كۆندێرا مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ و مۆسیقای تێكه‌ڵ به‌ ڕۆمانی خۆرئاوایی كرد.

كۆچی دوایی كۆندێرا… مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ و مۆسیقای تێكه‌ڵ به‌ ڕۆمانی خۆرئاوایی كرد.

ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند

 

ئێواره‌ی سێ شه‌ممه‌ی ڕابردوو، 11-7-2023، بۆ دواجار میلان كۆندێرا، له‌ ته‌مه‌نی 94 ساڵی و دوای ململانێیه‌كی توولانی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، له‌تاراوگه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی، ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد. به‌مه‌ش جیهانی ئه‌ده‌ب، یه‌كێك له‌ ناوه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كانی خۆی  له‌ده‌ستدا. هه‌واڵی مردنه‌كه‌ی له‌ ڕێگه‌ی “ئانا مرازۆڤا” وته‌بیژی نووسینگه‌ی میلان كۆندێرا، ڕاگه‌یه‌نرا. كۆندێرا یه‌كێك بوو له‌و ئه‌دیبه‌ گه‌ورانه‌ی، به‌رده‌وام‌ ناوی له‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو، ئه‌گه‌رچی زۆرینه‌ له‌و بڕوایه‌دا بوون، ئه‌و شایه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵه‌. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرد و ئه‌و خه‌ڵاته‌ی وه‌رنه‌گرت.

كۆندێرا له‌ یه‌كی نیسانی ساڵی 1929، له‌شاری “بێرنۆ”ی چیكسلۆفاكیا، له‌ دایك و باوكێكی چیكی هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌‌. “لۆدڤیك كۆندێرا”ی باوكی، مۆسیقارێكی بلیمه‌ت بووه‌، له‌ شاری بێرنۆ سه‌رۆكی زانكۆی “جانكیك” بۆ ئه‌ده‌ب و مۆسیقا بوو. میلان له‌ باوكییه‌وه‌ فێری ژه‌نینی پیانۆ بوو، دواتر زانستی مۆسیقا و سینه‌ما و ئه‌ده‌ب ده‌خوێنێت. ساڵی 1952 خوێندنی زانكۆ ته‌واو ده‌كات، له‌ كۆلێژی سینه‌ما له‌ ئه‌كادیمیای پراگ بۆ هونه‌ری نواندن، ده‌بێت به‌ مامۆستای یاریده‌ده‌ر. له‌ ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌یدا، شیعر و وتار و شانۆنامه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و له‌ چه‌ندین گۆڤاری ئه‌ده‌بیدا كاری كردووه‌.

ساڵی 1948، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی 18ساڵی و هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا، په‌یوه‌ندی به‌ ڕێزه‌كانی حیزبی شیوعییه‌وه‌ ده‌كات. به‌ڵام كۆندێرا و “جان تراڤۆلكا”ی نووسه‌ر، به‌هۆی مه‌یل و ویستی تاكایه‌تیانه‌وه‌، له‌ رێزه‌كانی حیزب ده‌رده‌كرێن. كۆندێرا ساڵی 1956 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕیزه‌كانی حیزب. پاشان ساڵی 1970 جارێكی دی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌، له‌ ڕێزه‌كانی حیزب ده‌رده‌كرێته‌وه‌.

ساڵی 1953 یه‌كه‌مین دیوانی شیعری بڵاوده‌كاته‌وه‌، وه‌لێ گرنگی و بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێنه‌درا. كۆندێرا ته‌نها ساڵی 1963 وه‌ك نووسه‌رێكی گرنگ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی به‌ ناونیشانی “دڵداری پێكه‌نیناوی/ Smesne lasky”. ئه‌و ساڵی 1968، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت یۆگسلافیای داگیر كرد، كۆندێرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت “به‌هاری پراگ”، بووه‌ كه‌سێكی خۆشی له‌خۆنه‌دیوو و  وه‌زیفه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات. پاشان به‌هۆی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ، به‌ ناچاری له‌ ساڵی 1975، له‌گه‌ڵ “ڤێرا”ی هاوسه‌ری كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی چیك، پیشكه‌شكارێكی سه‌ركه‌وتووی به‌رنامه‌كان بوو، وڵاته‌كه‌ی به‌جێده‌هڵێت و له‌ فه‌ره‌نسا ده‌گیرسێته‌وه. له‌وێ له‌ زانكۆی رین، وه‌ك مامۆستای یاریده‌ده‌ر كار ده‌كات.

ئه‌م نووسه‌ره‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1978 له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی، ڕه‌گه‌زنامه‌ی لێ وه‌رده‌گرنه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ساڵی 1981، له‌ فه‌ره‌نسا وه‌ك په‌نااهه‌نده‌یه‌ك، داوای ڕه‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسی ده‌كات و وه‌ریده‌گرێت. به‌ڵام دوای 40 ساڵ ڕه‌گه‌زنامه‌ چیكییه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بووه‌ته‌ خاوه‌نی دوو ڕه‌گه‌زنامه‌: چیكی و فه‌ره‌نسی.

ساڵی 1995، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی 66 ساڵیدا، بڕیار ده‌دات به‌ زمانی فه‌ره‌نسی بنووسێت و یه‌كه‌م ڕۆمانی به‌و زمانه‌ و به‌ ناونیشانی “هێواش‌/ البطء” بڵاوده‌كاته‌وه‌. كۆندیرا یه‌كێك بوو له‌و نووسه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی تا له‌ ژیاندا بوو، ساڵی 2011، به‌رهه‌مه‌كانی خرایه‌ ڕێزی كۆمه‌ڵه‌ی  (لی پلیاد La Pleiade)ی به‌ناوبانگه‌وه‌.

له‌ كۆمۆنیسته‌وه‌ بۆ دژه‌كه‌ی

كۆندێرا پێشتر كۆمۆنیست بوو، به‌ڵام خاوه‌نی فیكر و بیركردنه‌وه‌ی ئازاد بوو. ئه‌مه‌ وایكرد ورده‌ ورده‌، ناكۆكی نێوان خۆی و ده‌سه‌ڵاتدارانی چیكۆسلۆڤاكیا، زیاد بكات و ته‌شه‌نه‌ بسێنێت. لێره‌وه‌ دوای سه‌ركوتكردنی “به‌هاری پراگ” له‌ ساڵی 1968 به‌ ده‌ستتێوه‌ردانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، كۆندێرا بڕیار ده‌دات وڵاته‌كه‌ی به‌جێبێڵێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی زادگای له‌دایكبوونی ژیان به‌سه‌ر ببات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وڵاتی فه‌ره‌نسا هه‌ڵده‌بژێرێت و تێیدا نیشته‌جێ ده‌بێت. ڕه‌خنه‌گرنی كۆندێرا، ئه‌م ڕۆشتنه‌ی بۆ فه‌ره‌نسا، ده‌قۆزنه‌وه‌ و به‌وه‌ تاوانباری ده‌كه‌ن له‌و كاته‌ی ڕووی له‌ فه‌ره‌نسا كردووه‌، له‌ هاوڵاتییه‌ (چیكییه‌كان) و له‌ نه‌یارانی ڕژێمی كۆمۆنیستی، دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت گۆڤارێكی چیكی له‌ ساڵی 2008، كۆندێرا به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی كۆمۆنیستیدا، سیخوڕی پۆلیس بووه‌. بێگومان كۆندێرا هه‌مو ئه‌وه‌ی ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌ و به‌ “درۆ و ده‌له‌سه‌” وه‌سفی كردووه‌.

كۆندێرا ڕازی نه‌بوو به‌رهه‌مه‌كانی كه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی بڵاویده‌كرده‌وه‌، وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانی چیكی. ته‌نها دوای ساڵی 2019 نه‌بیت؛ كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ چیكییه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕێندرایه‌وه‌، ڕه‌زامه‌ندی بۆ ئه‌وه‌ ده‌ربڕی. كۆندێرا پێش‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ڕایگه‌یاند چیتر نانووسێت، هۆكاره‌كه‌ی له‌وانه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌وه‌ هه‌بێت، یان پێی باش بووه‌ ئیدی بێده‌نگ بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی داناكان ده‌یكه‌ن، كاتێك هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌جه‌لیان نزیكبووه‌ته‌وه‌.

هونه‌ری ڕۆمانی ئه‌وروپی

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی كه‌لتووری”حه‌سونه‌ ئه‌لمسباحی” پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ تونس، كتێبێكی به‌ ناونیشانی “میلان كۆندێرا و هونه‌ری ڕۆمان و ئه‌وروپای ناوه‌ڕاست” بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌لمسباحی له‌و كتێبه‌یدا، هه‌وڵده‌دات ڕۆماننووس و ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگی چیك “میلان كۆندێرا” به‌خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب بناسێنێت. نووسه‌ر له‌ ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌یدا، پێیوایه‌ كۆندێرا، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ تاراوگه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌یه‌وه‌ ڕۆمانه‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه‌، هیچ شتێكی تازه‌ی وروژینه‌ری ئه‌وتۆی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌زموونی داهێنه‌رانه‌ی كۆندێرا، په‌یوه‌ست بوو به‌ ڕیسواكردنی بۆ ڕژێمی كۆمۆنیزم. هه‌ر بۆیه‌ دوای ڕوخان و هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، چیتر شتێكی نه‌بوو شایه‌نی گرنگی و بایه‌خ پێدانبێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ به‌ زمانی مۆلێر (فه‌ره‌نسی) ده‌ینووسین، نه‌یده‌توانی خۆی له‌ ده‌رهاویشته‌كانی قۆناغی ستالینیزم به‌دووربگرێت.

حه‌سونه‌ ئه‌لمسباحی پێیوایه‌ ڕه‌خنه‌گره‌ گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسا، ڕۆمانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كۆندێرایان پشتگوێ ده‌خست. بۆ ئه‌وه‌ نموونه‌ به‌ ڕۆماننووسی فه‌ره‌نسی “بیار ئاسۆلین” ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ پێداگری كردووه‌ له‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كۆندێرا، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆندێرا: “به‌ شێوه‌یه‌كی خراپ بیرده‌كاته‌وه‌”. وه‌لێ دانه‌ری كتێبه‌كه‌، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ كۆندێرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ فه‌ره‌نسا، له‌ میانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی:”هونه‌ری سینه‌ما”، “وه‌سیه‌ته‌ غه‌درلێكراوه‌كان”، “په‌رده‌/ الستارة”، وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێكی لێهاتوو ده‌ركه‌وتووه‌. كۆندێرا ئه‌و كتێبانه‌ی بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕۆمانی ئه‌وروپی ته‌رخانكردووه‌، له‌ ڕابیلییه‌ و سارڤانتس-ه‌وه‌ بۆ فرانز كافكا و هێرمان برۆگ. كتێبه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ كۆندێرا ڕۆشنبیرییه‌كی ئینسایكلۆپیدیای فراوانی ده‌رباره‌ی ڕۆمان و مۆسیقا و فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو هه‌یه‌.

هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی

دڵداری پێكه‌نیناوی 1963

گاڵته‌‌/ المزحة 1965

پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ 1978

نه‌مریی (ڕۆمان) 1988

ژیان له‌ شوێنێكی دیكه‌یه‌

شوناس

خه‌ڵات و ڕێزلێنانه‌كانی

خه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نه‌مسا بۆ ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی 1987.

خه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی چیكی بۆ ئه‌ده‌ب 2007.

خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی: “سینۆ دیل دۆكا” 2009.

خه‌ڵاتی “ئۆڤید” له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نووسه‌رانی ڕۆمانیا و په‌یمانگای كه‌لتوری ڕۆمانی 2011.

خه‌ڵاتی “فرانز كافكا”ی چیكی 2020.

دواجار به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌، بۆ زیاد له‌ چل زمان وه‌رگێڕدراوه‌، له‌وانه‌ش ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی كوردی

ئاهه‌نگی بێمانایی

هونه‌ری ڕۆمان

ژیان له‌ شوێنێكی دیكه‌یه‌

وتووێژی فلیپ رۆس له‌گه‌ڵ میلان كۆندێرا

سوكه‌ڵه‌یی له‌ تاقه‌تبه‌ده‌ری بوون

 

سه‌رچاوه‌

ماڵپه‌ڕی لجزیره‌ نیت

سێ نووسین له‌ رۆژنامه‌ی “الشرق الاوسط”