گەمژە… ڕۆمانێک بۆ هەموو سەردەمەکان
نووسینی: ئیدریس عەلی
لە پێشەکیی ڕۆمانە بەنێوبانگەکەی دۆستۆیڤسکی، گەورە نووسەری ڕووس (تاوان و سزا)دا، ئەوە خراوەتە ڕوو کە تێکڕای ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی، هەڵگری پرسیارن، هەڵگری توانای بیرکردنەوە و گۆڕینی یەقینەکانن: ئەو بەردەوام لەسەر ئاڵۆزی و نائارامیی ڕۆحی مرۆڤەکان دەوەستێت و توێکارییان تێدا دەکات، هەمیشە لە ڕۆنانی بیروباوەڕە جیاو دژ بە یەکەکاندایە، لەوپەڕی بڕواوە بۆ ئەمسەری گومڕایی و نەهیلیستیەت.
ئەدەبی ڕاستەقینە، چیرۆک و ڕۆمانی نەمر، بۆ سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو نانووسرێن، بەڵکو توانای بڕینی دیواری هەموو سەردەم و قۆناغەکانیان هەیە و لەگەڵ ڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونەکاندا، ئەم ئەدەبەش شان بە شانی مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت بۆ پێشەوە و بەرگریی لە پێگە باڵاکەی خۆی دەکات، بێگومان سەرجەم بەرهەمە ئەدەبییەکانی دۆستۆیڤسکی، لە ڕێی وەرگێڕانیان بە زمانە جیاجیاکانی دنیا، قۆناغ و سەردەمەکانیان بڕیوە و هێشا مایەی تێڕامانی شرۆڤەکارانی ئەدەبین لە سەرتاسەری دنیا، هێشتا لە ڕیزی پێشەوەی ڕەفەی کتێبخانەکاندان و چاوی وردبینیی خوێنەریان لەسەرە، تامەزرۆییەک ئەم نووسەرە لای خوێنەر دروستی دەکات، جیاوازە لە تامەزرۆییەکانی تر، تامەزرۆییەکە لای ئەم، بریتییە لە تێڕامان و قووڵبوونەوە و بەنێو چەمک و ڕەهەندەکاندا، ئاخر ئەو وەک پزیشکێکی شارەزا و بە ئەزموون، مرۆڤ شیی دەکاتەوە، ڕۆدەچێتە نێو ناخ، ڕۆح و سایکۆلۆژیای ئینسانەوە، هونەرمەندانە وێنەی حاڵەتەکان دەکێشێت و ڕووداوەکانی ژیانی چواردەوری خۆی، خەم و خەون و ئازارە ئینسانیەکانی خۆی، لە ڕێی گێڕانەوەوە نەمر دەکات و هاوکات نەمرییش دەبەخشێت بە ئەدەب.
لە ڕاستیدا ڕۆمانی (گەمژە) نموونەیەکی بەرجەسەیە و بە ئاشکرا پێگە بەرزەکەی دۆستۆیڤسکی لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیدا پیشان دەدات: بە درێژایی ڕۆمانەکە وا هەست دەکرێت کە دۆستۆیڤسکی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە مەسەلە مەتریالی و هەستپێکراوەکان، مانا و وردەکارییە ئەقڵانی و سەرنجە شەخسییەکان کۆ بکاتەوە و لەگەڵ ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەدا ئاوێتەیان بکات.
خۆشبەختانە لە لایەن چەند وەرگێڕکارێکی بەتوانا و خاوەن متمانەی ئەدەبییەوە، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە شاکارەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی و ئەو شانسە دراوە بە خوێنەری کورد کە بەهرەمەند بن لە چێژ و قووڵیی ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە مەزنە.
ڕۆمانی گەمژە بە دوو بەرگ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە وەرگێڕە ناودارەکانی کورد (حەمەکەریم عارف) بە شێوەیەکی جوان و سەربجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و هەنووکە لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
دۆستۆیڤسکی، ڕۆمانی گەمژەی لە ساڵی ١٨٦٨ دا نووسیوە، ئەم ڕۆمانە پاش هەردوو ڕۆمانە بەنێوبانگەکەی (تاوان و سزا و قومارچی) نووسیوە، گۆڤاری پەیکی ڕووسیا، لە هەوەڵی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٦٨ کەوتە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی گەمژە، دۆستۆیڤسکی دەربارەی ئەم ڕۆمانەی خۆی دەیگوت: هەرگیز بابەتی لەمە دەوڵەمەندتر و گرینگتری لە هزر و بیری خۆیدا تاوتوێ نەکردووە. بەڵام نەیتوانیوە تەنانەت گوزارشت لە دە یەکی بیروبۆچوونەکانی خۆی بکات.
دۆستۆیڤسکی، لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی شاعیری خۆی، باسی لەوە کردووە کە دەمێکە بیرۆکەیەک ئازاری دەدا، بیرۆکەی وێنەکردنی مرۆڤێکی کامڵ: بە ڕای من هیچ هۆکارێک لەمە ئەستەمتر نییە، پێشتر وێنەیەکی ناجێگیرم لەم بیرۆکەیە خستووەتە ڕوو، بەڵام کەمە.
ڕۆمانەکە باس لە میرێکی ڕووسی دەکات بە ناوی (میشکین) کە بە هۆی باری دەروونی خراپەوە، بنەماڵەکەی دەینێرن بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سویسرا، بۆ ئەوەی لەوێ چارەسەر بکرێت، پاش ئەوەی کەمێک چاک دەبێتەوە و دکتۆرەکەی نامێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ پترسبۆرگ: لەم ڕۆمانەدا دۆستۆیڤسکی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ باس دەکات، وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری (خۆشەویستی، ڕەخنە لە ئایین، سۆسیالیزم، لیبراڵی و ڕووسیا) میوانی ئەم ڕۆمانەن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر، باسی کەسایەتیی ئایدیالیست و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی خراپی خەڵکی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسایەتییانە، دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی گەمژەدا دەیەوێ ئەو پەیامە بە خوێنەر بدات، کە خەڵکی ئایدیالیست و مرۆڤدۆست، هێشتا لەنێو کۆمەڵگەدا، بە خەڵکانی گەمژە یان شێت، دادەنرێن:
لەم ڕۆمانەدا داستانێکی گەورەی خۆشەویستی دەبینین (ناستاسیا فیلوپوڤنا) کچە جوانەکەی شاری پترسبۆرگ، تەواوی ئەم شارە دێوانەی خۆی دەکات، هەر کەس ئەم کچە ببینێت، تووشی داوی خۆشەویستی دەبێت، ئەم کچە دەبێت بە خۆرێک بۆ موشکین و ڕاگوژین، هەردووکیان عاشقی دەبن، هەردووکیشیان دەبنە دوژمنی یەکتری.
هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، کارەکتەرانی نێو ئەم ڕۆمانە، ئەفسانەکانی ڕووسی، ڕەفتاری تایبەت بە خۆیان هەیە، کە لە زۆر ڕووەوە لە بیرکردنەوە و هزرینی ئەمریکاییەکان جیاوازە و چیرۆکەکە لای زۆربەی خوێنەران ناواقیعی و باوەرنەکردەنیە: ڕەنگە جدیترین کێشە لای خوێنەران ئەو وێنەیەی میرزادە موشکین بێ، کە لە لایەن نووسەرەوە پیشان دراوە و بەرجەستە کراوە، موشکین بە پێچەوانەی هەموو کارەکتەرەکانی دیکەوە کەسێکە دێوانە و گەوج و گێل دەنوێنێ، بەڵام لە واقیعدا، زۆر وریا و زیرەکە.
هێنری ترۆیا پێی وایە، سەرانسەری ڕۆمانەکە تاکید لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە کە (ئەقڵی سەرەکی بە تۆپزی بخرێتە قەڵەمڕەوی ئەقڵی لاوەکییەوە) ئەم ئەقڵ و فامە سەرەکییە، کە لە دەرەوەی یاسا و فۆرمۆلی هۆ و ئەنجام و ناکۆکی و هاودژییە، لە دەرێی هاوکێشەی ئەخلاقە، ئەقڵ و فامێکی نادیار و عاتفییە، لە هەر شوێنێکدا تۆو بدرێت، پەشێوی و نیگەرانیی لێ دەکەوێتەوە:
ڕۆمانەکە بریتییە لە زنجیرەڕووداوێکی ناخۆش و کارەساتبار، دیارە هەموو ڕووداوەکان لە لایەن کارەکتەرانی هەستیارەوە، پێشبینی کراون، بەڵام هیچ یەکێک لە ڕووداوەکان، بە ئیرادەوە پشتگیریی لێ نەکراوە.
ئەم ڕۆمانە لە ڕواڵەتدا دڵدارییە، یەکەمین ڕۆمانی ئەڤیندارییە کە دۆستۆیڤسکی نووسیویەتی، وێڕای ئەمەش، ئەو حاڵەتە ئاشقێنیانەی کە تانوپۆی ڕۆمانی گەمژەیان پێک هێناوە، بەها و بایەخی ئەشق و خۆشەویستیی ڕاستەقینەیان نییە، ئەمانە تەنیا کۆسپ و لەمپەرن و دەبێ ببڕدرێن، نەک وێستگەی ئیسراحەت و پشوودان، نەک وێستگەی ئومێدبەخش، ئەم ئەشقانە، تەنیا قۆناغن بەرەو حەقیقەت، خودی حەقیقەت نین: ئەشق لە لای دۆستۆیڤسکی هەرگیز نیشانەی ئاسوودەیی دەروون یان جەستە نییە.
بە دیدی (هێنری ترۆیا) ئەم ڕۆمانە ئاڵۆزە، کە بە ئاسانی شرۆڤە ناکرێ، کە بە ئاسانی پۆلێن ناکرێت و ناخرێتە خانەی هیچ ژانرێکی ئەدەبییەوە، بە ڕادەیەک ڕەخنەگرانی شپرزە کردووە، کە هەندێکیان نەک هەر ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە، بگرە هەر ناویشیان نەبردووە، ئەوەتا (بۆنیت)ی ڕەخنەگر، دەربارەی ئەم ڕۆمانە دەڵێت: خوایە… ئاغای دۆستۆیڤسکی لەم ڕۆمانەدا، کە لە ڕاستیدا خراپترین بەرهەمی ئەوە، چ ڕاوەگۆییەکی نەکردووە، یەک دنیا بابەتی ئەدەبی ئاڵۆز و بێسەروبەر و نامەفهومی بەسەر یەکدا هەڵڕشتووە.
دۆستۆیڤسکی ھەر لە تەمەنی گەنجییەوە بە ئەدەب ئاشنا بووە. لە تەمەنی سێ ساڵیدا داستانی قارەمانانە و چیرۆکی ئەفسانەیی خوێندبووەوە، ھەموو ئەمانە لە ڕێگەی بەخێوکەرەکەیە، ئالێنا فرۆلۆڤنا، کە لە منداڵیدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ھەبوو، کاتێک تەمەنی چوار ساڵ بوو، دایکی فێری کتێبی پیرۆزی کرد تا فێری خوێندنەوە و نووسین بێت. دایک و باوکی جۆرەھا ئەدەبیان پێ ناساند، لەوانە نووسەرانی ڕووسی وەک کرەمزین و پوشکین و دێرژاوین و ئەدەبی گۆتیک، وەک ئان ڕادکلیف، ئەدەبی ڕۆمانسی لەلایەن شیلەر و گۆتەوە، چیرۆکە قارەمانەکانی سێرڤانتێس و واڵتەر سکۆت و داستانەکانی هۆمیرۆس.
دۆستۆیڤسکی باسی لەوە کردووە کە دایک و باوکی ھۆکاری سەرەکیی وابەستەبوونی بوون بە ئەدەبەوە، بە ھۆی ئەو چیرۆکانەی پێش خەوتن بۆیان دەخوێندنەوە. ھەندێک لە ئەزموونەکانی لە منداڵیدا کاریگەرییان لەسەر نووسینەکانی دواتری ھەبوو، کاتێک تەمەنی نۆ ساڵ بوو بینی کچێک لە لایەن پیاوێکی سەرخۆشەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، ئەو ڕووداوە لە مێشکیدا چەقی و بابەتی ئەو پیاوەی دەستدرێژی دەکاتە سەر کچان لە بەرھەمەکانی وەک برایانی کارامازۆف و شەیتانەکان، هاوکات بەرھەمەکانی تری دەرکەوتووە.