پەڕینەوە بەسەر “پردی ئارتا”دا
پەڕینەوە بەسەر “پردی ئارتا”دا
یاداشتێک دەربارەی کتێبی “ڕێژیسۆر و نمایش: لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم”
بەختیار حەمەسوور
“ئەزموون” ئەو ناوەیە کە کەسێک، لە هەر پێگەیەکدا بێت، ساڵانێک سەرقاڵی کارێک دەبێت و پاشتر لە شێوەی نووسراوێکدا، کە خۆبەخۆ دەچێتە خانەی “یادەوەری”یەوە، دەینووسێتەوە، یاخود گەر توانای نووسینەوەشی نەبوو، ئەوا ڕەنگە بە شێوەی زارەکی باس لەو ئەزموونەی بکات، ئیدی لە بەرنامەیەکی تۆمارکراودا بێت، یاخود لە کۆرس و پۆدکاستێکدا. هەڵبەت لەو نێوانەشدا زۆرێک هەن بە هیچکام لەو دوو ڕێگەیە ئەزموونەکەیان دەرنابڕن و بە مردنیان، ئەو ئەزموونە و گرنگییەکانی لەبەین دەچن؛ ئەمە بەتایبەت بۆ کەسانێک کە پێشەنگ و داهێنەرن، دەچێتە خانەی خەتا و حەیفەوە. بۆ نموونە با بیر لە “گۆران”ی شاعیر بکەینەوە، لە ڕۆڵ و پێگەی قورسی ئەو لە نوێکردنەوە و پێشەنگێتییدا لە بواری شیعر، چەند گرنگ دەبوو گەر گۆران ئەزموونی داهێنانی خۆی، ئەوەی چۆن بیری لە تازەکردنەوەی شیعر کردووەتەوە، بەوردی نووسیبایەتەوە، پاشتر ئەگەر گۆران، یان هاوچەشنانی ئەو، ئەو کارەی بکردایە، وێڕای ئەوەی بەرچاوڕوونیی دەدا بە ئەدیبان و خوێنەرانی، هاوکات دەبووە کۆمەک بە تێکڕای ڕەخنەگران و توێژەرانی شیعری کوردییش.
لە نووسینەوەی ئەزمووندا، وێڕای ئەوەی نووسەرەکە کۆمەڵێک یادەوەریی خۆی لە فەرامۆشی و ونبوون دەپارێزێت، هاوکات بەو کارەش خزمەتێکی گەورە بە خوێنەران و کەسانێک دەکات، کە لەو بوارەی ئەودا هەڵدەسووڕێن، ئەمە بۆ کایەی “ئەدەب و هونەر،” بە سەرجەم لقوپۆکانیەوە، بایەخەکەی چەندقات دەبێتەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەو کتێب و نووسراوانەی بە ناوی “ئەزموون”ەوە بڵاو دەبنەوە هێجگار گرنگن، بەتایبەت بۆ کەسانێک تازەکی دێنە ئەو بوارانەوە؛ بەڵام ئایا هەموو ئەزموون و یادەوەرییەک بە هەمان پێودانگ جێی بایەخن و شیاو بە خوێندنەوەن؟ بێگومان نەخێر؛ مەرج نییە هەموو ئەزموونێک سوودبەخش بێت، ئەزموونێک کە بێ ئەوەی تەنانەت کەسەکەش لە نزیکەوە بناسین، دەزانین ئەزموونێکی بێخەوش و سەرڕاستی هەبووە لەو بوارەی وا کاری تێدا کردووە، بە تەماشاکردنی کارەکانیدا، بە سیڤی کەوتن و سەرکەوتندا دەزانین گەیشتووەتە پلە و ئاستێک، کە نەک تەنها لەسەر ڕووبەرێکی بچووک و دیاریکراو، بەڵکوو توانیویەتی سنوور و جوگرافیا و پانتاییەکان ببڕێت و وەک ناوێکی درەوشاوە لەسەر لووتکەیەک ڕابوەستێت، لەوێوە، لەسەر ئەو لووتکە گەشەوە، باس لە ئەزموونەکەی خۆیمان بۆ بکات، بێگومان ئەوە ئەو “ئەزموون”ەیە کە شیاو بە خوێندنەوە و لەسەروەستانە.
کتێبی “ڕێژیسۆر و نمایش: لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم،” لە نووسینی شانۆکاری بەئەزموون “د. فازڵ جاف،” لە نموونەی ئەو کتێبانەیە کە لە ڕێی جووڵاندن و بزوواندنی “یادەوەری”یەوە ئەزموونێک دەگێڕێتەوە بۆمان، لێوانلێوە لە ئومێد و وزە و هەوڵی بێپسانەوە و ماندوونەبوون، تاکوو گەیشتن بە خەون و ئاواتێک. لەم کتێبەدا کۆشش و جۆششی سەرەتاکانی گەنجێک دەخوێنینەوە لە کایەی شانۆدا، کە هەر لە سەرەتاوە چاوی لە جێیەکی تر و خاڵێکی تر بووە، بۆ ئەو ئاسۆیەش، گەرچی دووریش بووە، لە هەوڵدا بووە. بۆ بڕینی ئەو ڕێیە، لە دووتوێی لاپەڕە و دێڕەکانی ئەم کتێبەدا ئەو تەنگوچەڵەمانە دەخوێنینەوە کە هاتوونەتە ڕێی. “کۆڵنەدان” سەرناوێکی زۆ بەجێ و گونجاوە بۆ ئەو کاتەی دوایین دێڕەکانی ئەم “ئەزموون”ە تەواو دەکەین؛ کۆڵنەدانێک، کە بەرهەمی ئارەقەڕشتنی ڕۆحە، ڕەنگە هەندێک جار سیزیفئاسا بێتە پێشچاو، بگوترێت ئەمە بۆ، ئەم گشتە ڕەنجە و ئەم ناڕەحەتییانە بۆ، بۆ دەبێت ئینسان نەسرەوێت و لە شوێنێکدا ئارام نەگرێت و وەک ئەوانی تر چێژ لە ژیانی هەر ڕۆژەی خۆ ببات؛ بەڵام نا، مرۆڤ کە خەونی هەبوو، ناتوانێت بسرەوێت، ناتوانێت ئارام بێت، بەڵکوو خودی گەیشتن و بەدەستهێنانی ئەو خەون و ئاواتە ئامانجەکەیە و هەموو شتێکە بۆ ئەو. د. فازڵ جاف لەم کتێبەدا ڕاستەوخۆ ئەوانە ناڵێت، بەڵام لە باکگراوندی (پشتینە) کۆی وشەکانیدا ئەو پەیامە نووستووە لە بوونیادنانی کەسێتییدا، لە کارەکانیدا، لە بەردەوامییدا، لە نوچدانیدا ئەوانە دەبینرێتەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی کتێبەکە، سەرەڕای ئاشناکردنمان بە مێژوویەکی کەم لەسەر گوتراوی شانۆ لە کوردستاندا، کە دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیستەمە، هاوکات پەنجەرەی ئەزموونێکیش بە ڕووماندا واڵا دەکرێت، کە بەوپەڕی ئەڤین و تاسەوە بۆ کایەکەی خۆی، کە شانۆ و دەرهێنانە، دەجەنگێت و یەک یەک کۆسپ و بەربەستەکان دەبەزێنێت.
کتێبەکە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی چل ساڵ لەمەوبەری نووسەرە، ئەوکات هەنگاوە یەکەمینەکانی خۆی لە شانۆدا هەڵناون، لە خۆپێگەیاندن و خۆدەوڵەمەندکردندا بووە بە هەموو کایە مەعریفی و ڕۆشنبیرییەکان، تاکوو بیخاتە خزمەتی شانۆ و دەرهێنانی شانۆییەوە.
ستانیسلاڤسکی و مییرهولد
یەکێک لە لایەنە گەش و چێژبەخشەکانی ئەم کتێبە، تێکەڵکردنی یادەوەری و تیۆرە؛ نووسەر بەردەوام لەنێوان کارە پراکتیکییەکان و هاوکات یادەوەریی ئەو ڕۆژانەدا لەگەڵ کەسەکان و ستافی شانۆکانیدا، هەوڵی داوە جۆرێک تیۆرسازییش بکات، بە واتایەکی تر، لە ڕێی تیۆرەوە هەڵسەنگاندن بۆ یادەوەرییەکانی بکات، بەمەش هەم خوێنەر و هەم کەسانی شانۆکاریش بەرچاوڕوونییەکی زیاتریان لە کۆی ئەزموونەکە دەبێت. د. فازڵ جاف لە زۆر جێی ئەم کتێبەدا بۆ نووسەرە گەورە جیهانییەکانی بواری شانۆ دەگەڕێتەوە، بەدیقەتەوە لەگەڵ بەرهەم و تێڕوانینەکانیدا مامەڵە دەکات، بۆیە دەبینین زۆر ناو هاتوون، کە تاکوو ئەمڕۆش بەرهەم و بۆچوونەکانیان لە کایەی دەرهێنان و خوێندندا برەویان هەیە، بەتایبەت دوو نووسەر ئەمپەڕ و ئەوپەڕی کتێبەکەیان داگیر کردووە، دوو نووسەر کە ئامادەییان لە بازنەی دەرهێنان و ڕۆڵی ئەکتەر و دەرهێنەردا زۆر ورد و بەجێیە، ئەوانیش “ستانیسلاڤسکی” و “مییرهولد”ن. لە یەکەم کاری جدیی خۆیدا، “پردی ئارتا،” کە ساڵی ١٩٧٨ لە سلێمانی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و نمایش کراوە، تاکوو کارەکانی دواتری، هەوڵی داوە لەژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی ئەو دوو شانۆکار و دەرهێنەرە گەورەیەدا تاوتوێیان بکات، لایەنە لاواز و سەرکەوتووەکانی ئەزموونەکەی خۆی بخوێنێتەوە، ئەو گرفت و کورتهێنانەی لەو دەمەدا تووشیان هاتووە، ئێستا لەژێر وردبینیی ئەو دوو نووسەرەدا هەڵبسەنگێنێت.
د. فازڵ جاف لە گوزەری گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا بەوپەڕی ئازایەتییەوە پێ لە هەڵەوپەڵەکانی خۆی وەک تازەکارێک لە بواری شانۆدا دەنێت، ئەمەش ڕاستگۆیی ئەم دەرهێنەرە دەردەخات، هاوکات ئەوەش دەسەلمێنێت، هیچ ئەزموونێک بێ شکست و کەوتن و هەڵنووتان نابێت و ناکرێت. دیوێکی دیکەی ئەم گێڕانەوانە، ئەوەیە ئەم هونەرمەندە بە عەشقێکی گەورە و قووڵەوە ئاوقای ئەم هونەرە بەرزە دەبێت، لەو تەنگژە و چەڵەمانەی دێنە ڕێی و ڕێی پێ دەگرن، ناسڵەمێتەوە و تێیان دەپەڕێنێت، چونکە ئەو چاوی لە ئاسۆگەی بەرز و گەشە.
شێرکۆ بێکەس و محەمەد موکری
لەمیانی گێڕانەوەی بەکاوەخۆی یادەوەرییەکانیەوە، د. فازڵ جاف کۆمەڵێک ناوی هونەرمەند و نووسەر و دیکۆراسیۆن و موزیکدانەر، چ کورد، چ بێگانە، دەهێنێت و شێوازی کارکردن و کاتیکردنیان لەسەر خۆی دەگێڕێتەوە. بەگشتی لە هێنان و بانگهێشتکردنەوەی ئەو ناوانەدا، خوێنەر دەتوانێت کۆمەڵێک سەرەداو گەڵاڵە بکات، کە لە بەراییدا بوونی جۆرێک لە کاری پێکەوەییە، کە چۆن کاری شانۆ کاری تاکەکەسی نییە و هەمیشە بە بوونی هاوبەشیکردن و پێکەوەیی کۆمەڵێک هونەرمەند و نووسەر و دەرهێنەر و… دەڕواتە پێشەوە؛ خاڵێکی تر کە دەتوانین ئەوەی لێ هەڵبگۆزین، ئەوەیە مەرج نییە ئەو کەسانەی ئێمە کاریان لەگەڵدا دەکەین، هەموویان لە یەک ئاست و پێگەدا بن و وەک یەکیش دڵسۆز و خەمخۆر بن، بۆیە دەبینین زۆر جار توندی و گرژی دروست دەبن، بەوەش لە کوالیتیی کارەکە و سەرکەوتنی دادەشکێت، بگرە ڕەنگە هەر لە بنەڕەتەوە پەکی بخات و نەتوانێت بگاتە نمایش. د. فازڵ جاف لە یادەوەریی شانۆیی خۆیدا بەر هەردوو تایپەکە کەوتووە، ئێمە لێرەدا نموونەیەک بۆ کاری پێکەوەیی سەرڕاستانە و ڕاستگۆیانە دەهێنینەوە، ئەویش کارکردنی ئەم دەرهێنەرەیە لەگەڵ هەردوو نووسەری دیاری ناو ئەدەبی کوردی، شێرکۆ بێکەس و محەمەد موکری.
کاری د. فازڵ جاف لەگەڵ ئەو دوو نووسەرەدا لە یەکەم کاری شانۆییدایە، ئەویش “پردی ئارتا”یە، کە لە سلێمانی و بە هاوکاریی تیپی نواندنی سلێمانی نمایش دەکرێت؛ ئەم دوو نووسەرە ئەم دەقە شانۆییەی “جۆرج سیۆتۆکا”ی نووسەری یۆنانی وەردەگێڕن، دەتوانین بڵێین ئەم هەماهەنگییەی نێوانیان نموونەی لێکتێگەیشتن و سەرکەوتنە، بۆیە دەبینین دەنگدانەوەی ئەم نمایشە لەو ڕۆژگارەدا دەبێتە جێی مشتومڕ و کۆڕ و قسەی هەمەلایەن. دواتر ئەم دەرهێنەرە لە بەردەوامیی ئەزموونەکەیدا چەند کاری تر، وەک وەرگێڕان، دەسپێرێت بە شاعیر شێرکۆ بێکەس و ڕوو لەو دەنێت تا هاوکاریی بکات، ئەویش لە وادەی دیاریکراودا وەرگێڕانەکانی بۆ تەواو دەکات و پاشتریش سەرکەوتووانە نمایش دەکرێن. بێهۆ نییە کاتێک یەکەم لاپەڕەکانی ئەم کتێبەکە هەڵدەدەینەوە، دەگەین بەم پێشکەشکردنە: “پێشکەشە بە گیانی: شێرکۆ بێکەس، کە بەڕاستی دراماتۆرگی ئەم قۆناغەی گەشتی ڕێژیسۆریم بوو، بە دڵ و بە گیانیش پاڵپشت و هاوکارم بوو.”
هەر لێرەدا دەتوانین بە ڕازی ژێرناوی ئەم کتێبە: “لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم” بگەین؛ نووسەر سەرەتاکانی لە سلێمانییەوە دەست پێ دەکات و لە ستۆکهۆڵم درێژە بە کاروانەکەی دەدات. بۆیە دەبینین بەوەفاوە ئاوڕ بۆ شاری سلێمانی و ئەو ساڵانە دەداتەوە، کە ئەمیان وەک دەرهێنەرێک بە خۆوە گرتووە. گرنگیشە ئەوە بزانین کە ساڵانی کارکردنی ئەم دەرهێنەرە لەم شارەدا، ساڵانی هاتنەسەرحوکمی دەسەڵاتی بەعسە، ساڵانێک کە هەموو شتێک دەکەوێتە ژێر چاودێری و سانسۆرەوە، ساڵانێکی تاریک و توولانی؛ د. فازڵ جاف لە بەشەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا لە یادگە و ئەوەی بەسەر خۆیدا هاتووە، بەشێک لەو تاریکایی و دژوارییەی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە بۆمان.
ئەم کتێبە نموونەی ئەزموونێکە پڕ لە وزە و ناوازەیی، خوێنەر دەتوانێت وەک دەقێکی تەواو ئەدەبی و لە بازنەی گێڕانەوەیەکی ڕیتمداردا چێژی لێ وەربگرێت.