سەفەری نووسین: لە قوڕەوە تا کۆمپیوتەر

سەفەری نووسین: لە قوڕەوە تا کۆمپیوتەر

یاداشتێک دەربارەی کتێبی “جیهانی نووسراو”

بەختیار حەمەسوور

لەبەر دەم کۆمپیوتەرەکەدا دانیشتوویت و دەنووسیت، پەنجەکانت بەخێرایی بەسەر کیبۆرد و پیت و هێماکانی خاڵبەندیدا دێن و دەچن، لەپڕ بۆ ساتێک ڕادەوەستیت، دەستت لە هەوادا دەمێنێتەوە و زەینت دوور دەڕوات: نووسین تا دەگات بەم ساتە، چەند ڕێگە و قۆناغ و وێستگەی بڕیوە؟ ئەم وشانەی وا هەنووکە من لەم لاپەڕە سپییەی شاشەدا خەریکم دەیانچێنم، تەمەنیان چەندە و چۆن و بە چ نشێوگەل و هەورازگەلێکدا گەیشتوونەتە ئێستا و ئەمڕۆ؟ کتێبی “جیهانی نووسراو”ی مارتین پۆکنەر چیرۆکی ئەم سەفەرە توولانییەی نووسین و ئامرازەکانی نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوە، لە قووڵایی مێژووەوە تا ئەمڕۆ، دەگێڕێتەوە.

“جیهانی نووسراو: ئەدەبیات چۆن مێژووی دروست کرد؟”ی مارتین پۆکنەر، کە جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە وەری گێڕاوە، کتێبێکی قەوارە گەورەیە (لە دووتوێی ٣٥٤ لاپەڕەدا)، کە تێیدا نووسەر لە شێوەی کارناس و شوێنەوارناسدا بە شوێنپێی هەموو ئەو هەنگاوانەدا دەڕوات، کە تێیدا نووسین گەشەی کردووە و گەیشتووە بەمڕۆ و چۆن لە ئامراز و کەرەستەکانی وەک قوڕ، تابلێت، خشت، چەرم، پێستە، پاپیرۆس، قوماش، قەڵەمقامیش، بەرد، تاوێر، شاخی ئاژەڵان و… بۆ نووسین و نووسراوەکانی کاروباری کارگێڕی و نامە و بەڵگەنامە سوودی وەرگرتووە. هەڵبژاردنی کتێبەکە بۆ وەرگێڕان، هەم پەسەندە و هەم پێویست. ئەم کتێبە جیا لەوەی دەکرێت وەک سەفەرنامەیەکی تێروتەسەل لەمەڕ کتێب و نووسین و ئامرازەکانی چاپەوە ببینرێت و بخوێنرێتەوە، هاوکات کتێبێکە پڕ لە زانیاریی ورد و دەقیق دەربارەی قۆناغ و سەردەمە دوور و نزیکەکانی ئەدەبیاتیش، لەپاڵ ئەوەشدا ئاشنامان دەکات بە سەدان نووسەر، لە کۆن و نوێ، لە جێگە و پێگەیان لەو ڕەوتە مێژووییەی نووسین و چاپدا، پاشتریش ئاوڕێکی کۆنکرێتی لەو ڕێگر و پێگرانە دەداتەوە، کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەر دەم نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوەدا.

لە کاتی گەڕان بە ڕابوردووی ئەدەبیاتدا تووشی بێئۆقرەی بووم. سەیر دەهاتە بەرچاو لە کاتێکدا لەپشت مێزەکەمەوە دانیشتبووم، بمەوێت لەبارەی چۆنێتیی کاریگەریی ئەدەبیاتەوە لەسەر مێژووی مرۆڤ و مێژووی هەموو هەسارەکە بیر بکەمەوە. من دەبوو بچوومایە بۆ شوێنانێک، کە تێکستەکان و داهێنانە گەورەکان لەوێ لەدایک بوون. لەم سەفەرانەدا بەقورسی دەکرا بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شێوەیەک لە چیرۆکی نووسراودا هەنگاوێک بنێیت. لە درێژەدا هەوڵم داوە، بە باسکردنی سەرگوشتەی ئەدەبیات و ڕوونکردنەوەی ئەوەی چۆن ئەدەبیات سەرمایەی ئێمەی گۆڕیوە بۆ جیهانی نووسراو، ئەزموونەکەم بگێڕمەوە.

مارتین پۆکنەر گەشتی گێڕانەوەکەی بە “کتێبی ژێر سەرینی ئەسکەندەر، ٣٣٦ پ.ز، مەکدۆنیا” دەست پێ دەکات و بە ئەمڕۆ کۆتایی پێ دەهێنێت؛ لەو نێوانەدا و لە شانزە چاپتەردا، ئەو گەشتە چێژبەخشەی دنیای نووسین و چاپ دەگێڕێتەوە. خاڵێک کە لێرەدا جێی سەرنجە، ئەوەیە لە هەریەک لەو خول و سەردەمانەی نووسەر وا لە قووڵایی دڵی مێژوودا بۆی دەگەڕێتەوە و پەیوەست بە باسەکەیەوە، کە نووسین و شێوازەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، بڕگەگەلێک نیشانگر و هەڵگۆزتە دەکات، کە گرنگترین و وردترین خاڵن تا لێیەوە ئەو خول و سەردەمە بناسینەوە، لەپاڵ ئەم خاڵەدا، خاڵێکی تریش هەیە دیسان نووسەری ئەم کتێبە شوێنپێهەڵگریەتی و لە دەستپێکەوە تا کۆتایی پێی وەفادار ماوەتەوە: بەسەرکردنەوەی نووسەرانێک کە لەو خول و سەردەمانەدا ڕۆڵ و جێدەستیان مۆرکە، بە واتایەکی سادەتر، نووسەرانێکن لە ڕێیانەوە ئێمە ئەو سەردەمانە دەناسینەوە و گرنگترین و جدیترین دەقی سەردەمەکەی خۆیان نووسیوە. مارتین پۆکنەر بە شێوەیەکی داستانی هەم ناوەرۆکی کتێبەکان، هەم ژینگە و فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئەو سەردەمانە دەگێڕێتەوە، بەمەش یارمەتیی منی خوێنەر دەدات، ئەگەرچی تا هەنووکە ئەو دەق و کتێب و نووسەرانەشم نەخوێندبێتەوە و نەناسیبێت، لە ڕایەڵ و کەشوهەوای ئەو سەردەمە و خودی ئەو دەق و کتێبانە دانەبڕێم. هەڵبەت هەر لێرەدا جێی خۆیەتی بنووسین: ئەم کتێبە نەک بەشوێن کورتکردنەوەی دەقە گرنگ و جدییەکانەوەیە، بەڵکوو بەشوێن دروستکردنی پردێکی مەعریفییەوەیە لەگەڵ خوێنەرانیدا، تا لە ڕێی ناساندنی ئەو ژینگە و فەزایەی ئەو دەق و کتێبانەی تێیدا بەرهەم هاتووە و نووسراوە، باشتر و لەبارتر ڕۆ بچنە هەناوی ئەو زەمەن و جۆر و شێوەی داهێنانەوە.

ئاماژەکردن بۆ یەک دوو چاپتەر لە کتێبەکە و پێشاندانی شێوازی نووسەر لە خستنەڕووی باسەکاندا، ڕەنگە باشترین هۆکارێک بێت بۆ بەرچاوڕوونیی پێشوەختەی خوێنەران.

ئەو پیاوەی شاکارێکی ئەدەبیی دۆزییەوە و خۆی نەیزانی شاکارە

فەسڵێک لەم کتێبەدا (فەسڵی دووەم) تایبەتە بە هەڵدانەوەی مێژووی دەقێک، کە نەک لەلای ئێمەی کورد، لە هەموو دنیادا ناسراوە و پەسەندکراوە و تەمەنیشی هێندەی تەمەنی نووسینە: گیلگامێش! سەرناوی ئەم بەشە ئاوایە: “پاشای گەردوون: لە گیلگامێش و ئاشووربانیپاڵدا.” قورسە شتێکی نوێ لەسەر دەقی گیلگامێش بگوترێت، لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵ نییە. ئەو دەقە لەگەڵ هەرجارێک خوێندنەوەیدا، دەتوانێت نوێ ببێتەوە و ئایدیای تازە ئاڕاستە بکات، هەر ئەمەشە لە دێرینناسانەوە تا زمانناسان و توێژەرانی بواری ئەدەب و فکر و فەلسەفە و… بەبەردەوامی بۆ ئەم تێکستە دەگەڕێنەوە و بیرۆکە و ئایدیای سەردەمییانەی لێوە دەردەکێشن. مارتین پۆکنەر نایەوێت لە پێگەی لێکۆڵەرێکی ئەدەبی یان فکرییەوە لەم داستانە دێرینە بکۆڵیتەوە، ئەو بەشوێن ڕەگی ئەم دەقەدا دەگەڕێت: چۆن دۆزرایەوە؟ کێ دۆزییەوە؟ چۆن توانرا درک بەو داهێنانە بکرێت کە بە خەتێکی کۆنینە (بزماری) نووسرابوو؟ چۆن پەی بە تابلێتەکان برا لە شاری نەینەوا؟ چۆن بوو ئەو تاتەقوڕانەی داستانەکەی لەسەر نووسرابوونەوە، کە پێشتر لەبەر خۆر یان لە کوورەدا سوور کرابوونەوە و پاشان داستانەکان لەسەریان نەخشێنرابوون و ناسک بوون، لە شووشە ناسکتر، گوازرانەوە و بۆ هەمیشە لە فەوتان ڕزگار کران؟ لە گوزەری ئەم پرسیارانەوە، دەیان زانیاریی ورد و نەزانراو، هەم لەسەر داستانی گیلگامێش، هەم لەسەر لانکەی خوڵقاندنی ئەم داستانە (میزۆپۆتامیا) ئاشکرا دەکات.

پۆکنەر سەرگوزشتەی پیاوێکی بەریتانیمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە دەبێتە سەرمەشقی دۆزینەوەی داستانی گیلگامێش: ئۆستن هێنری لایارد! پیاوێک کە بۆ یەکەم جار لە موسڵ (نەینەوا) ئەو تاتەقوڕینانەی دۆزییەوە، بێ ئەوەی خۆی بەتەواوی لەوە بگات ئەمانە چین! بێ ئەوەی بزانێت ئەوەی ئەو دۆزیویەتەوە: یەکەمین شاکاری ئەدەبیی جیهانی بوو، کە ماوەیەکی زۆر بەر لە داستانەکانی هۆمیرۆس نووسرابوو.

شێوازی نووسین و بڵاوکردنەوە لەم قۆناغەدا: نووسینەوەی داستانی گیلگامیش لەسەر چەندان تاتەقوڕ و هەڵگرتنینان لەناو خاک و دیواردا، لە شوێنانی تاونەگر و شێنەگردا.

لایارد بەڕێکەوت تووشی یەکەمین تێکستی گرنگی ئەدەبی بووبوو، تێکستێک کە زۆر دێرینتر بوو لەو کۆشکەی لە نەینەوادا دۆزیبوویەوە. نەینەوا چۆن شارێک بوو و بۆچی داستانی گیلگامێش لەوێ هەڵدەگیرا؟ بۆ کۆدکردنەوەی هەڵکۆڵینەکان و پارچەی زیاتر لە پلێتە قوڕینەکان، ڕوون بووەوە بەرسڤی ئەم پرسیارانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشایەک بە ناوی ئاشووربانیپاڵ. گیلگامێش پاشا – نووسەرێک بوو و داستانێک کە ئەو نووسیی، شانازیی بە خۆیەوە کردووە و هەر وەک دیارترین دەستکەوتی ئەو ڕۆشنبیرییە لە خۆی ڕوانیوە.

نووسەر بەوردی دەکەوێتە هەڵکۆڵین و لێپرسینەوە لەو سەردەمە و خودی پاشای شاری ئۆرک، پێگە و سەنگی ئەم پاشایە (ئاشووربانیپاڵ) لە بواری سەربازی و ڕۆشنبیریدا، چۆن لەنێوان شمشێر و قەڵەمقامیشدا دووەم هەڵدەبژێت و دەزانێت ئەوەی دەگات بە ئایندە، بەرهەمی قەڵەمقامیشە، نەک شمشێر. هەر لە بیرکردنەوەی ڕوون و پرشنگداری ئەم پاشایەیە کە پاشتر، لەسەر ڕاسپاردە و پێشنیازی ئەو، کتێبخانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند بوونیاد دەنرێت، ئەم کتێبخانە دەبێتە میراتێک بۆ هەموو مرۆڤایەتی: کتێبخانەیەک بۆ داهاتوو!

لە کاتێکدا شتەکان و تەلارە دێرینەکان دەتوانن دەستڕاگەیشتن بە خووە دەرەکییەکانی باپیرانمان بۆ دابین بکەن، ئەو چیرۆکانەی بە خەت و نووسین پارێزراون، دەتوانن ڕێگەمان بدەن بۆ ژیانی ناوەکیی ئەوان. هەر لەبەر ئەوە بوو لایارد لەبەر سەردەرنەکردن لە خەتی بزماری، زۆر خەفەتخان بوو. ئەو دەیتوانی نەخشە بەرجەستەکان و پەیکەرەکان ستایش بکات، بەڵام نەیدەتوانی دەنگەکان، زمان و بیرکردنەوە و ئەدەبیاتی ئەوان ببیستێت. داهێنانی خەت کاروانی تەواوکۆیی مرۆڤ بۆ دوو قۆناغ دابەش دەکات: قۆناغێک کە لەوێدا هیچ شتێک بەردەست و هیی تێگەیشتن نین و قۆناغێک کە لەوێدا دەستمان دەگاتە زەینەکان و ئاوەزی ئەوانی تر.

ڕاهیبەیەکی سۆزانی!

بازێک دەدەین بۆ بەشێکی تر، بەشی سیانزە، سەردەم و هەموو شت گۆڕاوە، تەنانەت چاپ و بڵاوکردنەوەش: نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، وڵات: ڕووسیا، خول و سەردەم، یەکێتیی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتیی هاوڕێ ستالین! نووسەری بەرباس: ئاننا ئاخماتۆڤا.

مارتین پۆکنەر بە وردبینییەکی کەموێنەوە ئەو خول و سەردەمەمان بۆ وێنا دەکات، چۆن نووسەرانی ئەو خولە لەژێر تیغ و چەقۆی دەسەڵاتی ستالیندا هەناسەیان کێشاوە و ڕۆحیان کێشراوە. جێی خۆیەتی زۆر لەو کتێب و دەقانەی لەو خول و سەردەمەدا دەنووسرێن، بە دەستنووس لە چەکمەجەدا تەمەنێک هەڵدەگیرێن، دادەشارێن، دەستنووسەکان ناسووتێن، تێیاندایە بیست ساڵ، تێشیاندایە سی ساڵ زیاتر (ڕۆمانی مامۆستا و مارگرێتای میخاییڵ بۆلگاکەف سی و سێ ساڵ پاشتر بڵاو کرایەوە)، لەپاش ئەو هەموو ساڵە و دەستاودەستکردنی چەند دەسەڵاتی هاوشێوەی ستالین، ئنجا سانسۆریان لەسەر لادەبرێت و ڕووناکیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەبینن.

تێکڕای ئەم بەشە لە کتێبەکەی مارتین پۆکنەر تەرخانە بۆ ژیانی ئاخماتۆڤا، دیمەنێکی پانۆرامایی لە ژیانی ئەم ژنە شاعیرە ڕووسە دەکێشێت، ژنێک کە یەکێتیی سۆڤیەت هێندە ڕقەبەرایەتیی دەکرد و سانسۆر و ئاستەنگی خستبووە بەردەم بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی، هەناسەی چک بووبوو. “پڕوپاگەندەکاری سەرەکی”ی یەکێتیی سۆڤیەت لەو کاتەدا، ئاندرێ ژدانۆڤ، بە جنێو و ناتۆرە، نازناوی “ڕاهیبەیەکی سۆزانی” لە ئاخماتۆڤا دەنێت و لەبارەیەوە دەیگوت: “ئەو ژنەی شیعرەکانی لەنێوان بەرماڵ و نوێندا دەنووسێت!” لە هەموو لایەکەوە دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە، مێردەکەی دەگێرێت، کوڕەکەی هەروەها. ژیانی لە بازنەیەکی بچووکی چەند هاوڕێدا قەتیس دەمێنێت، بەڵام ئەو دەستبەرداری شیعر نابێت و بە ڕێگەی زارەکی و خوێندنەوەی لەبەر، بە ناوی میواندارییەوە و لە ماڵەکەیدا، تازەترین شیعری خۆی بۆ هاوڕێکانی دەخوێنێتەوە.

پۆکنەر توێ توێ وردەکارییەکانی ژیانی ئاخماتۆڤا دەنووسێتەوە، بەڵام لە هەندێکیاندا درشتبینە، بۆ نموونە لە بزووتنەوەی ئاکمیسمدا (Acmeism). ئاخماتۆڤا لەگەڵ چەند هاوڕێیدا پێکەوە ئەم بزووتنەوەیەیان دامەزراند، ئامانج لێی، دژوەستانەوە بوو بەرانبەر بە سیمبوڵیزم، کە لەو کاتەدا زاڵ و بەڕمێن بوو، ئەمان هەوڵیان دا شیعرێک بنووسن سادە بێت، بە زمانی ڕوون و شەفافەوە، گەڕانەوەی وشە بۆ جێگە و مانای ڕاستەقینەی خۆی، وازهێنان لە سەرچاوەی میتافیزیکی، دەستەویەخەبوون لەگەڵ واقیعی مێژوویی و سیاسی، گرنگیدان بە موزیکی شیعری و داهێنەرانە لە فۆڕم و زماندا، ئەمانە لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوون. دامەزرێنەرانی ئاکمیسم، لەپاڵ ئاخماتۆڤا، ناوێکی گرنگی ئەدەبی ڕووسیی تێدایە: ئۆسیپ مەندلشتام، شاعیرێک کە ستالین نەفیی کرد و هەر لە دوورخراوەییشدا مرد. ئەندامانی دیکەی بزووتنەوەکە: ن. گۆمیلۆف، س. کارائیستسکی، و. نابۆرت، م. زینکیۆڤیچ. (وشەی موبارەکی بێمانا، ژیان و بەرهەمی چوار نووسەر لە سەردەمی ستالیندا، نووسینی: ڕەزا عەللامەزادە، و: مەنسوور تەیفووری، لە بڵاوکراوەکانی پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر، ٢٠٠٨) ئەم گروپە لە ژێرزەمین و دوور لە چاوی زیتی دەسەڵاتی سەرکوتکەر، شیعر و نوێترین چیرۆک و ڕۆمان بۆ یەکتر دەخوێننەوە. لەو خەباتە ژێرزەمنییە و لە کۆی ئەو دیدار و چاوپێکەوتنە نهێنییانەی ئاخماتۆڤا، مارتین پۆکنەر لەسەر دوو نووسەر و دوو چاوپێکەوتن بنکوڵکارانە ڕاوەستاوە: ئایزا بێرلین و ئەلیکساندەر سۆڵژنیتسین. دیداری یەکەم لە ساڵی ١٩٤٥دا ڕوو دەدات، ئاخماتۆڤا لەم دەمەدا تەنیایە و لەوپەڕی هەژاریدا دەژی: “ماوەیەکی زۆر بوو ئاخماتۆڤا لە هاوسەری دووەمی جیا بووبووەوە. ئەو لە ماڵێکی هاوبەشدا دەژیا، کە لەوێدا خەڵوەتێکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە لەوێ لەگەڵ هاوڕێی دێرینی، نیکۆلای پۆتین، کچ و هاسەری پێشووی و هەر وا ژمارەیەکی بگۆڕ لە میواناندا دەژیا. ئەم ماڵە بەشێک بوو لە باڵەخانەیەکی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەیی، کە لەژێر چاودێریی توندی ئاسایشدا بوو. وەختایەک ئایزا بێرلین چووە باڵەخانەکەوە، دەبوو بەڵگەکانی پیشانی پاسەوانێک بدایە. پاشان ئەو لە حەوشەکەوە تێپەڕی و لە پلیکانەی باڵەخانەکەوە سەرکەوت. ژنێک بە پۆشاکی شڕەوە دەرگای لێ کردەوە، هەر بە چوونەژوورەوە بۆ شوقەکە، تێگەیشت ئاخماتۆڤا لە هەژارییەکی توندی داراییدا دەژی. تاکە شتێک ئەو بۆ پێشکەشکردن بە میوان هەیبوو، پەتاتە بوو.” بێرلین پیاوێکی ڕاشکاو و بێپەروا بوو، دوانی هێمن و هێور بوو، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد مامۆستا بوو، بیرمەندێک بوو نووسین و لێدوانەکانی کاریگەرییان لەسەر خەڵکانی ئاسایی و نوخبەش دادەنا. لەم دیدارەوە پەیوەندییەک لەلای هەردووکیانەوە دەڕسکێت؛ پەیوەندییەکی بەئاواتنەگەیشتوو و سەرنەگرتوو، ئاخماتۆڤا و بێرلین خەون دەبینن لە داهاتوودا ببنە هاوسەر بۆ یەکتر، بەڵام ئەمە قەت ڕوو نادات، ئەوەی لەپاش ئەم سەردانییەوە دێتە دی، نەهامەتییە بۆ ئاخماتۆڤا: ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی بە شێوەیەکی ترسناک و چڕتر و توندتر لە پێشوو دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە، ئیدی بە بیانووی ئەوەی “جاسووسێکی بەریتانی” سەردانی کردووە، بەدناوی وەک مۆر دەلکێت بە نێو و نێوچەوانیەوە.

دیداری دووەم لە ساڵی ١٩٦٢دا دەبێت، سوڵژنیتسین ئەوکات نووسەرێکی گەنجە و زۆر نییە لە گولاک (زیندانی ئۆردووگەی کار و چاکسازی) ڕزگار بووە، ئەو لە نوێترین ڕۆمانیدا: ڕۆژێک لە ژیانی ئیڤان دنسۆڤیچ (ئەم ڕۆمانە سەرکەوتووانە و لەلایەن سلێمان دڵسۆزەوە کراوە بە کوردی)، ئەزموونی زیندانی و کاری زۆرەملێ و تاقەتپڕووکێنی ڕۆژێک لە ژیانی پیاوێک بە ناوی ئیڤانەوە نووسیبووەوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خودی سوڵژنیتسین خۆی بوو. ئاخماتۆڤا بە شێوەیەکی نهێنی، کە بە سامیزات ناسراوە، ئەم ڕۆمانە و چەندان کاری ئەدەبیی دی دەخوێنێتەوە، وەک چۆن دواتر خودی ئاخماتۆڤا خۆیشی سوود لەم شێوازە نهێنییە بۆ بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی وەردەگرێت.

شێوازی بڵاوکردنەوە لەم قۆناغەدا: لە خولی ستالین و پاشتریشدا، دوو شێوە هەبووە بۆ بڵاوکردنەوە، جیا لەوەی کە نووسەران لە چوارچێوەیەکی داخراو و ناوماڵ و میوانیدا دەقەکانیان بۆ دۆستە نزیکەکانیان خوێندووەتەوە، لەپاڵ ئەوەدا دوو شێواز هەبوون و زۆرێک لە نووسەران هانایان بۆ بردوون: یەکەم، سامیزات؛ دووەم، تامیزات. سامیزات: زاراوەیەکی ڕووسییە، بەو جۆرە کتێب و وتارانە دەگوترا لە ڕووسیا کە بە شێوەیەکی نهێنی بە تایپڕایتەر (طابعة) چاپ دەکران بەبێ ئاگادارکردنەوە و ڕەزامەندیی دەوڵەت. سامیزات ئەدەبیاتێک بوو، بیروبۆچوونی دژ بە دەوڵەتی ڕوون دەکردەوە (زاراوەکانی گەلاوێژ، شکاک عەبدوڵڵا، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ، ژمارە: ٢٦، ئەیلوولی ٢٠٠١). ئاخماتۆڤا لە ڕووی توانجەوە بە سامیزاتی دەگوت: قۆناغی پێش گۆتەنبێرگی! تامیزات: هەمان ئەو کتێب و دەق و وتارە قەدەغانە بوون کە بە شێوەیەکی نهێنی دەنێرانە دەرەوەی ڕووسیا و لە یەکێک لە وڵاتەکان چاپ دەکران و دواتر بە شێوەیەکی زۆر نهێنیتر هەندێک نوسخەیان دەگەیشتەوە ناو ڕووسیا. ساڵی ١٩٦٢ ئاخماتۆڤا بەم شێوازە یەکێک لە دیوانەکانی چاپ دەکات.

پاش خوێندنەوەی، ئاخماتۆڤا ڕۆمانەکەی سوڵژنیتسین بە کارێکی بێوێنە و ئاستبەرز وەسف دەکات، کارێک ئەگەرچی ئەمڕۆ بەخت یاوەری نییە و لە بازنەیەکی بچووکدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت دەگاتە هەموو دنیا و دەبێت بە یەکێک لە ڕۆمانە گرنگەکانی سەدەی بیستەم، لەبەر ئەوەی ئەم ڕۆمانە شایەتی لەسەر بڕگەیەک لە ژیان لەژێر چەکوش و شەپازللەی ستالیندا دەدات. ئەو ڕۆژە دێت، بەڵام وەک هەمیشە خۆشییەکان درەنگ دەگەن، سوڵژنیتسین لەپای ئەو ڕۆمانە و داهێنانەکانی دی، لە ساڵی ١٩٧٠دا دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نوبێڵ؛ دروست هەشت ساڵ دوای ئەو دیدارە نهێنییە و چوار ساڵ پاش مەرگی ئاخماتۆڤا.

***

“جیهانی نووسراو” لەو کتێبانەیە کە لە هەناوی خۆیدا چیرۆکی دەیان نووسەر و کتێب دەگێڕێتەوە، لە کۆنەوە بۆ ئێستا. خوێندنەوەی ئەم کتێبە چێژبەخشە، بەتایبەت ئەگەر پێشتر ئەو کتێب و نووسەرانە لەلای خوێنەر ئاشنا بووبن. هەندێک جار چیرۆکی پشت تێکستەکان لە خودی تێکستەکان گرنگترن، بەڵام زۆر جار ئەو چیرۆکانە تەنها لەلای نووسەران دەمێننەوە و قەت چانسی خوێندنەوە یان بیستنیمان نابێت، ڕەنگە دەگمەن، زۆر دەگمەن بێت نووسەرانێکی بنکۆڵکاری وەک مارتین پۆکنەر هەڵبکەون، کە بست بە بست شوێنپێی ئەو چیرۆکانە لە دێڕ بە دێڕ و تارمایی بە تارماییەوە هەڵبگرن و بینووسینەوە و بیگەننە خوێنەران.