ئەدەبی ڕووسی

ئەدەبی ڕووسی

سەدەی ڕابوردوو سەدەی ئەدەبی ڕووسی بوو

ڕانانی: ئیدریس عەلی

پرۆسەی وەرگێڕان یەکێکە لە پایە کولتوورییە بەهێزەکان و بەو هۆیەوە میللەتان ئاشنا دەبن بە ئەزموون، شارستانیەت و ئەدەبی یەکتر، لەو باوەڕەدام نێوەندی کولتووریی ئێمە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆمەڵێک وەرگێڕی باش و بەسەلیقەی بەرهەم هێناوە کە بە هۆی هەر یەک لەو وەرگێڕکارانەوە، ڕەفەی کتێبخانەکانمان ئاوەدان بوونەتەوە بە کتێب و سەرچاوەی گرنگ، بە جۆرێک، کە ناگەیتە کۆتا لاپەڕەکانی کتێبێک، کتێبێکی دیکە خۆیت بۆ ئامادە دەکات، بێگومان کاک (سەباح ئیسماعیل) بێ هیچ دوودڵییەک، یەکێکە لەو وەرگێڕکارە بەئەزموون و بەسەلیقانەی بە زمانە تایبەت و هەڵبژاردنە زیرەکاکانی خۆی، دەیان کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە و کتێبخانەی کوردیی ئاوەدان کردووەتەوە.

نوێترین کاری وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە بەئەزموونە بریتییە لە کتێبی (ئەدەبی ڕووسی)، کە لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیری ناودار (د. جەودەت هۆشیار) نووسراوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم کتێبە بە چەند بەشێک قسە لە سەر دنیای ئەدەبی ڕووسی، وەک یەکێک لە ئەدەبە بەهێز و کاریگەرەکانی جیهان دەکات، نموونەی کۆمەڵێک گەورە نووسەری ڕووس و هەندێک لە بەرهەمەکانیان دەخاتە ڕوو و بە شێوەیەکی ورد و قووڵ لایەنە ئیستاتیکییەکانیانمان پێدەناسێنێت، بێگومان ئەم کتێبە بۆ ئێمەی خوێنەری کورد، کە ماوەیەکی زۆرە ئاشناین بە بەرهەمی ئەدەبیی هەندێک لە نووسەرە ناودارەکانی ڕووسیا، زۆر بەبەها و گرنگە، چونکە هانمان دەدات پتر بە نێو دونیای ئەم ئەدەبە و ڕەگەز و ڕەهەندەکانی ئەدەبی ڕووسیدا ڕۆبچین، هەر لە گۆگۆڵ، دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، تا زامیاتین و مارینگۆڤ و یوری نجێبین، تا دۆڤلاتۆڤ و ئەوانی دی.

میلان کۆندێرای ڕۆماننووس و تیۆرسانی هونەری ڕۆماننووسین، سەبارەت بە دۆستۆیڤسکی وەک یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی ئەدەبی ڕووسی دەڵێت: من نکوڵی لە مەزنییەکەی ناکەم، بەڵکو تەنها دەمەوێت گوزارشت لە قینی کەسیی خۆم بکەم بەرامبەری، ئەو قینە بۆ خودی خۆیشم شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، هەستم کرد جیهانە هیستیرییەکەی ڕووس و ئەو مەیلەی بۆ دێوانەیی و ئەو خواستەی بۆ ئازارکێشان و شۆڕبوونەوە بەرەو ناوچە تاریک و نوتەکەکانی قووڵایی هەیەتی، بە من نامۆن، هەر بۆیە هەستم دەکرد نەخۆش دەکەوم کاتێک ئەو چەشنە ئەدەبەم دەخوێندەوە، بۆ ئەو نەخۆشکەوتنە بە شوێن دەرماندا گەڕام، ئەو دەرمانەشم تەنها لای دیدرۆ دەست کەوت… ئەو ساڵانەی لەو ماوانەدا کە ئەدەبی ڕووسیم خوێندەوە، بەدبەختترین و سەختترین ساڵانی ژیانم بوون. کۆندێرا پێیوایە ئەوە ئەدەبی فەڕەنسی بوو لەو دەردە چاکی کردەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژ بە ئازاریەوە تلایەوە.

لە ڕاستیدا هەر وەک نووسەری کتیبەکە (د. جەودەت هۆشیار) ئاماژەی بۆ کردووە، ئەدەبی ڕووسی دەوڵەمەندترین ئەدەبی جیهانە، پشکداریکردنی لە مێژووی ڕۆشنبیریی مرۆڤایەتیدا تایبەت و دەگمەنە، کارەکانی داهێنەرانی ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی گەلی ڕووسن: دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش لە ڕووسیادا هەیە، بە دەگمەن لە وڵاتێکی دیکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەیبنینەوە، ئەویش ئەوەیە ڕووسەکان، بە پیاو و ئافرەتیانەوە، بە پیر و لاویانەوە، بە هەڵپەیەکی بێوێنە کتێب و گۆڤاری ئەدەبی دەخوێننەوە، نەک تەنها لە ماڵ و کتێبخانەکاندا، بگرە لە گشت شوێنێکدا.

ناوبراو لە کتێبەکەیدا ئەوەش ئاشکرا دەکات کە کاتێک خوێنەری ڕۆژئاوایی ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا خوێندەوە، کەوتە ئیشقی ئەو ئەدەبەی لە مانای ژیان و بوون دەگەڕێت، هێندەی پێنەچوو ڕەخنەگرانی ئەدەب لە ڕۆژئاوا کەوتنە نووسینی لێکۆڵینەوە و گوتار دەربارەی ئەم ئەدەبە شاکارە.

ئەم کتێبە (ئەدەبی ڕووسی) پێماندەڵێت کە سەدەی ڕابوردوو سەرلەبەر سەدەی ئەدەبی ڕووسی بوو لە ئەدەبی جیهانیدا، هەڵبەت هیچ ئەدەبێکی نەتەوەیی، یاخود نیشتمانی نەیتوانی لە دوورترین گۆشەی جیهانی بەرینمانەوە خۆی لە کارگەریگەریی ئەم ئەدەبە بەدوور بگرێت، ئەوەندە بەسە بڵێین: ڕۆمانەکانی تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی و چیرۆکەکانی چیخۆف بۆ زۆربەی زۆری زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراون.

ئەڵبەت جگە لەو ناوە گەورانە، کۆمەڵێک ناوی دیکەی درەوشاوە لەنێو ئەدەبی ڕووسیدا هەن کە لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن وەرگێڕکارانەوە شاکارەکانیان وەرگێڕدرانە سەر زمانی کودی، بۆیە هیچ کام لەو فیگەرە ئەدەبیانەی ڕووسیا بۆ ئێمەی خوێنەری کورد نامۆ نین، بەڵام ئەستەمە پێش ئەم کتێبە، بەم شێوە چڕ و قووڵە ئاشنا بووبێتین بە پانتایی و ڕووبەرە فراوانەکەی ئەدەبی ڕووسی، بۆیە دەشێت ئەم کتێبە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و گەورەکان ببینین کە تایبەت لە سەر ئەدەب و گەورە نووسەرانی ڕووسی نووسراوە، جا گەر کەسێکی ڕووناکبیر، خوێنەرێکی چاپووک و کونجکووڵی وەک دکتۆر جەودەت هوشیار نووسیبێتی، کە خۆی شارەزای زمانی ڕووسییە و چەندین ساڵ نەک هەر لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵکو بڕوانامەی دکتۆراکەشی هەر لەوێ بە دەست هێناوە.

نووسەری ئەم کتێبە لە وتارێکی سەربەخۆدا سەبارەت بە ئەدەبی ڕووسی  باسی لەوە کردووە کە کارلێکی ڤێرجینیا وۆڵف لەگەڵ ئەدەبی ڕووسی، هێنده‌ی گرنگیی نووسه‌رانی نوێخواز له‌ گه‌ڕانیان بە دوای دیسپلینه کو‌لتوورییه‌كان بۆ فۆرمە تەقلیدییه‌كانی ناو ئەدەبی ئینگلیزی كاریگه‌رانه ‌بوو. وۆڵف وتارەکانی لە باره‌ی نووسەرانی ڕووسی بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی سەبارەت بە ڕۆمان و وەرگێڕان و ژیاننامە وەک سەکۆیەک بە کار هێنا. لەوه‌ش گرنگتر، لە باره‌ی ئەوەی کە ڕیالیزمی نوێی لە ئەدەبدا پێک دەهێنا. هەوڵیشی دا نووسینه‌كانی لە سەر ڕۆماننووسانی ڕووسی له‌ چوارچێوەی مێژووییدا بێت و جه‌ختیشی له‌وه‌ ده‌كردەوە‌ ڕوانگەی تەسکی ئینگلیزی بۆ ئەدەبیاتی ڕووسی تێپەڕێنێت.
لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا (جەنگ و ئاشتی)ی لیۆ تۆڵستۆیی خوێنده‌وه‌. دوای بیست ساڵ ئه‌وه‌ی به ‌بیر هاته‌وە: له ‌ڕۆژێکی هاوین، کە لە سەر جێگەکەم پاڵ کەوتبووم، سەرسام ببووم، له‌وساوه‌ نازناوی گەورەترین ڕۆماننووسم به‌ تۆڵستۆی به‌خشی. لە تەمەنی سی ساڵییشیدا، لە كاتی مانگی هەنگوینیدا (تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکیی خوێندەوە. (لە ڕێگەی شووشەی لێڵی وەرگێڕا‌نه‌كه‌) بە فزولی و سەرنجی ماندوونەناسی له‌و نووسەرە ڕووسییانەی دەڕوانی کە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، به ‌گوته‌ی خۆی، جەژنی ڕاستەقینە بوون بۆ هۆش و دڵ: بیرمە بۆ چەندان هەفتە لە هەوادا دەسووڕامەوە. جۆفری چۆسەر لە جەنگ و ئاشتیدا لە کوێیە؟

ساڵی 1919 وتارێکی بە ناونیشانی (ئەدەبی مۆدێرن) نووسی كه‌ تێیدا هاتووه‌: لە زۆربەی تێبینییە به‌راییه‌کان لە باره‌ی ئەدەبی نوێی ئینگلیزی، بە بێ باسکردنی کاریگەریی ڕووسی كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌بێ. ئەگەریش ناوی ڕووسی هێنرا، مرۆڤ به ‌خه‌یاڵیدا دێت نووسین لە سەر هەر ئەدەبیاتێکی دیكه‌، جگە لە ئه‌ده‌بی ڕووسی، بەفیڕۆدانی كاته‌. جا ئه‌گه‌ر بە دوای تێگەیشتن لە گیان و دڵیشدا بگەڕێن، ئه‌وه‌ لە کوێ ده‌توانین تێگەیشتنی وه‌ها قووڵ بدۆزینەوە؟

لە وتارێكیش بە ناونیشانی (دیدگای ڕووسی) له‌ ساڵی 1925 وۆڵف هەڵسەنگاندنی بۆ سێ نووسەری بەناوبانگی ڕووسی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، لیۆ تۆڵستۆی، ئەنتۆن چیخۆڤ) پێشكه‌ش كرد، كه‌ تێیدا لێهاتوویی و نامۆیی وردەکارییەکان و نووسینەکانیانی خسته‌ به‌ردیده‌. ئه‌مه ‌و ئەو کێشانەشی لە بەرچاو گرتووه‌ کە لە کاتی خوێندنەوەی ئەدەبی بیانیی وەرگێڕدراو، لە ته‌ك جیاوازییە کو‌لتوورییەکان سەرهەڵدەدەن. بەردەوامیش بە جیا لە هەر نووسەرێکی ده‌ڕوانی و هاوكات بۆ دەربڕینی بایه‌خپێدانه‌‌‌ ستایلی و کو‌لتوورییەکانیشی فه‌زای دروست دەکرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی 1922 وۆڵف نامەیەکی بۆ (جانێت کەیس)ی هاوڕێ نووسەره‌كه‌ی نووسی و تێیدا نووسیی: (لە ناو نووسەرە زیندووە ئینگلیزییه‌كاندا نووسەرێک نییە ڕێزی لێبگرم، بۆیە پێویسته‌ له‌ سه‌رمان بەرهەمی نووسەرانی ڕووسی بخوێنینەوە.)

وۆڵف بۆ نووسەره‌ ئینگلیزییه‌كان، نووسەرانی ڕووسیی کردبووە نموونە. وه‌هاشی ده‌ڕوانی ڕووسەکان سەیری كڕۆكی شتەکان دەکەن، كه‌چی ئینگلیزەکان حەز ناکەن ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە. هه‌روه‌ها ڕووسەکان زیاتر ئاگادارن، (مەحاڵیشە لە چاوه‌ تیژه‌كانی تۆڵستۆی بشاردرێتەوە) و ئه‌وان بە “تێکەڵەیەک لە سادەیی و لێهاتوویی ڕۆحی نائاسایی” جیا ده‌كرێنه‌وه‌. ڕووسەکان “لە ئێمە دوورتر دەبینن، ئه‌وان لە کەموکوووڕییە ڕوانینه‌كانمان به‌ده‌رن و به‌ یه‌كسانییش لەگەڵ خوێنەر گفتوگۆی جددی و ڕاستگۆیانە دەکەن. هه‌روه‌ها ڕەتی دەکەنەوە بگەنە ئەنجامه‌ کۆتاییه‌كان. نووسەره‌كانمان له ‌سەدەی نۆزدەدا ڕاستییەکانیان نەگوت، هەر بۆیە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەدەبی سەدەی ڕابوردوو وەک شتێکی بێمانا سەیر دەکرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ دیکنز و تاکری، سەرەڕای بەهرە سروشتییه‌كانیان، بە بۆچوونی ئێمە لە سەر بووکەڵەیان دەنووسی نەک لە سەر ژن و پیاوی پێگه‌یشتوو. هه‌روه‌ه‌ها  ئه‌وان لە باسکردنی شتە سەرەکییەکان خۆیان بەدوور دەگرت و بە لادانەکان سەرقاڵیان دەکردین”.

لە زۆرێک لە وتارەکانیشیدا ئاماژەی بە بیرۆکەی پێگەیشتنی ئەدەبی ڕووسی بە بەراورد بە ئەدەبیاتی ئینگلیزی كردووه‌: “ئەو ڕووسانە چۆنن، ها؟  ئه‌وان ناخی ئێمە دەبینن. ئێمه‌ هەموو شتێک دادەپۆشین: ئەو چاڵه‌ی گوڵی تێدا دادەنێین، هەژاری  بە زێڕ بۆیه‌ دەکەین و بە مەخمەڵیش دای دەپۆشین…  بەڵام ناتوانیت ئه‌وان فریو بدەیت.