لێگەڕێ لەگەڵ ئەم خەونەدا بژیم!

لێگەڕێ لەگەڵ ئەم خەونەدا بژیم!

یاداشتێک دەربارەی نۆڤلێتی “ژێ، یان قەلەڕەش”

بەختیار حەمەسوور

بە یادەوەرییەک دەست پێ دەکەم، کە لە منداڵییەوە لەگەڵیدا دەژیم؛ یادەوەرییەکە خەونێکە، نەک بۆ بەدیهێنان. ئەگەرچی چەند جار هەوڵی نووسینەوەیم داوە، هەرجارە بە جۆرێک شکستم تێدا هێناوە، تەنانەت نەمتوانیوە بۆ کەسیشی بگێڕمەوە، هەر بۆیە ئەمەی لێرەشدا دەینووسم نەک گێڕانەوەی ئەو یادەوەرییە، بەڵکوو ئاماژەیەکە لە یادەوەرییەکە: بەر لە خەوتن، هەموو شەوێک، لە منداڵییەوە تا ئەمڕۆ، بە خەیاڵ و خەونێکەوە دەنووم، لە هەرشوێنێک بووبم، ئەو خەون و خەیاڵەم لەسەر سەرین چاندووە و جا پێڵووم ورد ورد نیشتوونەتە سەر یەک، خەیاڵ و خەونەکەم بوونیادنانی شارێکی چکۆلەیە، نا، شارێک نا، کۆڵانێک؛ لەو کۆڵانەدا هەموو شت بەدەستوورە، وێڕای ئەوەی خەڵکەکەی لە پەیوەندییەکی پەیوەستانەدان، هاوکات هەریەکەیان لێهاتوویی لە بوارێکدا هەیە؛ هەر شەوەی چیرۆکی یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو کۆڵانە دەمبات، پەلکێشی ئەو دنیایە دەبم. زۆر جار لە خۆمم پرسیوە: ئایا هەموو کەسێک بەر لە خەوتن، دنیایەکی تایبەت بە خۆی ڕۆ دەنێت تا شەوەکەی و خەوەکەی سەر بگرن؟ یان ئەمە تەنها خەسڵەتی کەسانێکە کە چەند لە واقیعدا دەژین، هێندەش لە خەیاڵدا؟ دڵنیا نیم، بەڵام خوێندنەوەی نۆڤلێتی “ژێ، یان قەلەڕەش،” بە دیوێکدا وەڵامێک بوو بەو پرسیارە.

ئەم نۆڤلێتە لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی کریستیان بوبانە، جووتیار قارەمان لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی. لە ناساندنێکی گشتیدا، دەکرێت بڵێین ئەم نۆڤلێتە نەوەد لاپەڕەییە دەربارەی ژیانی منداڵێکی هەشت‌ ساڵانە بە ناوی ئالبێن. لەو ژیانەدا، لەگەڵ دەوروبەر و ژینگە و سروشتێکی تەواو ئاساییدا بەرەو ڕووین، نە بڕیارە شتێکی ئەوتۆ و شیاو بە باس ڕوو بدات، نە ئەوەش کە هەست بە ترپەی لێدانی دڵی ژیان نەکەین لە هەر جووڵە و بزاوتێکی درامیی داستانەکەدا. ئەو کۆمەڵگەیەی بوبان لەم نۆڤلێتەدا بوونیادی ناوە، سەرشارن لە هەست و بەرپەرچدانەوە و سۆز و ڕق بەرانبەر بە یەکتر و چواردەورەکەیان. ژیان لە چەقدایە. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا تێکڕای کەس و دیاردە و تەنانەت فەزای گشتییش بە خزمەتی کەسێتیی سەرەکی دێنە پێشچاو، بەڵام دەبینین هەریەک لەو دەرکەوتانە شوێندەستی خۆیان بەسەر ڕەوتی ڕووداو و کۆی چیرۆکەکەوە جێ دەهێڵن.

بۆ ئەوەی ئالبێن لە ڕووی داڕشتنی کەسێتییەوە باشتر بناسین، ڕەنگە ڕێگەی دروست هەر ئەو سیڤییانە بن کە بەملاولەدا بۆ چەند شوێنی کار دەیاننێرێت:

“سڵاو، ناوم ئالبێنە. ئاگادارییەکەتانم بینی؛ پێم خۆش بوو. هەرگیز تا ئێستا لە کتێبفرۆشیدا کارم نەکردووە، بەڵام لە کاری پێشوومدا زۆر سەروکارم لەگەڵ خەڵکدا بوو. قابلەمەم پێ دەفرۆشتن، بۆیە بەئاسانی دەتوانم کتێبیان پێ بفرۆشم. کەسێک بتوانێت کارێکی کەم بکات، دەتوانێت زۆریش بکات، یان بە پێچەوانەوە. چی دەڵێیت؟ ناونیشانەکەمت بۆ دادەنێم. لەگەڵ ڕێزمدا.”

“سڵاو. لە شەش ساڵدا زۆر ڕێم بڕیوە و زیاتر لە هۆتێلدا خەوتووم. دیمەنە جوانەکان و بیناکانی دەوروبەرم خۆش دەوێن. ئاگام لە شتان دەبێت، بەتایبەت بچووکترین شت و ڕێزیان لێ دەگرم. پێم وایە بێ هیچ گرفتێک بتوانم وەک بەرپرسی ماڵگواستنەوە لەلای ئێوە کار بکەم.”

“ئاگادارییەکەتانم لە نانەواخانەدا بینی. نازانم چەند منداڵت هەیە. نووسراوەکەت زۆر ڕوون بوو. هەندێک نووسراو تاریان نام؛ ئەوەی تۆ کێشی کردم. دەمەوێت ئاگام لە منداڵەکانت بێت. ئەگەر گەورە ببن، دەتوانم فێری کەمانچەیان بکەم. ئەم نووسینە لەلای نانەواکە دادەنێم تا بتداتێ. ناوم ئالبێنە.”

*

نۆڤلێتەکە لە دوو دیودا بۆ من جێی سەرنجە: یەکەم، نووسەر هەوڵ دەدات لەسەر چڕکردنەوەی ڕستە و دەربڕین بوەستێت، بە واتایەک، هەندێک دێڕ ئاڕاستەی خوێنەر دەکات، کە خوێنەر ناچار دەبێت لەبەرانبەریاندا بوەستێت و تێیان ڕابمێنێت. ئەوە هەمیشە پرسێکی جوانیناسی بووە بۆ من لە ڕۆمان و چیرۆکدا، چۆن و تا کوێ ڕەوایە ڕستەی هزری و فکری تێکهەڵکێشی گێڕانەوە بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە ناهاوسەنگی نەکەین لە ڕیتمی هەڵکشان و داکشانی چیرۆکەکەدا؟ بۆخۆم، هەمیشە حەزم کردووە چیرۆک و ڕۆمان لە هەناوی ژیانەوە هەڵبگۆزرێن، بە کەمترین گوتەی فەلسەفاندن و کتێباندن، ئەو چیرۆکانە باشتر دەتوانن ڕاستگۆیانە بڕگەیەک لە ژیان پیشان بدەن، کە ڕێ دەدەن کەسێتییەکان لە هەناوی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەوە بە تۆنێک بدوێن کە نوێنەرایەتیی دەکەن. ڕۆمان و چیرۆکگەلێکیش کە وەها ڕستە یان دەربڕینێک ئاڕاستە دەکەن، لەو بارەدا دەتوانن سەرکەوتوویی مسۆگەر بکەن کە ئەو دەربڕین و ڕستانە لە هەناوی ڕووداو و ڕەوتی گێڕانەوەدا توابێتنەوە و ئاوێزان بووبێتن، نەک بە ویست و خواست بۆ پیشاندانی توانایەک کە پێویست نییە لەو جێیەدا. بوبان لەگەڵ هەر دێڕێک لەو دێڕانەی ئاڕاستەی دەکات، پێشینەی بۆ ڕەخساندووە، ئەوەش وا دەکات بۆ منی خوێنەر نەک نەشاز بێت و بەزۆر ڕاکێشانی ڕستەی هزری و فەلسەفەی بێت بۆ ناو تێکست، بەڵکوو سروشتی و ئاسایی بگاتە گوێم و هەست بکەم ئەو ڕستەیە دەرەنجامی هەڵچنینی ڕووداو و ڕوانینە، نەک خواست و ویستی نووسەر. با پێکەوە چەند دانە لەو ڕستە و دەربڕینانە بخوێنینەوە:

– ڕاز وەک زێڕە. جوانیی زێڕ لە درەوشانەوەیدایە. بۆ ئەوەی بدرەوشێتەوە، نابێت لە حەشارگەدا جێ بهێڵرێت، دەبێت لە ڕۆژی ڕۆشندا بیهێنیتە دەرەوە. ڕازیش هەر بەم جۆرەیە. ئەگەر تەنها کەسێک بیزانێت، ئیتر ڕاز نییە؛ دەبێت بیڵێیت تا ببێتە ڕاز.

– ئەوینداربوون بەگشتی “گۆنگی و ناڕوون”ە. ناڕوونی بۆ دۆخی ئەوینداران گونجاوە.

– ژنانی عاشق دەیانەوێت میهرەبان بن، ئەمە لایەنی کەمیەتی، بۆیە دەیانەوێت بەشعوور و تێگەیشتووش بن، بەڵام بەو تێگەیشتنەوەی خۆیان وێنای دەکەن.

– کەسێک کە شتی زیاتری هەیە، هاوکات لە شتێکی کەمە.

– مردووەکان ئەوەندە مردوو نین. دەتوانرێت ئەمەش لەبارەی زیندووەکانەوە بگوترێت: زیندووەکانیش ئەوەندە زیندوو نین.

– مرۆڤەکان بە هەمان ئەو جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ خانووەکانیاندا دەکەن، کە لەگەڵ لەشیاندا دەیکەن.

*

هەر لێرەشەوەیە دیوی دووەمی ئەم نۆڤلێتە بۆ من دەردەکەوێت و ڕەوایەتی بە دیوی یەکەم دەدات: دنیای خەون.

ژێ، یان قەڵەڕەش کەوتووەتە بن توێژاڵێکی دوو سانتیمیی سەهۆڵ و زوقمەوە لە دەریاچەی سانسیکێست. ئالبێن بە ڕێکەوتێک، کە نازانرێت ناو بنرێت بەخت یان چی، ڕێی دەکەوێتە ئەو دەریاچەیە و ژێ دەبینێت، ئیدی ئەم بینینە دەبێتە سەرەتای دامەزراندنی پەیوەندییەک لەنێوان ژێ و ئالبێندا، پەیوەندییەک کە لەسەر گرێبەستی بێدەنگی و نەدرکان واژوو کراوە. ژێ جارێک قەلەڕەشە، جارێکیش خانمێک کە خەندە ڕوخساری یەکپارچە کردووە. (ئەم کەوانەیە لێرەدا بە پێوست دەکەمەوە. خوێنەری ئەم ڕۆمانە ئەگەر پێشتر ئەو دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت و نۆڤلێتی نووسەرێکی تری فەڕەنسی، کە لەگەڵ کریستیان بوبان سەر بە هەمان خول و سەردەمن، خوێندبێتەوە: نۆڤلێتی “بەفر”ی ماکسێنس فێرمین، ئەوا دەتوانێت پێکگرتنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان ئەو دوو دیمەنەدا درک بکات، کە لە هەردووکیاندا خانمێک هەیە و لە هەردوولاش چارەنووسی ئەم خانمە کەوتنەژێر توێژاڵیک سەهۆڵەوەیە و پاش تێپەڕینی زەمەنێک، هێشتا ڕوخساریان پڕە لە خەندە و ژیان.) هەر ئەم ناڕوونییە لە ژێدا، کە لە دوو دیمەن و شێوەدا خۆی پیشانی ئالبێن دەدات، وا دەکات ئێمە لەنێوان واقیع و خەوندا هەڵبواسرێین، ئالبێن بەرەدەوام، پاش هەر کارێک و چوونە قوتابخانە و… دێتەوە بۆ لای دەریاچەکە و ژێ، بەردەوامیش پێکەوە دەدوێن، بە زمانێک کە داهێنراوی خۆیانە و هەر خۆیشیان دەتوانن تێی بگەن و بیبیستن. ئالبێن گیرۆدەی داوی ئەڤین دەبێت، ژنان ڕامیان کردووە، لە لایەک ژێ لە دەریاچەکەدا، لە لایەک دەزگیرانە نەبووەکەی مامۆستاکەی، کە بەردەوام داوا لە قوتابییەکان دەکات جوانترین نامەی عاشقانەی بۆ بنووسن [زیادتر مەشقە و مەبەست لە نووسینی نامەکان فێرکردنی ئیملایە] و نامەکانی ئالبێن پڕهەستترینن. خوو و خدەی ئالبێن ڕۆژبەڕۆژ دەگۆڕێت، بە جۆرێک، دایکان و باوکان منداڵەکانیان لە هاوڕێیەتیی ئالبێن دەتەکێننەوە و هۆشداری بە دایک و باوکی ئالبێن و مامۆستای گوندیش دەدەن کە ئالبێن شێت بووە، یان بەرەو شێتبوون دەچێت.

ئایا ئەوانەی لەگەڵ خەونەکانیاندا دەژین مەترسیدارن؟

ژێ، بەو خەندەیەوە، خەونێکە بۆ ئالبێن، خەونێک کە تەنها ئەو دەتوانێت وێنای بکات. “ئایا خەندەیەک دەتوانێت ڕێڕەوی ژیان بگۆڕێت؟” ئەمە پرسیارێکە و نووسەر لە گوزەری مەتنەکەیدا ئاڕاستەی دەکات. پێم وا نییە بزەیەک ئەو هێزەی هەبێت ڕێڕەوی ژیان بگۆڕێت، بەڵام بزەیەک لە توانایدایە بە درێژایی هەموو تەمەن لەگەڵ ئەو کەسەدا بژی کە بۆی کراوە. لە تەواوی نۆڤلێتەکەدا ژێ و خەندەکەی وەک خەونێک دەمێننەوە، کەسی تر نایەت و نییە ئەو خەونە ببینێت کە ئالبێن دەیبینێت؛ خەونێک نەک بۆ بەدیهێنان، بەڵکوو بۆ ژیان لەگەڵیدا بینراوە و دەبینرێت. ئەم خەونانە جوانترین و پاکترینن، کە تەنها وەک خەونێکی دەستپێڕانەگەیشتوو و بێباک لە بەدیهێنان دەیانبینین، خەونێک کە تەنها دەمانەوێت لەگەڵیاندا بژین. ئەو خەونانەی نیاز لێیان بەدەستهێنان و پێگەیشتنە، هەم ڕەنجیان دەوێت و هەم ماندووبوون، پیرۆزن، ئەگەرچی بەدەستیش نەیەن و پێشیان نەگەین، بەڵام بوونیان هیوایە بۆ درێژەدان بە ژیانی پڕ لە ڕۆتینات و دووبارە؛ لەبەرانبەردا خەونێک هەیە هیچ نیازێک لەپشتیەوە نییە، تەنها دەمانەوێت لەگەڵماندا بژی و لەگەڵیدا بژین، ئەمە خەونێکە تایبەتتر و جوانتر، هاوکات پاکتریش، تەنها هیی خۆمانە ئەم خەونە و لە خۆماندا دەمێنێتەوە، وەک ئەو خەونەی لە دەستپێکی ئەم یاداشتەدا ئاماژەم بۆ کرد، ئەو خەونەی لە منداڵییەوە لەگەڵمدا دەژی و لەگەڵیدا دەژیم؛ دروست وەک خەونەکەی ئالبێن.

سەبارەت بە زمانی کوردیی ئەم نۆڤلێتە و وەرگێڕانەکەی، بێگومان لە پێگەی بەراوردکارێکەوە نا کە دێڕەکانی بە سەرچاوەی وەرگێڕانەکە بەراورد کردبێت، تەنها وەک ئەوەی تێکستێک چۆن لە زمانی کوردیدا بەرهەم هاتووەتەوە، دەتوانین بڵێین: کوردییەکی جوان و دەوڵەمەند، بە ڕستەی ڕیتمدار و تۆکمەوە، تەڵبژێرێکی ناوازە لە وشە و پەیڤدا، دیتنەوەی دەنگێکی تازە و جدی کە پێشتر پەیی پێ نەبراوە، جێخستنی هەندێک تۆن و نەبرەی جیاواز بۆ کەسی جیاواز (بۆ نموونە دیقەت لە تۆن و نەبرەی قسەکانی فرۆشیاری گەڕۆک بدە لە لاپەڕەکانی: ٥٧، ٥٨ و ٥٩دا)، سەلیقەی سەنگین و وردبینیی جووتیار قارەمان دەردەخەن لە وەرگێڕانی ئەم نۆڤلێتەدا.