کتێبێک ئاشنامان دەکات بە چەمکی سێکس لە ئەدەبدا
کتێبێک ئاشنامان دەکات بە چەمکی سێکس لە ئەدەبدا
ڕانانی: ئیدریس عەلی
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبی “ئەدەب و سێکس؛ نووسینە شەرمهێنەرەکان”دا بە ناوی “نووسینە شەرمهێنەرەکان و گەنجینەی ئەدەبی،” باس لەوە کراوە کە تەمەنی مێژووی ئەدەب یەکسانە بە تەمەنی مێژووی ئیرۆتیسم. سەردەمی ڕۆمانتیک پڕە لەو نووسراوە و شیعرە عاشقانانە، بە شتە ڕووتە ڕەشۆکی و ڕۆژانەکان، یان بێ ئەو شتانە، بەرهەمی ئیرۆتیسم تایبەت نییە بە کۆمەڵگەیەکی تایبەت، لە شێوەکاریی سەر دیوارەکانی “کاتۆلۆسی” ڕۆمی و شارستانییەتە گەورەکانی ترەوە بگرە، تا دەگاتە “ئاورەنگ”ی ژاپۆنی دژ بە ئەخلاق، هەموویان بەڵگەن بۆ ئیرۆتیسمی ئەدەبی: ئیرۆتیسمی ئەدەبی تەنها ئەوە نییە بپەرژێتە سەر دەقە سێکسی و چێژبەخشەکان، ڕەنگە “سەرگەرمی” لایەنێک بێت لە لایەنە جیاوازەکانی ئەم بەرهەمانە، ئەو بەرهەمانە بە باسکردن لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان زانیارییان بە خوێنەر دەبەخشی، هەندێک جار دەبن بە هۆی بەهێزبوونی سیستمی پیاوسالاری و بەتەواوی دژەژنن، هەندێک جار نۆرم و تابۆکان دەشکێنن، هەندێک جار کۆنسێرڤات و هەندێک جار ڕادیکاڵ و هەندەێک جار ئاوێتەیەکن لەم دووانە.
بابەتێکی دیکەی نێو ئەم کتێبە لەژێر ناوی “نووسینی ئەدەبی لەسەر سێکس، ئایا داهێنانە یان تەنها نووسینێکە بۆ ورووژاندن؟” کەریم جەزائیری نووسیویەتی و لەلایەن “هەورامان وریا قانع”ەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی؛ لەم نووسینەدا نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕەنگە ئەو پرسیارەی سەرەوە تا ڕادەیەک کۆن و سواو بێت، چونکە مرەکەبێکی زۆری تێدا بەکار هاتووە و چەندین جەنگی فیکری لەنێوان لایەنگران و نەیارانی ئەم جۆرە نووسینەدا هاتووەتە ئاراوە، پاساوی لایەنگران ئەوەیە، کولتووری عەرەبی بە درێژایی مێژووە دوورودرێژەکەی، لە “امرو القیس”ەوە تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆمان، ژمارەیەکی زۆر دەقی نەمری لەخۆ گرتووە، کە تیایدا سێکس بابەتی سەرەکی بووە، یان سێکس بە شێوەیەکی بەهێز و بەرچاو ئامادە بووە، هەروەها خودی زمانی عەرەبی لە هەموو زمانەکانی دیکەی جیهان زیاتر بە جەستە و بە ئارەزووە سێکسییەکاندا هەڵی داوە، بەڵام پاساوی نەیارەکانی ئەوەیە، ئەم جۆرە نووسینە لەگەڵ ئەخلاق و بەهاکانی کۆمەڵگەدا ناکۆکە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئاینی ئیسلام فەرمانمان پێ دەکات خۆمان داپۆشین، لێرەوە ئەوانە پێیان وایە ئەو جۆرە نووسینە ناچێتە چوارچێوەی ئەدەب و داهێنانەوە، بەڵکوو ئەوە دەربڕینێکی نەخۆشە سەبارەت بە بێئەدەبی: دەکرێت لە سەردەمی گەشەکردنی کولتووری عەرەبی ئیسلامیدا چەندین نموونە لەسەر کرانەوەی ئەو کولتوورە بە ڕووی جۆرە جیاوازەکانی داهێناندا بهێنینەوە، دەکرێت نووسین لەسەر سێکس و بەکارهێنانی فەرهەنگی سێکسی عەرەبی بە باشترین شێوە، جۆرێک بێت لەو جۆرانەی داهێنان، کە هیچ جیاواز نییە لە داهێنانەکانی دیکە، لەوانەیە ئەدەبێکی باش یان خراپ بێت، بەڵام لە ڕوانگەی تێڕوانینێکی ئەخلاقی یان ئاینییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاساکانی ڕەخنەوە هەڵدەسەنگێنرێت، کە بەسەر جۆرەکانی دیکەی نووسیندا جێبەجێ دەکرێت.
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە “فێمینیزم و کولتووری گشتی،” ئەم بابەتە “دومینیک ئەستریناتی” نووسیویەتی و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ “ڕێبین هەردی”یەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، نووسەر لە دەستپێکی بابەتەکیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە زیادبوونی تێبینیکردنی ئامادەبوونی ژنان لە کولتووری گشتیدا لەناو بواری لێکۆڵینەوەی کولتووری و کۆمەڵناسیی کولتووریدا، بەشێکە لە ژیانەوەی فراوانتری فێمینیزم و تیۆرەی فێمینیستی؛ فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری و ئاڕاستەیەکی سیاسی مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام دەرکەوتنی بزووتنەوەی تازەی ژنان لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠ بەدواوە، کە بە شیکردنەوە و ڕەخنەی چۆنێتی و هزری هەڵسوکەوتی کولتووریی گشتی و دەزگەکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ ژناندا و ئامادەبوونیان بە شێوەیەکی بێویژدانانە، نادادپەروەرانە وەبەرهێنەرانە هەڵساوە لە چوارچێوەی هەمەکیی تری نایەکسانیی دوو ڕەگەز و سەرکوتی ژناندا: زۆرێک لە شیکردنەوەی ناوەرۆکی چەندایەتی ئەوەیان دەرخستووە، کە ژنان دەگمەن لە میدیادا دەردەکەون، چ لە وێنەی هاوسەر، دایک، کچ، دەزگیران، یان لە قاڵبی ئەو کارانەدا کە بە شێوەیەکی تەقلیدی ژنانەن (سکرتێر، پەرستار، کارمەندی بەشی پێشوازی)، یان تەنانەت وەک شتێکی سێکسی، سەرەڕای ئەمە، ژنان بەگشتی گەنج و جوانن، بەڵام زۆر خوێندەواریان نییە، لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکان لەبارەی دەروونناسیی ناسینەوە ئەم تیۆرەیە دەسەلمێنێت، کە میدیا بە شێوەی دەزگا کار دەکەن وەک خێزان و بەتایبەتی منداڵان فێری دەوری جنسیی گونجاو دەکەن و ڕەفتاری گونجاو تەقدیس دەکەن… خەڵکی بەگشتی بڕوایان وایە میدیا چوارچێوەکانی دەورە جنسییەکان بەهێز دەکەن، چونکە ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکانن، هەروەها لەبەر ئەوی بەرهەمهێنی بەرنامەکان لە میدیادا، کە پیاون، لەژێر کاریگەریی ئەم قاڵبانەدان.
لە ڕاستیدا ئەم کتێبە پێمان دەڵێت یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی کولتووری گشتی، کە سەرنجی فێمینیستەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا، پڕوپاگەندە و پیشاندانی ژنانە تیایاندا: بزووتنەوەی ژنان لە هەمان سەرەتاوە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە و زۆر جار بەتووڕەییەوە کاردانەوە بەرامبەر ئەو شتە پیشان دەدات کە ناوی ناوە “جیاوازیی ڕەگەزی میدیاکان،” پێدەچێت پڕوپاگەندە یەکەمین ئامانجیان بووبێت و بتی فریدان بەشێکی گەورە لە بەرهەمەکەی خۆی بە ناوی “ڕەمزەکانی ژنان”ەوە بۆ شیکردنەوەی ناوەرۆکی گۆڤارەکانی ژنان و ڕەخنەی پڕوپاگەندە و پراکتیکەکانی لێکۆڵینەوە لەبارەی بازاڕەوە تەرخان کردووە.
بەگشتی، ئەم نووسینە کورتە هەوڵێکی گچکەیە بۆ پیشاندانی لایەنێکی کەمی گرنگیی ئەم کتێبە، بێگومان خوێنەری وریا و چاوکراوە لە ساتی خوێندنەوەیدا بەر دەروازە و پانتایی و ڕەهەندی گەورەتر دەکەوێت؛ ئەم کتێبە ڕاستە بە قەبارە گچکەیە، بەڵام خاوەنی ناوەرۆکێکی گەورە و زیندووە، چونکە دەستی بۆ بابەت و چەمکێکی هەستیار بردووە لە ئەدەبیاتدا، کە ئەویش بابەتی سێکسە. ئەم بابەتە، وەک لەم کتێبەدا بۆمان دەردەکەوێت، مێژوویەکی دێرینی هەیە و سێکس بەلای شاعیرانەوە بابەتی داهێنان و قسەلەسەرکردن بووە، هاوکات دژبەر و نەیاری تایبەت بە خۆیشی هەبووە، لەم کتێبەدا نموونەگەلی بەرچاو خراونەت ڕوو، کە چۆن سێکس لە پانتایی ئەدەب و تێکستە شیعرییەکانی شاعیراندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە ئەم حاڵەتە تەنها لە چوارچێوەی ورووژاندن و هەستێکی کاتیی چێژبەخشدا بووە و بەدەرە لە دنیای داهێنانی ئەدەبی، بەڵام لایەنگرانێکیش هەن، بەرمەبنای تیۆر و ڕاڤە و خوێندەوە ڕەخنەیی زانستی و ئەکادمییەکان، وەک داهێنانێکی ئەدەبی و شیعری سەیری ئەم بابەتە دەکەن و خوێندنەوەی تایبەتیان بۆی کردووە، بێگومان ئەم دیاردەیە، واتە تەوزیفکردنی سێکس لە ئەدەبیات و شیعردا، دیاردەیەکی جیهانییە و تایبەت نییە بە کولتوور، یاخود کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە.
بێگومان زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم، زنجیرەکتێبێکی گرنگ و بەبەهای دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، دۆسیەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبانە هەمەڕەنگن، بەڵام لە یەک خاڵدا لەیەک دەچن، ئەویش گرنگیی بابەتەکانە بۆ خوێنەر، چونکە بەشێک لە دۆسیەکانی ئەم زنجیرەیە، نووسەر، ڕۆشنبیر، هزرمەند و فەیلەسووفان تیایدا لەسەر بابەت یاخود چەمکێکی دیاریکراو نووسیویانە و بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەیەوە خستووەتە ڕوو.
ئەم کتێبەش، واتە “ئەدەب و سێکس؛ نووسینە شەرمهێنەرەکان،” یەکێکە لە دۆسیەکانی ئەو زنجیرە دووروێژەی ساڵانێکە بە شێوەی کتێب چاپ دەکرێت و پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی دەکرێت. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠١٨ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کۆمەڵێک نووسەر و هزرمەندی جیهانی نووسیویانە و لەلایەن باشترین وەرگێڕکارانی کوردەوە وەرگێڕراونەتە سەر زمانی کوردی. بەکورتی، ئەم کتێبە کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و کۆمەڵێک وەرگێڕ کاری وەرگێڕانیان بۆ کردووە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: نووسینە شەرمهێنەرەکان و گەنجینەی ئەدەبی، نووسینی ئەدەبی لەسەر سێکس، سێکس لە شیعرە سەرەتاییەکانی دی. ئێچ. لۆرانس دا، لاماییا، فێمینیزم و کولتووری گشتی.