وان وتیان ئه‌م ئایدۆلۆژیایه، به سروشته تۆتالیتارییه‌كه‌ی، ده‌بێته هۆی ئه‌نجامدانی تاوان. ئه‌مه هه‌رگیز ڕاست نییه. چونكه زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌كانی فه‌ره‌نسا، كۆمۆنیست (شیوعی) بوون، یان به قۆناغی كۆمۆنیزمدا تێپه‌ریوون، بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان شێت بووبێت، ته‌نانه‌ت دوای كه‌وتنی كۆمۆنیزم و هه‌ره‌سهێنانی خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ش: گه‌وره‌ترین وههم له سه‌ده‌ی بیست.
گرفته‌كه نه له ماركسیزمدایه و نه له كۆمۆنیزم. هیچ گومانی تێدانییه، كۆمۆنیزم ئایدۆلۆژیایه‌كی تۆتالیتاری دیماگۆگی چه‌قبه‌ستووه، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه، ئه‌وا نۆ ساڵ، دوای ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌لتۆسێر (1980-1989) هه‌ره‌سی نه‌ده‌هێنا. وه‌لێ گرفته‌كه لێره‌دا ئایدۆلۆژی نییه، به‌ڵكو گرفتێكی ته‌واو كه‌سییه. گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌لتۆسێر نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌بوو، له خۆی یاخی ببوو، دوژمنی خودی خۆی بوو. ئالێره‌دا مه‌ترسی و ترسناكییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ندێكجار نه‌خۆشییه‌كه‌ی گڕی ده‌گرت و تینی بۆ ده‌هێنا و ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌وته‌وه كه كه‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد، له نموونه‌ی ئه‌وه‌ی له به‌یانی ئه‌و ڕۆژه شوومه‌دا ڕوویدا، 16تشرینی دووه‌می ساڵی 1980، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه باسمان كردووه.
بگره هه‌ندێكیان ده‌ستیانكرد به تۆمه‌تباركردنی كۆی فه‌لسه‌فه و ده‌ڵێن به‌دڵنیاییه‌وه فه‌لسه‌فه به‌ره‌و شێتی په‌لكێشت ده‌كات. ئامۆژگاری دووه‌م: له خوێندنی فه‌لسه‌فه‌دا، زیاد له پێویست قووڵمهبنهوه. ئێمه ئه‌و كاته‌ی له زانكۆی دیمه‌شق بووین، پێیان ده‌وتین فه‌لسه‌فه عه‌قڵ تێكده‌دات. وه‌لێ ئه‌وانه قسه‌ی پڕوپوچ و به‌تاڵن. ئه‌گه‌ر عه‌قڵێكی جێگیر هه‌بێت، ئه‌وا فه‌لسه‌فه جێگیربوون و قووڵییه‌كه‌ی زیاتر ده‌كات. له جیهاندا هیچ ڕۆشنبیرییه‌ك نییه، بێ قووڵاییه‌كی فه‌لسه‌فی. پرسیار له ژاپۆن یان هیند یا چین بكه‌ن. ئه‌مه با زانكۆكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌ولاوه بووه‌ستێت.
شێتی نیتچه
ئێستا دێینه سه‌ر نیتچه-ی مامۆستامان، خه‌ریكه ده‌ڵێم هاوڕێی ئازیزمان نیتچه. ئه‌م چی كرد؟ له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 3 كانوونی دووه‌می ساڵی 1889، چی به‌سه‌ر هات؟ ئێوه ده‌زانن نیتچه دوای ئه‌وه‌ی له زانكۆ ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه، به ته‌نها مایه‌وه و وێڵ و سه‌رگه‌ردان به كوچه‌و كۆڵان و شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕا. ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، بووه فه‌یله‌سوفێكی زه‌به‌لاح، بگره بووه نووسه‌رێكی بلیمه‌تی بێهاوتا. به‌شی زۆری به‌رهه‌مه گه‌وره‌كانی، دوای وازهێنانی له زانكۆ و ڕزگاربوونی ته‌واوه‌تی له هه‌مو كۆت و به‌ند و به‌ربه‌ستێك، نووسی. له ده‌ست ئه‌ڵمانیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی باكوری ئه‌وروپی سارد و به‌سته‌ڵه‌ك ڕایكرد.ئا له‌به‌ر ئه‌وه، زۆربه‌ی ژیانی له وڵاتانی خۆره‌تاوی باشوری ئه‌وروپا، وه‌ك ئیتالیا و فه‌ره‌نسا و سویسرا به‌سه‌ربرد و به‌دوای گه‌رمی و ڕووناكی‌دا ده‌گه‌ڕا. له‌وێ كتێبه نه‌مره‌كانی نووسی، بۆ نموونه كتێبی “زه‌رده‌شت ئاوا دووا”ی له شاری نیس كه ده‌كه‌وێته باشوری فه‌ره‌نسا ته‌واوكرد. نیس شارێكی دڵڕفێنه و ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌ناره‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و به كۆڕنیشه مه‌زنه‌كه به‌ناوبانگه كه پێیده‌وترێت: كۆڕنیشی ئینگلیز!
به‌ڵام كاتێك ڕووداوه چاره‌نووسسازه‌كه ڕوویدا، نیتچه له‌و ده‌مه‌دا له شاری تۆرین، له باكوری ئیتالیا ده‌ژیا، له میوانخانه‌یه‌ك یان هوتێلێك له گۆڕه‌پانی كارلۆ ئه‌لبێرتۆ دابه‌زیبوو. له‌ناكاو پیاوێك له گۆڕه‌پانه‌كه ده‌بینێ، زۆر به تووندی و تابڵێیت بێ به‌زه‌ییانه، له ئه‌سپه‌كه‌ی ده‌دا. نیتچه به هه‌ڵه‌داوان به‌ره‌و دیمه‌نه‌كه ده‌ڕوات و ده‌ست ده‌كاته ملی ئه‌سپه‌كه، تاكو له لێدانه‌كانی خاوه‌نه‌كه‌ی بیپارێزێت، به‌تایبه‌ت به خودی جه‌سته‌ی خۆی بیپارێزێت. پاشان ده‌ست ده‌كات به گریان و هاواركردن و به‌رده‌بێته‌وه. ئا له‌و كاته‌دا، خاوه‌نی میوانخانه‌كه دێته ده‌ره‌وه و نیتچه ده‌باته‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی. سه‌روه‌ختێك هاوڕێ گیانی به گیانییه‌كه‌ی پڕۆفیسۆر “ئۆڤیربێك” به‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌زانێت، هه‌مو شتێك به‌جێده‌هێڵێت و ده‌موده‌ست له ئه‌ڵمانیاوه، سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بێت بۆ ئیتایا، تاكو گرنگی به نیتچه بدات و بیباته لای پزیشكانی ده‌روونی. پزیشكه‌كان گه‌شتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی شێتییه‌كه‌ی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تووشبوونی به نه‌خۆشی (زوهری- سفلس)، چونكه جار جاره ڕۆشتووه بۆ شوێنی تیاترۆخانه‌كان. بگره ئه‌و له ژیانیدا ئافره‌تی نه‌ناسیوه، ته‌نها له ڕێگه‌ی تیاترۆخانهكانهوه نه‌بێت. ئاخر هیچ ژنێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه نه‌بوو، پێی ڕازیبێت. پاشان ئه‌م هاوڕێیه‌ی ده‌ڕوات بۆ لای “جاكۆب بۆركهارت” كه مامۆستا بوو له زانكۆی گه‌وره‌ی جنێف و به‌ده‌م هاواركردنه‌وه ده‌ڵێت: “ئاه مامۆستا، نیتچه شێت بووه!”.
به‌ڵام له‌وانه‌یه هۆكارێكی دی بۆ شێتبوونهكهی هه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: نیتچه كاتێك ده‌گاته لوتكه‌ی داهێنانی فه‌لسه‌فی و شیعری، چیتر نه‌یتوانیوه هیچ شتێكی نوێ پێشكه‌ش بكات، ئیدی به ته‌واوه‌تی هه‌ره‌سی هێناوه. ئاخر دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشت به لوتكه، ده‌توانێت چی بكات؟ دوای گه‌یشتن به لوتكه، ته‌نها كه‌وتن و هه‌ره‌سهێنان هه‌یه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 2 ته‌موز، 2023